یادداشتەکانی مناڵی و بەشێکی سەردەمی فەقێیەتی/02

لە باوکم بیستووە فەرمووی حاجی عارەبی ئابڵاخی چونکە نیسبەتی بە شێخانی سولەیمانییەوە بوو حەزی لە من نەدەکرد و چەن جار جنێوی بەو فەقێیانە ئەدا کە ئەچوون بۆ ڕاتبە و زۆرجار بۆیان ئەگێڕامەوە کە غەیبەت و باسی منی بە خراپە ئەکرد، گوێم نەئەدایێ و فەقێکان شکاتیان لێ ئەکرد لای من ئەموت گوێ مەدەنێ. جارێک پیاوێکی ئابڵاخی لەسەر شکارتەکەم ئەبێت کە ئابڵاخی لەبەر ئاوبارەدا لەخوار سەرچنارەوە بۆیان داچاندبووم. حاجی عارەب خوا عەفووی کات، بە سواری لە سەرچنارەوە دێت، لە پیاوەکە ئەپرسێت: کورە ئەوە چی ئەکەیت؟ ئەڵێ: ئەم شکارتەیەی مامۆستا مەلا عەبدولڕەحیم ئاو ئەدەم. بێڵەکەی لە دەس ئەسێنێت، چەن بێڵێکی لێ ئەدات ئەڵێ: ئەمە لەبەر مەلا لێت ئەدەم و بە سواری بەناو شکارتەکەدا ئەڕوات. پیاوەکە کە دێتەوە ئابڵاخ بە نەوعێک بۆ باوکمی ئەگێڕێتەوە، فەرمووی کاری کرد لە دڵم، زۆر ئێشی پێگەیشت، نەک لەبەر شکارتەکە، لەبەر پیاوەکە. هەڵسام بە عەزم و قەسدی ئەوە کە لە حەق تەعالا بپاڕێمەوە دوعای قەهری خودای لێ بکەم. هەر بەو نیازەوە چووم بۆ کانی پیاوان، دستنوێژم ششت و دوو ڕکعەت نوێژی «صلاﺓ الحاجة»م کرد. کە سەلامم دایەوە، هەر بەو فکرە دەستم بۆ دوعا هەڵبڕی. فەورن هات بە دڵما با دوعای ئیسڵاحی بکەم. وتم یاڕەببی ئەم پیاوە ئوممەتی پێغەمبەرە «صلي اللة علية و سلم»، بوغزی ئەم پیاوە دەرحەق بە من کە لەو عولەما و وەرەسەی ڕەسوولوڵڵام «صلي اللة علية و سلم» بۆ دینی زەرەرە. یاڕەببی ئەم بوغز و عەداوەتەی تەبدیل بکەیت بە ئیخلاس و مەحەببەت. فەرمووی: وەڵا گەیشتمە ماڵەوە، وا بزانم کە فەرمووی زۆری پێ نەچوو حاجی عارەب پەیدا بوو هاتە ماڵەوە، دەستی ماچ کردم ئیقراری کرد بە قوسووری خۆی، وتی عەفووم بکە تۆبە بێت ئیتر ناماقووڵی دەرحەق بە خۆت و فەقێت نەکەم (لەوەدوا ئەبێ بە موخلیس و موحیبی باوکم، حەتتا بوو بە نەقشی و تەمەسوکی بە حاجی شێخ ئەمینی خاڵ کرد). باوکم فەرمووی: کە حاجی عارەب بەو حاڵە پاڕایەوە و پەشیمان بووەوە، پێم وت: عارەب! خوا بە قوربانی حەزرەتی ڕەسوولەڵڵات کات بە خوا بە نیازی دوعای قەهری بووم کە لە خوا داوا بکەم، ئاخری لەبەر خاتری پێغەمبەر «صلي اللة علية و سلم» کە ئوممەتی ئەویت، گۆڕیم بە دوعای ئیسڵاح و مەحەببەت. لە ساڵی (١٣٤٢) هەزار و سێسەد و چل و دوو کە لە سەردەشتەوە چووم بۆ بیارە و هاتمەوە خاڵم، خوا عەفووی کات، دەعوەتی کردم بۆ ماڵەوە. بەنهێنی خۆم و خۆی بووین. ئەویش ئەم حیکایەتەی بە موفەسەل بۆ گێڕامەوە. تەماشای دەموچاویم کرد دیار بوو زۆر بە مەحجووبی ئەیگێڕایەوە. ئیشەڵا تەفسیلی ئەو سەفەرە لە جێگای خۆیا دێت.

مەدرەسەی ئابڵاخ زۆر عومدە بووە. فەقێی باشی تێدا بوو، وەک مەلا قادری مەلا مۆمن، حاجی مەلا یۆسفی گەبەیی، مەلا عەزیزی یاخییان. من دەورەی ئاخریم بەحاڵ بەبیرە زۆر قەرەباڵغ بوو.

باوکم فەرمووی کە ئەووەڵجار چوومە ئابڵاخ ڕەمەزان هات و فەقێم نەبوو، ویستم کتێبی مێهاجی نەوەوەی بنووسمەوە، چونکە مێهاجە چاپەکان جێگای حاشیە لێ ‌نووسینی ‌نەبوو.

ئەووەڵ ڕۆژی ڕەمەزان دەستم بە نووسینەوەی کرد، ڕۆژی دوو جزووم ئەنووسیەوە. پێش چەژن هەر چوار ڕوبعەکەم تەواو کرد. وەکوو خۆی لە ئاخری ڕوبعێکەوە نووسیویە لە١٣٠٢ بوو.

فەرمووی کاک ئەحمەد «رحمة اللة» بانگی کردم فەرمووی تۆ کتێبت نییە، وەرە من شازدە تێغبەندت بۆ ئەنووسم، بینێرە بۆ دەشتی دزەیی بۆت بفرۆشن، پارەکەی بدە بە کتێب. ١٦ تێغبەندی بۆ نووسیم. ناردم بۆ دزەیی، فرۆشتیان، پارەکەیان هێنایەوە. تەسادوف حاجی مەلا محەممەدی باپیرم ئەچێت بۆ حەج، پارەکە بەوا ئەنێرێت بۆی ئەدات بە کتێب: شێروانی حاشیەی توحفەی ئیبنوحەجەر ٨ جڵد، فەتاوای کوبرای ئیبنوحەجەر ٤ جڵد، باجۆری حاشیەی «فتح القريب» دوو جڵد، چەند کتێبی تر بەو پارەیە کڕاون. ڕەحمەتی خوایان لێ بێت.

ئابڵاخی لە هاوینا بۆ جومعە کردن ئەچوون بۆ سولەیمانییە. بە بیرم دێت جار جار باوکم کە ئەچوو بۆ جومعەن ئەیبردم بۆ مزگەوتان. جارێک پاش جومعە چووین بۆ خانەقای مەلا عەلیی مەلا وەسمان. لە حوجرەی فەقێیان دانیشتبووین، بەحاڵ بەبیرمە کوڵۆیەک شەکر و پیاڵەیەک چایان لەبەردەم دانام، وتیان: کامیانت دەوێت؟ ئەمزانی ئەوە شەکرە، شەکرم دیبوو، ئەمما چام نەدیبوو و نەمبیستبوو. دەستم برد شەکرەکەم هەڵگرت، وتم: ئەمەم ئەوێت، ئەوەم ناوێت. وتیان دەی ئەوەیش بۆ تۆ. نەموێرا دەسی بۆ بەرم، پێم پێکەنین. ئاخری بۆیان سارد ئەکردمەوە و خواردمەوە. ئەمە ئەووەڵ چا بوو کە دیومە و خواردوومەتەوە.

فەقێی ئابڵاخ کە جومعان ئەچوون بۆ سولەیمانییە جار جار لە شار دەعوەت ئەکران. شەوێ درەنگ ئەهاتنەوە بۆ ئابڵاخ. لە باوکم بیستووە فەرمووی جارێک فەقێکان پاش جومعە دەعوەت کرابوون. شەو درەنگ کە دێنەوە زابتێک ئەبینن سەرخۆش و مەست، لێی ئەدەن، چەرمەسەرەیەکی زۆری ئەدەن، بەجێی ئەهێڵن. مەلا قادری مۆمن ئەگەڕێتەوە سەری، دەس ئەکا بە باخەڵیا، ئەو پارەیەی پێی ئەبێت لێی ئەسێنێت و بەعزێ شتومەکیشی لێ ئەسێنێ. هەرچەن فەقێکانی ڕەفیقی مەنعی ئەکەن گوێیان ناداتێ زابتەکە ڕووت ئەکاتەوە. دێنەوە بۆ ئابڵاخ. باوکم فەرمووی بۆ سبەینێ کە نۆرە دەرسی مەلا قادر هات ناردم بە دوایا کە بێ بۆ دەرس. بە وەحدەتی خوا لەگەڵ هات و دانیشت ژانێکی زۆر بەشیددەت کەوتە سەرم کە تاقەتی تەماشای کتێبم نەما. وتم مەلا قادر بڕۆوە سەرم زۆر ژان ئەکات. بۆ سبەینێ لە ئەووەڵەوە ناردم بە دوایا چونکە دوێنێ دەرسی نەخوێندبوو و ژانی سەریشم نەمابوو. کە هاتە حوجرە دەسبەجێ سەرم دەستی کردەوە بە ژان، تاقەتم نەما، وتم: مەلا قادر سەرم ژان ئەکات. دیسان بێ دەرس ڕۆیشتەوە. ڕۆژی سێهەم دیسان بەو نەوعە. ئەو سێ ڕۆژە کە دەهاتە سەر دەرس خۆێندن، سەرم دەسی ئەکرد بە ژان، کە ئەڕۆی ژانەکە دەفع ئەبوو. ڕۆژی سێهەم وتی: ئەوە بۆچی کە من دێم بۆ دەرس تۆ سەرت ژان ئەکات؟ وتم: نازانم ئەمە بێ سڕ نییە، چیت کردووە؟ وتی: هیچم نەکردووە. تەحقیقاتم لە فەقێکان کرد، مەسئەلەی زابتەکەیان بۆ گێڕامەوە کە شەوی شەممە لێیان داوە و مەلا قادر ڕووتی کردۆتەوە. ئەنجا حوکمم لێ کرد ئەبێ بچیت ئەو زابتە بدۆزیتەوە و چیت لێ سەندووە بیدەیتەوە. وتی: تۆ تەماتە سەرم بە فتارەت بدەیت، بەخوا ئەڕۆم و ئەمە ناکەم. بوخچە و ئەسبابی پێچایەوە و ڕۆیشت. باوکم، خوا لێی خۆشبێت، ئەم سەرگوزەشتەیەی زۆر بە عەجایەبی ئەگێڕایەوە، خۆم لێم بیستووە و سوێندی لەسەر ئەخوارد.

فەقێی ئابڵاخ بۆ زەخیرەی زستان کە عادەتی فەقێی سولەیمانییە و ئەترافیەتی هەر «دەقنە» ڕابتەی ئابڵاخیان کردووە. ئەوەندەیان زەخیرە داوە پێیان گەلێکی زیاد بووە. حەتتا لە باوکم بیستووە فەرمووی فەقێی ئابڵاخ لە ئاخری بەهارا ئەوەندەیان ساوەر مابوو یەک باریان لێ بردە شار، تۆزێک گرانی بوو فرۆشتیان. بە مەزەننە فەرمووی حۆقەیان دا بە شەش بێچوو و دەقنەی ڕۆنیان نەکردەوە، بە نۆرە ئابڵاخی بە حۆقە و دوو حۆقە ڕۆنیان داونێ. حەتتا لە باوکم بیستووە و ئابڵاخیش زۆر جار ئەیانگێڕایەوە کە حاجی ئەمینە ڕەش بووە، خوا عەفووی کات، نۆرەی ڕۆنی فەقێی ئەگاتە سەر، پێی ‌ئەڵێن مامە حاجی بە خوا نۆرەت گەیشتووەتە سەر. ڕۆنمان نەماوە. ئەڵێت: تەماتانە لەگەڵ ئایشێ بە شەڕمان دەن ژنەکەی ناوی حاجی ژنە عایشە بووە. ئەنجا چی بکەین؟ بێ شەڕ ئەم ڕۆنە زەحمەتە. لە پاشا ئەڵێت: باوکم تەدبیرێکم کردووە، ها ئەمە دوو مەجیدی، ئەچم لە ماڵەوە دائەنیشم، بە فەقێیەکا دوو مەجیدییەکە بنێرن، بڵێن مامە حاجی فەقێکان ئەم دوو مەجیدیەیان ناردووە، ڕۆنمان پێ بفرۆشە. ئەمما کوڕە مەجیدییەکان پێش خەن و بە دەستەوە ئاشکرای کەن و نیشانی ئایشێی بدەن. لەپێشا باسی ڕۆن نەکەیت حەتتا مەجیدییەکانی نیشان ئەدەیت. فەقێکان بە تەدبیری حاجی ئەمین ئەکەن وەکوو ئەو تەدبیرەی بۆ کردبوون. حاجی ژن پرزەبلێس ئەبێت، ئەڵێ: ڕۆنمان کوا؟ خوا عەفووی کات مەشهوور بوو بە ڕەزیل مامە حاجی ئەڵێ: نازانم ئایشێ ئەزانێت. لەپاشا ئەڵێت: ئا وەڵڵا پارەمان ئەوێت، ئافرەت خۆ تۆ ڕۆن هەر ئەفرۆشیت و پارەشمان پێویستە بۆ فڵان شت، نەوەڵا با بە فەقێکانی بفرۆشین.

حاجی ژن قەناعەت ئەکا، هێزە ڕۆن دێنێ یا حۆقەیەک یا دوو حۆقە ڕۆنیان بۆ ئەکێشێ. حاجی ڕجا ئەکا لە حاجی ژن، ئەڵێت ئافرەت دە تۆیش بەشی قبوڵییەکیان بۆ بخە سەر وەکوو خەڵق، ئاخر ئەم پارەیە هیی موسڵمانێکی وەک منە بەخێر داویە بە فەقێکان. بە هەزار حاڵ بە قەدەر ئەنگوتکە هەویرێکی زیاد ئەخاتە سەر و لە قسەی حاجی تێناگات. ئەم قسەیە زۆر باس کراوە.