دیوانی حاجی قادری کۆیی/و

ئەگەر لێدانە مەقسوودت بفەرموو وەگەر قەتڵە مەرامت ها دەسا زوو
لە ڕێی خووا مەیکە تەحسیلداری ئێمە ڕەقیبی کافر و بێدین و بەدخوو
شەو و ڕۆژێ دەبرژێم و دەقرچێم بە سووتن ئیکتیفا ناکەم وەکوو موو
گەلاوێژە گەلاوێژی دو چاوت درەوشاوە، سەر و ڕیشم سپی بوو
کە خۆیان خستە بەحری ئەشکی خوێنین دڵ و جان بۆ تەوافی خاڵی هیندوو
بە قەولی تاجری دەریایی ئەخبار دڵی دێوانە تێ چوو، ڕۆحی دەرچوو
ئەگەر دیققەت بکەن حاجی دەزانن لەبەر چی شێخەکان وا بوونە کەندوو!
ئومێدی وەسلی تۆم زانی نیشانەی بێنیشانی بوو ئەوەی ئێمەی فریب دا ئیلتیفاتی سەر زوبانی بوو
لەسەر تووری ڕوخت مووسا کە فیرەعونی خەتی لا دا لە سیڕڕی زاری تۆی پرسی جەوابی لەن تەرانی بوو
ئەگەر مووسا و دارا بی لە دنیا بەهرەوەر نابی دەزانی مەنسەبی هەردوو شوانی و ئاشەوانی بوو
لە سایەی لێو و دندانی لەبەر چاوم نەما شانی ئەگەر لەعلی یەمانی بوو، وەگەر ئەڵماسی کانی بوو
مەگەر بیستوویەتی خەتتت لەنێو چاهی زەنەخدانت ئەسیری یووسفە بۆیە نزوولی کاروانی بوو
ئەوی تۆ هەتبوو، من نەمبوو قەرار و سەبر و عیززەت بوو ئەوی من هەمبوو، تۆ نەتبوو: وەفا و میهرەبانی بوو
زەمانی حاڵ و سەرمایەی بەد و نیکت نەبوو سوودی بە موستەقبەل بڵێ حاجی لە مازی دا زەمانی بوو
بووکی دنیا وەک دەڵێن وا بێحەیا و بێفەڕ نەبوو هێندە دامەنهەڵکراو و حیز و ماڵانگەڕ نەبوو
ڕێی نیشانی ئێمە دا ئەو ڕۆژە ئادەم دەرکرا بۆیەکی ئەم عالەمە بێ شۆڕش و بێ شەڕ نەبوو
سۆفی بەم ڕەنگە کە وا گۆشتی براکانی دەخوا حیکمەتە ڕیشی وەکوو جاران درێژ و پڕ نەبوو
نیسبەتی ئێمە و ئورووپا قەترە و دەریا نییە بۆچ ئولولعەزمێک بە عەزمی بیعسەتی پێی تەڕ نەبوو؟؟
کێ گەڕی پێ کردبووی تووشی بەڵای خۆتم بکەی ئەو دەمە باسی عەزاب و دۆزەخ و کەوسەر نەبوو
ئەی مەهی دوو هەفتە تا شەمس و قەمەر تۆیان نەدی دانەگیرسان ئەو میسالی ئاگر، ئەمیان گڕ نەبوو
بەم هەموو تەجریدە وا حاجی دڵی خۆشی نەدی تا لە ئەتوار و قسەی ئەم دەورە کوێر و کەڕ نەبوو