دیوانی حاجی قادری کۆیی/ک

تا بڵێی فەڕقی هەیە میهری من و ماهی فەلەک لە سەرا تا بە سورەییا، لە سەما تا بە سەمەک
هەر کە لای کردەوە عوقدەی سەری زولفی لادا لە هەموو لاوە سەدای سەللی عەلا گەییە مەلەک
گوێ لە واعیز مەکە ئەمشەو تەک و تەنها وەرە لام ڕۆژی مەحشەر بەمە گەر بمخەنە دۆزەخ بە دەرەک
کوتکوت و تیکەبەتیکەم بکەن و بمدەنە سەگ جێگەمە لەم دەرە ناڕۆم بە جنێو و بە کوتەک
خالیسە سیککەیی ئیخلاسی دڵی موخلیسی من بیخە نێو بۆتە چ حاجەت بەمە بیدەی لە مەحەک
ئەی مەهی چاردە سەیری مەهی دوو هەفتە بکە وەک منی دابنێ چاوی من و تۆ ناگەنە یەک
لە نقووشی غەزەلم چین و خەتا داماون کێ دەڵێ ئەمتیعەیی کوردە کەڵاش و کەپەنەک؟!
بۆ تەماشای بەلەک و زەندی سپی و چاوی بەڵەک نیشتووە لەم دەرە عاشق وەکوو حاجی لەکلەک
لە گاوان و شوانی کوردەکان یەک بەسە بۆ لەشکری سەد کەڕڕە دوو لەک
فیدای جوتیارتان بێ حاتەمی تەی بە قوربانی سەپانتان ئالی بەرمەک
مریشکی ئێوە سەییادی شەهێنە لە کن عەنقا فڕووجە حاجی لەکلەک
شوانی مێگەلی کوردان لە شەڕدا وەکوو قەسسابە، دوشمن نێرگەلی شەک
لەبەر حیزەبەخۆیی و ناتەبایی لە ژێری حیزی حیزان بووینە دۆشەک
هەتا وەک ئاگری بن کان لەگەڵ یەک ئەگەر تۆفان بێ لەشکرتان بە پووشەک
لە گوێی گا نوستوون بۆیێکە ڕێوی لە سەر ئێوە وەها شێرگیرە وەک سەک
سەلاحی ئێوە ئێستاکە سیلاحە تەماعی گەورەیی بێ چەک نەکەن نەک
کراوە ئینتیجابی وشکەسۆفی لە دیوانی کەری بێ نوقتەیی شەک