یاخودا خۆش بی! سەعاتێ بێرە سەردانی نەخۆش
|
خۆ خودا پێی خۆشە تۆ خۆش کەی دڵ و جانی نەخۆش
|
هەر بە ئوممێدم کە تۆ بێیە سەرینم بۆ خودا
|
یا عیلاجێکم کەی و یا وەرگری گیانی نەخۆش
|
عومری شیرینم بە ناڵین و نەخۆشی بردەسەر
|
خۆشی خۆشیمە کە تۆ پێت خۆشە ناڵانی نەخۆش
|
هەر سەری موویە برینێکی موژەی تۆی پێوەیە
|
ڕوو ترش ناکەم کە چاوی تۆیە لوقمانی نەخۆش
|
تا لە وێرانەی دڵم گەنجی غەمت شاراوەیە
|
بەردی بنچینەی نەما خانووی وێرانی نەخۆش
|
تا نەخۆشی عەشقی تۆ ڕووی کردە مەیدانی مەساف
|
ڕۆستەم و بەهرام پەشۆکاون لە داستانی نەخۆش
|
لەززەتی دەرد و غەمی عەشقت لە شاهی خۆشترە
|
چونکە تۆ پێت خۆشە شەوناڵین و گریانی نەخۆش
|
سابیری خاوەن موغازەی شاری دەرد و میحنەتە
|
وەرنەوە ئەی موشتەری، کاڵایی هەرزانی نەخۆش
|