دیوانی حاجی قادری کۆیی/تاک

شێخ غەفوور بیستوومە چاچیم پێ دەڵێی چاکە من نابم بە نوقتەی لابەلا!
جورمی من داوێنی عەفوی گەر نەپۆشی ڕۆژی حەشر عیبرەتی من کافییە بۆ ئەهلی مەحشەر سەربەسەر
دەرسی مەعنای بێ عیبارەت مەرکەزی مەیخانەیە حەڵقەیی جەنگ و جیدالە خانەقا و مەدرەسە
سوخرەیی جیننی تەبیعەت سوخرەی عالەم هەڵێ وا سولەیمان دێتەوە کۆترفڕێنت پێ دەکا
باسی زاری تۆ خەیاڵێ بوو کرا بوو هات و چوو بۆ چی لێم عاجز دەبی قوربان لەسەر هیچ و نەبوو
پەردەیی سیدق و سەفا و ڕاستیی ئادەم نەدڕابوو کەرباسی غەمێ بوو بە قەدی بەندە بڕابوو!
مەنزڵی مەئمەن نەماوە ئێستەکە ئەییامەکە ڕاحەتی مومکین نییە نەچیە مەدینە یا مەکە
سینەم دەگڕێ لێم دەمڕێ کەلبی ڕەقیبم ئەم کارە وەکوو داری لە دوو لاوە گڵاوە
تۆ خۆش دەبەزی ئەسپی بەزینت پێیە من ناگەمە تۆ ئەسپی بەزینم پێیە
چاوەکەم تۆش پیر دەبی، ڕیشت دەبێتە گۆرەوی وەک بفەرمووی من فڵانم پێت دەڵێن توخوا هەوی؟
خانەقاکەی کەنەفی ئەمنە ئەدەبخانەیی عام جێی قەزای حاجەتە خەڵقی بە زەرووری دەچنێ
موددەعی دوێنێ ئەگەر جوونی دەدا عەیبی نەبوو شکڵی خۆی دیبوو لە ئاوێنە بە عەکسی دەوەڕی
شێخ دەڵێ: باری ڕیا شانم جدەو ناکا ئەگەر کێوی کاروخ بێ؛ گوتم: سەد بارەکەڵڵا، کەرنەبی
مەسئەلەی کوحلی لە بەحسی مەبنیا تەقریر ئەکرد پێی ئەڵێت - ئەحمەقی کەر وا ئەڵێ ابن الحجر
- دەخیلت بم سەما نەیبرد، زەوی قووتی نەدا هەر لە بەینی ئێمەدا بوو، ئەم دڵ ئاخر کێوە چوو
گەر نەچم لێم زویر دەبێ، وەقتێ دەچم مەنعم دەکا سەیری کە بێ مروەتە چیم لێ دەکا و چیم پێ دەکا
زۆر سەگم دیوە فەقەت نەمدی ڕەقیبی هێندە سە وەزعی نامەوزوون دەبێ وەک خانوویی بێ هەندەسە