گەشتێک لە بەهەشتا
لە گەلاوێژی ژمارە ٩-١٠ ساڵی «٩» ئەیلوول-تشرینی یەکەمی ١٩٤٨-٦ دانەری نووسەری گەورەی تورک «جەلال نووری بەگ» وەرگیراوە.
لە سەدەی نۆزدە لە دایک بووم | تا سەدەی بیستەم ژیاوم دەرچووم |
نامیانە ناو گۆڕ کاتێ کە مردم | زۆر بە ئاسانی تەسلیمیان کردم |
منیش چاوەڕوان زنجیری مل بووم | چاوەڕێی دووپشک، ماری زل زل بووم |
هەتا چوار سەعات هیچم لێ نەهات | بۆ خۆم ڕاکشام زۆر بە کش و مات |
گوێم گرت ورەور هاتە سەرینم | لەترسا لەرزا دڵەی بێتینم |
چاوم هەڵێنا ئەوا دوو مەئموور | بۆ من ئەگەڕێن خەیلێ بە زەروور |
هاتە ژوور سەرم کە زانیان پێم | چاک ئەیانزانی کێم و کوڕی کێم |
وتیان: هەتاکوو لە ڕووی زەمین بووی | ڕاستمان پێ بڵێ لەسەر کام دین بووی |
ئێمە مەئموورین لەلای خواوە | جوابمان نەدەیتۆ ناچینە دواوە |
بە لیس ئەتکوژین شەلەمات ئەکەین | لەناو دۆزەخا گرفتارت ئەکەین |
ئەگەر وەراممان بدەیتۆ بە دڵ | ئەتبەین بۆ بەهەشت بۆ ناو باخچەی گوڵ |
وتم فریشتە قەزات لە گیانم | بێ قەدری نەبێ ناوتان نازانم |
وتی من ناوم کاک ئەرنەمووکە | هاوەڵەکەیشم شێخ مەرنامووکە |
خوا ناردووینی پرسیارت لێ کەین | وەرام نەدەیتۆ بۆ دۆزەخت ئەبەین |
وتم بۆ خوا ئاگادار نییە | ئیشم چلۆنە و کردەوەم چییە؟ |
تۆ عەرزی نەکەیت نازانێ من چیم؟ | ئاخۆ بەهەشتیم یا جەهەنەمیم؟؟ |
باوەڕ بفەرموو کاکە ئەرنەمووک | تەبع و ئەسابع یا حوسنی سلوک |
یا ڕەسم و هەویە یا دەفتەر خدمە | بەبێ زیاد و کەم گشتیم لا جەمە |
موتەخەللیف نیم لە نوێژ و ڕۆژوو | وازم لێ بێنە دەرچۆ زوو بە زوو |
کاکە ئەرنەمووک کە لێم هاتە پێش | سەرێکی سووڕدا بە چەشنی دەروێش |
وتی من چیمە لە نوێژ و ڕۆژووت؟ | لەسەر سەرفیترە ئەبەم ئابڕووت |
فێڵ و فەرەجت بنێ بەولاوە | پارەی ماڵانەی مەلات نەداوە |
ئێستە مەحکەمە وا حوکمت ئەدا | تەسلیم بە سجنی دۆزەخت ئەکا |
سوێندم بۆ خواردن بە شێخی پڕنوور | یەعنی سەی سادق شێخی شارەزوور |
لەو ڕۆژەوە خوا منی کردووە | ماڵانەی مەلام قەت نەخواردووە |
شاهدی ڕاستیم موختاری دێیە | بۆ هەموو ئیشێ ئەو ئاگای لێیە |
وتیان کەوایە با تەئجیل بکرێ | هەتا جەنابی مام کوێخا ئەمرێ |
ئەگەر درۆی کرد چاک ئەیبوغزێنین | بە لیسی بارخۆش ڕۆحی دەردێنین |
تەئجیلیان کردم ڕۆیشتن لەلام | بەجێیان هێشتم ئاخر سەرەنجام |
بە چنگ و ناخون بەسەد دەردیسەر | گۆڕم هەڵدری و لە گۆڕ هاتمە دەر |
ڕوانیم خەلایق ڕیز ڕیز و قەتار | ڕێک ڕاوەستاون هەزاران هەزار |
پرسیم لە پیاوێ ڕێی بەهەشت کامە؟؟ | نیشانم بدە زۆرم مەرامە |
پردی سیڕاتیش هێشتا نەمدیوە | ڕاستم پێ بێژە لەسەر کام شیوە؟؟ |
پێی وتم لێرە بە سێ چوار فەرسەخ | بڕۆی ئەگەیتە قەراغی دۆزەخ |
بەسەر دۆزەخا پردێ کێشرواە | ئەڵێی گوێزانی تازە ساوراوە |
لە موو باریکتر لە ئەڵماس تیژتر | ژێری پردەکە هەر گڕە و ئاگرڕۆیم |
کە ڕوانیم پرد ڕاکشاوە | دوو شورتەی دۆزەخ لەوێ وەستاوە |
وتیان ها کابرا خەیاڵت چییە | بگەڕێ دواوە هیچ ڕێگە نییە |
وتم باش چاوەش ئەچم بۆ بەهەشت | بۆ دیدەن خزم و بۆ سەیران و گەشت |
وتی جەوازی عبوورت پێیە؟ | بێنە بزانم کە ئیمزای کێیە؟ |
وتم کاکەگیان جەوازم نییە | کەس پێی نەداوم دەسەڵات چییە |
وتی قوڕبەسەر لەلای مەرنەمووک | بۆ وەرت نەگرت بە ئاسان و سووک؟ |
هەرکەس جەوازی ئەوی پێ نەبێ | خاترجەم نابێ بۆ هیچ کوێ بچێ |
نیوەی کفنەکەم دا بەشورتەکان | ڕێم بۆ چۆڵ کرا بە سووک و ئاسان |
تێپەڕیم دەرچووم ڕۆیشتمە ئەوبەر | ڕوانیم بەهەشتە و باخاتە یەکسەر |
لە دەرگای بەهەشت حەرەس وەستابوو | هەروەک حەرەسی قاپی دنیا بوو |
وتی ئۆغر بێ، وتم ئەچمە ژوور | وتی کوا پێتە جەوازی عبوور؟ |
وتم ماڵ مودیر بەهەشت برامە | مەعاون بەلەدیش پشت و پەنامە |
ڕێگەم بدەرێ با بچمە لایان | بحەوێمەوە لە سا و پەنایان |
هەرچی پاڕامۆ گوێی نەدا بە فیل | باقی کفنەکەم دایە بە بەرتیل |
بە لنگی ڕووتی کە چوومە ژوورۆ | ڕایان کرد بۆ لام هەموو لە دوورۆ |
ڕوانیم ئیتریبات عەمامە بەسەر | باخەڵ فشوفۆڵ گشت جبە لەبەر |
وتیان ئەم کابرا شێتە بووە بە پەن | بیبەن تەسلیمی ناو شێتخانەی کەن |
بە هەرجۆرێ بوو وازیان لێ هێنام | کەوتمە فکری خۆم ئاخر سەرەنجام |
ڕوانیم برسیمە و نانیشم نییە | کەسیش ناناسم جا چارەم چییە؟ |
چووم بۆ لای چێشتکەر ڕاشین وەربگرم | نەوا لەبرسا بە بێکەس بمرم |
وتی تۆ ناوت هیچ نەنووسراوە | بەشە خواردنت بۆ دانەنراوە |
لە خواوەڕاسان کەوتەوە بیرم | نوێژ و ڕۆژووەکەی نەنکەکەی پیرم |
زانیم لە بەهەشت کە ئیش بەدەستە | یا پایەی بەرزە یا تۆزێ پەستە |
لەجێی ئەو هەموو نوێژ و ڕۆژووە | ئێستا ناوبانگی تەواو دەرچووە |
گەڕام دۆزیمۆ حاڵم تێگەیان | بوو بە خەمخۆرم زۆر شیرین و جوان |
کارتێکی دامێ بۆ لای نفووس نووس | لە باتی چێشت و نووسینی نفووس |
کە زانی ڕەنگزەرد، تەواوی برسیم | دەفتەری هێنا و ناوەکەی نووسیم |
تەزکەرەی دامێ و گەڕامە دواوە | دەروازەی شادیم باش لێ کراوە |
ئەمجا بە بێترس چوومە چێشتخانە | تەشتێکم وەرگرت لەو چێشتە جوانە |
هۆدە و حەسیر و پڕ شەربەیەک ئاو | چەن مۆمی تازەی هیچ دانەگیرساو |
تەسلیمیان کردم بێ کەسر و نوقسان | بووم بە بەهەشتی وەک باقی یاران |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|