ئەی خالیقی لەمیەزەلی، بسم الله الرحمن الرحيم
|
دنیات ڕۆنا لە ئەزەلی، بسم الله الرحمن الرحيم
|
تۆ ڕەحیم و تۆ ڕەحمانی، یا خێوی سیڕڕی پەنهانی
|
لە دنێ نەبوو ئاوەدانی، بۆخۆت شەیتانت کرد ڕەجیم
|
ڕەجیمت کرد ئەو حیلەگەر، ئەی خوای لە ژووری بانی سەر
|
نە ئادەم بوو نە پێغەمبەر، بۆخۆت بووی قەدیمولقەدیم
|
خالیق هەر تۆی بێ فکری، تۆ ئەزەلی و تۆ ئاخری
|
تۆ ئەرز و ئاسمان ڕاگری، ماشەڵڵا تۆی گەورە و عەزیم
|
خالیق تۆی عەزیم و گەورە، داتناوە ساماڵ و هەورە
|
مەخلووقی تۆ بە سەد تەورە، شەل و کوێر و ساغ و سەلیم
|
شەل و کوێری تۆ هەزارە، پەنام بە تۆ خانەدارە
|
ئەحمەد زەلیل، گوناهبارە، اَسْتَغْفِرُ اللَّهَ الْعَظِيم
|
تۆ عەزیمی، تۆ سەرداری، ڕۆزیدەری مەل و ماری
|
لە گشت کارێک خەبەرداری، دەکەم تۆبەی فیعلی قەدیم
|
دەکەم تۆبەی بە ئیخلاسی، محەممەد دانەی دوڕناسی
|
هەر تۆ بۆ سەرداری خاسی، ئەزەل ئەلف دوو مات و میم
|
ئەزەل ئەلفە ناوی ئەڵڵا، قیبلەمانە، کابەتوڵڵا
|
بە نەسیبمان کە ئینشەڵڵا، بە شەرافەت ئیسمی عەزیم
|
بە شەرافەت پادشای لە ژوور، محەممەدت خوڵقاند لە نوور
|
لە عالەمی دەتکرد مەشهوور، هەر تۆی بەخشندە وو کەریم
|
کردت بە پادشای عالەمێ، ئەی خودای ساحێب کەرەمێ
|
ڕەسیدەم تازە دەگەمێ، اَسْتَغْفِرُ اللَّهَ الْعَظِيم
|
پەنام بە تۆ ئەی غەففارە، ئەحمەد بۆمان تکاکارە
|
ئەحمەدی کۆر گوناهبارە، اَسْتَغْفِرُ اللَّهَ الْعَظِيم
|