دیوانی حاجی قادری کۆیی/چوارینە

311042دیوانی حاجی قادری کۆیی — چوارینە1876حاجی قادری کۆیی
یا ڕەب بە قەدەر حەرفی سیووتی یەک یەک ڕەحمەت لە موسەننیف و لە قاری بێ گەلەک
ئەمما عەجەم و ئەو کەسی چاپی دانا بیباتە جەهەننەم بە عەزاب و بە کوتەک
ئەی ڕەفیقانی وەتەن زۆر غەزەلم ماوە لەوێ لە کەنارێکەوە تەقدیرە وەکوو هەڵبکەوێ
وەک سەفینە بگەڕێ بیخەنە بەر بەحری قسەم حەیفە وەک من لە غەریبی بمرێت و نەتەوێ
لە سەردەشتی میحنەت پەڕەی کردەوە کەوانی بەڵا، لۆکەیی پەیکەرم
بەڵاڵووکە دەرمانی دەردم دەڵێن بە پارە وەگیر ناکەوێ بیکڕم
ئەی عوتارید لە دەرت خادیمی سەججادە بە شان وەی لە کۆیی فوسەحادا قەڵەمت سنجقەشان
حاجی قادر نییە بەیتێکی وەکوو ئێوە بڵێ ئەسپی کۆن زەحمەتە دەرچێ لەگەڵ ئاهووڕەوشان
نەقدی عومرم بە غەزەل دا و دووکانم دانا هیچ کەسێ نەیکڕی، ترسام لە ڕزین و لە خوران
بێ بەها دامە ئەم و ئەو وەکوو کوردێک کە ڕژا ڕۆنی؛ ئەو وەقتە دەڵێ: کردمە خێری کوڕەکان
سەقەرێکە سەفەری ڕەهڕەوی بێ تووشە خاسەتەن ئەم سەفەری بەد ئەسەری بێ تووشە
بەدرەقەی ڕێگە ئەگەر خدری نەبی بێ تووشە کافییە کافییە کوا مەنزڵی من بێ تووشە؟
یا ڕەببی تو خەللاقی عظيم الشأنی هەرچی کە بووە و دەبێ و دەیێ دەیزانی
من بێ خەبەرم لە ئەووەڵ و ئاخری خۆم حاڵیم بکە لەم بەیتە چییە ئینسانی؟!
بەیتی نالی و بەیتی من گەر تێکەڵی یەکتر دەکەن ئەحمەقی سوورەتپەرست و جاهیلی مەعنانەزان
حاجی لەکلەک لەک بە لەک فەرقی لەگەڵ تووتی هەیە وەک هەزاری نەوبەهار و بولبولی فەسڵی خەزان
شەوکەتی جووتەی سمێڵت تاکە، مانەندی کەمە تەرکەشی تیری تەژا و شیری دەستی ڕۆستەمە
ڕووی لە تەختی ڕوومەتت هێناوە بۆ شانت دەڵێی ماری سەر شانی زوحاک و دوژمنی تەختی جەمە
سمتی دەلەرێتەوە دەڵێی دووگی مەڕە گرد و سپی و لووسە وەکوو تووری تەڕە
ماڵێکە ئەگەر بدا بە نەقدی دڵ و جان خۆشتی لە سەری بنێی، جەهەننەم بکڕە