هێند بە دیتنت ئینتزارم، خواردنم خوێنە و زوخاو
|
دڵ تەنووری پڕ لە نارم، ئاخ لەبۆ یەک قەترە ئاو
|
ئاخ لەبۆ دڵ مێهرەبانێ، لەفز خۆشێ، حاڵ زانێ
|
دڵبەری شیرین زبانێ، باوەشێن کا جێی سووتاو
|
باوەشێن کا جەرح و زامان، دڵبەری شۆخ و خەرامان
|
یار وەبیر بێنێ غوڵامان، زوڵف ڕیحان لوول و خاو
|
زوڵف ڕیحان، لوول و کڕژن، وا لە هەنیانت دەچڕژن
|
جەرگ و دڵیان پێ دەبرژن، تەن دەنێنە جۆش و تاو
|
تەن وەکوو کوورەی حەدادە، حەق بدا وەعدەی مرادە
|
یار بەبێ قەول و عینادە، ڕەحم کا بە منی «بێ چاو»
|
ڕەحمێ کا بە منی هەژارە، جارێکی پێم بڵێ بە زارە
|
شەربەتە بیخۆ بیمارە، ڕۆحم ئیحیا کا تەواو
|
حەی بکا ئەرواح و جانم، حۆریی حەوت ئاسمانم
|
لەیلەتولقەدری زەمانم، تۆی دەوای جەرگی بڕاو
|
دڵبەرا دەردم دەوا کە، ساتێکی ڕوو لە خودا کە
|
بەس دڵی من پڕ جەفا کە، بەو خەندەگی، تازەساو
|
لێم مەدە هێندە خەندەگان، شای غەزالان شۆخ و شەنگان
|
من لەبەر زەبری نەهەنگان، لێم مەحو بوون ئیسم و ناو
|
لێم مەحو بوون ناو و ئیسمم، سووت دڵ و جان، جەرگ و جیسمم
|
حەق وەهای دا پشک و قیسمم، قەددی ئەلفم بوو بە واو
|
قەددی ڕاستم کوفتەکارە، خەڵک لە ناڵەی من بێزارە
|
ئەو چ دەردێکە دوچارە، هاتە سەر دڵ از نەکاو
|
هاتە سەر من ناگەهانی، سیڕڕی مەخفی و نیهانی
|
ئاشکار بوو لە جیهانی، عەقڕەبێ خستوومیە داو
|
عەقڕەب و مار و ئیلانی، قاتڵی ئەرواح و جانی
|
یار بە حاڵم گەر بزانی، بوومە تەیری باڵ شکاو
|
تەیرێکی بێ پەڕ و باڵم، مایەیی سووت و زوخاڵم
|
دڵ بەجۆش و ئاهـ و ناڵم، لێم حەرام بوو خورد و خاو
|
خورد و خابم لێ حەرامە، مەسکەن و مەئوا و مەقامە
|
بۆت وەها ڕیسوایی عامە، شێخ و شاب و پیر و لاو
|
شێخ و شاب بێ ئیختیارن، هەن لە بەندت، بەندەوارن
|
میسلی وی چەندین هەزارن، هەن لە خاکی پات کوژاو
|
هەن لە خاکی پات هیلاکن، شێخ و سۆفیی سینەچاکن
|
ناڵەکێش و دەردناکن، مەست و ئەقڵ پێنەماو
|
مەستی تۆن بێ ئەقڵ و هۆشن، با فوغان، شین و خرۆشن
|
دڵ بەناڵە و دەرد و جۆشن، دڵبەران دڵ لێ ڕفاو
|
دڵبەران دڵ برد بە غارەت، هەرچی یار کردی ئیشارەت
|
بۆ وییە موژدە و بەشارەت، شاهی حەو ئیقلیم تەواو
|
تۆ کە شای مڵکی زەمینی، هەر کەسێ ڕووی تۆ ببینی
|
شاد دەبێ قەلبی حەزینی، زولف هەوری، ڕوو هەتاو
|
ڕووت مەهی دوو پەنج و چارە، ناوبەناو نەجم و ستارە
|
عەقرەبان لێ گرت قەرارە، شوبهی شەمعی دڵگڕاو
|
شوبهی شەمعی شەو زولامە، پێی نەهێشتم ئەقڵ و فامە
|
شوبهەتی وەحشی گەڕامە، تۆ منت کرد نەخچیر و ڕاو
|
تۆ منت کرد نەخچیر و سەیدە، نات لە پام زنجیر و قەیدە
|
جانی جانان ئەو چ کەیدە، بوومە دانەی ناو خوراو
|
بوومە سەرمایەی جغاران، دڵ بە فیدای زولفی یاران
|
داییمەن سوبح و ئێواران، لێی دەدا نەرمە خوناو
|
وان خوناوان لێ دەبارن، نافەیی ئاهووی تەتارن
|
شوبهەتی شەبهایی تارن، عەتر و ڕیحان بۆی گوڵاو
|
عەتر و ڕیحان گوڵ شەمیمە، قەدستوونی زێڕ و سیمە
|
دڵ لەسەر عەهدی قەدیمە، دڵبەری زێڕین کڵاو
|
دڵبەری قەد زێڕ ستوونە، تەختی عەقڕەب لێی سکوونە
|
هێندەیان شیر لێ دەسوونە، دەسخەتی حەققن تەواو
|
دەسخەتی سونحی جەلالن، مەکتەبی پڕ خەت و خاڵن
|
لەشکری غەم وەک مناڵن، قەت لە من نابن بڵاو
|
ئەحمەدی کۆری هەژارە، جارێکی تۆ بڵێی بە زارە
|
شەربەتە بیگرە بێ چارە، ڕۆحم ئیحیا کەی تەواو
|
ئەحمەدی کۆری بێ چاوە، سەبر و هۆشت لێ بڕاوە
|
ئاگری دڵ هێند بەتاوە، پێت نەما جەرگ و هەناو
|