دیوانی حاجی قادری کۆیی/ن
1
editئەم سەگانەی کە لەلای ئێمە وەزیر و وکەلان | بێنە لای تۆ بە خودا نایکەیە گاوان و شوان |
ئەمە کەرمێزە دەڵێن واریسی شەرعی نەبەوین | هەموو عەبدی سەنەمن، باسی مەکە گەورەکەیان |
هەر ئەدیبێک بووە سا خوا لە دەمی ناوە بڵێ: | دەوڵەتی داوە بە کەر، نیعمەتی داوە بە سەگان |
هەر کەسێکی کەسە، ناکەس نییە، حەرفێکی بەسە | وەرە سەر باسی خەت و خاڵی هەتیوی خۆمان |
ئەی فیدای خاکی دەرت تاجی کەی و مەسنەدەی جەم | وەی بە قوربانی سەر و فێسی کەچت تاجی کەیان |
خۆم بە دارا و بە ئەسکەندەر و خوسرەو نادەم | گەر بزانم لە بەر ئەم دەرگەیە دەبمە سەگەوان |
عاشقانی تۆ هەموو تیری نیگاهێکی بەسە | وەرە دەرگانەکەمان زامینی تۆم بمکە نیشان |
بە ئومێدی ئەسەری حوسنی ڕەزا دەچنە وڵات | شیعرەکانم کە سەراپا وەکوو خۆم بێ سەروپان |
نالی و خاکی بەبە، حاجی و کۆیە بە مەسەل | عەینیهی حافز و شیرازە کەلیم و هەمەدان |
2
editخاکی جزیر و بۆتان، یەعنی وڵاتی کوردان | سەد حەیف و سەد مخابن دەیکەن بە ئەرمەنستان |
وا ڕێگەتان دەبەسرێ عێلاتی جاف و بڵباس | گەر مردوون لە گەرمێن مەمنووعە بچنە کوێستان |
کامی کچ و هەتیوی شیرین بێ ڕایدەکێشن | هاوار دەبەن ئەبەر کێ پەشمە دەخیل و ئامان |
مەسجید دەبێتە دێرە ناقووسیان موئەززین | مەتران دەبێتە قازی، موفتی دەبێتە ڕەهبان |
هیچ غیرەتێک نەماوە سەد جار قەسەم بە قورئان | پەیدا بێ ئەرمەنستان نامێنێ یەک لە کوردان |
سەرتان لە قوڕ هەڵێنن، ئەحواڵمان ببینن | چۆنین لە دەستی زوڵمی بێدینی دوور لە ئیمان |
وەڵڵاهی سوممە بیللا، تەڵڵاهی ئەم بەڵایە | هەر هێندی پێ دەزانن ئیقلیمی کردە تۆفان |
تۆفانی ئاو نییە هیچ دەرچێ لە کێوی جوودی | بەحری تفەنگ و تۆپە، ئینسانە بەحری عوممان |
ئەم قیسسەیەی کە کردم ناگاتە چەند ساڵێ | ئەم حاڵەتە دەبینن یەک یەک بە چاوی خۆتان |
حاڵ ئێستەکە وەهایە مەگەر خودا بە سووکی | تێکیان بدا وە ئیللا دوورە لە عەقڵی ئینسان |
هەرچی وەکوو بەیانم بۆ کردوون بە تەحقیق | پەیدا دەبن سەگانە، کام قوڕ بکەین بە سەرمان |
لەم بەینە ئیتتیفاقێ پەیدا بکەن بە مەردی | فەرقی نەبێ شوان و جوتیار و میر و گاوان |
سوێندیش بخۆن بە دین و ئیمان و سێ تەڵاقە | بۆ حیفزی دین و میللەت خۆتان بکەن بە قوربان |
گەر هیچ نەبێ بە ئۆین تابیع بە دەوڵەتێ بن | بێگانە چاکە دوشمن نەک دوشمنی لە خۆتان |
ڕۆمی وەکوو بەنی موون کەس پشتیان پێ نەبەستێ | کەوتوونە داوی خۆیان، سەرگەشتە ماون و حەیران |
کوا والیی سەنەندوج، بەگزادەیی ڕەواندوز | کوا حاکمانی بابان، میری جزیر و بۆتان |
ئەو ئایەتەی فَسِيرُواْ فِي الأَرْضِ خوا کە فەرمووی | ئیجرای دەکەن سەگانە بالنفسه شاهی خۆیان |
کوا ئەو دەمەی کە کوردان ئازاد و سەربەخۆ بوون | سوڵتانی موڵک و میللەت، ساحیبی جەیش و عیرفان |
جۆشێک بدەن وەکوو هەنگ، تەدبیر بکەن بەبێ دەنگ | ئەسبابی شەڕ پەیا کەن ئەرکانی حەرب و لێدان |
پاڕانەوە و تەوەککول لەم عەسرە پارە ناکا | تیرە دوعایی جەوشەن پەیکانە حیرزی مەیدان |
بۆ چی بەشیری ئێمە یەعنی ڕەسوولی ئەکرەم | هیچ ئەدعییەی نەزانی ڕۆژێ کە دەچووە مەیدان |
وەک خێوە و بوخارا، ناڕوا بەڵا بە هیممەت | ڕەفعی بکەن مەشایخ، دەفعی بکەن مەلاتان |
هەر میرێ کەوتە شوێنی یەک دوو کەسی ڕەش و ڕووت | خەڵکی بە موور دەزانێ، خۆی حەزرەتی سولەیمان |
یەکتان نەچوونە گەردش وا تێ دەگەن لە دنیا | هەر پادشاهی ڕۆمە و شاهی عەجەم لە تاران |
قوتبی زەمانە خالید ئاوارە بوو وەکوو من | بێ قەدر و قیمەت و شان، بێ خان و مان و بێ نان |
شیر و قەڵەم شەریکن لەم عەسرەدا، درێغا | شیرم قەڵەمتراشە و کالانییە قەڵەمدان! |
ئەم مەسئەلە مەشهوورە گەر قوڕ دەکەی بە سەرتا | ئیکسیرە خاک و خۆڵی دەرماڵی گەورەماڵان |
تەنها ئەمە وەها نین، دیباچەیی مەم و زین | حاڵیت دەکا چلۆنە ئەحواڵیان سوخەندان |
خۆتان دەڵێن: ئەگەرچی مەشهووری خاس و عامە | هەر ڕێوییەک گەڕابێ ئازاترە لە شێران |
سەد قائیمە و قەسیدە کەس نایکڕێ بە پوولێ | ڕۆژنامە و جەریدە کەوتۆتە قیمەت و شان |
بنواڕە سەعی و غیرەت ئێستا لە دەوڵەتی ڕۆم | خۆیان خەزێنەدارن، خۆیان تەبیب و سوڵتان |
هەر دوێنێ ئەهلی سوودان هەستانە پێ وەکوو شێر | ئێستێکە موستەقیللن مەحسوودی کوللی ئەدیان |
بولغار و سیرب و یۆنان، هەم ئەرمەن و قەرەتاغ | هەر پێنجیان بە تەعداد نابن بە قەددی بابان |
هەر یێکە موستەقیللن، کوللێکی دەوڵەتێکن | ساحیبی جەیش و ڕایەت، ئەرکانی حەرب و مەیدان |
هەم حەققیانە ئەرمەن غیرەتکەشی یەکترن | وەک ئێمە نین لەگەڵ یەک دەعوا بکەن بە شیران |
بۆ فەننی حەرب و سەنعەت، بۆ زەبت و ڕەبتی میللەت | دەینێرنە ئورووپا گەورە و بچووکی خۆیان |
حاجی کەسێکە بێکەس بۆ ئێوە قوڕ دەپێوێ | گوێی لێ گرن زەریفە، ناگرن بەڵا لە خۆتان |
3
editلە ڕۆما کەوتە بەر چاوم کەسێکی هائیم و حەیران | بە هەیئەت تێی گەییم کوردە بە شێوەی ئەهلی کوردستان |
کە چوومە خدمەتی پرسیم: برادەر خەڵکی کام جێگای؟ | لە کام لا هاتوویی؟ گریا، گوتی: بابان! گوتم: بابان؟ |
دڵم داوە، گوتم: باوکە هەموومان بێکەسین لێرە | چ قەوماوە، گەلێ حەیفە، مەگریێ هەروەکوو باران |
گوتی بۆ غوربەت و ڕووتی نییە ئەفغان و هاوارم | لە داخی حاکمی خۆمە، لە شان و شەوکەتی تورکان |
گەلێکم بیستووە پەستی و بڵندیی دەوڵەتان، ئەمما | جیهان نەیدیوە پەستی وا میسالی حاڵی کوردستان |
لە وەقتی خۆی هەموو شا بوون، سەراپا بێخەم و شا بوون | لە جوودا حاتەمی تایی، لە شەڕدا ڕۆستەمی مەیدان |
لە پێشا خاکی مە لانەی پڵنگ و شێری ئازا بوو | ئەمێستا مار و مێروو، گورگ و ڕێوی لێی دەکەن سەیران |
لە کوێ ما نەعرەتەی تەقڵە و جلیت و ڕمب و ڕمبازی! | لە کوێ ما دەنگی زوڕنا و دەهۆڵ و شایی و سەیران! |
لە هاڕەی شەشپەڕ و نەڕڕەی سوار و بەرقی شەشخانە | لە تەققەی ناڵ و شەققەی سم، لە ڕەققەی تۆپز و قەڵغان |
دەهاتە جونبوش و لەرزین لە ماهی بگرە تا ماهی | لە سەحرا چەندە وەحشی بوون لە ترسان چوونە سەر کێوان |
لە ڕیزی زەبر و زەنگی وان کەسێکی تر نەبوو هەرگیز | بە شیر و حیشمەتی کوردە کە ماوە دەوڵەتی ئێران |
سەرا و ئەیوانیان ئێستا کەلاوەی کوندەبوو و جوغدە | ئەگەر مەیدان و دیوانە سەراپا بوویتە جێی دۆمان |
لە پاشی ئەو هەموو گریان و ناڵە و زارییە پێم گوت: | عەزیزم غەم مەخۆ هێندە، لە سایەی ڕەحمەتی ڕەحمان |
ئەمیرێک ماوە پاشایە. گوتی: کێیە؟ گوتم: شێرە | گوتی: لێرە؟ گوتم: لێرە، هەتا تاران و هیندستان |
بە خۆی شێرە وەکوو ناوی، لە شەڕدا دوژمنئەندازە | تەمایان هەر بە ئەو ماوە جەمیعی خاکی کوردستان |
هەچی جێگەی ئومێدمانە و ئەوی دڵ خۆش دەکا ئەمڕۆ | کەسی دی لەو بەدەر نابێتە خەمخۆری گەلی کوردان |
4
editپەرچەم و فێسی کەچی تۆ ئەی جوان | تاجی کەیانە و عەلەمی کاویان |
من لە غەمت ڕێگەیەکم کەوتە بەر | خوانی بەهەشتە و سەفەری هەفتخوان |
بێژەنی چاهی زەقەنی تۆیە دڵ | ڕاهی نەجاتی فەلەک و ڕێسمان |
تیری موژەت بۆ دڵی ئەسفەندیار | تیری گەزی ڕۆستەمی مازەندەران |
فیرقەتی تۆ لەشکری ئێرانییە | سەبری منیش لەشکری توورانیان |
بەسیەتی سا خوێنی سیاوەش نییە | جان و دڵت بردووە هەم دینمان |
حاجییە فیردەوسیی کورد، سا ئەتۆش | گوێ وەکوو مەحموود مەدە قەولی بەدان |
5
editفەلەک بە تیر و کەمانی لە ئێمە چۆتە کەمین | شکارگاهی زەمینە، لە چنگی کێوە دەچین! |
دەخاتە گەردنی ئێمە میسالی دابەستوو | گوریسەکی بەڵەکی سوبح و شام و ناترسین |
بە حوققەبازی و لەعبی زەمانە ناخەڵەتێین | ئەمێستە پێدەکەنین و لە ئاخیرا دەگرین |
ئەمین مەبە لە سبەینێ ئەمەت بەسەر دێنێ | حەوادیساتی زەمانە کە نایەتە تەخمین |
وجوودی ئێمە کە ڕۆژی حەیاتی ئاوا بوو | یەقین بزانە کە شەو لێ گەڕاو و دەربەدەرین |
ئەم ئەرزە کۆنەهەوارە، خەلایقیش کۆچە | تەماعی سووری نەبێ کەس لە ژێری چادری شین |
دوو گەز زەمین و سێ گەز جاو و مستەخۆڵێکە | لیباسی پێخەف و ڕایەخ هەتا دەگاتە سەرین |
سەبا موسەللەمی ئافاقە قاسیدی غورەبای | ئەنیسی یاری و هەمڕازی عاشقی خەمگین |
سبەینێ هەستە مەوەستە خەبەر بگەینە وڵات | دیارە چەندە حەزین و غەریب و بێ کەیفین |
کە چوویە سەر حەدی بابان و عێلەکەی جافان | بگریێ هەروەکوو بارانی ماهی فەروەردین |
لە قوڕ بنیشە بڵێ: قەوم و قیلە هاوارە | ئەسیرە کەیفی لە ڕۆما لە حەبسی زێری زەمین |
لە کوردی بگرە هەتا تورک و عارەب و عەجەمی | لە ئاخ و داخی دەسووتێن و شین دەکەن دەگرین |
لە کوێرەدێیێ کە کەیفی تیا بێ فیردەوسە | جەهەننەمە کە نەما کەیفی شاری قوستەنتین |
حەزین و دەرهەمی ئەم شارە زۆری بێگانەن | لە حەسرەتی عەجەبا شارەزووری چەن دەگرین! |
گەلێ هەناسەیی کێشا و چاوی خۆی گێڕا | کەسی نەدی لە عەشیرەت، لە داخی چۆن نەمرین! |
زوبانی کوردی و تورکی و فارسی و عەرەبی | وەهای دەزانی وەکوو بەیتی خوسرەو و شیرین |
ئەمەش دەلیلە لە تەئسیری مەرسییەی کە گوتم: | چوار زوبانی تێ دایە قەسیدەیی ڕەنگین |
دریغ و حسرت از آن شاهباز سدره نشین | به دام مرگ فتاد و به خاک گشت دفین |
ز لوحهی خط موزون و قطعهی منظوم | خجل شد ابن هلال و ڕوان ابن متین |
بە کێ بڵێم کە بە کەیفی بڵێ بە کەیف و سروور: | خەمی نەبێ کە فەلەک عاکیفاتی چللەگوزین |
جنوبهم تتجافی عن مضاجعهم | یستغفرون لک بالغدو حتا حین |
علی تعلو بااعلی الجود عبرتنا | مدی الزمان انوح نیاح منتدبین |
اوگون کە اسب کلامی زمانە ایلدی زین | کف کفایتی کیفیە ویردیلر دزگین |
بو گیجە کیفی افندی گورندی ڕویادیە | جناندە زمزە غلمان و حورە اولدی یقین |
کسلدی ماتم نظمندە زەهرەنک تاری | طاغلدی حسرتی نثرندە عقدەی پروین |
کبیر در بو مصیبت، عظیم واقعە در | صغیر یازینە تاریخی، خامەی مشکین |
لە یەک دو لاوە هەتیوی لە پاش بە جێ ماوە | یەکێکی بیکری مەعانی، دووانی تیفلی حەزین |
ئەمن کە مامی ئەوانم دەیاندەمە ئودەبا، | کچانی زادەیی تەبعی لەتیفی حیجلەنشین |
وەلێ کوڕانی ڕەزا نین بە خاکی ڕۆم و دەڵێن: | لەلای ویلایەتەوە چاوەنۆڕی مامی ترین |
قەڵەم شکا و موڕەککەب ڕژا و نامە نەما | لە داخی قافییە تا خۆی گەیاندە ئاهـ و ئەنین |
ئەدیب و ئاقڵی لەم بەحرە وەک «تڕی بن گۆم» | گەلێکی ون بووە حاجی وە چاکە لێی دەرچین |