یار کە دێتە سەر گۆل و ئەستێرە
|
سەیری وی دەکەن مانگ و ئەستێرە
|
ڕووناکی ڕووی بوو یا ڕوونی ئاسمان؟
|
کە دێ بۆ کێوی دەبا گاگێرە
|
دەگەڵ یار، لەبن سێبەری پاڵان
|
چەن خۆشە دۆی سارد، دەگەڵ کولێرە
|
خۆزگەم بەو شوانە لەدووی مێگەلان
|
یارم بە زولفان دەکا هاوێرە
|
شەرتەشوانیم ئەوەندە بەس بێ
|
یارم بێری بێ، بێتە بەر بێرە
|
بە تیری نازت جەرگم بڕاوە
|
بۆ چی بە تفەنگێ لێم دەگری سێرە
|
کوڵمەسوورەکەی گوڵەمێلاقە
|
لەدەورەی خاڵان بەڕیز بژمێرە
|
لە باغی جوانیت وەختی زەکاتە
|
فەقیری خۆتم، هەر بۆ من خێرە
|
بە ڕشتەی زولفان دڵم نێچیرە
|
لە داروبەردی بەس دە، مەیگێڕە
|
هەر ناڵەی منە لە دۆڵ و نواڵان
|
نەک فیتەی شوانە و دەنگی بلوێرە
|
زولفی وەک شەوەی ڕۆژی کردمە شەو
|
چرای سەرکوڵمەم لەبۆ ڕادێرە
|
هەر کەس عیشقی تۆی لەسەردا نەبێ
|
بێ شک حەیوانە، پڕ و پانێرە
|
کردمە سەر باسکان: هەر ئاشبەتاڵمە
|
هەر بەو ئومێدەی یارم ئاشێرە
|
هەر تەمادارم ئەوڕۆ و سبەینێ
|
زوو وەرە مەیکە بە دوێنێ و پێرە
|
وەک مەجنوون لەدووت کەوتمە کێو و دەشت
|
ڕەفیقم گورگ و پڵنگ و شێرە
|
خۆیانی خەیاڵ مابێ غەم نابێ
|
بەتای زولفانی یار شەنەدێرە
|
عەزیز! ئەوانە شیعرن بە مەرگت
|
موخلیست بێ تۆ وەجاغی کوێرە
|
کوێستانی دووریت هەر زەردوماهە
|
تەرت و لابەلا، ڕژد و هەڵدێرە
|
باری فیراقت پشتی شکاندووم
|
بەسەرمدا دێ، دەڵێی تاوێرە
|
سەرباری دووریت شانمی جدەو کرد
|
بە تا و توورەکە، بە هۆڕ و تێڕە
|
عیشقت لەسەرم قەت ناچێتە دەر
|
لەسەر سەریشم بگێڕن گێرە
|
هەمیشە برسی سەرسفرەی وەسڵم
|
لە شەهدی لێوت قەت ناخۆم تێرە
|
بۆ هەر جێ دەچی، دڵ بەدووتەوە
|
کۆنەڕاوکەرە، دیارە شوێنگێڕە
|
هەر تۆوی مەیلی تۆم لە دڵدا چاند
|
تەرخانەکەی خۆت کۆنەجووتێرە
|
گەنمە مەلای بێ زیزانە و زیوان
|
بێ پۆڵکە و چێودان، گورگە و گلێرە
|
شینە، گوڵی بەست، سەرمای دەرناوە
|
ڕیشەی داکوتا، چونکە سەردێڕە
|
لە ئەشکی زۆرم عەرزیش پەڵەی دا
|
بەندیش شکاندی حەسەن ئاودێرە
|
تەشک و دامێنم تەڕەکەشاوە
|
جۆگەی چاو خوڕە، سەربەرەژێرە
|
خەرمانی عەیشم لە کای غەمدا، ما
|
کزەی شەماڵی مەیلت بنێرە
|
لە ترسی ساڵان، زۆرم چاندووە
|
جۆشین و وێنجە، شەودەر، کەنێرە
|
ئەگەر دەپرسی کاری ئەو بەینەم
|
ئاش و وشترخان، هۆڵ و سەرگێرە
|
سێ چوار ڕۆژ بێ تۆ چوومە خانەقا
|
یادت شوغڵم بوو، هەر لەوێ و لێرە
|
بۆ سەر مەرقەدێ، پێش نوێژان دەچووم
|
ڕێگاکەی قوڕ بوو، بە گێڕەگێڕە
|
لە خزمەت شێخی یادم زۆر کردی
|
لەنێو خەتمیشدا بەخودام بسپێرە
|
فەیز و بەرەکەت وەک باران دەڕژا
|
هەر کەس بەڕاست بێ، ئاخربەخێرە
|
هەر کەس لە پەنای شێخیدا نەبێ
|
حیزی نەفسیە، شەیتان پێی فێرە
|
ئەگەر دەتەوێ دنیا و قیامەت
|
ڕووی خۆت لەو دەرکەی قەت وەرمەگێڕە
|
نێوی شەمسەددین، ڕۆژە کە هەڵدێ
|
هەروەک چەکچەکی هەڵدێ ئەو کوێرە
|
هاتنی ئەو دەرکە لە دەست خۆت مەدە
|
سەر و ماڵی خۆت بێرە بسپێرە
|
بۆ سەیری «دەروو» دەروونم خوێنە
|
بۆ «کانی سپی» فرمێسکم سوێرە
|
کانی بەردینە ئاوی حەیاتم
|
بە «کانی قازی» دڵم زەنوێرە
|
لە «یەنگی دنیا» تاکوو «کەڵتەگگە»
|
هەڵاڵە و بەیبوون، سوێسن و شلێرە
|
کانی لەتیفی، «زنەی بەرباغی»
|
کانی گەوهەرە، مەعدەنی زێڕە
|
لە دوور دیارە «چل ئەسحابە»کەی
|
بنەی دوندی ڕەش جێی لانی شێرە
|
جێی دێی کولتەپە تەپەی گوڵانە
|
ڕێپێڵگەی میوان، جێگەی جوامێرە
|
بەندم کرمانجین، زۆرت پێ خۆش بێ
|
حەسەن کرمانجە گوێ ڕە وی دێرە
|