دیوانی ئەحمەد موختار جاف/ت
1
editهیجری تۆ چەند سەعبە دڵبەر ماڵەکەم وێرانە بۆت | ڕۆژ و شەو غەمباری ڕووتم دیدەکەم گریانە بۆت |
ئەشکی چاوم بادەیە ناڵەی دڵم عەینی نەیە | خاک بەسەر بێکەس لە حەسرەت جەرگەکەم بوریانە بۆت |
ئەی نیگاری نازەنین لەو ڕۆژەوە دووری لە من | سەیلی دیدەم وا بەخوڕ دێ هەروەکوو سیروانە بۆت |
ئەو بەڵای بۆ قامەتی تۆ دێ لە عوششاقت کەوێ | سەدهەزاران عاشقت جانا بەڵاگەردانە بۆت |
ئەی دڵە بەسیە لە غەم بۆ چی ئەناڵی ڕۆژ و شەو | شەهدی لێوی دڵبەرت بۆ دەردی تۆ دەرمانە بۆت |
2
editنییە ڕەحمت لە دەرحەق عاشقی شەیدایی مسکینت | بڵێ پێم تۆ خودا کافر چییە تۆ مەزهەب و دینت |
بە خاکا پێ بنێ، مەینێ بە دیدەی ئەشکبارمدا | مەبادا دڕکی برژانگم بچێتە پێی حەنایینت |
مەیێڵە ڕۆژی عاشق ڕەش ببێ ئەی یاری بێ مروەت | لەسەر سوبحی جەبینت لادە جانا زوڵفی چینچینت |
هەمیشە لالەزارە دەوری قەبرستانی عوششاقت | ئەکەن تەمسیلی لێوی لەعل و کوڵمی ئاڵ و ڕەنگینت |
کە ناوت دێنمە سەر لێوەکانم ئێستە ئەی جانا | دەم و لێوم ئەچەسپێن پێکەوە بۆ لێوی شیرینت |
بە خەندەی نازەوە فەرمووی ئیتر بۆت فەخرە تۆ مردن | کە ئەمڕۆ من بە ناز و لەنجەوە هاتوومە باڵینت |
لە سایەی ماچی لێوی ئەو شکا بازاڕی تۆ قەنناد | بە پوولێ ناکڕێ کەس ئێستە باری شەهد و هەنگوینت |
3
editدڵم پڕخوێنە، جەرگم لەتلەتە بۆ لێوی گوڵنارت | نەخۆش و دەردەدارم من لە حەسرەت چاوی بیمارت |
سەلیبی پەرچەمی تۆم دەسکەوێ چیمە لە ئیسلامی | کڵێسا جێگەمە جانا لە عیشقی زوڵفی زوننارت |
وتی عاشق ئەبێ بەم کوشتنەت مەسروور ببی چونکە | لەناو عوششاقدا تەنها ئەتۆی قوربانی دڵدارت |
شکا بازاری شەهد و شەککەر و شیرینییی قەنناد | لە ڕۆژێکۆ کە بیستوویانە خەڵقی نوتق و گوفتارت |
ئەبێ کاغەز لە بەرگی گوڵ، قەڵەم جانا لە عەنبەر بێ | کە من مەیلم هەیە ئێستا بنووسم وەسفی ڕوخسارت |
کە تۆ سەروی منی، بێچارە قومریی دڵ حەزینی تۆم | هەمیشە بولبول ئاسا وام لە دەوری باغ و گوڵزارت |
نیگار ئەمڕۆ لەناو جەمعی ڕەقیبا پێی وتم ئەحمەد | مەحاڵە تۆ ئیتر دەستت کەوێ یاری دڵئازارت |
4
editدوو چاوم خوێن ئەبارێنێ لە عیشقی ڕوومەتی ئاڵت | گرفتارە لەناو زوڵفت دڵم بۆ دانەیی خاڵت |
خوا کەی بێت کە من پەشتانی باڵا و قامەتی تۆ بم | چ وەختێ پڕ بە چنگ بگرم دوو لیمۆی نەوڕەسی کاڵت |
نەخۆشی خۆشترە لای من لە ساغی و سیححەت ئەی جانا | ئەگەر یەک هەفتە جارێ بێی بپرسی چۆنە ئەحواڵت |
بە شاهیی عالەمی ناگۆڕمەوە ئەمڕۆ لە دنیادا | جنێو و توندی و قەهر و قسەی نالایق و تاڵت |
نیگارا لێم ئەپرسی بۆ چی وا دێوانەیە ئەحمەد | لە عیشقی چاوی تۆیە چاوەکەم وا بووم بە عەوداڵت |
5
editزاهید وەرە ناو بەزمی حەریفانی خەرابات | لادە لە ڕیا و سەرزەنشی قۆڕ و خەرافات |
یەک جورعە بنۆشە لە مەیی بێ غەش و گوڵڕەنگ | ئەسڵەن مەکە تۆ بەو پڕوپووچانە موبالات |
بیستوومە وە یا دیومە لە گوفتاری ئەدیبان | بۆ خواردنی یەک قەترە دووسەد جۆرە موکافات |
حوکمی ئەزەلی چونکە نییە قابیلی تەغییر | بۆ چی من ئەترسم لە جەزا و ڕۆژی حیسابات |
مایل نە بە حوور و نە بە غیلمانی بەهەشتم | گەر بێت و بکەم من لەگەڵ ئەو شۆخە مولاقات |
ئەحمەد دڵی بێزارە لە ئەتواری ڕیاکار | ساقی قەدەحی تێکە بە ئاهەنگ و مەقامات |
6
editبێ تاقەت و مەحزوونە ئەم دڵمە لەبۆ دینت | ڕەحمێ بکە سا قوربان دەرخە ڕوخی ڕەنگینت |
شەهد و شەکەر ئەی قوربان بازاڕی شکا یەکجار | لەو وەقتەوە وا دەرکەوت لەعلی لەبی شیرینت |
گریەی منی بێچارە شام و سەحەر ئەی دڵبەر | ئەسڵەن نییە تەئسیری لای ئەو دڵی سەنگینت |
نەسرین و گوڵ و لالە مەحجووب ئەبن و والە | گەر لابدەی ئەو بورقەع، دەرخەی تەنی سیمینت |
حوور و پەری و غیلمان بێ قەدرە لەلای ئەحمەد | لەو وەقتەوە وا دیویە ڕوخساری نیگارینت |
7
editهەوری بەهاری بەسیە ئیتر ناڵەناڵەکەت | گوڵ عاجزە لە گرمە و ناوچاوە تاڵەکەت |
پێموت بڕێژە خوێنی دڵی عاشقت بە زار | دیسان بکە حەنایی سەری پەنجە ئاڵەکەت |
حاڵی پەشێوە دڵ بە خەیاڵی دوو زوڵفی تۆ | هەروەک وەنەوشە ملکەچە بۆ تاقە خاڵەکەت |
سەیری ڕەقیب کە وەک سەگە بۆ مانگەشەو بە شەو | هەر لوورەلوورییە لە فیراقی جەماڵەکەت |
کونکون ببێ دڵی ئەحمەد ئەگەر دەمێ | فاریغ ببێ لە یادی خاڵ و خەیاڵەکەت |
8
editیار ماچی لێوی خۆی کە بکا ئێستە بۆم بەرات | لام خۆشترە لە شەهد و لە سەد چەشمەیی حەیات |
یاڕەب لەتوکوت و شەقوپەق بێ دڵم ئەگەر | بێ یادی تۆ بێ یەک دەم و یەک ئان و یەک سەعات |
جارێ بە تیری غەمزە دڵم کون ئەکا دەمێ | زەردەخەنە و نیگاهی لەنوێ پێم ئەدا حەیات |
فەرمووی برالە تۆ سەری خوت لاچۆ زوو بڕۆ | پێم وت کەرەمکە ماچی دەمت ئێستە بۆ برات |
جوێندان و تووڕەبوون و قسەی توند و تاڵی تۆ | لام چاترە لە نوقڵ و لە جامێکی پڕنەبات |
قوربان غوڵامی قاپیەکەت ئەحمەدە بە دڵ | سا بیکوژە لە دەرد و ئەلەم بیدە زوو نەجات |