خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان/جڵدی 2/ئیمارەتانی کورد

خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان  (1931)  by محەممەد ئەمین زەکی بەگ
جڵدی 2

ئیمارەتانی کورد edit

ئینسان لە موتاڵاکردنی ئەحواڵی پێشووی قەومی کورد زۆر باش حاڵی ئەبێ کە ئەم قەومە، ئەووەڵ و ئاخر، سەربەخۆیی داخڵی بووە و ئەم حەقی تەبیعییەی خۆی تا ئەواخیری قەڕنی سیانزەمینی هیجری، بە فەرقێکی کەم و زۆر، موحافەزە کردووە. لە قڕوونی وۆستادا بەعزێ جار ئەحواڵ یارییەی داوە و لە بەشێکی وەتەنەکەیدا ئیستقلالی خارجیشی گرتۆتە دەس خۆی، بەڵام ئەم حاڵەی زۆر دەوامی نەکردووە و شەڕائیتی ڕۆحییە و ئیجتیماعییەی خۆی، لەگەڵ بەعزێ ئەسبابی تر، ئەو ئیستقلالەی لە دەس سەندووە و تەنیا سەربەخۆیی داخڵی بە دەسەوە هێشتووە و بۆ موحافەزەکردنی ئەم حەقەی، دایمە لەگەڵ قوای موستەولیدا شەڕ و هەرای کردووە.

حەیف کە دەرحەق بە زەمانی زۆر کۆنی ئەم ئیستقلالی داخڵییەی، شتێکی وا نازانین؛ تەنیا بە موناسەبەتی بەعزێ حادیساتەوە، دەرحەق بەم ئیستقلالەی فیکرێک پەیا ئەکەین. مەسەلەن لە شەڕی قەڕاڵانی ئاسووریدا لەگەڵ لۆللۆ و گۆتی و نایری و لە شەڕی فەرهادی چوارەمی حوکمداری ئەشکانی لەگەڵ مادی بچووکدا و ... الخ؛ لە دەوری دوای ئیسلامیشدا لە شەڕ و ئیختیلالی یەک لە دوای یەکی کوردستان وا حاڵی ئەبین کە قەومی کورد بۆ لەدەسدانی سەربەخۆیی دایمە کوشتوویەتی و کوژراوە. بەڵام چونکە ئەم حادیساتە تاریخێکی باشی بۆ نەنووسراوە، بە تەبیعەت دەرحەق بەو ئیمارەتە شەڕکەرانە و تەفسیلات و ئەسبابی شەڕەکانیان، شتێکی وا نازانین.

ساحێبی شەڕەفنامە دەرحەق بە ئەحواڵی ئەم ئیمارەتانە شتێکی نووسیوە، بەڵام ئەمەش نیهایەت تا عەسری حەوتەمی هیجری ئەگرێ و بەشی زۆری لە ڕیوایات و حیکایات دەرهێنراوە و ئەوەندە ئەمنیەتی پێ ناکرێ. لەگەڵ ئەمەشدا تا مەعلووماتێکی باشتر و بەئەساستر دەس ئەکەوێ، بە ناعیلاجی ئەبێ مەعلووماتی شەرەفنامە و بەعزێ عولەمای تاریخ قەبووڵ بکەین. موئەریخ و موستەشریقی موحتەرەم پرۆفیسۆر مینۆرسکی، ئەم ئیمارەتانەی باش تەسنیف کردووە و ئێمەش وامان موناسیب زانی کە لە باسی خولاسەیەکی تاریخییەی ئەم ئیمارەتانەدا لە سەر ئەو شوێنە بڕۆین، تەنیا دەرحەق بە ئیمارەتانی بادینان و سۆران و بابان زیاتر ئەدوێین: