دیوانی جەوهەری/م

دیوانی جەوهەری  (1935)  by جەوھەری
پیتی م

1 edit

داوای حوب و قورس (شەکۆلات) لە حەمەدەمین بەگی تیکانتەپە

جەنابی کاکەمین دایم دۆعاگۆی بەژن و باڵاتم بە عێلی حاجی سەرتیپە هەموو فەخر و موباهاتم
سەرم نەختێ گرانە، سەردڵم قورسە، دەمم وشکە منیش زۆر ترسەنۆکم دایمەن غەرقی خەیاڵاتم
هەتا دەستم دەگاتە شار و بازاڕ و حەکیمی چاک ئەگەر ماوە لەلات موحتاجی دوو دانە شەکۆلاتم

2 edit

نە حیزبی کۆمەڵە و توودە، نە پابەندی دیموکڕاتم نە جوزوی نەهزەتی میللی، نە ئەربابی سیاساتم
لەسەر ئەم عەرزە پانە مالکی یەک بستە خاکێک نیم عەمامە و خەرقە و بەرماڵە ئەسباب و موهیمماتم
ئەمن پیرێکی حەفتاساڵە عومر و پێ لە سەر تابووت هەمیشە قەبر و کفن و مردنە فکر و خەیاڵاتم
لە حەد بانگم دەکا ئەی جەوهەری زوو وەختی هاتنتە لە جوابدا پێی دەڵێم تۆ مونتەزیر بە وا منیش هاتم

3 edit

وەڵامی مەئموورێکی ئیدارەی غەللە کە داوای گەنمی لە سالاری ئاغای ئاڵبڵاغ کردبوو

هەر دەمانهێنێ و دەمانبا ئیقتیسادی بۆ گەنم هیچ نەما تەحویلی غەللەی دەم، مەگەر کیرم و گونم

4 edit

تاسەی دۆستان و وڵات و دیداری مەلا ساڵحی برای و نەوەکانی لە دزەوە

هەوای دیداری یارانی وەتەن کەوتۆتە سەر فکرم هەتا ئەمجار دەیانبینم بە چاوانم خودا نەمرم
لە هیجرانی مەلا ساڵحی برام و دوو نەوەم دایم بە چاوی پڕ لە فرمێسکم کوڵی گریان و شین دەگرم
بە ئیزنی حەزرەتی شێخ چەندە پێم خۆشە بە دڵخۆشی لە ورمێ سواری ماشین بم جەوازی ڕێگە وەربگرم
لە سابڵاغ و لە میاندواو و لە بۆکان تێپەڕم یەکسەر لە هیچ لایێ هەتا سەر مەرقەدانی باغچە خۆ نەگرم
لەنێو ئەو سێ خەلیفانە بە ئیخلاس و بە هۆشیاری لە ئەڕواحی ئەوان زاتانە فەیز و بەهرە وەربگرم
لە بەرپێی باب و دایک و ژوور سەری کاکەعەلی چەند ڕۆژ بە گریان سەر لە سەر ئەو مەرقەدانە ساتێ هەڵنەگرم
بە چاوی پڕ لە ئەسرین دەست هەڵێنم ڕەببی ئەمجارە بە ئیمانێکی زۆر کامیل بە لوتف و ڕوحمی تۆ بمرم

دزە

5 edit

لەپاش وتاری نوێژی جێژنی جەعفەراغای کەریمی ئاغای قوونقەڵا

وەمدەزانی هەر ئەمن ساحیب وجوود و جەوهەرم بۆ خەتابەت دەست و داوێن پڕ لە لەعل و گەوهەرم
تا لە جێژنێدا کەریمی هاتە سەر نوتق و خیتاب بۆم موسەللەم بوو کە من شاگردی ئاغای جەعفەرم

6 edit

بۆ حاجی سەیید عەبدوڵڵای شەمزینی

ئەرێ ئەی پیری شەمزینم، ئەرێ ئەی کۆڵەکەی دینم ئەرێ ئەی ڕۆحی شیرینم، خودا بمکا بە قوربانت
فەقیر و موستەمەندی تۆم، گرفتاری کەمەندی تۆم شەو و ڕۆژ دڵ لە بەندی تۆم، خودا بمکا بە قوربانت
ئەتۆ ئەولادی گەیلانی، ئەتۆ شابازی شێخانی ئەتۆ دەرمانی دەردانی، خودا بمکا بە قوربانت
بە جامی عیشقی تۆ مەستم، لە عیشقی تۆوەیە هەستم گرفتاری سەر و دەستم، خودا بمکا بە قوربانت