شای غەزالان، شۆخ و شەنگان، کرد خەدەنگان ڕاست و چەپ
|
دڵ چو سەنگان، خوو پڵەنگان، دای لە قەلبم ڕاست و چەپ
|
دای لە قەلبی من حەزینە، چەند خەدەنگی سەر بە خوینە
|
ئەو لە من کرد چەند برینە، خوێن بەخوڕ دێ ڕاست و چەپ
|
خوێن لە من دێ بێ قەرارە، وای لە خۆم بەدشووم ستارە
|
ڕۆبنیشن هەرچی یارە، بۆم بگریەن ڕاست و چەپ
|
بۆم بگریەن زۆر بەجۆشە، پێم نەماوە عەقڵ و هۆشە
|
ماری ڕەش یەکسەر خرۆشە، عەقرەبان گرت ڕاست و چەپ
|
مار و عەقرەب کرد هجوومە، ئەی لە خۆم بەدبەخت و شوومە
|
هێندەیان شیر لێ دەسوومە، دێنە جەنگم ڕاست و چەپ
|
دێنە جەنگم چەند هەزارە، هیندی و ڕۆم و تەتارە
|
تیر لە قەوسی وان دەبارە، جووت بە جووت دێن ڕاست و چەپ
|
جووت بە جووت وا دێن خەدەنگە، ڕۆژی ڕوونم لێ بوو تەنگە
|
دەستەیی هیند و فەڕەنگە، سەف بە سەف دێن ڕاست و چەپ
|
وا بەشیددەت دێنە خوارێ، دەستی من دامانی یارێ
|
خوێن لە چاوانم دەبارێ، جۆ بە جۆ دێن ڕاست و چەپ
|
جۆ بە جۆ سەر کرد لە دامان، فیرقەتی بێ حەدد و سامان
|
ئەز دەناڵم سوبح و شامان، سینە داغم ڕاست و چەپ
|
سینە داغ و دەردناکم، من لە دووی لوتفت هیلاکم
|
ڕوح و جانی خۆم فیدا کەم، ژێری نەعلت ڕاست و چەپ
|
ژێری نەعلت کوحلی چاوم، کوورەیی پڕ جۆش و تاوم
|
شیبهی پەروانە سووتاوم، دێمە گەردش ڕاست و چەپ
|
دێمە گەردش میسلی بادە، دڵ لەبۆیە نامرادە
|
ئاخ لە دەست جووتێک جەلادە، تیغ بە دەستن ڕاست و چەپ
|
تیغ بە دەستن، مەی فرۆشن، بۆ هیلاکی جان بەجۆشن
|
عاشقانت خوێن دەنۆشن، جورعە جورعە ڕاست و چەپ
|
سووت دەروونم وەک زوخاڵی، کەوتمە بەحری ئاهـ و ناڵی
|
ناپرسی جارێک لە حاڵی عاشقانت ڕاست و چەپ
|
ئەحمەدی کۆری حەزینە، دڵ لەسەر سیدق و یەقینە
|
یاری خۆت حازر ببینە، دوور و نەزدیک ڕاست و چەپ
|