مەیلی سەیری بەدر ئەکا دڵ، لادە زوڵفی وەک حیجاب
|
دەرخە بەدری ڕوومەتی خۆت شۆخەکەی عالی جەناب
|
سینە کونکون بووم وەکوو نەی من لەبەر هیجرانی تۆ
|
سەر وەکوو سەمتوورە، دڵ هەر ناڵەیێتی وەک ڕوباب
|
تۆ دەرتخست شەمعی ڕووی خۆت کۆمەڵی عاشق هەموو
|
لازمە هەر وەک پەپوولە ببنە قاورمە و کەباب
|
لوتفی یار هەر بۆ ڕەقیبە من ڕەزام ئەو دڵبەرە
|
جاربەجار حەتتا بە جوێنێ بێت و بمداتۆ جەواب
|
لادە چارشێوت هەتا من دیدە ڕۆشن کەم بە ڕووت
|
بەسیەتی قوربانی تۆ بم بەس بکە ناز و عیتاب
|
ئەحمەدە تەنها غوڵامی موخلیسی تۆ چاوەکەم
|
حەیفە مەیڕەنجێنە مەیدە بێ سەبەب جانی عەزاب
|