دیوانی ئەحمەد موختار جاف/م
1
editنیگارا سا بە لوتفی خۆت شەوێ تۆ بێرە باڵینم | لە غەمدا وا لە جیسمم وەختە دەرچێ گیانی شیرینم |
بە یادی ڕوومەت و خاڵت هەموو شەو تا بە سبحەینێ | منم مەشغووڵی تەعدادی گرۆهی ماهـ و پەروینم |
هەموو عالەم لە بەرچاوم وەکوو دەیجوورە ئەی جانا | ئەگەر بێت و خوا نەیکا ئەمن یەک لەحزە نەتبینم |
زەلیل و دڵحەزین و بێکەس و مەهجوور و داماوم | لە هیجری قامەتی سەروت هەمیشە مات و غەمگینم |
وتم: قوربانی تۆ بم ئەحمەدی بێچارە فەرهادە | وتی: عاشق بە ڕەعنایی منیش زیاتر لە شیرینم |
2
editمەکەن مەنعم کە وەک مەجنوون خەریکی هاتوچۆی کێوم | پەشێوی لەیلی کوردم تاکوو ڕۆحم دێتە سەر لێوم |
وەتەن فەرمووی بە خەندەی نازەوە هەر وەک پەری وامە | ئەما حەیفێ کە چەند ساڵە ئەسیری پەنجەیی دێوم |
هەمیسان پێی وتم ئەوسا مەکانی شەخسی عاقڵ بووم | فەقەت چی بکەم ئەمە چەند موددەتە بێ ساحیب و خێوم |
دەخیلتان بم وەکوو عارەب، توخوا مەمگۆڕنەوە هەرگیز | بە ڕوپیە و پارە هەر چەند ئێستەکە مشتێ چڵوچێوم |
بەجارێ ئەمڕۆ جاهیل غاڵبە، عاقڵ بووە مەغڵووب | ڕەفیقان سا نیشانم دەن قوڕێ تا بێم و بیپێوم |
لە داخی دەهری دوون شەرتە بەسەرما گەر بڕووخێ چەرخ | گەلێ نامەردم ئەر شانم لەبەر ئەو بارە ببزێوم |
لە عەرسەی شیعردا، ئەحمەد عەجایب شەهسوارێکە | لە مەیدانا بزانە ئەسپی خۆم چۆنی دەئاخێوم |
3
editلە سایەی ماچی لێوت مەیلی عەنناب و شەکەر ناکەم | کە ڕووی تۆ دەرکەوێ قەت ڕوو لە ڕووی شەمس و قەمەر ناکەم |
ئەگەر بێت و گەدایی کۆیی دڵدارم بە قیسمەت بێ | بە دڵ بادی شەهنشاهی و سوپاهـ و کەڕڕوفەڕ ناکەم |
خوا بیکا ئەگەر ڕۆژێ قەدەم بێنێتە سەر چاوم | تەنەززول بۆ جەواهیرسورمە و کوحلولبەسەر ناکەم |
بە تیغی ئەبرووانی خۆی ئیشارەی کرد کە بۆ قەتڵم | لەبەر ئەو موژدە ئەسڵەن مەیلی قەڵغان و سوپەر ناکەم |
قەلەندەر مەشرەبی و دێوانەیی خۆشە لە دنیادا | بە فەقری خۆم ڕەزام ئەسڵەن خەیاڵی زیو و زەڕ ناکەم |
نزیکیی پیاوی ئەحمەق باعیسی فەوتانی ئینسانە | هەتا عومرم ببێ قەت من ڕەفیقیی پیاوی کەر ناکەم |
کە من مائیل بە خێرم خیلقەتەن ئەحمەد بەخۆڕایی | وەکوو ئینسانی جاهیل مەیلی فیتنە و شۆڕ و شەڕ ناکەم |
4
editلە شێخ و واعیز و سۆفی لەمەولا من کەنار ئەگرم | پیاڵەی مەی بە یادی دیدەیی مەستی نیگار ئەگرم |
لە شەوقی بەژن و باڵای تۆیە ئەی شۆخی پەری پەیکەر | لە باغا جێ لە سایەی عەرعەر و سەرو و چنار ئەگرم |
خەیاڵی مەمکەکانی گرد و نەرمت دێتە بیری من | کە وەختێ پڕبەچنگ لیمۆ و بەی و سێو و هەنار ئەگرم |
خوڕەی فرمێسک و نەعرە و فوغانی خۆم لەبەر چاوە | کە شەو من گوێ لە دەنگی نەعرەیی هەوری بەهار ئەگرم |
وتم چاکت ئەسیری حەڵقەیی ئەو پەرچەمە کردم | وتی شێتی بە تای ئەم زوڵفە من شێری شکار ئەگرم |
بە قوللاپی موژە و حەڵقەی کەمەندی زوڵفی چینچینم | ئەگەر بێ ئارەزووم بێ ڕۆستەم و ئەسفەندیار ئەگرم |
ئیشارەی کرد برۆی یەعنی کە بۆ قەتڵی دڵی عاشق | لە پشتی چاوی یارۆ جێگەیی سەد زولفەقار ئەگرم |
5
editبە عەزمی زیارەتی کوڵمت لە ڕێگەی دوورەوە هاتم | وەرە قوربان بکە ڕەحمێ فیدای ئەو قەدد و باڵاتم |
هەمیشە حازرم بۆ قۆچی قوربانی نیگاری من | وەها قەت تێمەگە بەندە کە زۆر شەخسێکی بێزاتم |
هەموو عالەم بە کەسبوکارێ مەشغووڵن ئەما بەندە | هەمیشە عاشقی ڕووتم شەهیدی چاوی شەهلاتم |
دەمت غونچە، قەدت سەروە، لەبت لەعلی بەدەخشانە | عەجەب شۆخێکی غەدداری فیدای ئەو زوڵفی تاتاتم |
بە ئوممێدی ویسالی تۆ لە ڕێگەی پڕخەتەر ئەحمەد | پەناهندەت بووە جانا، بکە ڕەحمێ بە حاڵاتم |
6
editبە یادی چاوەکانت دایمەن من مەست و حەیرانم | لە عیشقی قامەتت قوربان وەکوو زوڵفت پەرێشانم |
ئەوەندە من لە هیجری وەسڵی تۆ زاری ئەکەم جانا | وەکوو داوێنی ئەڵوەن دایمەن من سوورەدامانم |
لەبۆ جاڕووبی ڕێگەت حازرم دایم گوڵی ڕەعنا | بە گۆزەی پڕ لە ئاوی دیدە و دوو گەسکی موژگانم |
سەلیبی زوڵفی تۆم خستۆتە گەردن بووم بە نەسرانی | ئیتر قوربان بکە ڕەحمێ نە دینم ما نە ئیمانم |
ئەوەند ئەحمەد کە مەدحی ڕوویی تۆی کرد شێت و ڕیسوا بوو | بە خەللاقی زەمین لەم شیعرە چاتر بەندە نازانم |
7
editخەیاڵم وایە خەڵقە من کە تەرکی عیشقی دڵبەر کەم | ئیتر میهری پەری ڕوویان بە یەکجاری لە دڵ دەرکەم |
ئەگەر دڵ بێت و مەیلی گوڵڕوخان و نازەنینان کا | لە سینەی لابەرم، لەتلەت بە نووکی تیژی خەنجەر کەم |
لە داخی سیلسیلەی توڕڕەی نیگاری نازەنینی خۆم | ئەبێ تەرکی وەنەوشە و سونبول و هەم عەتر و عەنبەر کەم |
ئەڵێن دڵبەر لەگەڵ مندا دڵی ساردە، ڕەقیب شادە | ئەبێ خاک و گڵی عالەم ئیتر من هەر لەسەر سەر کەم |
کە باڵای دولبەری دی سەروی بوستانی وتی شەرتە | ئیتر خۆم دەرنەخەم، تەرکی لیباس و بەرگی ئەخزەر کەم |
هەتا کەی هەر لە دووریی تۆ ئەمن بێم و بچم جانا | بە بێ سوود بۆچ نیگەهبانی گوڵ و گوڵزاری بێ بەر کەم |
ئەگەر شەو سەر لەسەر خشتێ بکەم باکم نییە چونکە | بە ئاوی دیدە ئوممێدم وەهایە با لەشم تەڕ کەم |
وتی عاشق دەست بۆ چی لە زوڵفم بەرئەدەی ئەمشەو | وتم تاکەی ڕەفیقی عەقرەبی جەڕڕاڕ و ئەژدەر کەم |
ئەگەر بێ ماچی لێوی دولبەرت تۆ دەسکەوێ ئەحمەد | حەرام بێ گەر ئیتر یادی بەهەشت و حەوزی کەوسەر کەم |
8
editتا حەیاتم بێ، لە دڵما شەرتە میهرت دەرنەکەم | ڕۆژپەرەستم تا بمێنم سوجدە بۆ ئەختەر نەکەم |
پێی وتم دوێنێ ڕەقیبم سەیری دڵبەر بۆ ئەکەی | شەمشەمەکوێرەم کە ڕوو بۆ شەمسەکەی خاوەر نەکەم |
بێت و گەر دەستم کەوێ ماچی دەمی تۆ چاوەکەم | ڕووڕەشم گەر تەرکی ئاوی زەمزەم و کەوسەر نەکەم |
لەو زەمانەی دیومە من، موژگان و ئەبرۆی دڵبەرم | ڕەببی لاڵ بێ، گەر تەوافی خەنجەر و نەشتەر نەکەم |
عەرزی یارم کرد کە بۆچ پەرچەم لەسەر ڕوخسارتە | پێی وتم: بەزمە لەبەرچی عوود لەسەر مەجمەر نەکەم |
ڕەسمی عاشق واز لە ڕۆح هێنانە بۆ دڵداری خۆی | ڕووڕەشم من گەر لە ڕێتا تەرکی ڕۆح و سەر نەکەم |
بێت و بۆم دەست دا تەماشای پەرچەم و ڕوخساری تۆ | شێتم ئەر تەرکی وەنەوشە و لالەیی ئەحمەر نەکەم |
یار بە ئیستیهزاوە فەرمووی ماوی بەم دەردانەوە | لافی عیشقی تۆ درۆیە، من ئەبێ باوەڕ نەکەم |
9
editگەر لە مەحبووسی خەڵاس بم دوشمنانم پەت ئەکەم | سووری سەر ئەبڵەق لە فەرجی دایکیانا ڕەق ئەکەم |
بۆ ئەمەی تەرکی خراپی و موفسیدی و بەدزاتی کەن | ڕەنگ و ڕوویان گشت بە ڕەنگی خاسەڕەنگ خەتخەت ئەکەم |
ڕوو بە شار و موڵکی ئامەد مي أشاء دائەنێم | عاقڵانە تەرکی ڕێگای ناحەز و نەگبەت ئەکەم |
دۆستانی خۆم بە پارە و ماڵی دنیا شاد ئەکەم | حاسید و موفسید هەموو نابووت و بێ سەروەت ئەکەم |
خەڵقە ئەمڕۆ چونکە حەپسم ڕێگەیی دەستم نییە | ناتوانم هیچ بکەم مەجبوورم هەر غەیبەت ئەکەم |
10
editمن سیاڕۆژی دوو زوڵفی هەر وەکوو زونناری تۆم | قوڕبەسەر دڵ پڕ لە خوێنی لێوی وەک گوڵناری تۆم |
گەر وجوودم خەستەیە یا زەردە ڕەنگم چاوەکەم | من گرفتاری فسوونی چاوەکەی بیماری تۆم |
گەر بە قەهرۆ تۆ دەرم کەی سەد کەڕەت لەم قاپییە | دەست لە تۆ هەڵناگرم هەر عەبد و خزمەتکاری تۆم |
نایەڵێ لەو گەنجی حوسنی دڵبەرە بەهرەم ببێ | دایمەن مەشغووڵی دەفعی زوڵفی وەک ڕەشماری تۆم |
من بە ئوممێدی ویسالی تۆ لە ڕێگەی دوورەوە | هاتووم لوتفت ببێ، قوربان غەریبی شاری تۆم |
11
editمن کە کوردم حەز بە بەرزیی خاکی کوردستان ئەکەم | ئارەزووی دەوری تەرەققیی حاکمی بابان ئەکەم |
ناوەجاخە ئەوکەسەی خزمەت بکا بۆ غەیری خۆی | تا بە مردن شەرتە من هەر بەندەیی خۆمان ئەکەم |
میللەتی من هەر وەکوو شێری ژیانن بۆ نەبەرد | ئێستەکە من چۆن ئیتاعەی ----- ئەکەم |
گەر لە غەیری میللەتی خۆم بێ و ئومێدی چاکە کەم | شێت و بێ عەقڵم لە شەیتان ئیددیعای ئیمان ئەکەم |
گەر لە موژگان و برۆی دڵبەر تەمای لوتفم ببێ | من لە نووکی شێر و خەنجەر ئارەزووی دەرمان ئەکەم |
لابە توخوا نامەوێ دیجلە و فورات و نیلی تۆ | من بە فرمێسک ئێستەکە تەشکیلی سەد سیروان ئەکەم |
جەژنی قوربان ساڵێ جارێ خەڵکی قوربانی ئەکەن | بۆ وەتەن من ڕۆژێ سەد جار ڕۆحی خۆم قوربان ئەکەم |
شێتی چاوی لەیلی کوردم، بۆیە وا مەجنوون سیفەت | خۆم بە دایم ڕووت و قووت و سەرسەری و عوریان ئەکەم |
سەیری کەن بەم مشتە قەومی کوردەوە مانەندی شێر | گاهێ حەملە ڕووبەڕووی ئێران، گەهێ تورکان ئەکەم |
داخی کوردی فەخرە ئێستە بۆ دڵی من کافییە | بۆچ مەگەر شێتم خەیاڵی ڕوتبە و فەرمان ئەکەم |
کوردم و بۆ کوردی ئەحمەد سەعی ئەکەم تا بەم زووە | ئیتتیحادی کوردی خۆمان و سنە و بۆکان ئەکەم |
12
editوەختی ڕەحمە دڵبەرا میوانی دەوڵەتخانەتم | تۆ ئەگەر لەیلای منیش مەجنوونەکەی دێوانەتم |
حەیفە سا توخوا بەسە جەور و جەفاکەت تا بە کەی | من لە دەوری شەمعی ڕوخسارت وەکوو پەروانەتم |
باعیسی ژین و حەیاتم یاری دڵڕەنجێنی خۆم | دەک بەڵاگەردانی باڵات و زڕەی پاوانەتم |
گەر لە موڵکی حوسندا، سوڵتانی ئەی یاری عەزیز | خۆ منی بێچارە جانا خادمی دەرگانەتم |
قەیسی عامیر جێگەیی وادیی دووجەیل بوو چاوەکەم | خۆ منیش ئێستاکە وێڵی دەشتەکەی شیروانەتم |
یار بە خەندەی نازەوە ڕووی کردە من فەرمووی بەسە | بۆ چی تۆ نازانی ئەحمەد دوژمنی بێگانەتم |
13
editدەمت بێنە بە قوربانی وەفاتم | قبووڵمە من لەجێی مووچە و بەراتم |
لە هیجرانا ئەوا ڕەنجوور و زارم | وەرە باڵین هەتا ماوە حەیاتم |
هەموو کەس وەسفی یاری خۆی لە دەستە | بەغەیرەز من، کە هەر جوێنە خەڵاتم |
لە تەختەی نەردی غەمدا، ئەی نیگارم | خەریکی شەشدەری هات و نەهاتم |
وتی: خورشید و مەهـ، ڕوویان ئەپۆشن | لە گۆشەی بانەوە، وەقتێ هەڵاتم |
ئەڵێی ئەحمەد لە کوشتن ڕوو دەگێڕی | لە بەحسی عیشقدا من زۆر بەزاتم |
14
editگرپە و گڕەی تەنوورە بڵێسەی هەناوەکەم | سیروان و تانجەڕۆیە خوڕەی ئاوی چاوەکەم |
شێواوی موویی خاوی کەسێکم بە ڕۆژ و شەو | بۆیە پەشێوە ئێستەکە، بیرە بڵاوەکەم |
ڕۆژێ بە پێکەنینەوە فەرمووی دە بێرەوە | بۆ پاسی نیوەشەو سەگە قول هەڵکراوەکەم |
دیسان وتی: شەکەر لە دەمت دێتە دەر ئەگەر | ژەهریش بخۆیتەوە کە ببێ بێنی ناوەکەم |
ئەم کۆمەڵی گوڵاڵە کە ئاڵن لە کێو و کەژ | ئاویان دراوە گشتی بە خوێنە ڕژاوەکەم |
تۆ بێ خودا دەسا وەرە ئەی نووری چاوەکەم | ساڕێژ کە زامی لەتلەتی جەرگە بڕاوەکەم |
باوەڕ مەکەن ببن بە - - کوردی شارەزوور | بێ ترس ئەڵێم لە ڕاستی دڕاوە کڵاوەکەم |
15
editبێت و بە نازەوە کە بڵێ مەیلی ڕاو ئەکەم | بۆ دەنکە خاڵەکەی ملی خۆم تووشی داو ئەکەم |
ئەی گیانەکەم بە چاوی ڕەشت سوێند ئەخۆم بە دڵ | بۆ دینی چاوی تۆیە کە هەر چاوەچاو ئەکەم |
با، بێنێ بۆنی سنگ و مەمەت، کەی منی هەژار | ئیتر خەیاڵی بۆنی وەنەوشە و گوڵاو ئەکەم |
لۆمەم مەکە کە من ئەمەوێ ڕووبەڕووت ببم | بێ بەرگ و ڕووت و قووتم و مەیلی هەتاو ئەکەم |
بێت و دەسم بدا لە دەسی پیاوی ناوەجاخ | حەو جار بە ئاو و قوڕ دەس و پەنجەم گڵاو ئەکەم |
بەم حاڵە ژین و بەرزییی کورد گەر هیوام ببێ | شێتم بزانە من کە خەیاڵی پڵاو ئەکەم |
16
editئەمەوێ من شەو و ڕۆژ خادیمی دەرگاهی بم | لەبەر ئەو دامەنەدا خاکی گوزەرگاهی بم |
سوحبەت و گاڵتە بە فەرزین و بە فیل و ڕوخ ئەکەم | من کە پیادەی جڵەوی ئەسپی شەهنشاهی بم |