ئەی شەفیعی زەنب و عیسیان ڕەحمەتی بۆ عاڕەسات
|
هەر لە ئەووەڵ تا بە ئاخر باعیسی بۆ مومکینات
|
هەر لە ڕۆژی ئەووەڵینی، پادشای مەککە و مەدینی
|
مەرهەمی جەرح و برینی، سەیدی فەخری کائینات
|
سەیدی فەخری کائیناتی، ئەوەڵ تۆ بووی ئاخر هاتی
|
ڕۆشنی سەر ڕووی بیساتی، هیوای بۆ ڕۆژی عاڕەسات
|
هیوای ڕۆژی توند و تاڵی، بە شەوکەت و خۆش جەماڵی
|
نووری سونعی لایەزالی، قوڕئانت بۆ هات بە خەڵات
|
قوڕئانت بۆ هات بە کەرەم، تورک و تات و ڕۆم عەجەم
|
دونیا سەراسەر زۆر و کەم، سەرپاکی کەوتنە خاکی پات
|
پاک لەژێر پێتدا کوژاون، شێخ و شاب و پیر و لاون
|
پاک بە عیشقی تۆ سووتاون، ساحیبی کەشف و کەڕامات
|
ساحیبی عەقڵ و شعووری، بە زاهیر دەڵێی بلووری
|
بە باتین پارچێک لە نووری، ئەی شافیعی ڕۆژی مەمات
|
شافیعی ڕۆژی ئاخرەتێ، خوڵقاو لە نووری قودرەتێ
|
شفاخوازی بۆ ئەممەتێ، سەرداری کوللی مەخلووقات
|
بۆ مەخلووقات تۆ سەرداری، شیوەن و گریان و زاری
|
هیچ کەس نییە غەیرەز باری، مەگەر ئەو ڕەحمێ بکات
|
ڕەحمێکم پێ بکەی خودێیە، مەلا و جاهیل و فەقێیە
|
هەر کەس دەفتەری خۆی پێیە، مەگەر ئەو ڕەحمێک بکات
|
چم بە سەر هات لە دونیایە، ئەوی چاندم لە مەزرایە
|
هەر چەند دەکەم وەکۆ نایە، ڕەببی تۆی ساحیب دەسەلات
|
ڕەببی زوو بێی بە فەریادم، خۆت بپرسی عەرز و دادم
|
بەشقم حاسڵ بێ مرادم، بەجارێکی بمدەی نەجات
|
بەجارێک نەجاتم نابێ، لە ڕۆژی يوم الحسابێ
|
خێر و شەڕ سەربەسەر نابێ، نامێنێ مەیلی برات
|
چۆن دەمێنێ مەیلی بابت، لەبەر میزان و حیسابت
|
لە دەهشەت و لە عەزابت، دڵیان غەمگینە مەخلووقات
|
مەخلووقات دڵیان غەمگینە، ئاگری دۆزەخ بەتینە
|
کوا محەممەد شای مەدینە، بێ عیلاجێکمان بکات
|
عیلاجمان ناکرێ بەو حاڵە، ئەو دڵەی پڕ لە خەیاڵە
|
داییم پڕ لە ئاهە و ناڵە، بۆتە تەیرێکی بێ قنیات
|
تەیرێکی بێ پەڕ و باڵم، تەن سووتاوە وەک زوخاڵم
|
ئەو دەمەی خۆش بێ بە حاڵم، تێر بکەم من سەیری باڵات
|
سەیری باڵات کە مەفتوولە، بە ئیسمت قەسەم ڕەسوولە
|
بە سەگی خۆتم کە قەبووڵە، بۆ پاسەوانی دەرگات
|
من پاسەوانی دەرگاتم، تا لە دنیا بێ حەیاتم
|
مونتەزیری خاکی پاتم، چون مەتڵەبم حاسڵ دەکات
|
لێی دەبێ حاسڵ مرادە، هەر چی کردم لە دونیادا
|
زەڕەیەک نەفعم بۆ نادا، عومری درێژم چوو بە باد
|
چوو بە با عومری درازم، هەر ئەتۆی قەست و نیازم
|
مەتڵەبێکت لێ دەخوازم، قەترەیەک ئاوی حەیات
|
پێم عەتا کە نووری چاوە، جان فیدات بێ جیسم و ناوە
|
«ئەحمەدی کۆر» بۆت سووتاوە، ئارەزوویە خاکی پات
|