یاری وەفادار ...
|
نازک و نازدار، یاری وەفادار
|
لە هیجرانی تۆ بووم بە کۆی زوخاڵ
|
نەمکرد سەیرانی گۆنا و خەت و خاڵ
|
عەهدە کردوومە هەر وەکوو فەرهاد
|
لە کۆی عەشقی تۆ خۆ بکەم بەرباد
|
هەر کاتێ شاد بووم بە دیداری تۆ
|
بووم بە خاوەنی خەت و خاڵی تۆ
|
لام مەتڵەب نییە تەعنەی ڕەقیبان
|
گوێ نادەم بە پەند، واعیزو خویشان
|
دەوڵەتی وەسڵت بۆ من کافییە
|
تاجی کەیخوسرەو لام بەهای نییە
|
گەنج و ئیقباڵم دانەی خاڵی تۆ
|
چرای دیوانم چاوی کاڵی تۆ
|
خوردو خۆراکم ماچی کوڵمی تۆ
|
شیشەی شەرابم سای گەردنی تۆ
|
مەعبەدخانەکەم خەڵوەتخانەی تۆ
|
قیبلەگای سوجدەم میحرابی ئەبرۆ
|
تەوافی کەعبەم وەسڵی دیدارت
|
حەجەرولئەسوەد خاڵی ڕووخسارت
|
تای عودو تارم دوو زوڵفی خاوت
|
سەرخۆشی کردم مەیخانەی چاوت
|
مێزی شەرابم سینەی مەڕمەڕت
|
مەزەی شەرابم دوو لیمۆی تەڕت
|
عەرەق و بیرەم ماچی کوڵمی تۆ
|
ساقی و پیاڵەم چاوی گەشی تۆ
|
دەم دەم ئەنۆشم شەرابی گۆنات
|
دوو لیمۆی کاڵت، بۆ مەزە هێنات
|
مەستی دوو چاوی عاشقکوژی تۆم
|
جگەر لەتلەتی غەمزەو نازی تۆم
|
چاوت هەڵبڕە بزانە من کێم
|
ئەمن مەجنونی دوو چاوی لەیلێم
|
ئەسیرم بەدەس ڕەقیبانەوە
|
هەم بە دەس دڵەی ماڵوێرانەوە
|
دەردم وەهایە لەیلی نازپەروەر!
|
نزیکە دەرچم لە پێستی بەشەر
|
ئیتر کۆتایی کەلامم نایە
|
ڕەنگ زەردی عەشقم شیفام قەت نایە
|
مەزڵووم وەک مەجنون پیشەی زارییە
|
خولیای عاشقی بێ قەرارییە
|