یادداشتی ڕۆژانی دەربەدەری/جەژنی ڕەمەزان

وتمان ڕۆژی حەرەکەت ڕەمەزان بوو. یانزە ڕۆژی مابوو لە ئەحواڵی جەژن و ڕۆژوو بێخەبەر بووین. شەوێ ئیعلانی جەژن کرا. «ع»: ماتم زده‌ را عید بود ماتم دیگر. بەیانی فکری ماڵ و مناڵ، یادی خزم و وەتەن و ڕەفیقان و پەرێشانیی خۆمان لەو حاڵەتەدا تەقریر ناکرێ، ئەمما نەختێ لە جەژنەکەمان ئەدوێم کە نموونە بێ بۆ هەموو پەرێشانیمان. ئەو مناڵانەی شێخ کە هەموو جەژنێک پێنجسەد شەشسەد کەس لەماڵی ئەوان نانی ئەخوارد، غەیری هەڵمی ئاگری سەماوەرەکەمان و دووکەڵی جغەرەی دەسمان نەبێ، تەبەقەی هەوائیەی ڕاست ئێمە دووکەڵ و بوخاری تێکەڵ نەبوو. شێخ عارفی خەڵکی دەرزیان خۆی بە سەیید حیساب ئەکرد، شەخسێکی عاقڵ و فەهمیدە بوو، زۆر دەڵاڵەت و تەسەللای ئێمەی دەکرد، ڕۆژی جەژن هاتە لامان دانیشت، لەپاش سەعاتێ ئەمری کرد لەماڵی ئەوانەوە مەجمەعەیەک نان هات، قبووڵی ساوەر بوو، هەشت کەس میوانی ئەو مەجمەعەیە بووین.

لەگەڵ کاکە حەمە لەباتی هەموو گەڕانی سلێمانی چووینە سەرڕێگای «جەواهیر» لە مەڕ دۆشین بێتەوە، جار بەجار لۆرەلۆرێکیشمان بۆ ئەکرد. لە ئاخردا مەعلووم بوو جەواهیریش مێردی هەیە. میزا ئەحمەدی برای کاکە حەمە کاغەزمان بۆ نووسی کە لەگەڵ خۆی وەقتێ چوو بۆ سەقز بیبا بۆ «سەییدی زەنبیل»، چونکە ئیشی مەخسووسی خۆی هەبوو دەچوو بۆ بانە و سەقز. لەو ڕۆژانەدا مەجبوور بوو بکەوێتە ڕێ، بەعەجەلە سوار بوو ڕۆیی.