کاکە موشتاقی کەسێکم لەوە فەڕو بەرەکات
|
پێت بڵێم کێیە بزانی لە محمد صلواة
|
ئەوە بۆ ئێمە تکاکەر دەمی دیوانی خوا
|
ئەوە ئوممێد و پەناوپشتە لە ڕۆژی عەرەسات
|
تووشی دەردێ بێ کە چارەی بەحەکیمان نەکرێ
|
باوەڕت بێ بەخوا یادی ئەوە کاکە شفات
|
لە پڕ ڕووەوڕوو بکەوم خاکی دەرت ڕامیسم
|
یا محەمەد مەدەدێ ئەم دەمە بەو خاکە بگات
|
تۆتیا یا نەخۆ ئیکسیرە بڵێم هەردوو کییە
|
من بەقوربانی بم ئەو خاکە کە کەوتە ژێری پات
|
کەسوکار و سەروماڵ و گەل و شارانی وەتەن
|
پێشکەشە گشتی بەیەکجا سەد ئەوەندەش بێ فیدات
|
گەر بەملیۆن بنووسم بێژ لە تۆمار و کتێب
|
کەمەکی نابێتە دەفتەر لەوتەی مەدح و سەنات
|
ئارەزووی شاری مەدینەی هەیە دڵ چونکە لەوێ
|
توزێ هێدی دەبێ دەیبینێ لە ڕوویی نەخشەجات
|
پادشای هەردوو جیهانی سەبەبی کەون و مەکان
|
خاتەمی دەوری زەمان، تاج و بوراقت بوو خەڵات
|
کردتی خوا لە مەککە و دەوری حیجازی پەیدا
|
بۆیە دایناوە لەوێ کەعبە و زەمزەم و عەرەفات
|
مەیلێ فەرموو بەمنی عاجز و داماو و فەقیر
|
مەیلی تۆ ئوممەت ئەکا گەر لە جەهەننەم بێ، نەجات
|
خۆشەویستیی تۆ نەبێ بۆ کەسێ هیچ کەڵکی نییە
|
نوێژ و تاعات و ڕۆژوو، سەد حەج و سەرفترە و زەکات
|
بەسەری ڕووتی و پاپەتی ڕووم کردە مەدینە و مەسجد
|
بەزەییت بێ بەگەلی کوردیی وێرانە وڵات
|
چ لەسەر حەققی خۆیان و، چ لەسەر دینی تووە
|
وەکو مەڕ سەردەبڕێن زیڕە و هاوارە بەڵات
|
عەرزی حاڵت ئەی ئەسیری بدەرە شاهی ڕوسول
|
بۆ گەیینە حەققی خۆت وەرگرە فەرمان و بەرات
|