یار شێوەی چۆنە، یار شێوەی چۆنە؟
|
بێ چاوێنی بێ، یار شێوەی چۆنە؟
|
بڕۆ ماڵی جیم چاوخانەی نوونە
|
گۆلنکەی پووشین کلابتونە
|
کارخانەی دەستی خودای سروشتە
|
لە بەشەر ناکا حۆری بەهەشتە
|
هەرچەند لە نەسڵی دایکە حەوایە
|
بەڵام نموونەی دەستی خوایە
|
ئافەریدەی سونع، بێ هاوتای ئیزەد
|
دوور بێ لە کاری چاوەزاری بەد
|
جڵوەی جەدوەلی چاوی سورمەڕێژ
|
چاوی ئاسکی کردووە گێژ و وێژ
|
برژانگ سیافام بە سورمەی کۆی توور
|
بە تیری نیگای دڵ خانەی زەنبوور
|
ڕووی سفیدەی سبح، بە شەفەق قرمز
|
شیرینتر لە ڕووی شیرینی هورمز
|
لووت تەڵای خوسرەو قاڵی نەوجەلا
|
زمڕوت بەند بووە لە گۆشەی تەڵا
|
هەناسەی دەوای دڵەی پڕ خەمە
|
بە ئەموستیلە ناوی خاتەمە
|
دوو پەڕەی گوڵنار ناوی ناوە لێو
|
ماچێکی لێوی شێخ ئەخاتە کێو
|
سی و دوو ددانی دانەی مرواری
|
لە قوتووی لەعلا حەڵوا دەباری
|
لە هەر چوارلاوە یاقووت تەنیویە
|
یاقوت یا قووتی گیانە کێ دیویە؟
|
چەناگەی زیوی سپی خاڵ بێ خاڵ
|
کۆی غەبغەب مینای پاکتاوی زوڵاڵ
|
گەردن گەردنی ئاسکی خوتەن گێڵ
|
یا گەردنی قاز دەلیلەی ڕەوێڵ
|
چاڵی تینوێتی ئاوی حەیاتە
|
قەترەی ئارەقی دوایی مەماتە
|
قۆڵ بە بازیبەند دانەی لاڵەوە
|
پەنجە بە ڕەنگی خەنەی ئاڵەوە
|
سنگ تەختەی عاجی شەترەنجی شاهان
|
شاماتی و شاهان ئەخاتە ئامان
|
دوو سێو لەو سنگە تەلیسم بەندە
|
کەس نەیزانیوە بەهای سێو چەندە
|
لەوە بەرەوخوار بۆ کەس نەبینرا
|
پەردەی ئەدەبی بە سەرا کێشرا
|