دیوانی ئەحمەدی کۆر/ە

313050دیوانی ئەحمەدی کۆر — پیتی ە1856ئەحمەد کۆری موکریانی
سبحاني علام الغيوب زاتت لە شبیهی کەس نییە هیچ کەس وەکوو تۆ بێ عەیب، بێ عیللەت و ئەقدەس نییە
هیچ کەس وەکوو تۆ بێ بەدەل، قەییووم و دانا و لەمیەزەل بێ سەهو و نسیان و خەلەل، بێ فکر و بێ وەسوەس نییە
بێ فکر و بێ هەمم و خەیاڵ، فەرد و قەدیم و لایەزال بۆ عالەمینێ في المال، غەیری تۆ فەریادڕەس نییە
فەریادڕەسی بۆ خاس و عام، ڕۆشنکەری لەیلی زولام چی بۆت نەسووتێ سوبح و شام، پەروانە و قەقنەس نییە
پەروانەوەش تن در عذاب، قەقنەس سیفەت دڵ چون ڕوباب چی تەرک نەکا بۆت خورد و خاب، وێ غەیری ئاگر کەس نییە
ئەی قادری حەییی موبین، حەق أنت رب العالمین قادر ئەتۆی هادی و موعین، کەس واریس و خوێنڕەس نییە
ئەی ئەحمەدی کۆری هەژار، ویزر و گوناهت بوون بە بار غەیرەز ڕەسووڵی نامدار، کەس یاوەر و دادڕەس نییە
ماتم لە هیجری ڕووی بەدر، لەو زوڵمەتی بێ ڕەوشەنە لەو بەندی کەس لێ نەچووە دەر، دڵ خەستە و مەجڕووح تەنە
دڵ خەستە و مەجڕووح و زار، بێ ڕاحەت و عەیش و قەرار ئەمڕۆ حەبیبی گوڵعوزار، سان داوە سەف سەف قۆشەنە
سان داوە تیپی زەنگییان، سەرخۆش و مەست و بەنگیان میسری و ڕۆم و زەنگیان، ساحێب زرێ و جەوشەنە
ساحێب زرێ و شیرین سووەر، هێند و فەرەنگ، ڕۆم و تەتەر سەف بەست لە ڕووی قورسی قەمەر، وان تەختی جەبهەت مەعدەنە
جەبهەت لە نووری لایەزال، نەقش و نیگار و خەت و خاڵ قەوس و خەدەنگی صاد و داڵ، قاتڵ لەبۆ ڕۆحی منە
قاتڵ لەبۆ ڕۆحی زەعیف، ڕوومە لە یەک بورجی شەریف هەر کەس کەدی ئەو ڕووی لەتیف، سەد کۆی ئوحود غەم خەرمەنە
سەد کۆی ئوحود غەم لێی بە بار، ناڵە و فوغان و ئاهـ و زار دەرد و غەم و ئەندووهی یار، وان چەند لە دڵ نیشان هەنە
وان چەند هەزار دڵ کرد بەسەف، لە هەر کەنار و هەر تەرەف جەیشی عەزیم میسری بەکەف، ماهی دەهـ و چار مەسکەنە
حەیرانی ڕوویی شیبهی گوڵ، چی حوببی وی سەر کرد لە دڵ بۆ پێشی خاس و عام خەجڵ، فرمێسک دەکەن تەڕ دامەنە
دامەن بە دەمعی عەینی تەڕ، دوو مار و دوو شێرانی نەڕ ئەمڕۆ بە عەزمی جەنگ و شەڕ، کردیان هجووم دڵ مەوتەنە
مەوتەن لە من بۆ حەبس و بەند، ڕۆحم فیدات ئەی دڵپەسەند بۆ قەددی وەک سەروی بڵەند، سەد بارەکەڵڵا و ئەحسەنە
ئەحسەن خیسال و دڵڕوبا، هەر کەس کە دی بووە خاکی پا با ڕۆح و جان و دڵ فیدا، بۆ شیرینی شای ئەرمەنە
بۆ شیرینی لەیلی سیفەت، کانی کەماڵ و مەعریفەت سووڕەت بە نەقشی خاڵ و خەت، عاریز زەهەب، سیم زەقەنە
ئەو دڵبەری سیمین عوزار، عاشق هەمیشە ئینتیزار بەهری ویسالی ڕووی یار، وەقت و سەعات نەعرەزەنە
نەعرەزەنان چون قەقنەسم، جانا بەجوز تۆ نین کەسم گەر تۆ نەبی فەریادڕەسم، جێم دۆزەخی بێ ڕەوزەنە
جێم دۆزەخی ساحێب لەهیب، ئینکاری نائەهل و ڕەقیب یا ڕەب لەبۆ وان بێ نەسیب، ئەو پەنجەیی شێرئەفکەنە
شێرانی ساحێب زۆر و زات، چی حوببی تۆی لە دڵ دەدات سووتا بە ناوی بێ نەجات، گڕ گرتی شیبهی ڕەوغەنە
مانەندی ڕەوغەن نەوت و قیر، سووتا لە دەست عیشقی ئەسیر زووخاڵ لەبەر بەدری مونیر، ئیسلام و کافر، بوریەنە
ئیسلام و کافر هەر چی بێ، لە دەست غەمت بریان دەبێ جەرگی لە بۆت نیشان دەبێ، دڵبەند بە چەند مەکر و فەنە
دڵبەند بە چەند بەند و بەڵا، هەر یەک بە چەند غەم موبتەڵا قەتتاڵ و ساحیب سلسلە، لە دڵ دەدەن وەک دوشمەنە
ئەو دەر حەقی دڵ بوون عەدوو، وەسف و سەنای «ما تنفیذ» «یا أیها الناس اعبدوا لمن لە أعبد أنا»
گەر لاییقی عەبدییەتین، موستەوجیبی ڕووی ڕەحمەتین عەتشانی کاسەی شەربەتین، واجب لەسەر مە سوجدەنە
ساجید بە، بە شەرتی ئەدەب، پابووسی جانان کە تەڵەب گەر بێت و یار کەی تۆ تەڵەب، بۆ عەینی عەینان سورمەنە
بۆ عەینی عوششاقی زەلیل، خۆشە ببینی ڕووی خەلیل دەرمان لەبۆ دەردی عەلیل، بسکی دە شۆخ و شەبخەنە
بسکی لەسەر بەدری دوو حەوت، سەر میسلی عەقرەب تاق و جووت بەر پەنجەی هەر کەس کە کەوت، میسلی تەوافی کەعبەنە
کەعبە لە ڕووی ئەرزی مەکە، بێ یار مەچۆ تەواف مەکە چی خۆی بە یار تەسلیم نەکا، مەعلووم بزانە کەودەنە
مەعلووم بزانن ئەو بەدن، لە دەفتەری عیشقی ڕەدن حەیوان دڵ، ئینسان جەسەدن، وان سەعیی و ڕەنجی بێ فەنە
ساعی بە حەققت گەر ئەوە، تەرک کا وجوود خورد و خەوە ڕوو کاتە لای یاری خووە، وەرنە سیوای وی فەربەنە
غەیری وی هەر چی نیک نەبێ، شەرت ئەو هەیە تالیب نەبێ ئینسان ئەگەر عەقڵی هەبێ، نیکاح نەکا پیرەزەنە
نیکاح نەکا ئەو كالعجوز، گومڕا دەکا شەو تا بە ڕۆژ سامیع بە حوببی دڵ بە سۆز، جیفەی غەلیز و مونتەنە؟
جیفەی غەلیز و زاییعە، هالیک لە قەومی تامیعە تالیب چوو کەلبی جائیعە، لێکدی بە کینە و حەربەنە
لێک دێنە جەنگ زیئب و کیلاب، هەر یەک بە ڕەنگێک دەر عەزاب بەو وەجهەیە دڵ چوون کەباب، وەک ئاسیاب و چەقەنە
وەک ئاسیابی زۆر لە گەڕ، نەفس و هەوای ماییل بە شەڕ دونیا و شەیتان، گورگی بەڕ، ڕۆحەن لە دەست وی شیوەنە
«ئەحمەدی کۆر» لە عەقڵ بەدوور، تاکەی دەکەی خۆت بێ شعوور «مووسا» لەکوێی دی نار و نوور، تا نەچووە «وادی ئەیمەنە»؟
یاری من عالەم دەخیلە، نیک و بەد بۆی تالیبە کافر و ئیسلام قەتیلە، قەوسی ئەو دوو حاجیبە
قەوسی پڕ تیر و خەدەنگە، سەربەژار قەترانی ڕەنگە هەر دڵێک ئەو لێی بە جەنگە، مردنی لێ واجیبە
چون کەوان نیشان زەمیرە، ئەژدیهای پڕ گاز و گیرە جوملە دڵها بۆی ئەسیرە، زۆر بە دەست و غالیبە
ئەو بە سام و دەستەڵاتن، چین بە چین پۆل پۆل دەهاتن ساف لە گشتی مەخلووقاتن، هەر دڵێک بۆی ڕاغیبە
هەر چی حوببی وی لە دڵ بێ، ڕەنگە ڕیسوا و خەجڵ بێ پێ بە کۆت، زنجیر لە مل بێ، عەیش لەکن وی ڕاهیبە
کوانێ عەیش و کوانێ شادی، بێ لەبۆ جەڕحی فوئادی وای بە حاڵی نامرادی، یار لە قەتڵی کاسیبە
کەسبی وان هەر قەتڵ و خوێنن، کاری وان جەڕح و برینن مار و عەقڕەب چین بە چینن، یەک لەسەر یەک ڕاکیبە
یەک لەسەر یەکدی سوارن، سەر بە لوئلوء سەهمدارن سونعی زاتی کردگارن، شوعلەبەرق و ساقیبە
دینی وان قوللابی داوان، ئاگری جەرگ و هەناوان عاشقان داییم لە چاوان، دەمعی خوێناو ساکیبە
دەمعی وان دڵ پڕ جەغاران، دێ وەکوو سەیلی بەهاران دینی ڕوویی گوڵعوزاران، بۆ عوقوولان غاسیبە
عەقڵ بەر، ئیمان ڕفێنن، موهلیکی تەن، دڵ توێنن چون عوقابی چنگ بە خوێنن، بەندی هەر شەش جانیبە
قودڕەتی خالیق چ خاسە، خیلقەتی کرد جینن و ناسە ڕووی بە حوسنی کرد خولاسە، وەرنە تینی لازیبە
وەرنە قەترەی ئاوی لیچە، بوو لە جێی بەولی مەزیجە حوببی تۆی لێ موندەریجە، بۆ قولووبان جازیبە
جازیبی قەلبی جینانە، ئافەتە بۆ عەقڵ و جانە خاڵی ڕوویی نەوجەوانە، تاقیشی باش کاتیبە
نەقشی سونعی لایەزالە، ساف لە نوورە، نوور جەماڵە ساحێبی قەوسی هیلالە، دوشمنێکی زاریبە
زاریبی کەس تیغ نەدیتن، لێی دەدا دڵ حەل دەبێتن چی بەوان مەجڕووح نەبێتن، ڕووسیاهـ و کازیبە
ڕووسیاهـ و شەرمەسارە، گەر نەبینم ڕووی یارە بە نوێژ و ڕۆژووم چ کارە، سەد کە فەڕز و واجیبە
لێم بە دوورن فەرز و سوننەت، غەیری وی هەر چی بێ غەفڵەت شوکر یاری نوور جەبهەت، میهرەبانم خاتیبە
خۆش خیتابە، میهرەبانە، شەککەرین نوتق و بەیانە نائومێدی دوو جیهانە، چی لە ڕێی وی خائیبە
خائیب و ئەهلی مەعاسی، گەر بە حەققت یار بناسی بێ گومان بۆت دێ خەلاسی، لێت دەپۆشێ عاییبە
«ئەحمەدی کۆر» وا دروستە، غەیری وی دەرکەی لە دەستە ئەو بوتی تۆبە پەرەستە، غەیبزان و ساحیبە
گەر تۆ یاری باوەفایی، هێندە سەنگین دڵ مەبە یا مەکە کەس ئاشنایی، یا نە لێی غافڵ مەبە
غافڵی عەیش و مەعاشی، بە زبان چوست و هەراشی هەر وەکوو سەنگی سەراشی، لێم بە تۆز و خۆڵ مەبە
خۆت مەکە غەرقانی دەردان، من مەخە ژێر باری بەردان ڕێگە بگرە میسلی مەردان، دڵ بۆ ئاو و گڵ مەبە
ئاو و گڵ نەخشی دیواری، بێ سەدا و ڕەنگ دیاری تۆ بە دۆستی ئاشکاری، دوشمنی قاتڵ مەبە
دوشمنی بۆ شێخ و شابی،، قاتڵی عەنقا و عوقابی تۆ بە مەعشووقە حیسابی، ساکین و حاییل مەبە
ساکنی سەدر و نیقابە، هەرچی هەن پەردە و حیجابە ساعەتێ دووانم لە لا بە، تۆوی خەردەل گوڵ مەبە
ڕاستە گوڵ بێ خار نینە، هەرچی بەر ڕوویی زەمینە دڵ لە حاستی من حەزینە، مەخفی و موشکڵ مەبە
خۆت مەکە مەخفی لە پەردە، ڕوویی پاکت هەمچوو وەردە تۆ خەبەردار نی لە دەردە، یاری ناکامڵ مەبە
یاری با عەقڵ و کەماڵی، باخەبەر لە دەرد و حاڵی دڵ بە ئیحسان و خیساڵی، تووشی بەدمەنزڵ مەبە
مەنزڵی بەدخواهـ و بەدکەر، مەیکە مەوتەن یاری دڵبەر عەرزی بێ کیشت، داری بێبەر، باغی بێ حاسڵ مەبە
باخی بێ میوات و دانی، ڕەنج بەبادە باغەبانی هێندە با ساعی جیهانی، تالیب و مائیل مەبە
تالبی دنیای غەدارە، هەرکەسێ بیبێ بە یارە سەعی و ڕەنجی وی خەسارە، مەردی قەت دوودڵ مەبە
سونجوو و خورما ببینە، نێوڕەقی توێکڵ شیرینە خۆت بە تۆ و ڕێحان بچێنە، عاقیبەت پێکوڵ مەبە
کۆخ و قەیسی نوور جەماڵن، هەر دوو مەردی بەدخیساڵن توێکڵ خۆشی نێوک تاڵن، تاڵی خۆش توێکڵ مەبە
گوێز و بادام هەر دوو جانن، ئەو لە سێ پەردەی نیهانن خۆت لەوان چاکتر بزانن، وەک ئیلان قانگل مەبە
بی دەبێ بێ توێکڵ و پەردە، یا نییە یا زەهر و دەردە بی بەری چون بێخی بەردە، وەک شیلان چڵ چڵ مەبە
نەک توو شیلان دڕوو ساقەت، هەر چی دەگرێ بەر نەدا قەت حەز دەکەی پاک بی لە عیللەت، موفسید و موخیل مەبە
نەک وەکوو گورگی لە گەڕ بی، بۆ موسڵمانان بەزەڕ بی ساکین ئاسا پێستی مەڕ بی، گورگی خوێن ئاکیل مەبە
هەرچی موفسید ناعەدیلن، ئەو بێ ڕێگە و بێ دەلیلن عەبدی شەیتانی زەلیلن، شوبری بێ دەلیل مەبە
سۆفی دەبێ دین دروست بێ، نەک لە تاعەت پشتی سست بێ شەو هەتا ڕۆژ حەقپەرست بێ، قەت سەری بێدڵ مەبە
ئەحمەدی کۆر بێ وجوودی، ئەبلەهـ و بێ سەرف و سوودی کەم نماز و کەم دروودی، وەک خرووس دەنگ زل مەبە
الحمد لله الودود یارم لە عالەم دڵبەرە هەر جێیە بردی لێی سجوود، بۆنی گوڵاو و عەنبەرە
بۆنی گوڵاو و باغی نەعیم، لە گشت عەیب و عیلەل سەقیم يحيي العظام و هي رميم، لەب دورجی لەعل و گەوهەرە
لەب دورجی یاقووت و لەعل، بە ڕوح و جان قەول و فیعل ببم فیدای ژێری نەعل، خاکی دەری تۆم بەر سەرە
خاکی دەرت بوردی یەمەن، باڵایی تۆ سەروی چەمەن ڕەوشەن دەکا قەلبی حەزەن، از دو جهان ئەفزەلترە
لە دوو جیهان چاتر دەبێ، یار ڕەحمی گەر دەر حەق هەبێ هەرچێکی بێتن مەنسەبێ، کەمتر غوڵامی قەیسەرە
کەمتر غوڵامت شاهی ڕۆم، یارم کە ڕەحمەت بێ لە بۆم لە دەس تۆ گەر زەهریش بخۆم، زەوقی گوڵاو و شەککەرە
زەوقی گوڵاو و شەهد و قەند، ئەی نازەنین ڕەعنا و ڕەند قامەت میسال سەروی بڵەند، عالەم هەمووی خاکی دەرە
عالەم هەموو مەحون لەبۆ ئەو نازەنینی ماهڕۆ ئاور لە قەلبم شوعلەجۆ، لە ڕاهی حەق جارێ وەرە
جارێ وەرە دڵ شاد بکە، لەو میحنەتەی ئازاد بکە کونجی دڵم ئاباد بکە، بەو ڕوومەتی ڕوو ئەنوەرە
بەو ڕوومەتی ماهی مونیر، شاهی بەشیر و هەم نەزیر تۆی ساحێبی فەزڵی کەبیر، ڕوویی تۆ شەمسی ئەزهەرە
ڕوویی تۆ شەمسی ڕووی بیسات، بۆ عاسیان هەر تۆی نەجات عالەم بکا مەدح و سەنات، نایێتە سەبت و دەفتەرە
مەدحی حەبیبی زولجەلال، ئینسان و جین فیدای نیعال دڵم میسال کوورەی زوخاڵ، حوببت لە جەرگم خەنجەرە
حوببت لە جەرگم تیغی تیز، ئەی شاسواری ڕەستەخیز نە ڕێی هەڵات، نە ڕێی گوریز، هەیهاتە ڕۆژی مەحشەرە
لە حەشری پڕ نار و حەزین، هەر تۆی شفيع المذنبين من نامەوێ خولدی بەرین، تا خۆت نەڵێی موزنیب وەرە
تا خۆت نەڵێی موزنیب بیا، گوناهبارم زۆر ڕووسیا تۆ بۆم بکە تکا و ڕجا، دەستم بە دامانت وەرە
دەستم بە دامانت بیا بۆ جەمعی عالەم پێشەوا میننەت لە ئیحسانی خودا، نێوی تۆی نا پێغەمبەرە
نێوی تۆی نا هادی و ڕەسووڵ، شیفاعەتی تۆی کرد قەبووڵ گەر شاد بکەی قەلبی مەلوول، لە دوو جیهان ئەفزەلترە
ئەحمەدی کۆری خۆش کەلام، تەعریفی شای خير الأنام گەر بێ بە لەفزی تۆ تەمام، هەر حەرفی سەد سوجدەبەرە
کێ بە حەققەت یار بناسێ مەردی دانا هەر ئەوە دانەیی دەستی غەواس و شەوچرای گەوهەر ئەوە
شەو چراغی گەنج و ماڵم، قووەتە بۆ پەڕڕ و باڵم زیاد لە عیشقی ئەو بێ حاڵم، دڵڕوبا و دڵبەر ئەوە
دڵڕووبایی جینن و ناسان، دەستگیری عام و خاسان پادشاهی حەق شناسان، کوورەیی مەجمەر ئەوە
مەجمەری پڕ جۆش و نارە، پڕ تەم و دوود و شەرارە چی بە حوببت ئینتیزارە، خاسی ڕووی دەفتەر ئەوە
دەفتەری عەقڵ و کەماڵە، ساحێبی حوسن و جەماڵە بۆ سلووک ئەو ئەهلی حاڵە، خاسی ڕێی ڕەهبەر ئەوە
هادی و مەهدی لە هەر باب، شاهی هیند و ڕووم و ئەعراب شەونشینی کونجی میحراب، واعیزی مینبەر ئەوە
فەرق ناکا خۆی لە خاکی، ئەو لەلای نین بیم و باکی بێ گومان ئەولادی پاکی، فاتیحی خەیبەر ئەوە
جەددی وی فاتیحی خەیبەر، هەم ڕەسووڵی پاکی ئەنوەر خۆشەویستی خاسی حەیدەر، ئالی پێغەمبەر ئەوە
حاکمی تەختی شەریعەت، سالیکی ڕێگەی تەریقەت عالمی عیلمی حەقیقەت، یاری لەب شەککەر ئەوە
شەککەرین لێو و زبانی، عەیشی ڕۆح و نۆشی جانی قەددی شمشادی جیهانی، ڕەندی قەد عەرعەر ئەوە
ڕەندی عالەم ئیحتیاجە، ڕووی وەکوو شەمع و سیراجە داڕوویی دەرد و عیلاجە، ساقییی کەوسەر ئەوە
ساحێبی حەوزی تەهوورە، ڕووی وەکوو بەدری زهوورە ڕۆژ و شەو دڵ دەر حزوورە، شافیعی مەحشەر ئەوە
ساحێبی ئەرکان و دەوڵەت، مایەیی ئیقباڵ و حیشمەت نەو نیهالی باغی جەننەت، نافیع و ئەخزەر ئەوە
گەر قەدەم دانێ لە بەرزە، سایەیی نینە لە ئەرزە ڕۆح فیدای بێ عەینی فەرزە، گەنجی ئەسکەندەر ئەوە
هەر چی گەنج و مڵک و ماڵە، سەربەسەر پووچ و بەتاڵە غەیری حوببی ئەو مەحاڵە، گەنجی پڕ گەوهەر ئەوە
هەر دڵێک بێ حوببی تۆ بێ، مار و عەقڕەب لێی وەکۆ بێ پڕ برین داییم بە سۆ بێ، خانەیی ئەژدەر ئەوە
«ئەحمەدی کۆر» تۆ چووزانی، تۆ زەعیف و پووچ و فانی دەم دەدەی لە مەدحی جانی، باقی و ئەکبەر ئەوە
ئەی سەییادی باکەماڵە، هێندە دڵ نەخجیر مەکە کوشتنی عاشق حەڵاڵە، لەو ڕەقیبە بیر مەکە
چی ڕەقیبە ڕەدد و ئینکار، نین لە دەردی دڵ خەبەردار هەر دەڵێ عوششاقی بێ کار، بیکووژە تەقسیر مەکە
تۆ لە قەتڵیت خێر دەگاتێ، مەیدەیە ئاوی حەیاتێ ئەرزێکی نەفعت نەداتێ، ماڵی لێ تەعمیر مەکە
لێی مەکە تەعمیر بەجارە، زەحمەت و ڕەنجت خەسارە یا مەدە تۆ کەس جغارە، یا لە خۆی دڵگیر مەکە
هەر کەسێک بێ بیروڕا بێ، شیبهی دار وشک و ڕەها بێ حەز دەکەم عەیشی نە چا بێ، کاری بێ تەدبیر مەکە
کار و ئەسبابی جیهانی، جوملە بێ نەفعی و فانی لەفزێکی مەعنی نەزانی، مەعنییی تەفسیر مەکە
وەک خەلیلی پاکدین بە، ساحێبی سیدق و یەقین بە لا أحب الآفلين بە، خۆفی از ئاگر مەکە
ئاگری نەمروود و شەیتان، بۆ خەلیلی بوو بە ڕەیحان گەر تۆ هەی ساحێبی ئیمان، قەلبی خۆت کافر مەکە
زەخمی پەیکان تیری مەستان، خەلعەتن بۆ دڵ دروستان تۆ میسالی تەن پەرستان، پارێز از شمشیر مەکە
زەربێکی شمشیر بارە، قاتڵی چەندین هەزارە نایچێژێ تیری لە ژارە، فکری شەکر و شیر مەکە
فکری شەکر و شیر شیرینە، ئایینەی قەلبت ببینە تۆ لە بوخل و بوغز و کینە، جان و دڵ ماهیر مەکە
ماهیری فیعلی بەتاڵە، دڵ بە دنیا ئیشتیغاڵە دەم لە عیلمی قیل و قاڵە، شیبهەتی شاعیر مەکە
شاعیریی و تەڕزبانی، خاسە وەسفی یاری جانی کیمیایی دڵ نەزانی، تەن وەکی ئیکسیر مەکە
ئەحمەدی کۆر بەهری جانان، بەس بکە داد و فوغانان تۆ ڕەئیسی حیلەزانان، هێندە دەم تەزویر مەکە
دڵبەرا تا کەی خەجڵ بێ دڵ لەبەر دەردی درێژە تۆ خودا ڕەحمەت لە دڵ بێ، بەس بە ناحەق خوێن برێژە
بەس بکە قەتڵی ئەسیران، تۆ بەوان پەیکان و تیران یا مەکووژە هێند فەقیران، یا کە کوشتت زووی بنێژە
هەرچی کوشتت زووی وەشێرە، خوو پڵنگ و سام شێرە حۆری و زیبا و دلێرە، ئاگری عالەم بڕێژە
ئاگری پڕ تین و تابە، زۆر بە ئێش و پڕ عەزابە دڵ بەوی برژا و کەبابە، سووت بە ئەو ناری لەمێژە
سووت بە ناری زۆر بەتینە، یار بە عیشقی شای مەدینە سا وەرە حاڵم ببینە، بەس بە من ژاری بچێژە
بەس بچێژە پێم زەقوومە، تالیعی من زشت و شوومە بەحری خوێنین دێ لە ڕوومە، دڵ بە مەودای تیغی تێژە
دڵ بە تیغت بوو شەڵاڵە، هەر کە دی حوسن و جەماڵە باک نییە هیچ قیل و قاڵە، بەو چەقی ڕۆژی درێژە
بۆچییە ئیسلام و دینە، چونکە بۆ کەس ڕەحمی نینە کاری ویم هەر قەتڵ و خوینە، عاشقان سەرمەست و گێژە
عاشقان مەستی مەجازە، نین لە عیشقی ڕاستە بازە تالیبی عومری درازە، ماڵ و دەوڵەت کەڕڕ و گێژە
ماڵ و دەوڵەت سەرف و سوودە، ئەندەروونی بێ وجوودە وەک شەرەر خاڵی لە دوودە، پڕ لە ئاگر، تین بڕێژە
وەک تەنووری پڕ لە قینە، هەر دەسووتێ چین بە چینە عاشقان پڕ لە برینە، خوێن لە ڕوح و جان بڕێژە
شیبهی خاشاک و غوبارم، چاوەڕێی پابۆسی یارم چیدی نین هاوار و کارم، غەیری ناڵە و قێژە قێژە
ئەحمەدی کۆری هەژارە، گەرچی پێت نین ئیختیارە دەردی دڵ پەنهان بدارە، ڕازی خۆت بۆ کەس مەبێژە