دیوانی ئەحمەد موختار جاف/ا

برسی بە شەو تەماعی قوبووڵی و پڵاو ئەکا بێ نانییە خەیاڵی بەشەر وا بڵاو ئەکا
گاهێ خەیاڵ و فکری لە خوودە و سدارەیە گاهێ ئومێدی مشکیی و تەپڵە و کڵاو ئەکا
بە خەتا چووبوو، خەتای کرد، بە خودا، موشکی خەتا هاتبوو لافی لەگەڵ پەرچەمی تۆدا لێدا
بە ئومێدی ئەوە ڕابوورێ بەسەرما ڕۆژێ کەوتووم من لە سەری ڕێگەکەیا دەست و دوعا
بەس بلاوێنە ڕەقیب، وا دڵەکەم لەت لەت بوو سا بکە لوتفێ لە حەق بەندەیی خۆت، تۆ بی خودا
غەم و دەرد و خەفەت و عاجزیی و دووریی تۆ زەحمەتە جێگە و گونجایشی بێتۆ لە دڵا
کەوتە سەر ڕوومەتی ئاڵت عەرەقی ناز ئێستا هەر ئەڵێی شەونمی پەخشانە بەسەر بەرگی گوڵا
زوهرە و موشتەری ئێستاکە لە خۆشیی چاوت وەکوو سەرخۆش لە سەما کەوتنە ناو ڕەقس و سەما
فوستانی ڕەشی نازکی چین چینی لەبەردا وەک هەوری سیا بێ بەسەری قورسی قەمەردا
قوربانی نیگاهی غەزەبت ڕۆح و دڵی من یەک لەحزە دووسەد تیر و ڕمت چۆن لە جگەر دا
مادام کە بە شمشێری برۆت لەت لەتە جەرگم لازم نییە ئەو خەنجەرە کردووتە بە بەردا
دوو دیدەیی مەخمووری نیگارم بە شەباهەت وەک ئاهو وەهایە کە لە خەو بێ لە سەحەردا
دەستێ کە بە داوێنی ئەتۆ، دەستێ بە دڵ بم چی بکەم کە نییە دەستێ بکەم خاکێ بەسەردا
قوربان وەکوو خاکی بەری پێت کەوتووە دایم ئەحمەد کە مەگەر دڵبەری خۆی بێ لە گوزەردا
گوڵ لە گوڵزارا نەما بولبول ئەبێ زاری بکا شێوەیی شادی لەسەر دەرکات و غەمباری بکا
نێرگسی شەهلا کە مەشهوورە بە مەخمووری ئەبێ دایمەن لەو چاوە کەسبی عیلمی بیماری بکا
فەسڵێ ئەو ناسک غەزالە ڕۆیی عوششاقی حەزین هەر ئەبێ سەیلی سروشکی خوێن لە چاو جاری بکا
تو خودا بادی سەبا بەو نازەنینە تۆ بڵێ بەس ڕەقیب تەلتیف بکات و دەردی دڵ کاری بکا
دڵبەرم لەم شارە ڕۆیی ئەحمەدی بێچارە وا بۆ سوپاهی غەم ئەبێ ڕەسمی سوپەهداری بکا
من ئەڕەنجێنێ نیگار و وا ڕەقیب دڵشاد ئەکا بێخ و بنچینەی حەیات و عومری من بەرباد ئەکا
بێستوون ئێستەش کە وەقتێ لالەیی لێ سەوز ئەبێ باسی خوێنی دیدە و داغی دڵی فەرهاد ئەکا
بولبولی دڵ، وا لە دەوری ڕوومەتی گوڵڕەنگی تۆ بێ قەرارە، شەو هەتا ڕۆژ ناڵە و فەریاد ئەکا
بێت و گەر ڕوخسار و باڵای ئەو نیگارە دەرکەوێ گوڵ خەجاڵەتبار ئەبێ و پەست و نیگون شمشاد ئەکا
قەت نەبوو ڕەحمێ بە حاڵی ئەم دڵەم کا کافرە شاهی من لە خوا نەترسە، زاڵمە و بێداد ئەکا
ئەحمەدی بێچارە بۆ دەرد و موسیبەت مایەوە دڵبەری بێ ڕەحمی ئەو، سەیر و سەفای بەغداد ئەکا
یار بە ماچی لێوی خۆی زامی دڵان ساڕێژ ئەکا توند تەماشاکردنێکی شەخسی عاقڵ گێژ ئەکا
ئەی خودا تا کەی لە دەرهەق من وەفا و مەیلی نییە بۆچ گڵۆڵەی بەختی من هەر ڕوو لە جێگەی لێژ ئەکا
ماڵەکەم وێران ئەکا، ڕۆژم ڕەش و تاریک ئەبێ یار بە سورمەی ناز کە وەختێ چاوی خۆی کلڕێژ ئەکا
وشکەسۆفی هاتبوو ئەیوت بەهەشت هەر بۆ منە ڕیشی خۆی جووڵان وەکوو سابرێن کە شەو کاوێژ ئەکا
کەی خوا توججارە، خوا گەورە و غەفوور و عادڵە چۆن لەگەڵ عەبدا حیسابی قەرزی ڕۆژوو و نوێژ ئەکا
قافییە هەر چەندە تیکرارە بەڵام ئەحمەد بەدڵ هەر بەیادی تاقی ئەبرۆی تۆیە جارجار نوێژ ئەکا
دڵ وەکوو بولبول لە هیجری نەوگوڵێ ئەفغان ئەکا ناری جەرگ و سۆزی سینەم عالەمێ بوریان ئەکا
وادیارە لەم وڵاتی کۆهسارە عاجزە مەیلی خاکی گەرمەسێر و هەم قەڵای شێروان ئەکا
ئەم وڵاتە بێ سەفایە، ساردە بۆ عوششاقی ڕووت ئیشتیاقی بەر هەتاوی ڕوومەتی خووبان ئەکا
بارش و بارانی هەوری چاوەکانم جارییە زەڵمە یا خۆ تانجەڕۆیە تێکەڵی سیروان ئەکا
هەر کەسێ ئەمڕۆ لە ڕێگای ئەو نیگارە ڕێی ببێ بۆ سبەینێ گەپ بە موڵک و تەختی شا و سوڵتان ئەکا
ئافەرین بۆ لەشکەری موژگان و زولفەینی سیات وا بە یەکدەم موڵکی جان و دڵ هەموو وێران ئەکا
بەرقی ئاهـ و سەیلی دیدەی من لە هیجری دڵبەرم هەر ئەڵێی هەوری بەهارە ناڵە و تۆفان ئەکا
مەحمەلی لەیلا دەخیلم تۆ بە توندی وا مەڕۆ عاشقی مەجنوون سیفەت لەم دەشتەدا گریان ئەکا
وا بە یادی تیغی ئەبرۆی دڵبەری بێ ڕەحمی خۆی ئەحمەدی عاشق خەریکە ڕۆحی خۆی قوربان ئەکا
عادەتی ئەم چەرخە وایە، ئەهلی دڵ غەمگین ئەکا شا هەمیشە ماتە، پیادە مەیلی جێی فەرزین ئەکا
ئەبلە وا دایم لە عەیش و شادمانی و عیززەتا ئەهلی عیرفان و کەماڵ ئێستاکە زاری و شین ئەکا
دوژمنە چەرخی فەلەک، بۆ پیاوی ساحیب عەقڵ و هۆش ڕووی کەرەم دایم لە هەرزە و شێت و بێ تەمکین ئەکا
سەیری کەن عاشق کە چەن شێتە ئومێدی مەرحەمەت لەو نیگارەی، دڵفەریبەی، زاڵمەی بێ دین ئەکا
بێستوون وەختێ کە لالەی ئەحمەری لێ سەوز ئەبێ مەشقی لێوی شەککەرینی ناسکی شیرین ئەکا
عاشقی مەجنوون بە یادی دڵبەری لەیلا سیفەت خوێنی دوو چاوی بەخوڕ دێ دامەنی ڕەنگین ئەکا
قەت لە زیکری خێری تۆ غافڵ نییە ئەحمەد بە شەو هەر بە ئوممێدی ویسالت سەر لەسەر باڵین ئەکا
خوێنی دوو چاوم بە نەوعێ دامەنم ڕەنگین ئەکا هەر کەس ئەمبینێ بە حاڵی ناتەوانم شین ئەکا
شێخی ئیڕشاد و مورید و سالیک و سۆفی و فەقێ ئەو بەیەک نواڕین بەجارێ کافر و بێ دین ئەکا
هیچ خەنە پێویست نییە بۆ دەست و پەنجەی دڵبەرم وا بە خوێنی من خەریکە دەست و پێی نەخشین ئەکا
قەت لە لێوی شەککەر ئەفشانی قسەی خۆشم نەبیست دایمەن بێ دینە مەشغووڵە دڵم غەمگین ئەکا
وا لە هیجری قامەتی سەروی نیگاری نازەنین ئەم دڵەم قومری سیفەت هەر گریە و ناڵین ئەکا
گەر بڵێی ئەحمەد لە یاری بووسەیێ داوا بکا ڕوو ئەچەرخێنێ لە تۆ و گوێی لەو قسە سەنگین ئەکا
وەرە بگرە بە یادی چاوی دڵبەر پیاڵەیی سەهبا پەشێو بە هەر وەکوو مەجنوون لە هیجری قامەتی لەیلا
کە دەرخا دڵبەرم ئەو گەردنی سافیی بلوورینی لە پەنجەم موو دەزێ، گەر دەس درێژ کەم بۆ ملی مینا
غوڵامی و بەندەیی ئەو شۆخە گەر دەستم کەوێت حەیفە تەنەززول کەم کە بچمە مەسلەکی ئەسکەندەر و دارا
گریبانی نواند و پێکەنی و فەرمووی تەماشا کە کە ئەمڕۆ موعجیزەی من چاکترە یاخۆ یەدی بەیزا؟