دیوانی ئەحمەد موختار جاف/د

ڕەقیبی سەگ هەتا چاوم کلا کرد منی دووچاری سەد دەرد و بەڵا کرد
نیگار وەک ئاسکی وەحشی وەهابوو دەم ودەس چۆن لەگەڵ خۆی ئاشنا کرد
کە دیمی ڕووی لە من چەرخان و ڕۆیی بەهانەی ڕۆینی، شەرم و حەیا کرد
شوکور ئەو شۆخە دەردی عاشقی زار بە ماچی لێوی شیرینی دەوا کرد
کە تۆ ڕۆییت دڵی بێچارەیی من ویداعی خۆی لەگەڵ عەیش و سەفا کرد
نە تەنها ئەحمەدی بێچارە ڕووتە قوماری عیشقی تۆ زۆری گەدا کرد
کە دڵبەر خۆی نواند خورشیدی خاوەر زوو فیراری کرد خەجاڵەت ما و بە زەردی عەزمی پشتی کۆهساری کرد
بە سۆزی سینە ناڵانی لە فەسڵی پایزا بولبول کە ڕۆیە ناو گوڵستان و خەیاڵی نەوبەهاری کرد
خوا ڕۆژی ئەزەل ئەو بەژن و باڵایەی کە تەسویر کرد لە شەوقی ئەو بوو، خەڵقی عەرعەر و سەرو و چناری کرد
وتی میسکی خەتا، بۆ من خەتایە لافی بۆنخۆشی کە هات و بۆنی عەتری پەرچەمی شێواوی یاری کرد
ڕەقیب وەختێ کە دی یار میهرەبانە دەرحەقی عاشق تەقی کرد وەک سەگ و تۆپی، لە داخا ئینتیحاری کرد
لە حەسرەت لێوی لەیلا بوو کە مەجنوون شێت و ڕیسوا بوو بەجارێ کەوتە کێو و دەشت و سەحرا، تەرکی شاری کرد
کە بیستی موژدەیی تەشریفی تۆ، عاشق لە خۆشیدا حەیاتی مابوو تەنها و ئەویشی زوو نیساری کرد
بژی ئەو شاهی حوسنە وا لە ڕووی لوتف و کەرەمکاری کە وا یادێکی حاڵی ئەحمەدی ڕووت و هەژاری کرد
یەخەی خۆی دادڕی گوڵ یار کە مەیلی گوڵستانی کرد لە داخی قامەتت سەرویش لە باڵای خۆی کەمانی کرد
لە تارمەی ڕوو بە مەغریب خۆی نیشاندا ئەو کڵاولارە وتم یاران کە حەشرە ڕۆژ لە مەغریب وا عەیانی کرد
ڕەقیب شەرتە لە داخت تەرکی کەم من بەندەییی یارم دڕک سا مژدە بێ بولبول کە تەرکی ئاشیانی کرد
شەشی ئەیلوول ئەزانن ئێوە ئەی قەومی وەفاکردار ئەوە ڕۆژێ بوو دوژمن قەتڵوعامی کوردەکانی کرد
بوتی پەیمانشکێن ئەی کافری بێ ڕەحم و بێ مروەت لە داخت ئەحمەدی بێچارە وا تەرکی ژیانی کرد