عەجایب شوکری حەق ناکەی لەبەر ئەم نیعمەتە چاکە
|
وەرە سەیر و تەماشاکە کە چاوت چەندە ڕووناکە
|
دیانسازێ بەچەن لیرە دیانت بۆ دروست کاتۆ
|
ئەڵێی ڕەحمەت لە بابی بێ دەس و کاری گەلێ پاکە
|
ئەگەر کوێر بێ بە سەد لیرە حەکیمێ چاکی ناکاتۆ
|
بە بەخشش یا بزانە خوا خوایی بێکەس و تاکە
|
هەموو ئەنعامی پێداوین هەتا شوکری بەجێ بێنین
|
ئەگەر مەیلت بە قلیانە و ئەگەر مەیلت بە تریاکە
|
دروستی کردوە دارێ لەبۆ ئەسپابی دنیا و دین
|
یەکێ نەی بۆ سەفا و بەزم و یەکێ بۆ وەرع و سیواکە
|
لەلای ئەدنا پیاوی خوا چ نەوشیروان، چ گاوانی
|
لەلای حەق ئەم هەموو دنیا بەقەد یەک زەڕڕە خاشاکە
|
کە تۆ وا واعزی قانع لەبۆ خۆت بۆچی بۆ دنیا
|
دڵت پڕ ئاهـ و ناڵینە، دوو چاوت سوور و نمناکە؟
|