دیوانی حاجی قادری کۆیی/مەسنەوی

ئودەبا چاکە لێم نەبن دەرهەم لەم قسە و لەم حیکایەتەی دەیکەم
ئیددعای هەر سەنایعێک ناکەن تاکو نەیخوێنن، ئیمتیحانی نەکەن
پێی دەڵێن حیلەباز و کەززابە شێخ نەبی خاریجە لە ئەم بابە
خانەقا و شێخ و تەکیەکان یەکسەر پێم بڵێن نەفعیان چییە ئاخەر!
غەیری تەعلیمی تەنبەڵی کردن جەمعی ئەملاک و خەزنە کۆکردن
دەفعەیەک ئیمتیهانیان ناکەن تێ بگەن زەهرەیا نە تریاکن
لە مەحەککی بدەن ئەگەر وەکوو زەڕ تێ دەگەن ڕێگرن وەیا ڕەهبەر
دەخیل شێخ و مێخ مەبن ئەبەدا هیچ کەسێ ڕزقی هیچ کەسێ نەدا
ئەی خەریکی ڕمووز و ناز و نیاز ئەوروپا فەننی گەیوەتە ئیعجاز
قوللەیی ئیفلی لە ئەفلاکە عەکسی ئەو گەردشی لە ژێر خاکە
کورەیی ئەم زەمینەیان پێوا خاتری تۆ بێ چوونە جەووی سەما
قسەیێ ئەمڕۆ دەیگرن لە زوبان ساڵێ تر بۆت دەکەن بەبێ نوقسان
سەد و پەنجا لوغەت زیاد دەکەن ساڵێ بۆ ناوی سەنعەت و بۆ فەن
چینی ئاتەشپەرستن ئێستاکەش گەبری بێ دین و هیندوویی ڕوورەش
بۆ چی فەرموویەتی نەبیی ئەمین: اطْلُبُوا الْعِلْمَكم وَ لَوْ بِالصِّين
نێر و مێ لەم حەدیسە فەرقی نییە گەر مەلا نەهیی فەرموو دینی نییە
تۆ وەرە فەننێ فێر بە چیتە لەوە گاورە، هیندووە، وە یاخۆ جووە
لازمە خول بخۆی وەکوو بەرداش هەموو قەڕنێک دەگۆڕێ ئەمری مەعاش
تەنبەڵی کاری حیز و بێ خێرە دەستی ماندی لە سەر زگی تێرە
ئەهلی جەننەت نە شوان و گاوانە ساحیبی فەنن و عیلم و عیرفانە
فایدەیی گەر بدایە زیکر و دوعا دەبووە قاروون گەدایی سەر ڕێگا
هەرچی بێ بەهرەیە لە کەسبی کەماڵ دەبتە دەروێش و مارگر و حەمماڵ
لە حەدیسا هەیە حەبیبی خودا گوتی: الكاسب حبيب اللە
موسحەفی خووایە عالمی برسی بە دوو نانی دەدات و ناترسی
سۆفی وەک تیشنە بوو لە زیکری هەتاو سەد نوێژی دەدا بە کاسەیەک ئاو
شیعی وەک تیشنە بوو لە سینە زەدەن بە دوو قەترە دەدا حوسەین و حەسەن
بە قسەی موخبیر و موەرریخی کۆن میللەتی چینە چارسەد ملیۆن
سەربەسەر دەوڵەتی هەموو ژاپۆن زۆر بە زەحمەت دەگاتە چل ملیۆن
ئەهلی ژاپۆن بە فەنن و سەنعەتی چاک سەیری چۆن چینی گرت و کردیە خاک
ئیتتیحادی بە ئیتتیفاقی ئەنام سوپەرە بۆ حەوادیسی ئەییام
کوردی ئێمە نەزان و پاشکەوتن پێکەوە پووش و ئاگر و نەوتن
بێ ئەگەر دەستی یەکتری بگرن وەک سکەندەر جیهان هەموو دەگرن
خواردن و سەتری عەورەت و سوکنا باعیسی ژینە بۆ گەدا و پاشا
حاڵەتی وایە چی لەسەر خاکە غەیری عیسا دەڵێن لە ئەفلاکە
ئەو هەموو مەدحی بادە و دڵبەر نووسراوە لە سەد هەزار دەفتەر
وەکوو خەمسەی نیزامیی گەنجە کە لەلای خەڵقی کیمیا و گەنجە
یا وەکوو بەیتی شیرن و فەرهاد شیعری حاجی لە بەر کرایە بە یاد
ئێستە میللەت دەبوونە ساحیبی جاهـ یا نە هەمتایی اولیاءاللە
کێ دەڵێ کوردەکان بە ئیدراکن بەسە ئەم نەقسە گوێ لە من ناکەن
لە قسەی ساغی من خەلەل دەگرن واهیمەی شێخەکان لە دڵ دەگرن
ئەوی موحتاجی نان و پیوازە یا هەتیوبازە یا نە مێبازە
حەیفە بۆ مەردی ساحیبی تەمیز هێندە باسی مەکانی پیسی و میز
عیشقبازی و هەوایی دەروێشی میللەتی خستە فەقر و بێ ئیشی
ئەو کەسەی دەوڵەمەندەکی چاکە بەندەیی ڕۆمییانی ناپاکە
هەموو مردووی میان و سمتی خڕن بەیتی مەدداحیان بە جان دەکڕن
بەیتی من چونکە کەڵکیان دەگرێ لە غەریبی و بێکەسی دەمرێ
تا لە ژێر باری ڕۆمییان نەمرن زەحمەتە قەدری بەیتی من بگرن
یا نە وەک ئەهلی مەغریب ئێستاکی چییە ناوت؟ دەڵێ: خریستاکی
باوکم ئەحمەد بوو ناوی، فیکرم دێ خەڵقی لادێ بوو، دایکی من فاتێ
حاجی سا بەسیە سەدهەزار دەفعە پێم گوتی: ئەم قسانە بێ نەفعە
ڕۆژی ئەووەل لە بەندە و ئازاد خدمەتی خەڵقە قیسمەتی ئەکراد
لێی گەڕێ قەومی تۆ هەموو مارن دز و حیز و پیاوکوژ و هارن
مڕی ناوداری ورچی ناو دارە ڕاستیان خوارە، خواری خونخوارە
باوکە هەر چۆنێ تۆ دەڵێی وایە زەن دەکەن ئەم قسانە خۆڕایە
قوڕی کام جێ بکەم بە سەر خۆدا ئەمە لێم بوویتە عیللەتی سەودا
بە قسەی چاکە دەستیان دەگرم تەرکی ناکەم بە لۆمە تا دەمرم
یا ئیلاهی بە ئایەتی مونزەل بە چوار یاری ئەحمەدی مورسەل
بێنەوایانی موڵکی کوردستان هەر لە گاوانی تا دەگاتە شوان
لە خەوی جەهل و مەستی و غەفڵەت بە خەبەر بێن بە نەغمەیی ڕەحمەت
پاکی دەرچن لە کاری نابەمەحەل ڕۆمی ڕافڕێنن بۆ دەری ئەسفەل
حاجییە شیعرەکانی وەک کاوە ڕۆژێ دەبییێن درەفشی هەڵداوە
ئەو ڕۆژە بە ئەمری حەیی مەننان ئەم عالەمە پاکی بوو بە تۆفان
دەییاری نەما لە جینسی زی ڕووح غەیری ئەمە هاتە کەشتیی نووح
ئەو ڕۆژە گەییشتە وەقتی مەعهوود وەستاوە لە سەر چیایەکەی جوود
هەر سێ کوڕی کردیانە مەسکەن ئەو جێ و مەکانە میسلی گوڵشەن
ئێستاکە جزیرە بێ موحابا مەعموورەیی ئەووەڵە لە دونیا
ئەولای سەحیحیان بە بورهان کوردن لە مەکانی جەددی خۆیان
سوککانی بیلادی ڕوبعی مەسکوون بالجمله لەمانە مونشەعیب بوون
بێ تەفرەقە بوون موتیع و هەمدەنگ هەم مەشرەب و هەم لیباس و هەم ڕەنگ
ئایین و مەزاهیب و ڕەسایل وا کردیە فیرقە و قەبایل
وەک خەڵقی نەچوونە موڵکی ئەدنا جێی باوکی خۆیان کردە مەئوا
ئارێ بە حەدیس و نەسسی قورئان حوببی وەتەنە دەلیلی ئیمان
حادیس نییە، ئەسڵە گفتوگۆیان مەورووسە لە دەوری جەددی خۆیان
ئێستاکە کە وا جەماعەتی «وان» ئەسڵن بە نەسەب کەریم و شوجعان
مونقادی عەجەم، موتیعی ڕۆمن مەحکوومی خەڕات و حیز و دۆمن
تەقسیری ئەوان نییە ئەمانە هەرگیز بە تەعەججوبی مەزانە
ڕەسمێکی قەدیمە دەوری گەردوون خەسمی نوجەبایە، هەمدەمی دوون
حاجی ئەمنیش میسالی کوردان کەوتوومە کەمەندی نەفس و شەیتان
لەم حەبس و کەمەندە فیکری دەرچوون مومکین نییە، من یەکم ئەوان دوون
مەوقووفە بە ڕۆستەمی عینایەت موحتاجە بە هیممەت و هیدایەت
دەرچم لە ئەسیری میسلی بێژەن ڕاهی بوو بە قووەتی تەهەمتەن
ئەی بێ بەدەل و شەریک و تەنها ما اعظم شانئک تعالی
تەعیین بکە ڕۆستەمی دیرایەت تەوسەن بدە خوسرەوی عینایەت
تا کورد و ئەمن لە دەستی دوونان دەرچین، هەر ئەتۆی ڕەحیم و ڕەحمان
تا ڕێک نەکەون قەبیلی ئەکراد هەروا دەبنە خەرابەئاباد
ئەنواعی میلەل لە گەورە تا چووک خەمڵیوە مەمالیکی وەکوو بووک
یەک بەرگن و یەک زوبان و یەک ڕەنگ بێ غەیبەت و عەیب و عار و بێدەنگ
دنیا بە تڕان دەخۆن و دەیدەن هەر چۆنێ مەرامیانە دەیکەن
هەر کوردن ئەگەر چی پاکی مەردن پاماڵی زەمانە، میسلی گەردن
هەر مانەوە بێنەوا و مەزڵووم وەک بوومی خەرابەزار، مەشئووم
گەر باعیسی ئەم دەپرسی کامە شەرتێکە کە بۆ هەموو تەمامە
ئەو شەرتە بە کوللی ئیتتیفاقە گەر مەرعەش و وانە گەر عێراقە
قەسرێکە یەساغی ئەو نیفاقە گەر وا نەبێ بابی هەر بە تاقە
سەد شێخ و مەلا و میر و خانی بۆ لەززەتی عەیش و زیندەگانی
لەو لاوە ئەوان بە حیلەسازی لەم لاوە ئەمان بە تەقڵەبازی
قوڕیان بە هەموو وڵاتەوە دا تا موڵک و ڕەعییە پاکی فەوتا
یەکیان ئەمی تۆ دەکەی نەیان کرد غەمیان نەبوو کورد ئەگەر هەموو مرد
تاجی بسم الله الرحمن الرحیم نامە سەر بۆ دەفعی شەیتانی ڕەجیم
ماجەرایێکم هەیە بێ بێش و کەم هیچ درۆی تێ دا نییە با بۆت بکەم
بانیی نۆتاقی قوببەی بێستوون کەعبەکی بۆ ئێمە کردە ڕێنموون
قاسیدی پەیغامی فەرمووی: من ینی مسجدا یبنی له بیت كما
باز فەرمووی سەربەسەر ڕوویی زەمین مەسجیدە بۆ زیکری رب العالمين
یەعنی هەر ماڵێ کرا بێ بۆ خودا کەعبەیی عولیایە بۆ زیکر و دوعا
شکڵی تەکیە و خانەقاهی شێخەکان واقیعەن ڕەنگینە ئەمما بۆ ڕیان
لەم هەموو شێخ و موریدانەی ڕیا فەردەکی ناچێتە مزگەوتی خودا
مەسجید و میحراب و مینبەر بێکەسە هەر مەپرسە حاڵی چۆنە مەدرەسە
شەیخەنا گەر ئەم قسەت نایێتە گوێ سەیری وا چۆڵە کەری تێدا بگێ
ناکرێ بەم های و هوویە دەفعی ڕووس هەر وەکوو شێخی بوخارا و ئەندەلووس
میسلی ئێوە پاڵیان دا بە دوعا ئاخیری کافر بە ڕیشیاندا ڕیا
پشتیان دا هیممەت و شەیخ و خەتی تا فەڕانسز پاکی کردە میللەتی
مەرقەدی ئەقتاب و قوببەی ئەهلی ڕاز بۆتە جێگەی گاگەل و مۆڵگەی بەراز
هیند و داغستان و قازان و قەزم خێوە و هیند و بوخارا و خواڕەزم
یەک بە یەک وەک ئێوە بوون و زێدەتەر سەربەسەر بۆ باری کافر بوونە کەر
موعجیزە و کەشف و کەرامات و دوعا بۆ چی نەیبوو فەخری عالەم مستەفا
جیسمی نوورین و ددانی گەوهەرین ئەو شکا، ئەمیان بووە جێگای برین
سەبحە و میسواک و خەرقە و تەیلەسان بوونە پابەندی جیهادی غازییان
ئەم هەموو شەهبازە بوونە کوندەبوو خەڵوەکێشان و چلە سوودی چ بوو
سەیری ناکەی تایفەی ئەو شێخەکان وەک سەحابە و عادەتی پێشینیان
ڕووت و پێخاوس بە زەرگێک و مەتاڵ باوکی بۆ دوو پوول دەردەینێ لە چاڵ
قەسری دین، بنج و بناغەی مەحکەمی شیر و تیرە دیرەک و تاق و خەمی
موسبەتە فەرمووی حەبیبی کیبریا من نەبیی شیرم لە مەیدانی وەغا
گوڵشەنی پڕ میوەیی باغی مەعاد وا لە ژێری سایەیی تیغی جیهاد
کێ گوتی: میسواکە تیرم یا عەسا نێزەمە گورزی گرانم مونتەشا
یا کەمەندم ڕوشتەیە، تیغم تەبەر پۆست و کەشکۆڵ و دەفە و تاج و کەمەر
کام حەدیس و ئایەتی موعجیزنوما هاتووە بۆ ڕەغبەتی ڕەقس و سەما
ئەم ئیشاراتە بە جێگایە و بە ڕێ نەک وەکوو چاوبەستە تەڕکی بن بەڕێ
داری دنیا هەر کەسێکی تێی گەیی میوەیی خامی هەیە و میوەی گەیی
پەندی من خامی دەزانن خامەکان شیرن و پوختەی دەزانن پوختەکان
تاکی دونیا مایە پوختەی هەر هەیە لەم کەر و خامەی کە هەن باکم نییە
با بڵێن: ئەم شێتە قەحبە مردووە چەند وەڕیوە، چەند وڕێنەی کردووە!
حەق تەعالا واقیفی ئەحواڵمە خالصاً للهِیه تەرقیمی ئەمە
بەیتەکان عەیبی مەکەن خوار و کەچن مەقسەدم لەم بەند و باوە دەربچن
وەرنێ ئەم دونیایە نەفسی نەفسییە! گەر لە بەر ئێوە نەبێ باکم چییە!
من لە تۆفانا بەڕی خۆم دەردەکەم وا مەزانە دامەنی خۆم تەڕ دەکەم
ئێستە هەرچیم پێ بڵێن عەیبی نییە چونکە ئینسان عیلمی غەیبی پێ نییە
ئاخیری چی وەحشییە ماڵی دەبێ جاهیلیش ئەو ڕۆژە دێ حاڵی دەبێ
ئەم قسە با لێرە بێ ماندی بووم بۆت بکەم باسێکی بۆیان کردووم
پێی گوتم: ئەحبابەکی ساحیب حەشەم سەرگوزەشتێکم هەیە با بۆت بکەم
بازی خەو ئیمشەو لەبەر بێ هەمدەمی بوو بە نەسری ئاسمانی حەوتەمی
زاغەکەی شەو باوەشێنی شاپەڕی شەمعەکەیی کوژاندەوە وەقتێ فڕی
بەیزەکی جێما لەگەڵ دەرکەوتنی ئاسمان زەرد و سپی بوو دامەنی
ماهی بێ میهرم لە دەرگا هاتە ژوور ماتەم و شین و خەمی کردم بە سوور!
کورت و کرمانجی کە گرتم بە ڕەزا خستم و باقی وەکوو بەیتی ڕەزا
چونکە زانیم ئیش کە کەوتە گفتوگۆ بێ سەر و پێیە وەکوو چەوگان و گۆ
ئاخری نایێ وەکوو ڕووبار و چۆم یا شەڕەجوێنی لەنێو خەڕڕات و دۆم
چی پیاو بێ تێ دەگا ڕۆمی چییە باسی ڕمبازی و سواربوونێ نییە
ئیتتیفاقی دڵبەرێکی بێ کەدەر حاجی ئەنواعی لیباسی کردە بەر
بێ جیاز و مارەیی دەیدا بە شوو لەم هەموو کوردانە داخوازی نەبوو؟!
عاقیبەت دەیخوازن ئەمما ئەو دەمی پیر بووە، نازێ کەل و کۆمە دەمی
ئەو زەمانی بوونە ئاردی نێو دڕک پارەیەک ناکا دوو سەد جار بێتە ڕک
شێخ بزەینی قسەی وەکوو جافە خۆ کەرامەت نییە ئەمیش لافە
ئەو وەکوو ئێمە نین بە ئیدراکن ساحیبی نوسخەیی گەلێ چاکن
وەکوو بەهرام و خوسرەو و شیرین لەیل و مەجنوون و چەندی وا ڕەنگین
هەمویان ڕەمز و کانیی عیرفانن فێری بن چونکە خزمی خۆمانن
مەم و زین و دیوانی شێخی جزیر گەلێ چاکن بە سەهلی بێننە گیر
ئەم دووانە ئەمێستە تەرجەمەیان زۆرە حەتتا لە نێو فەرەنگستان
وای بخوێنن لە وەجهی موحتاجی وا بزانن بە خۆیەتی حاجی
هەم ڕەواجی بدەن لە هەر لاوە تێ نەگەن مردووم، بڵێن: ماوە
قەت تەسەوور مەکەن تەرەفداری غەیری غیرەتکەشی و غەمخواری
من کەسێکم زەمانەیی ناکەس دایبڕیوم لە قەوم و قیلە و کەس
هەر منم ئێستا وارسی عیسا بێ ژن و ماڵ و بێ کوڕ و مەئوا
خۆ دەزانن سولالەیی ئەکراد لێرەوە بگرە تا دەگاتە قوباد
هەموو عالیم، هەموو شێخ و میرن زیرەک و ژیر و ئەهلی تەدبیرن
وەسەتی پانی پازدە ڕۆژ ڕێیە پڕ لە ڕەشماڵ و خانە و دێیە
بە درێژی لە قاف کە ڕابوردن تا بە شیراز و ئیسفەهان کوردن
شەهسەوارن، پیادەیان ئازان بەردی نیشان و کوڵکی مەیدان
دان و بەخشینان لە لا باوە خوونی مەیدانیان لە کن ئاوە
بە شەجاعەت هەموو وەکوو ڕۆستەم بە سەخاوەت هەموو وەکوو حاتەم
لە وەفا سموەئیل و ئیسماعیل عەهد و پەیمانیان چیای قەندیل
گوردی شانامە پاکیان کوردە کافی ئەم سافە کافی ئەو وردە
لە شەڕا زۆر دەفعە قەوماوە ڕۆمییانیان چلۆن جەواب داوە
حاجی دەمرێ لە داخ و هاوارە کوردی بێچارە دەبنە ئاوارە
حاکم و میرەکانی کوردستان هەر لە بۆتانەوە هەتا بابان
یەک بە یەک حافیزی شەریعەت بوون سەییدی قەوم و شێخی میللەت بوون
سەیید و شێخەکان لە ترسی ئەوان مونزەوی بوون و زاکیری ڕەحمان
هەر کە فەوتان ڕیای ئەوان دەرکەوت سەیری چۆن بوونە پووش و ئاگر و نەوت
یەکێ لەم لاوە ڕوو دەکاتە عەجەم دوو لە ئەو لاوە دەبنە دوژمنی هەم
دوو هەزار ژن فەساد کرا لەم لا بوونە قاتیل ئەوانی تر لەو لا
یەک بە یەک بوونە نائیبی هەمەوەند ساحیبی مارتین و ماری گەزەند
میللەتیش هێند کەرن وەکوو جاران دەستیان ماچ دەکەن دەڵێن قوربان
گەر لە سەحرا مەلا نەمردایە گورگەشین با کەری بخواردایە
شێری دڕڕەندە وەک لە بێشە نەما گورگ و مام ڕێوی دێنە ڕەقس و سەما
من لە غەمخواری ئەم قسانە دەکەم وەرنە پەشمە لەلام هەموو عالەم
ئەم قسەی ئێستە عەیبی لێ دەگرن ئەو دەمەش دێ کە ئێوە بۆی دەمرن
ئەم بە ئەو، ئەو بە ئەم دەڵێ کاکە سەیری قانوونی حاجی چەند چاکە!
هەر چلۆنێ ئیشارەتی فەرموو وەک کەرامەت هەمووی وەها دەرچوو
خوسرەو و کەیقوباد و ئەسکەندەر وەکوو کیسرا و کاوس و قەیسەر
هەموو تێ چوون و پاکی فەوتاوە نە سیلاح و نە سککەیان ماوە
واقیعەن وایە وەک بەیانم کرد هەر کەسێ زا بە ناعیلاجی مرد
مەرگ و ژین میسلی سێبەر و تاوە ئەوی باقی بمێنێ هەر ناوە
چونکە هەرچی لە داری دونیایە ئەووەڵی ئاوە، ئاخیری بایە
سەد شەهەنشاهـ و پادشا مردن سەیری کە کوردی ئێمە هەر کوردن
میللەتە باقی، مابەقی فانی هەر لە جافی هەتا بە گۆرانی
حەسرەتم هەر ئەمە لە دنیا دا حاجی دەمرێ بە دەوریان ناگا
گەر بە دەورانیان بگەییایە هەموو حاڵی دەبوون چ دەریایە
چ بە مەنسوور و گەوهەری کوردی چ بە نەزم و کینایەتی وردی
سەعدی ئەییامی خۆی نەبوو نانی وەکوو من بوو گەڕۆک و بێ خانی
ئێستە خەڵقی لە حەسرەتی دەمرن بەیتەکانی لە زێڕ و زیو دەگرن
ئاخیری ڕۆژەکیش دەیێ وەعدی خەفەتم بۆ بخۆن وەکوو سەعدی
قازیی نەسر و موفتیی نازیم تێ دەگەن تا مودەڕیس و عالیم
بۆ تەسیحەی زوبانی کوردانە شیعرەکانم دەلیل و بورهانە
یەعنی تا ماوە شاعیری غەڕڕا عارف و عامی داخی بۆ ناخوا
لاکین ئەو ساعەتەی بە ڕەحمەت چوو قوڕ دەپێون دەڵێن: چ حیکمەت بوو!
پەشمە حاجی وەرە وەکوو جاران بێرەوە سەر حیکایەتی کوردان
شەهسەواری بەلاغەتی کوردان یەککەتازی فەساحەتی بابان
مستەفایە تەخەللوسی کوردی غەزەلی کردە بەر بوتی کوردی
ناوی ساحیبقڕانی خاسسی ئەوە چونکە لەم عەرسە ئەسپی ئەو بەدەوە
ئەو کە نۆشی شەرابەکی تاڵی نالی لەو عەرسە دا بووە تالی
نالی ئوستادەکی گەلێ چا بوو خدری ئابی حەیاتی مەعنا بوو
یەکێ تر بوو موحەممەدی فیکری موویی دەنگاوت بە تیرەکی فیکری
یەکێ ڕەنجووری ئەهلی کەرکووکە فیکری بیکری هەموو وەکوو بووکە
یەکی تریان ئەمین بەگی دزەیی دز نییە شاعیرێکە جەربەزەیی
کەیفی حاجەت نییە بکەم باسی ئەم کتێبەی بخوونی دەیناسی
سالیم و مەشوی، شێخ ڕەزا و خەستە شاعیرن هەر چواری بەرجەستە
وەک وەفایی کەمە لە شوعرایی خەتی وەک بەیتی چاک و ئەسپایی
لە کون و قوژبنی کەلاوەی دەهر چەندی تر هەن میسالی گەنجی گوهەر
سەبکی جامین و غیرەتی سەلمان بەیتیان ون بووە وەکوو خۆیان
مەلکەقۆڕ و حیماری و کیسەشکەل قِس مِن اسمائِهِم و لا تَسأَل
شیعریان جوانە بەس نییە کوردن گەرچی بەدناون و گەلێ وردن
بە فیدایان دەکەم سەد ابن یمین چونکە دەربەستی غیرەتی کوردین
لە جزیرە یەکێکە شێخ ئەحمەد ساحیبی ناو و مورشیدی ئەرشەد
ئەوی جامی گوتوویەتی ئەمەیە لەو قسە و مەدحە مەقسەدی ئەمەیە
پیر مردی بدیده‌ام ز جزیر نیک مردی بدیده‌ام ز حریر
ئەحمەدی خانی ساحیبی مەم و زین شاهبازی فەزای عیللیین
خەلەفی ئەو دەبن لە گۆدینگان لە جزیر پێی دەڵێن فەقێ تەیران
شاعیری ئێرە گەرچی زۆر ماون ئەم دوو سێیەن کە وا لە پێش چاون
چەند ئەوەندەی کە عەرزی ئێوەم کرد شوعەرامان هەیە بە دەستوبرد
شاعیری کۆن و تازەیی کوردان کە لە تەعدادی عاجیزە ئینسان
ئەوی خۆم دیومە یا نە خۆ ئەسەری ئەمەیە بۆت دەڵێم بە موختەسەری
مەعدەنی عیلم و عالیمی عامیل قوتبی دەوران و مورشیدی کامیل
هەر لە ئەووەڵ جەنابی مەولانا نەقشبەندی ڕەواقی ئیللەڵڵا
غەوسی سانی و حاتەمی مەزهەب عەبدوڕەحمانی خالسی مەشرەب
وەکوو بەیتووشی شاعیری عەرەبی تا قیامەت نە کەس بووە و نە دەبی
شاعیری جاف و نەزمی ئەترافی مەولەوی و خانە کافییە و شافی
ئەوی سەرخێڵی عێلی ئەوزانە لە عەشایر مەلا وەڵەد خانە
خۆ مەلا مستەفای بێساران بێ نەزیرە لە نەزمی کوردستان
مەلکەمان مەلکەمووتی مەعنایە یەعنی هەر چۆنێ حەز بکا وایە
وەک مەلا خدری ڕوودباری نییە شیعری ئابی حەیاتە تاریی نییە
حیکمەت و نەزمی میرزا یەعقووب وەک فلاتوونە لەفزەکان وەک کووب
یەعنی فیکری لە ئاسمان بەدەرە باعیسی عەیشە، دافیعی کەدەرە
حەسەنی باوکی فەقێ ئۆمەر کوڕی ئۆمەر، موحەممەدی سەروەر
مەنجەڵی نەزمی گەورە و گچکەن بۆ خەیاڵاتی عەینی سێ کوچکەن
شاعیری زەنگەنە نییە حەددی وەکوو شوجعانی ناکرێ عەددی
چونکە مەجمووعی تەبعی مەوزوونە سینەیان میسلی ئاینە ڕوونە
ئینتیخاب ناکرێ لەبەر چاکی وەک لە شەڕدا سوار و چالاکی
دوو وەحیدن موحەممەد و ئەحمەد یەکێ کۆماسییە یەکێ دەربەند
هەمەوەندیش کە خزمی خۆمانن شاعیری زۆرە پاکی دەیزانن
چونکە تیژی زوبانیان یەکسەر کەوتە نووکی ڕم و دەمی خەنجەر
بێ کتێبن، ئەمە لە وان دوورە مەردی ئازا لە ناقیسان دوورە
دەشتی کەرکووک و کێوی هەورامان شاعیری زۆرە بێ حەدد و پایان
سادە هەر ناویان بکەم ئیملا ئەم کتێبە بچووکە بەش ناکا
هەر لە شیرازەوە هەتا بابان پاکی یەک نەزمە پێی دەڵێن گۆران
هەر لە مووسڵ هەتا حەدی بابان بەیتیان کردووە وەکوو جافان
بەسیە بێ عاری ئەی گەلی خزمان لەم هەموو بەیتی میللەتی خۆمان
ئەگەر ئێمە و سنە و سولەیمانین ناوی یەکیان بە چاکی نازانین
وەک موحەممەد حەنیفە بەیتی مەتین نییە ئیللا حەساری قوستەنتین
بەیتی دمدم کە قەدری نازانن پاکی سیحری حەڵاڵی کوردانن
وەکی شانامە گەر بنووسرایە لێت موعەییەن دەبوو چ وەستایە
ئەسپی ڕەش بەیتی تا بڵێی چاکە نەزمی یەگجار سوار و چالاکە
ئەسپی شەش پێیی قەهرەمانی عەجەم مەحزی کیزبە بە ئیتتیفاقی ئومەم
چونکە نووسراوە خەڵکی دەیخوونن لەم هەموو بەیتی ئێمەدا کوورن
وەرە ئەمجا لە حەسرەتان مەمرە چوار پەلی ئەسپی سوننییان مەگرە
وەکوو بەیتی حەتەم لە دەعوادا نییە، فیردەوسی سەد کلک بادا
ئەم فەسیحانە پاکی بێ ناون باعیسی پێت بڵێم نەنووسراون
دوو عەلین شاعیرن وەکوو حەسسان بەردەشان و حەریرە مەسکەنیان
یەکێ هەمنامی خۆم بە خۆم دیبووم شێخ وەسانی بوو مەردەکی مەعلووم
وەکوو من بوو بە زاهیری جاهیل باتینەن شاعیرێکی زۆر کامیل
ئەحمەدی کۆر لە شاری سابڵاغە بەیتەکی داغە، بەیتەکی باغە
ئەمە مەجمووعی شاعیری غەڕڕان هەروەکوو مەسنەوین لە نێو کوردان
هەموویان بێ نەزیر و یەک وەزنن قابیلی بەزم و لایقی ڕەزمن
غەیری دمدم لەمان بە نەزمە جودا بێ سەدا تەپڵی نەزمی دەنگ نادا
بە ڕەوانی میسالی ئابی ڕەوان ئیرتیجالین هەموو بەبێ دامان
کوللی بەیتێکی دووهەزار فەردن مانگەکی پێ دەوێ لەبەر کردن
ئەمە هەر کوردە لایقی تەحسین بێ کتێب و موعەللیم و نووسین
کامە منداڵ و شێتی لێ بگری هەر کە بیستی بە جارێ دێتە بەری
ئێستە مەعلوومی بوو هەموو میللەت ئەی مەلای دەرس و موفتیی ئوممەت
ئێمە بێ غیرەتین و بێ عارین ئەوی نەیخوێندووە لەمە عارین
قەید و تەزبیب و شەرح و حاشیەکان بوونە سەددی مەعاریفی کوردان
حاسڵی ئێمە وەک دەکەم تەخمین کرمی ئاوریشمین و مێش هەنگوین
نییە ئارام و ڕاحەتی و خەوتن شەو و ڕۆژێ هەتا دروستی دەکەن
کەچی ڕۆمی کە ئێمە دەیناسین وا دەزانێ کە ئێمە نەسناسین
یا نە ئێرانییەک کە مەعلوومە دایکی موتعە، باوکی مەوهوومە
ئەمە دەیکاتە کاسە دەینۆشێ ئەو کەوای لێ دەکات و دەیپۆشێ
سلام الله مني کل يوم لە ئەسحابانی ساحیب غیرەت و دین
لە بێ عاری هەموویان کەوتە یادم ڕمووزی ئیتتیفاق و ئیتتیحادم
لەبەر دووری لە ئەقران و لە ئەمسال لە کوردانم دەپرسی ضرب الامثال
لەبۆ ئەم یەک دوو ئەشعاری ڕەش و ڕووت هەتا پەیدا بوو ڕۆحم گەییە سەر لووت
دەفەرمووی ئەم عەزابە بۆچ دەکێشی چ مەلزوومە ئەگەر چاوت نەیێشی
قوڕی کوێ کەم بەسەر خۆما لە غوربەت خەوم نایێ لە داخی موڵک و میللەت
ئەگەر وەک من خەبەردار بن لە دەوڵەت لە حەیفان خۆ دەخنکێنن بەبێ پەت
چوار ملیۆنە کوردستان نفووسی بە قیسسەی ئەهلی تەخمینی کە نووسی
هەموویان شێری بێشەن حاتەمی جوود لە شەڕدا کێوی جوودی و بەحری مەمدوود
وەلاکین فایدەی چی هەرج و مەرجن لە دەعوادا لەگەڵ یەکتر بە مەرجن
لە گوێی گا نووستوون هەرچەندە شێرن وەکوو کەروێشکی چاوڕاماو و کوێرن
ئەوی ئەعلایە سەردەستەی شکارە ئەوی ئەدنایە بەستەی زولفی یارە
ئەوی ئازایە شەهنامە دەخوێنێ ئەوی مسکێنە گەنم و جۆ دەچێنێ
ئەمانە بێ شعوور و گێژ و وێژن موتیعی لۆتی خوێڕی و هەرزەبێژن
کوڕێکی وا نەبوو هەستێتە سەر پێ بزانێ خەڵقی چۆن کەوتوونە سەر ڕێ
بکا سەیری جەریدە و حاڵی میللەت کتێبی تازە و تەئریخی دەوڵەت
بزانێ تا چ قەوماوە لە ئەتراف سەراپا ئاگرە ئەتراف و ئەکناف
ئەگەر کارێک نەکەن لەم بەینەدا زوو مەمالیک کاتەکی زانیت لە دەست چوو
گەمی سەحرا و دەریا دێتە جەولان بە غەیری پێکوڕەی فەوجی سواران
بە تەرخانی بەسەر ناچێ، لەمەوپاش لە هەر لاوە دەتانهاڕن وەکوو ئاش
لە ژێر پێدا دەچن حەیف و مخابن گەدا بن ئێوە، دوشمنتان بە شا بن
بە غەیری ڕۆمی و ئینگلس و ڕووسی بێ حەددن دەوڵەتان ناویان بنووسی
لە جێی خۆیان هەڵستاون بە غیرەت لە دنیا ناوی خۆیان ناوە دەوڵەت
سەراپا ساحیبی سککە و سوپاهن وەکوو جەم ساحیبی تەخت و کولاهن
لە تەدبیری ئومووری موڵکی خۆیان شەریکن پینەدۆز و شاهـ و گاوان
لە هەر وەقتێ یەکێکی بێتە هاوار لە جوتیار و شوان و ئەهلی بازاڕ
لە جۆشین و لە نێشا مێشی هەنگن بە من چی کافرن یا نە فەرەنگن
وەکوو بیستوومە بۆ دەفعی مەسائیب ئەمە تەدبیری کورت و فیکری سائیب
لە دەشت و دێ و ویلایەت ببنە ئەحباب وەکوو شەخسێکی واحید بن لە هەر باب
لە بۆتان تا بەبان و سەرحەدی ڕەی لە ئەولاتر وەها نۆش بێتە سەر دەی
ببینە یەک لە تەعلیم و لە نووسین جل و بەرگ و زوبان و ڕەسم و ئایین
شاعیر و شێخ و خواجە دەربەدەرن لە قسەی بێ نەتیجەدا دەمرن
باسی زولفی درێژ و چاوی بەخەو نەبڕاوە بووە تڕی خوسرەو
قەید و تەزبیب و حاشیە و ئیعراب هەموو با بردی بوونە مەوجی سەراب
سەفەر ئەندەر وەتەن چ کەڵک دەگرێ سەیری ناکەی شەمەندەفەر دەفڕێ
بە قسەی سادە برسی تێر نابێ عەمەلە عیززی دین و دونیا بێ
ئاسنی سارد بە فوو نەرم نابێ بە تڕانیش حەمام گەرم نابێ
تەلغرافیش تەلێکە بێمایە موخبیری ڕوویی کوللی دونیایە
جەوهەری فەردی ئەو موجەززا بوو یا نەبوو، حاسڵی چ پەیدا بوو
گفتوگۆ حاسڵی هەمووی بایە عەمەلیاتە نانی تێدایە
عولەمامان بە قەولی بێ سەر و پا پاکی خنکا لە بەحری وشکی هەوا
سەنعەتێک فێر نەبوون لە پاش تەحسیل سەیری چۆن بۆ مەناهی بوونە دەلیل
یەک بە یەک بوونە خاینی دەوڵەت خاینی موڵک و دوشمنی میللەت
تا تەعیناتی کۆر و لاڵ مابوو لە گەلێ دێیەکان مەلای چا بوو
ئەو دووانە بە ڕەحمەتی خوا چوون شارەکان بێ مەلا و مودەڕیس بوون
بەڵێ وایە لە ئەلزەمی ئەشیا ئەووەلەن خواردنە، دووەم سوکنا
سێیەمی سەتری عەورەتە ئەنجا مەشغەلەی لا إله إلّا اللّه
پشتیوانی بینای شەرعی مەتین شیر و بەخشین و خامەیی ڕەنگین
بەو شەشە دین موحافەزە دەکرێ یەکێ مرد لەم شەشانە دین دەمرێ
عەجەبا بۆ چی ئەهلی موڵکی عێراق ئیتتیفاقی بەدەل دەکەن بە نیفاق
بۆ ئەمیرانی غەیرە دەبنە گزیر نەک لە خۆیان یەکێکی بێتە ئەمیر
ئێستەکەش فرسەتە گەلی یاران کەپەنەک بۆ چییە لە پاش باران
کوردەکی کۆیی کەوتەوە یادم پێم گوت: ئایا چلۆنە ئوستادم
وەکوو بیستی بە میسلی هەوری بەهار هاتە گریان و پێی گوتم: ئەی یار
عالیمی چاکمان هەموو فەوتان ئەهلی فەتوا موسافیری مەوتان
تاکەی قورعان بخووندرێ بە سەدا رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ أبدا
ئەوی ماون لە لێوی کەنداڵن جاهیل و بێ وقووف و منداڵن
نییە ابن الاثیرێ بێتە کەمان بەردی ابن الحجر بکاتە نیشان
پاک بە ئەنواری عالیمن موحتاج بێ دەلیلە ئەمێستەکێ مینهاج
کەس نەماوە بە غەیری کاک ئەحمەد شەیخی مەعرووف و عالیمی ئەرشەد
چاکە ئێستا دەکا لە بۆ کوردان تەرجەمەی شەرع و ئایەتی قورئان
واقیعەن خزمەتی لەبۆ خوایە چ دەبوو گەر بە کوردی نەبوایە
هەر کە وای گوت وەها موکەددەر بووم وام دەزانی کە وا لە دین دەرچووم
گوتم: ئێستاش لە سەر کەری ماوی چا بوو مستم نەدا لەنێو چاوی
کوردی ئاخر بڵێ چییە عەیبی هەر کەلامی حەقە نییە عەیبی
لەفزی کوردی بڵاو نەبوو گرد بوو وا لە مابەینی ئێمەدا تێ چوو
لە فەساحەت بڵا موعەڕڕا بێ چ قیامەت! بە ئەرمەنیش نابێ؟
بە زوبانی کەچ و خەتی خواری بە جەریدە و کتێبی خەڵواری
چوونە ڕیزی موعەززەماتی میلەل وەقتە خۆیان حیساب بکەن بە دووەل
یا لەگەڵ فارسی چ فەرقی هەیە بۆ چی ئەو ڕاستە، بۆ چی ئەم کەچەیە
با وجوودی ئەگەر بکەی دیققەت تێ دەگەن کام لە کامییە سیرقەت
چونکە ئێمە قەدیمترین لە ئەوان بە تەواریخی جوملەی ئەدیان
ئاخر ئەم عەقڵەیان هەبوو بۆیێ گەر سولەیمانییە وەیا کۆیێ
بوونە ئوستادی فارسی و تازی تا گەیشتن بە فەخرەکەی ڕازی
چونکە سەرمایە ماڵی خەڵقی بوو وەقتێ مردن هەموو بە هیچ دەرچوو
ئەمە مەعلوومی عاقڵە و منداڵ نییە عەیبی موناقەشەی ئەمسال
وەک مریشکێ کە عەقڵی نەیهێنێ بێت و هێلکەی مراوی هەڵبێنێ
وەک بگاتە کەناری جۆگەلەیەک نایەتە شوێنی، بمرێ، جۆجەڵەیەک
جێی ئەمە وشکە، جێی ئەوی ئاوە تێ دەگا قینگ دڕانی پێ ماوە
لە جوملەی ماجەرای دووری ویلایەت ئەمەش باسێکە خۆشە وەک حیکایەت
شەوێ دانیشتبووم بێ شەمع و میسباح ئەتۆی هێناوە یادم کاکە فەتتاح
گوتی: با کاغەزێکی بۆ بنێرین موحیببی سادیقە و هەمڕازی دێرین
منیش ئەم نامەیەم نووسی بە تەعجیل شڕ و وڕ وەک خەرار و کۆنەزەنبیل
بە بێ تەسوید و تەشیهـ و موبالات وەکوو بەیتی بلە هەر چۆنێ بۆم هات
بەڵام ئەفکاری خۆمە نەزمی کوردی لە خومخانەی خەیاڵی ساف و وردی
عیباراتی «دەری» و «تازی»م نەهێنا دەزانێ ماڵی خۆمە مەردی دانا
لە بەر پیری ئەمەندە بێ حەواسم دەڵێی ئەرکانی ئیسلامی ئیناسم
سەر و ڕیشم سەراپا بۆتە لۆکە بە شەو هەمڕازمە پشمین و کۆکە
غەریبی غوربەتی کردم بە ئەوتان سەراپا ئەرزی لێ کردوومە زیندان
وەلاکین تۆ كريم ابن الكریمی بە ڕەحمەت بابی ئەشعاری یەتیمی
ئەتۆ ماوی لە نوققادی ویلایەت ئەوانی تر هەموو بوونە حیکایەت
ئەگەر نالی بوو لێرە ناڵی ئاوێت دڵی کوردی بووە گەردێ لە بەر پێت
منیش کاتێ دەزانی پێم هەڵەنگووت ئەجەل بای سەڕسەڕە ئێمەش پەڕ و پووت
کە نامە گەییە ئێرە مۆرمان کرد من و فەتتاحی دانا زەرفمان کرد
جەلیمان نووسی ئەرقامی وسوولی بە ئوممێدی قوبوولی بێفزوولی
ڕەفیقانم لە کۆیە ئاشنا نین وقووفی حاڵی ئێمەی بێنەوا نین
سەلامێکە دیاریمان دیارە لە دار و بەردی ئەو دار و دیارە
خوسووسەن ئاستانەی ئەرجومەندی جەلیزادێکە عەبدوڵڵا ئەفەندی
چ عەبدوڵا عوبەیدوڵڵاهی ئەحرار موسەغغەر بەندەیێکە زەڕخڕیدار
بە نیسبەت تۆ عوبەیدیللاهی نەهرێ وەکوو بزنی گەڕە، مەهجووری دەیرێ
زەکاوەت کانییێکە تۆی دەراوی خەتی ئیقراری نووسیوە زەهاوی
مەلایێکی فەقێیانە ویقارت بەیانت ئاوە، گردە ئیقتیدارت
علوومت کافییە و شافی بە واجیب لە کۆی تۆ دەبتە حاجیب ئیبنوحاجیب
لە داخی تۆ دەسووتێ نەفتەوەیهی وەکوو بێ زەرد بووە ڕووی سیبەوەیهی
لە مەیدانی فەساحەت تۆ موجەللی حەریری تالییە و سەعدی موسەللی
بە غەیری جەددی ئێوە کێهە دانا لە کوردستان ئەساسی عیلمی دانا
وەرە با بێینە سەر باسی نیهانی بە یادی عەیش و ئەییامی جەوانی
بە فیکرت دێ زەمانێ چووینە باڵەک بە پێخاوسی نە کەوشم بوو نە کاڵەک
لەبەر پێم دڕک و دار و شاخ و باری وەکوو مەخمەر بوو نەرمی یا نە قاری
کە چووینە سینگوڕە سینەم گڕی بەست وەکوو قەندیلی سەرگەردان، وەکوو مەست
دەڵێن ئێستا هەواری گورگ و شێران وەکوو قەلبی حەسوودی تۆیە وێران
چکاوە ئاوی پڕژ و گۆلەشینی نەماوە هەر لە کۆتر تا شەهینی
گەرووی شێخی لە لوقمەی کۆچ و باران موعەڕڕایە میسالی ڕۆزەداران
ئەمە دنیایە نامینێ هەتا سەر لەبۆ ئازا و دانا، حیز و ماکەر
مەڵێ ئەم قیسسەیە بێ ڕێ و جێیە لە ترسی تۆ نەبێ هێشتا لە کوێیە
لە دەردی دووری و جەوری زەمانە گەلێ نەزدیکە زۆر دووری مەزانە
لە خۆم ئاگر هەڵێنم وەک چنارۆک لە چاوم گریە دەربێ وەک حەمامۆک
بە سەد قەید و هەواشی دەردی دووری بەیانی ناکرێ غەیرەز سەبووری
لەمەوپێش شەممەیەک عەرزی ئەتۆم کرد بڵاوە فیکر و عەقڵم، وەسوەسەی کرد
کەوا بوو چاکە جامەی خۆم قەبا کەم بەری دەست هەڵبڕم ڕووی خۆم لە خوا کەم
بڵێم ئەی ڕازیقی مێشوولە و فیل بە هەققی جوبڕەییل و هەم سڕافیل
هەڵیکەی بەیرەقی کوردی لە دەوران لە مابەینی کەکۆن و هەیبەسوڵتان
لە شەرق و غەربەوە تا قیتعەیی کۆ لەبەر گۆچانی ئەمرت بێ وەکوو گۆ
دەزانی زەحمەتە تەعدادی یاران بە سەد هاوین و زستان و بەهاران
دیارە دۆستدارانی ئەمن کێن لە خۆشناو و لە ئاکۆ و دەشتی بیتوێن
لە ئێمە هەر کەسێ پرسی تەمامی وەکیلی موتڵەقی سەرفی سەلامی
وەکوو من تۆش بنووسە بێ تەئەممول جەوابی نامەکەم مانەندی بولبول
غەرەز دەستخەتتی تۆیە، ناعیلاجی بڵا مەعنای نەبێ وەک بەیتی حاجی
لە مەیدانی بەهارا شارەکەی کۆ قوبەی کیشمیری دا بەر شەق وەکوو گۆ
لە مابەینی کەکۆن و هەیبەسوڵتان نسێی ئێوارە و سایەی سبەینان
لەلام زیللی هومایە چەتری سەنبەر چ جایێ سێبەری سەر و سنەوبەر
بەهاری بۆ گوڵ و بۆ میوە پاییز نەزیری گەر بڵێم نابێ بە جاییز
بە ڕەنگی ئاسمان تامی نەباتە بە سافی کەوسەر و ئاوی حەیاتە
نموونەی جەننەتە شیوی ڕەزانی بەهاری شامە ئەییامی خەزانی
گوڵی حاجیلەکانی دەشت و هاموون نەکەی بیدەی بە نەرگسجاڕی گەردوون
لەسەر کێوان گوڵووک و لالەیی سوور یەدی بەیزایی مووسایە لەسەر توور
لە خونچەی نەو دەمیدەی باغ و ڕاغی دەڵێی گەردوونە هەڵگیرسا چراغی
دەماوەندیش بە نیسبەت شاخی ئێمە بەهاری چەشمەساری وشکەدێمە
لە ڕێگای ئەورووپایی گەرچی وەستان لە تەسویری وەکوو کەر پاکی وەستان
لە کن بیتوێنی ئێمە دەشتی لاجان وەکوو ڕێی بانەیە، هەورازی بێجان
ئەهالی ڕۆستەمن وەقتی شەجاعەت لە حاتەم زێترن وەقتی سەخاوەت
کوڕی غیلمانە، کچیان عەینی حووری نەزەربازن وەلاکین دوور بە دووری
بە نیسبەت عیسمەتی مێردی لەگەڵ ژن ئەقالیمی ترن سەرسۆری بێ بن
موسافیرپەروەر و یاری غەریبن ئەوانن وا لە هەر عەیبێ بەری بن
لە دینداری فەقێیان وەک چیایە مەلای بۆ گەنجی دین حاجی قەڵایە
مەکەن مەنعم هەمووی ڕاستە مەقالەم بە بورهان و حەدیسی فەخری عالەم
وەتەن مەحبووبەیێکە حوجرەئارای نیشانەی دین و ئیمانە تەمەننای
لە ئادەم بگرە تا دەورانی ئێستا یەکێکە حاجی لەو خاکە هەڵستا
کە خەمخواری بکا بۆ میللەتی خۆی لە بەینی گەورەکان و شێخی بێپۆی
زەمانە تووشی دەرد و غوربەتی کرد غەمی کۆیێ پەرێشانی هەمووی کرد
بە قەددی ئاوەگردە دەردی دووری نەزیری ئێچقەڵایە بێ حوزووری
دوو ئاغای ماوە وەک بیستوومە ئەخبار ئەمین ئاغا و هەم ئاغەی ساحیبی کار
ئەمین و پشتیوانی قەسری میللەت نیگەهبانی خەزێنەی دین و دەوڵەت
لە دنیادا ئیلاهی هەر بمێنن بنەی بێ ئیتتیفاقی هەڵقەنێنن
لە قۆچ پاشاوە تا ئێستا ئەمیرێک لە کۆی پەیدا نەبوو یاخود وەزیرێک
لەبەر بێ ئیتتیحادی بوونە مسکێن لە ئاخیردا وەکوو زانیومە هەڵدێن
لە مابەینی کڵاوسوور و کڵاوڕەش پەرێشان و دیارن میسلی گای بەش
لەبەر ئەم ناتەبایی و کینەجۆیی لەلای ڕۆمی زەلیلن مەردی کۆیی
وەکوو بیستوومە ئەی یاری نکووپەی لە تەئریخی جەم و ئەسکەندەر و کەی
بە شیر و خامە دەوڵەت پایەدارە ئەمن خامەم هەیە، شیر نادیارە
نە بەیداغی هەیە نە تەپڵ و کووسی ئەمەندەی پێ کرا بێ چارەنووسی
وەزیفەی خۆم بە جێ هێنا تەمامی بە شیر و دەوڵەتە میللەت نیزامی
ئەوا خۆی کردە مەهدی حاجی قادر نە نادر شای هەیە و نە شاهی نادر
وەرە سەیری بزانە لاوی کۆیی مەهە دانیشتووە یا سەروە ڕۆیی
هەیاسە و پەستەکی لای نێوە شانی کەوای شیرداخ و فێس و جامەدانی
بە یەغمای داوە خەرقەی شێخی هیندی ڕەدا و تەیلەسانی نەقشبەندی
کە بیستی سەیدی دڵ لەم دەورە باوە لە پەنجا جێوە شەستی زولفی ناوە
دڵی ویستم دوو چاوی، دانی خۆشە دڵم نایە دڵی بشکێ، نەخۆشە
گرینم وەک شەوی پایز بەتاوە گوڵێکم بوو لە باغاندا نەماوە
مەڵێ غەم گەورەیە یا گریە وردە ئەمە گەرداوە، ئەویان ئاوەگردە
بەسە ئەی خامە با ئەم باسە پەی بێ وەرە سەر باسەکی وا فایدەی بێ
ئەمانە قیسسەیێکە زۆر کراوە وەکوو ئاوی شەوێ تامی نەماوە
گەلێ ساڵە ئەهالی شارەکەی کۆ شەو و ڕۆژێ لەگەڵ شێخانی بێپۆ
میسالی ئاگر و ئاگرپەرستن دەسووتێن و هەمیسان دەیپەرستن
لە عەهدی «کەر نەبی» تا دەوری «گا کوێر» لە گوێی گا نووستوون، زۆر حەیفە بۆ شێر
لەکن خۆتان فڵان ئیبنی فڵانن لە دنیا ئایین و ئۆین دەزانن
کەچی کەچ مەشرەبێکی بێ دیانەت بە حیلە مل دەنێتە بەر عیبادەت
شەریعەت گەر بزانی یا نەزانی وەکوو کەر دەچنە بن باری گرانی
لە مەش تەنها نییە سووچ و خەتاتان لە کەسبیش غافڵن میسلی مەلاتان
لە بەغدا بۆ چی خۆرما بێت و لەیموون لەبۆ دەرمان لە شار بێ ڕۆنی زەیتوون
لە دەوری کوللی باغی شاری کۆیێ دووسەد بن داری زەیتوونی بە جۆیێ
لە ئێوە کامەتان بوو یەک دوو بارێک بکاتە کیسەیەک یاخود خەرارێک
دوو پێی لێ دا لە کۆلا میسلی دۆشاو وەکوو ڕۆن ڕۆنی زیتوون بێتە سەر ئاو
وەیا کەی نێژراوە چەند نەمامەک لە نارنج و توورونج و هەر مەقامەک
بزانن شین دەبێ، نابێ، بە بەر دێ! لە جێگای گەرم و ساردی چی بە سەر دێ!
بەراو و ئەرزی ئێوە کیمیایە دوڕ و گەوهەر گەزۆ و مازووی چیایە
مەعادین خاتری تۆ بێ لەگەڵ کان گەنمتان زێڕە حەتتا زیوە زیوان
ڕەژووی واپۆڕ و خوێ و نەوت و گۆگرد لە کێوی ئێوە دا کۆیە وەکوو گرد
لە بەینی میللەتی خۆتان بەیاری بکەن تەقسیمی شاخ و دار و باری
دەوەن ئاخر دەبێتە داری گەورە مەڕی لەڕ خدمەتی بۆ گۆشتی چەورە
لە دنیادا ئەوی باقی بمێنێ لە عوقبادا گوناهی پێ نەمێنێ
عەتایە و حوسنی خوڵق و ئیتتیحادی ئیتاعەی عالمانە و شێخی هادی
خەریکی کاسبی و کاری حەڵاڵە بە غەیری ئەم ئەوانی تر بەتاڵە
ئەوانەی موڵکی خۆیان کردە دەوڵەت وەکوو بت دەیپەرستن جەمعی میللەت
میسالی ئێوە بوون یاخود وەکوو من ئەوان بۆ چی پیاون ئێمە وەک ژن
سکەندەر بۆ چی چار چاو و دوو سەر بوو فەرەیدوون فیل و کاوە شێری نەڕ بوو؟
لە دونیا هەر کەسێ هەستا بە هیممەت فەرەیدوونێکە، ئەسکەندەر مرووەت
لە سایەی شیعرەکانی وەک فەرەیدوون دەمێنێ حاجی تا دەورانی گەردوون
هەر کوردە لە بەینی کوللی میللەت بێ بەهرە لە خوێندن و کیتابەت
بێگانە بە تەرجەمەی زوبانی ئەسراری کتێبی خەڵقی زانی
یەکسەر عولەما درشت و وردی نایخوێننەوە دوو حەرفی کوردی
ئوستادی خەتن لە ئەم سیانە وەک دی لە زوبانی خۆی نەزانە
مومکین نییە دەربچێ لە چەنگی حەتتا ڕەقەم و خەتی فەرەنگی
ساحیب کوتوب و پەیامە هەر کەس ئێمە نەبێ بووینە قەومی چەرکەس
کاکە ئەمە موئمینین، نە ڕووسین بۆچ کفرە زوبانمان بنووسین؟
میللەتی بێ کتێب و بێ نووسین غەیری کوردان نییە لە ڕوویی زەمین
سێ قەبیلە حەقیر و بێ ڕوومەتن کورد و دۆم و یەهوودی گومڕاهن
دۆم و جوو چاکە ئیتتیفاقی هەیە کوردە بێ غیرەتی و نیفاقی هەیە
جینگەنەی ئێرە با وجوودی کەرن هەروەکوو دۆمی ئێمە دەربەدەرن
لێوە عاقڵترن بە سەد مەنسەب کوڕی خۆیان دەنێرنە مەکتەب
ئێستەکێ ئامیرانی کوردستان هەر لە بۆتانەوە هەتا بابان
لەم هەتیوانی مەکتەبەن یەکسەر کوردەکان بار دەکەن وەکوو ماکەر
وا دیارە هەتا کوو دنیا بێ کوردەکان حاڵیان دەبێ وا بێ
جوو چ قەدری هەیە لەنێو کوردان غەیری لێدان و جوێن و تێهەڵدان
حاڵەتی ژێرەدەستی هەر وایە نۆکەری کاری چاکی بۆ نایە