وادەی خێڵە و خوار ئێلی جافانەن
|
دەمی گەرمەسیر دەشتی شیروانەن
|
لە براکانم کەسیان نییەن یار
|
وەک جاران سوار بن بۆ ڕاو و شکار
|
هانا، برایان شوێن نادیارم ڕۆ
|
سێ پڵنگ هەیبەت شێر شکارم ڕۆ
|
سێ شاهین، سێ باز شیروانی ماوا
|
فەلەک لە زۆریان کەوتبووە داوا
|
ئای سلێمان بەگ عەداڵەت پیشە
|
لە دێوی کێوی قاف بێ ئەندیشە
|
ئەو شۆڕەسوارە زینەتی زینە
|
ئەو حاتەم هیممەت سەرحەدنشینە
|
چابوک سواری بە ناو و داو بوو
|
لە شیروانەدا هات هاتی ڕاو بوو
|
ئێستا نادیار سەر ڕووی بیساتە
|
لە دوای ئەو عەشرەت ڕووی لە نەهاتە
|
هێجگار فەتاح بەگ ئەو ڕۆستەم ڕەنگە
|
ئەو پیلەتەنەی شێوە نەهەنگە
|
ئەو شاباز هیممەت ئەو هەڵۆ قینە
|
ئەو شان و باهو ئەو سەهمگینە
|
سەرتاپا بڵند وێنەی فەرامورز
|
ئەهاتە لەرزە لە نەعرەی ئەلبورز
|
ئەوی تیا نییە دەشتی شیروانە
|
بۆیە لە لای من چۆڵ و وێرانە
|
ئاخ بۆ قادربەگ دۆستی مەولەوی
|
گەردنکەچی بوون شێری سەر زەوی
|
هەر ئەو زانیویە شینی بۆ بکا
|
هەر بەیتێک جامێک فرمێسک لە تەکا
|
خانمان خەریک شین و هاوارە
|
داخی فەتاح بەگ لەسەر گشت بارە
|
ئاخ لاڵ بم لە کوێن شۆڕە سوارانیان
|
بێدەنگ و ئاهەنگ گەلی یارانیان
|
بەو خوایە فەلەک گەر برای ئەمرد
|
بە ناڵە دنیای هەراسان ئەکرد
|
دەستی نەئەچوو بە مەرگی جوانمان
|
وێران نەدەبوو جێی خان و مانمان
|
خۆی کەسی نییە و جەرگی بێ ئێشە
|
مەرگی مەردانی کردووە بە پیشە
|