دیوانی حاجی قادری کۆیی/س

دیوانی حاجی قادری کۆیی  (1876)  by حاجی قادری کۆیی
پیتی س

1 edit

وشکە سۆفی بڵێ بە شێخی تەرەس با بە سەرما نەیێ میسالی هەرەس!
عەجەبا شاعیری نەناسیوە شێر و عەنقا دەکاتە موور و مەگەس
کەر نەبی! کام پیاوی پێ خەڵەتا، بەنگرێدان و تابڕین و نەفەس
فەرقی ناکەس لەگەڵ سەگان ناکەم ها بە عەکسی بخوێنەوە نا کەس
حەز دەکەی تێ بگەی لە بێدینی ببە دەروێشی شێخەکان بە هەوەس
هەر زەمانێ کە گوێت زرینگاوە پێت دەڵێ: باری خۆت ببەستە جەرەس
چەندە پوولێ ئەگەر بهێنی ئەتۆ قەسرت خۆشتر ئەبێ لە ئی هەر کەس
بۆ چی حاجی نەخوێنێ وەک تووتی ئەم زوبانە هەزاری خستە قەفەس

2 edit

دەستی من دامێنی تۆ ئەی خامەیی موشکین نەفەس با بنووسین ماجەرای هیجرانی یاری بولهەوەس
دەنگی مورغی دڵ دەیێ هەردەم لە داوی زولفی ئەو وەک لە تاری عەنکەبووتا زیڕەیی باڵی مەگەس
ئەی خودا چ بکەم؟ ئەجەل لەم لاوە قەسدی جانییە دڵبەریش ناردوویەتی: جان ماڵمە نەیدا بە کەس!
تووتی هات و ئیددیعای شەککەرفشانی تۆ بکا هەققی ئەو دوو لێوە گرتی هات و کەوتە نێو قەفەس
تۆ دەزانی خۆ هەتیویت سەبر بێ حاجی نییە بۆ چی مەنعی لێ دەکەی گەووادی بێدین هەی تەرەس!