يا اله العالمين و پادشاهی بێ نیاز
|
ڕەستەگارم کەی لە داوی نەفسی پیس و حیلەباز
|
دین و ئیمانی بە دینار و درەم دا سەربەسەر
|
ئابڕووی بردم لەبەر دەرگاهی پەتریق و پەپاز
|
قەسد ئەکا مەغزی سەرم دەرکا وەکوو ماری زەحاک
|
لامل و چەرمی پەناگوێمی هەموو پچڕی بە گاز
|
گاهێ تێرە مەزهەبی نەمروود و فیرعەونی هەیە
|
گاهێ برسی، مەشڕەبی دوڕڕەندە وەک گورگ و بەراز
|
قازییە فتوا دەدا ئەملاکی ئەیتامی عیراق
|
موفتییە بۆ غارەتی ئەموالی حوججاجی حیجاز
|
تا بڵێی غەددارە بێ شەرم و ویقار و بێ وەفا
|
موختەسەر خۆشە قسەی ناسازە گوفتاری دراز
|
تا وەکوو بەرخی دەساژۆ نانی شوانی نەفس ئەخۆی
|
سەد بەڵا بۆ تۆ لە پارێزایە وەک گورگ و بەراز
|
تا بە گیانی جووجەڵەی پیرێژنان کۆلارە بی
|
هەر ئەسیری نەگبەتی وەک کۆتری ژێر چنگی باز
|
تۆ کە خزمەتکاری نەفسی حیزی ئازاییت نەما
|
لافی مەردی لێمەدە پوورێ بە خشڵ و چەک مەناز
|
ئەی درێغا پیاوی ئازا وا لە دونیادا نەما
|
تەکیە چۆڵ و پڕ لە ئەولادی ئەوان ئۆتێل پەڵاز
|
داخەکەم بۆ موئمینی ساغ و سەلیم و بێ ڕیا
|
زۆر کەمە دەس ناکەوێ لەم وەختەدا ئیللا بە شاز
|
سابیری تەنپەروەری تاکەی؟ ئەجەل نەزدیکە لێت
|
تووشەیێ پەیداکە ئەی بێچارە بۆ ڕێگای دراز
|
سابیری تاکەی مەراقی مەتعەمولغازی دەکەی؟
|
عارف يكفيك، ئەگەر مەیلت حەقیقەت یا مەجاز
|