گەنجینەی مەردان/نەقیب شێخ مستەفا

گەنجینەی مەردان  (1948)  by زێوەر
نەقیب شێخ مستەفا

لە ساداتی سولەیمانی، نەوەی حەزرەتی کاک ئەحمەد، شێخ مستەفای نەقیب، لایقە لەڕێزی مەردانا بنووسرێ. زاتێ بوو لە دییانەتا موتەعەسسیب، لە دنیادا حوڕ، سەربەست، بەغەیرەت. بۆ وەسفی ئەخلاقی، ئەم شیعرەی شێخ ڕەزا شاهیدی سادقە کە لە مەدحی ساداتی سولەیمانی نووسیویەتی:

شێخ سەعید سەردارە، شێخ مارف هەتا حەز کەی نەجیب
بۆ جەوانمەردی و شەجاعەت بەینی بەینەڵڵا نەقیب

ڕوتبەی نەقیبی ئەو زەمانە بۆ ئەوە بوو یەکێ لە سادات بۆ موحافەزەی حوقووقی سەییدان لە مەجلیسی ئیدارەی لیوا دانیشێت. نەقیب شێخ موستەفا کە ئەچووە مەجلیس بۆ موحافەزەی حەقی سەیید و غەیر سەعیی ئەکرد. قسەی ئەو هەموو مەجلیس نەیانەتوانی ڕەددی بکەنەوە. سەروەت و دەوڵەتی بەواسیتەی فەلاحەت و زەراعەت کردنی خۆیەوە بوو. هەمیشە چاوی لە فەلاحەت بوو. وە لە حاسڵاتی کە بەڕەنج پەیدای ئەکرد خدمەتی دیواخان و میوان و فەقیرانی ئەکرد. کە مانگی ڕەمەزان ئەهات بۆ تەلەبە و مجەوری هەموو مزگەوتێ لە سولەیمانی شەکر و چا و پارەی ئەنارد. بۆ ئیفتار، هەر شەوێ تاقمێکی بانگ ئەکرد، شەوێک هەموو ئەهلی مەحەللە و، شەوێک هەرچی مەلای مودەڕڕیس و ئیمامی مزگەوتان، شەوێک هەموو مەئموورانی حوکوومەت، شەوێک هەموو توجار. خۆلاسە تا مانگی ڕەمەزان تەواو ئەبوو هەر شەوێ دەستەیێکی بۆ ئیفتارکردن بانگی کردوونە ماڵی خۆی، وە بۆ ئەم میوانانە نەفسی خۆی وەک خدمەتکار بەسەریانەوە ئەگەڕا، قاپە چێشتی دادەنا، ئاوی ئەهێنا، قسەی خۆشی لەگەڵ ئەکردن. وە مەلای خوسووسی هەبوو لە دیواخان تەراویحی ئەکرد. هیچ خدمەتکارێکی نەیئەتوانی ڕۆژوو نەگرێ یا نوێژ نەکا. دایما حافیزی قورئان لە مەجلیسیا هەبوو بۆ قورئان خوێندن. بە ڕێگایەکا تەشریفی کە ئەڕۆیی ژنان خۆیان ئەشاردەوە. هیچ ژنێ نەیئەتوانی لە ترسی ئەو لە بەردرگا دابنیشێ، حەتتا هێندێ سەرسەری و خوێڕی لە کوڕان ئیشیان ئەوەبوو بەکۆڵانانا ئەگەڕان کە بیاندییایە ژنان لە بەردرگا دانیشتوون یەکێکیان ڕای ئەکرد ئەیگوت نەقیب هات، ژنان لە ترسا ڕایان ئەکردە ژوورێ، سەرپۆش و شتیان لێ بەجێ ئەما، سەرسەرییەکان هەڵیان ئەگرت و ئەڕۆیشتن.

ساڵێ باران نەدەباری، خەڵق ئەچوونە نوێژەبارانە تۆبە و موناجاتیان ئەکرد، خەبەریان بە نەقیب دا کە سەعیدبەگی مەحموود پاشا کە دراوسێ و خزمی حەرەمی بوو، ژنێکی بەقەپاتمە لە ماڵەوە داناوە، ئەم بێبارانییەکە غەزەبی ئیلاهییە لە دوو سێ کەسی وا بێدینەوەیە. گورج خۆی لەگەڵ خدمەتکاران هەستا چوو ژنەکەی لە ماڵ هێنایە دەرێ، ئەمری کرد شاربەدەری بکەن. مناڵ شوێنی کەوتن. ئافرەتیان لە جێگای خۆی تەفروتوونا کرد. بەئەمری خوا دوا ڕۆژ باران باری، خۆشی کەوتە وڵات.

ئاساری خەیرییەی لە ساڵێکدا مزگەوتی «تەنگی سەر»، مزگەوتی «داریکەلی»، مزگەوتێ لە مەحەللەی کانی ئاسکان. ئەم سێ مزگەوتەی تەواو کرد و مەلا و ئیمامی بۆ ڕاگرتن. بەرات و مەعاشی بۆ مەعلووم کردن. لەڕووی ئومەرا و مەئموورانی حوکوومەت ڕیایی و مەرایی نەبوو، سەربەست لەگەڵیان موعامەلەی ئەکرد و کەسێ پەنای پێ ببردایە عەشایر یا غەیر بە هەموو غیرەتی خۆی سەعیی بۆ ئەوکەسە ئەکرد. لە خدمەت کاکیا مەرحوومی شێخ سەعید لە ئەستەنبووڵەوە چوو بۆ حیجاز، نائیلی زیارەتی بەیتوڵڵاش بوو. لە مەککەی موکەڕڕەمە وەفاتی کرد، لەوێ مایەوە لەخدمەت ئەسحاب و ئەتباعا (عليه الرحمة).

بۆ وەسفی ئەو ئەم غەزەلی شێخ ڕەزایە کافییە:

دست خیاط ازل خرقه‌ی ناموس و عفاف
خوش بریده است به بالای نقیب الاشراف

«مصطفی» نام چراغ نسب مصطفوی
نخبه‌ی هاشم و نقد کمر عبد مناف

یعنی «نعم» الخلف حضرت کاک احمد شیخ
آنکه با شیر زند پنجه به میدان مصاف

کمترین جود تو ای زبده‌ی اولاد رسول
خرج یکساله‌ی دولت ز دو لک خانه‌ی جاف

خصم را تیغ زبان من و شمشیر تو بس
وای ازان روز که این هردو براید ز غلاف

بشکافد دم شمشیر تواش مهره‌ی پشت
بگذرد تیغ زبان منش از حلقه‌ی ناف

مدعی گو نزند لاف ز هم چشمی او
تکیه بر جای بزرگان نتوان زد بگزاف