308213دیوانی جەوهەری — پیتی ن1935جەوھەری

پیرۆزبایی بۆ حاجی بابە شێخی جەمیان کە ڕەزا شا گۆچانێکی بە خەڵات بۆ دەنێرێ

ڕۆژی جێژن و شادییە یاران وەرن با کۆوە بین زاهید و سۆفی وەدەرنێین گوێ نەدەینە واعیزین
موتریب و ساقی بڵا بێن دەست بە تار و جامی مەی بۆ تەماشا بێن بە لەنجە دڵبەرانی نازەنین
سونبول و ڕێحانە و گوڵناز و شەوبۆ و سوورەگوڵ خاڵ و پەرچەمیان وەدەرخەن خونچە بێنە پێکەنین
سەرو و شمشاد و چنار و نەخل و نار و ناروەن ڕابوەستن، ببنە خزمەتکار لالە و یاسەمین
هەوری ڕەحمەت با ببارێنێ لەسەر گوڵزار و باغ بای سەبا با بێنێ بێنی ڕەوزەیی خولدی بەرین
سەفبەسەف غیلمان بڵا بێن دەست بە تار و جامی مەی دەستەدەستە بۆ نەوا و خونیاگەریی بێن حۆری عین
تاق و جووتی تاق بە تاقم بچنە پێشوازی خەڵات وا ئەمیر هێنای لەلای شاهەنشەهی ئێران زەمین
واریسی تەختی کەیان سوڵتان ڕەزا شای پەهلەوی سێبەری ئەمن و ئەمان و ساحیبی تەخت و نگین
یەک سەدا و ئاوازە با دەستی دوعا پێشی خودا بۆ دەوامی دەوڵەت و عومری شەهەنشا ڕاگرین
وا عەسایێکی موڕەسسەع پڕ جەواهێر ناردی بۆ حاجی بابا شێخی جەمیان نەسلی خەیرولموڕسەلین
ساحیبی سەیف و قەڵەم حاجیی و غازی و پێشەوا ساحیبی شەرع و تەریقی موقتەدایی موتتەقین
ئەو عەسایە بۆ شکستی حاسیدانی ئەو بڵێ وەک عەسای مووسایە یەعنی تِلك سَعبانٌ مُبين
سەد هەزار جارت موبارەک بێ خەڵاتی پادشا ئەو یەدی بەیزا و عەسایە هەر دوو ئایاتی مەتین
بۆ نیساری ئەو خەڵاتە من کە دەستم خاڵییە ڕۆحی خۆم هێناوە فەرموو ئەی ڕەئیسولعاریفین
بۆ عوموم ئەوڕۆکە جەمیان مەلجەئو دارولئومید خاسە بۆ تۆ جەوهەری، حَمدً لِربّ العالَمين

لە ساڵانی ١٩٤٥ - ١٩٤٦ دا لە ژمارەی ٢٩ و ٣٦ ڕۆژنامەی کوهستان لە تاران بڵاو بووەتەوە

وا دەڵێن کوردانی ئەتڕافی شیمال مەردانە بوون باوەفا بوون تالیبی میهر و وەفای بێگانە بوون
عاشق و مەفتوونی عیشوە و غەمزەکەی جانانە بوون ئاخۆ ڕاس بێ یا کە خەڵکی تابیعی ئەفسانە بوون؟
چاکە تێفکرین لە ئەحواڵی وەتەن

بۆ چی وا وێران بووە ماڵی وەتەن

عیللەتی ئەسڵی نیفاق و ئیختیلافی میللەتە باعیسی ئەم ئیختیلافاتە گەزافی میللەتە
ئەم هەموو بەدبەختییە ناشی لە لافی میللەتە چاری ئەم ناچارییە باز ئیئتیلافی میللەتە
لەتلەتە جەرگم لە دەس ئەم میللەتە

کوتکوتە بەرگم لە دەس ئەم میللەتە

ئەو دەڵێ ئەم سونییە و کافر، بە شێخە موعتەقید ئەم دەڵێ ئەو شیعەیە و بۆ سەببە و ڕەفز موستەعید
ئەم دەڵێ ئەو زاڵمە و مایل بە جەور و موستەبید ئەو دەڵێ ئەم یاغییە، ئەم باغییە، ئەم مونتەقید
داد لە دەس ئەحواڵی جوههالی وەتەن

داد لە دەس ئەعمالی عوممالی وەتەن

پێشەواکانمان دەکەن هەر یەک بە نەوعێ ئیجتیهاد ئەم دەکا لەو ئیجتیناب و ئەو دەکا لەم ئینتیقاد
ئەم دەدا نیسبەت بە کرداری ئەوی تر ئیڕتیداد ئەو دەکا نیسبەت بە گوفتاری ئەوی تر ئیستیناد
زار و بێزارم لە بێکاریی وەتەن

هەمدەمی عارم لە بیماریی وەتەن

ئەم دەڵێ من بادەنۆشم بادەیی سەرشار ئەخۆم ئەو دەڵێ من تالیبی یارم، فریبی یار ئەخۆم
ئەم دەڵێ من حیزبم و بەرتیل لە دەس ئەغیار ئەخۆم ئەو دەڵێ من خادیمم وا نێعمەتی دەربار ئەخۆم
ئەم گەزاف و ئەم خرافاتە چییە؟

باعیسی ئەم ئیختیلافاتە چییە؟

جەوهەری تا قەومی ئێمە یەکدڵ و یەکسان نەبن تابیعی ئەمری خودا و پەیڕەوی قورئان نەبن
تابیعینی موسلیمین و حەلقەیی مەردان نەبن تا موبیعی ... و ئەمری ئولولئەمران نەبن
موشکیلە ئەم دەردە دەرمانی ببێ

زەحمەتە ئەم هیجرە پایانی ببێ