یادداشتەکانی مناڵی و بەشێکی سەردەمی فەقێیەتی/سەرەتای یادداشت

هەرچەن تەئریخی ویلادەتم لە نووسراوی باوکما نەدیوە، و لەبەر بێسەلیقەییی خۆم لێم نەپرسیوە، ئاخ! داخی بەجەرگم زۆر شت لە دڵما مەراقە کە وەختی خۆی لە خزمەتیا نەمپرسیوە، ئێستە هەروا بە گرێ و گۆڵی لە دڵما ماوەتەوە - ئەمما بە تەحقیقاتێ کە خۆم کردوومە لە دێی ئابڵاخ کە«مسقط رٲس» جێی تەوەللودمە لەو کەسانەی کە عەسکەری زەمانی سەڵتەنەتی عەبدولحەمیدیان کردووە ساڵی تەوەللودم کراون بە عەسکەر و خوێندەواری بە ڕەبتوزەبت بوون، بۆم مەعلووم بووە لە تەئریخی ڕۆمییەوە کە ساڵی تەوەللودم ١٣١٢» هەزار و سێسەد و دوازدەی هیجری بووە. ئیستە کە (١٣٧٥) هەزار و سێسەد و حەفتا و پێنجی هیجرییە، وا دڵم پڕ بووە لە کوڵ و چاوم پڕ بووە لە فرمێسکی حەسرەت و ئەسەف بۆ گەلێ شت ئەخۆم کە لە وەختی خۆیا بێسەلیقەیی بوو بە سەبەب بۆ ئیهمال کردن و نەپرسینەوەی لەو باوکە عالمە عابیدە زاهیدە کە زوو سێبەری لەسەرم هەڵگیرا و تێرم لە بەری فەیز و بەرەکەتی نەخوارد.