دیوانی ئەحمەدی کۆر/ر

313039دیوانی ئەحمەدی کۆر — پیتی ر1856ئەحمەد کۆری موکریانی
ڕۆژ و شەو دەکەم ڕجایێ، لەو بینایی کردگار بە داییم دەکەم دوعایێ، تا بینم ڕوویی یار
ڕوویی یارم با ببینم، شاد دەبێ قەلبی حەزینم دڵبەری شۆخ و شیرینم، گوڵڕوخی سیمین عوزار
گوڵڕوخی سیمین جەبینە، شۆخ و شەنگ و نازەنینە قیمەتی چاوانی نینە، موڵکی ئیسلام و کوفار
موڵکی ئیسلام و فەرەنگە، نین بەهای یاری چەلەنگە هەر کە یار لێی دام خەدەنگە، لێم بڕا سەبر و قەرار
لێم بڕا سەبر و شەکیبە، ناڵینم چون عەندەلیبە بێنە سەر من سەد تەبیبە، دەردی من ناکەن چ چار
دەردی من ناکەن دەوایە، بە کەسم نایە شفایە ڕۆژ و شەو حاڵم وەهایە، پێم نەماوە ئیختیار
ئیختیارم پێ نەماوە، گۆشەیی جەرگم بڕاوە وا لە عیشقی ئەو دوو چاوە، سووت بەدەن سەرتابەخوار
سووت بەدەن لە عیشقی یارێ، خوێن لە چاوانم دەبارێ میسلی بارانی بەهارێ، داییمە لەیل و نەهار
داییمە من هەر دەناڵم، جان و دڵ وەک کۆی زوخاڵم کوشتەی دوو برۆی هیلالم، ئەی گەلی ئەغیار و یار
ئەی گەلی یار و عەزیزان، دەردی عیشقی ڕووتەمیزان نایەتە کێشان و میزان، بێ بە میزان سەدهەزار
بێ میزان و بێ حیسابە، ئاگری ساحێب مەهابە جەرگ و دڵ میسلی کەبابە، هەر سووتا لەیل و نەهار
خاریج از حەد و میزانە، تیر لە جەرگم وەک بارانە بۆ تۆ دڵ وەحشی و نەزانە، یاری ساحێب ئیختیار
هەر کە ساحێب ئیختیار بێ، مەقسوودی وی دینی یار بێ ئەو لەسەر قەول و قەرار بێ، زوو دەبێتن ڕەستگار
«ئەحمەدی کۆر» تۆش لەوانی، دات بە با عومری جەوانی ئاخری دنیات نەزانی، چۆن دەبێتن ئاخری کار
دڵبەران داییم دەناڵم، دەمبەدەم شام و سەحەر جارێ ناپرسی لە حاڵم، چاوعوقابی خۆش خەبەر
چاوعوقابی مەهجەماڵی، دوژمنی کوفر و زەلالی نووری سیڕڕی لایەزالی، کاشفی «شَقَّ الْقَمَر»
کاشفی قەمەر دوونیمی، فاتحی دەرگای نەعیمی شافعی «يَوْمُ الْأَلِيمي»، «أَنتَ لِي نورُ الْبَصَر»
نووری بینایی دوو چاوم، بێ فیدات ڕۆح و هەناوم هەڵگیراوە خورد و خاوم، خواردنم بۆتە زەهەر
خواردنم خوێن و زوخاوە، سەبر و هۆشم لێ بڕاوە ئاگری دڵ وا بەتاوە، میسلی شەمعی نێو فەنەر
وەک فەنەر دڵ پڕ لە نارم، باری عیسیان بۆتە بارم ڕووسیاهـ و شەرمەسارم، من لەبەر «يَوْمُ الْخَطَر»
من لەبەر«يَوْمُ الْمَماتم» دێ کە قابیز بۆ حەیاتم وا خەجڵ بێ هۆش و ماتم، نامێنێ هۆش و سەبەر
نامێنێ هۆش لەو سەعاتێ، ڕۆح دەگاتە جێی نەهاتێ دەفتەری دونیام دەداتێ، نامێنێ مەیلی پسەر
نامێنێ مەیلی جیهانم، دێتە جونبش ڕۆح و گیانم گەر لە گیر لاچێ زبانم، نێوی حەقمان دێتە بەر
نێوی حەق دێنم بە زارە، تەن گەلێک تەشنە و بیمارە دڵ هەمیشە ئینتیزارە، هەر دەڵێ «ماءُ الْقَطَر»
ئاخ لەبۆ یەک قەترە ئاوە، ئەو دەمەی دونیا تەواوە شاهـ و دەروێش تۆپێ جاوە، «قَد دَخَلْتَ في الْقَبَر»
تا قیامەت قەبرە ماڵم، دێن مەلاییک بۆ سوئالم ڕەببی تۆی موخبیر بە حاڵم، نەمخەیە سەر ڕێی خەتەر
نەمخەیە سەر ڕێی زەلالەت، لێم دەپرسن زۆر بەشیددت «قالَ مَن رَبِّکَ مَیّت» کێت پەرەست، کێت پێغەمبەر
کێت پەرستووە، کوا ئیمامت، مەزهەب و دین و کەلامت؟ حەشر و میزان و مەقامت، بۆم بەیان کە ئەو خەبەر
بۆم بەیان کە سیڕڕی قەلبی، ئەی خودایە تۆم تەبیبی من دەڵێم اَللّه رَبِّي، با خەلاس بم لەو خەتەر
با خەلاس بین لەو مەقامە، ئاخری دونیا تەمامە جەمعی ئۆممەت خاس و عامە، ڕێی حەشرمان دێتە بەر
دەشتی مەحشەر وا دەبەستن، جەمعی مەخلووق سەف دەبەستن یەکهەزار ساڵ ڕادەوستن، لێمان ناپرسن خەبەر
ناپرسن لێمان چ حاڵە، دەشتی مەحشەر دێتە ناڵە ئاگر و پۆلوو و زوخاڵە، نامێنێ حیلم و بەسەر
نامێنێ عیلاج و چارە، چەند هەزار کەس بێ ژمارە باب لە فەرزەندی بێزارە، ئەو لەبەر شین و چەمەر
ئەو لەبەر گریان و شینە، قَالوا يَارَبِّ رَضِينَا کوا محەممەد شای مەدینە، بۆچ لێمان نابێ خەبەر؟
بۆچ خەبەردار نابێ لێمان، سووت دڵ و جەرگ، قەلب و پێمان یەکهەزار ساڵ حەشرە جێمان، کوا حەبیبی ڕۆژی حەشەر
کوا حەبیبی کوللی عالەم مَا تَقَدَّم قَبلَ آدم پاک لە مەحشەردا بووین جەم، بوو زوخاڵ سەمع و بەسەر
بوو زوخاڵ سەمع و بەسەرمان، باری عیسیان کەوتە سەرمان چاو کە هەڵنایە لە شەرمان، دەستەوئەژنۆ قوڕبەسەر
دەستەوئەژنۆ ڕۆدەنیشن، پڕگوناهان ڕادەکێشن خێر و عیسیانمان دەکێشن، هەم بە میزان سەربەسەر
پڕ گوناهان دێن و چوونە، دەفتەری وان سەرنگوونە فَاقْرَءُوا مَا تَفْعَلُونَ، قَدْ دَخَلْتَ فِي السَّقَرَ
ئەو سەقەر ئاور گڕینە، بۆ کوفاران زۆر بەتینە دێتە سەر عالەم بە کینە، نامێنێ هۆش و خەبەر
نامێنێ هۆش لەو سەعاتە، دێ جەهەننەم بانگ دەکاتە کوانێ تاریکەسەلاتە، چاوەڕێی وانە سەقەر
جێ و مەقاممان زەمهەڕیرە، باسی مەحشەر زۆر کەسیرە پێغەمبەرمان دەستگیرە، چاکە بیکەین موختەسەر
موختەسەر کەین باسی زیللەت، دەکرێ حەشری کوللی ئوممەت یەک بەڕەحمەت، یەک بەزەحمەت، ڕێی سیڕاتمان دێتە بەر
بۆن شەفیع کە تۆ بە ڕەحمەت، نەنخەیە تاریک و زوڵمەت پێن عەتا کە قەسری جەننەت أَعْطِنَا طوبا شەجەر
دێتە بەرمان ڕێی سیڕاتە، بۆ گونەهبار، جێی نەهاتە یا ڕەبی بندەی نەجاتە، بۆن شەفیع کە پڕ پێغەمبەر
تۆی شەفیعولموزنیبینە، لەو دەمەی ئاور بەتینە تۆی پەنای مە شای مەدینە! بۆن شەفیع کە پڕهونەر
«ئەحمەدی کۆر»ی فەقیرە، حەق تەعالا دەستگیرە باری عیسیانت کەبیرە، نەخەیە سەر ڕێی خەتەر