یاری خۆم لێ زیزە بۆیە حەز لە مەرگی نەو دەکەم
|
شەو کە بێهۆشم لەتاوی وا مەزانە خەو دەکەم
|
بۆ شکاری مورغی وەحشی نەک هەڵۆ وو شاهینم
|
عەشقی چاوی بازی خۆمم بۆیە ڕاوی کەو دەکەم
|
رۆژ بەیادی ڕووی هەتا هێوارە هەر هاوارمە
|
شەو بە فیکری زولفی تا سبحەینێ سوحبەت لەو دەکەم
|
لەو دڵارامە بپرسن وا دڵ ئارامی نەما
|
جارێکی چارێکی دەردم کا دەخالەت بەو دەکەم
|
گوێم لە ساز و عوود و نەی، چاوم لە ساقی و بادەیە
|
خادیمی پیری موغانم بۆیە وا پەیڕەو دەکەم
|
سەرف و سوودی نەقدی دڵ لەو عالەمە بێمایەیە
|
تا بەکەی بێفایدە سەرفی گەنجی کەیخوسرەو دەکەم
|
سافییا کافیمە بۆ دونیا و قیامەت یاری خۆم
|
چم لە باسی عالەمە؟ هەر زیکری ناوی ئەو دەکەم
|