دیوانی ئەحمەد موختار جاف/ڵ

نموونەی ڕوویی تۆیە پەڕڕەیی گوڵ فیدات بم ئەی بەنی جەرگ و پەڕەی دڵ
توخوا ئەی گوڵ بەسە تۆ ناز و عیشوە چییە ڕەحمێ بکەی جارێ بە بولبول
نیگارا چی ئەبێ ماچێ کەرەم کەی بکەی مەقسوودی ئەم بیمارە حاسڵ
وەکوو ناڵینی من وایە لە عیشقت فوغان و زەمزەمەی بولبول لەسەر چڵ
بە توندی بەس بڕۆ، بێ، ڕۆحەکەی من بە چاوما پێ بنێ با بەس بکا گل
مەحاڵە تەرکی ساقی و یار و بادە بەسە واعیز مەکە توخوا قسەی زل
دڕک هاودەمیەتی بولبول، پەشێوە حاڵەتی بۆ گوڵ بەهاران بۆیە ئەو دایم ئەکا هەر ئەم چڵ و ئەو چڵ
لەلام وایە کە حەتتا خاکی ژێرکەوشی ڕەقیبانت جەواهیرسورمەیە بۆ چاوەکانم، مەرهەمە بۆ دڵ
زەمان بەم حیزییە، تالیع بە ئەم ناسازییە ئەمڕۆ نیگاریش لوتفی وابێ چۆن ئەبێ من مەتڵەبم حاسڵ
بەرامبەر ئەبرووانی کەوتمە سوجدە، وتی عاشق ئەگەرچی قیبلەگاهی تۆ کەچە نوێژت نییە باتڵ
تەوافی کەعبەیی دەرگانەکەت تەنها لە من مەنعە لە قورئانا ئەڵێی ئایاتی ڕەحمەت قەت نییە نازڵ
تەپوکۆی ترپەترپی دڵ، بە گرمە ئەمشەو ئەیباران فیدای ئەو شۆخە، تەشریفی کە دێتە مەنزڵم باقڵ
دەخیلم تۆ بزانە دەست و پەنجەی نازەنینێکە بە گۆزەی تێمەگە حەیفە، توخوا تۆ مەیخەرە ناو گڵ
وەکوو مووسا هەموو ئەعزای کە ئەیبیست ڕۆژی کێوی توور لەسەر تا پێم ئەناڵێ وەقتی هیجرت نەک بە تەنها دڵ
ئەزانی قەدری ئەحمەد کەی ئەزانن ئەهلی ئەم شارە لە دنیا دەربچێ و بمرێ و بچێتە ژێری خاک و گڵ