دیوانی حاجی قادری کۆیی/ە

دالی قەدم کە ئەلفی عەسای گرت بە دەستەوە تیر و کەمانی سەیدی جەوانیم نەبەستەوە!
ئەی پەیکی ناڵە بێنی سەری زولفی بێنە چنگ گەر خاکی پێی دەڵێی، هەموو دەم وا بە دەستەوە
گاوی فەلەک بە باری غەمی زگ دەنێتە عەرز من چوومە ژێری بێ گلە بەم جیسمی خەستەوە
بۆ قەسری وەسفی ئەو مەهە میعماری فیکرەتم وەستاوە کوللی لەحزە بە خۆی و کەرەستەوە
قوربان ڕەقیبی سەگ دەس و پێمی شکاندووە چۆن بتگەمێ بە پێی شەل و دەستی شکەستەوە
ئەو نەوڕەسەی ئیجارەیی مسکێنەکان دەکا حەججاجە، گەرچی سەییدە بەم خەرج و هەستەوە
تا سوبحی گەردەنی لە شەوی زولفی هەڵنەیێ حاجی مەڵێ بە تالیعی نووستوو: هەڵستەوە!
ئەگەر جورعەی ڕەقیبت لا گوڵاوە نەکەی بیخۆیەوە پیس و گڵاوە
لە نەغمەی موتریب و مەی دانی ساقی برینم کەوتە سۆ، داخم کولاوە
لە ڕێگەی تۆ ئەوی بێ پا و سەر بێ پلۆقەی کەوشە، فەرقی بێ کڵاوە
مەڵێ نایخوێنتەوە نامەی فڵانی لە برژان و لە سووتانا کوڵاوە
بە یادی کونجی تۆ حاجی وەکوو بووم لە مەعموورە، دەچێتە ناو کەلاوە
باسی باوکی مەکە، ئارامی نییە ئەو تەرەسە ڕۆژێ جاسووسە، بە شەو تا بە سبەینێ عەسەسە!
ناکرێ مەدح و سەنای تۆ بە زوبان و بە قەڵەم حەقە مەدحت نەکەم و قافییەزانیم عەبەسە
شێر وەکوو موورە لە لای زولفی کەمەندئەندازی فیلە مێشوولەیە، لێی لابدە، عەنقاش مەگەسە
عادەتی گرتووە عوششاقی نەبێ هەڵناکا وەرنە بۆ کوشتنیان، نیمەنیگاهێکی بەسە
لێوی وەک قەندە موکەڕڕەڕ لە دەما شیرینە بۆیە تەکرارە وەکوو ناڵە ئەنیسی نەفەسە
چوونە ژێر باری ڕیاسەت کەری و ئەحمەقییە لە قەتاریش ئەوی پێشەنگە عەلاوەی جەرەسە
بوومی وێرانە بە ڕۆژ و سەگی ئەو کۆیە بە شەو هەردوو خزمی یەکن و حاجی بە بێ خزم و کەسە
ئەگەر خاڵت بڵێم میشکی خەتایە عەزیزی من ئەمەم عەینی خەتایە
لە بەر نەوخێزی سەبزەی دەوری لێوت تەنم کاهیدە میسلی بەرگی کایە
دەڵێن عەنناب و شەککەر چاکە بۆ دەرد گوڵاوی لێوی تۆ بۆ من شیفایە
تەبیبم هاتە بالینم وەهای گوت: درێغا دەردی عیشقە، بێ دەوایە
ئەگەر کوفرە بڵێم من موبتەلاتم وەرە سا بمکوژە بیللا غەزایە
ئەوە خاڵە لە سەر گۆنای شەریفت وە یاخود دانەیی داوی بەڵایە
خەمیدە قامەتی داوی خەمی تۆم ئەمەندەی ڕاستە حاجی بێ ڕیایە
ئەی موحەممەد وەی امین الدوله ئیمڕۆ کۆیی تۆ جەننەتێکە کەوتە دۆزەخ هەرچی لێی دوور کەوتەوە
موددەتێکە دەربەدەر گەردی دیاری غوربەتم بەندە یادی ئاستان بووسی ئەتۆی کرد هاتەوە
چونکە توحفە لازمە هەر کەس لە غوربەت بێتەوە بەم دوو فەردە من قەزای سەد گۆنە توحفەم کردەوە
قاوەچی بەزمی ئەتۆ دنیایە، سینی ئاسمان ئافتابی زەرفە، فنجانی مەهە، قاوەی شەوە
ئەو شەوە بۆ هەر کەسێ دونیا بکاتە ڕۆژی ڕوون شەو لە خیتتەی عومری ئەو عەنقایە دەربانی خەوە
ئەو فەلەک ڕیفعەتە هەر لەحزە نیقابێکی هەیە کێ دەزانێ وەکوو من خانەخەرابێکی هەیە
ڕاستە دڵ خەستە و بێچارە وەکوو نەرگسی تۆ نەرگسی مەستی ئەتۆ بەس نییە خوابێکی هەیە
شەمعی من سەرزەنشی قەت مەکە پەروانە ئەگەر ئێستە خامۆشە، شەو ئەلبەتتە جەوابێکی هەیە
شێعرەکانم کە غەریبی وەتەن و نەوسەفەرن وەرە بیخوێنەوە ئەم نوقتە سەوابێکی هەیە
قەدری حاجی بگرن مەقسەدی هەر دیدەنییە وەرنە هەرچی بگری نانەک و ئابێکی هەیە!
بای وەعدە بەفری بردەوە، یەخبەندی کردەوە گوڵ شەمعی پێ کرا، شەرەری جەمرە مردەوە
ئەسپی ڕەش و سپی بە گرەو غار دەدەن بە تاو وەک ڕۆژ و شەو، دیارە لە شەو ڕۆژ دەباتەوە
بولبول دەخوێنێ، با لە دەفی بەرگی گوڵ دەدا خونچە لە باتی گوێ بگرێ، دەم دەکاتەوە
نێرگس لە مێرغوزار دەزانی بە چی دەچێ بنواڕە ئاسمان لە شەوا عەینەهوو ئەوە
تامی نەماوە قیسسە و فورسەت غەنیمەتە، مەعلوومی خاس و عامە هەچی چوو نەهاتەوە
میسلی شەراری کاغەزە سووتاوە عومرمان ڕۆمی کە دەفع بوو گرێی دڵ دەفع دەبێتەوە
لەم وەقتە هەر کەسێ وەکوو حاجی لە گوڵشەنا دەستەگوڵی بە دەستەوەیە دەستی بردەوە
تا گوڵی ڕوخساری تۆ وەک من هەزاری عاشقە ڕاستیی قەددت لە سەر سەرو و سنەوبەر فایقە
با لە هەردوو لا بە زولفت باوەشێنی لێ نەکا مێشی خاڵت نافڕێ پابەندی شەهدی ڕائیقە
بۆ چی گوڵ پێناکەنێ ئاهم سەحابی باغییە گریە بارانی بەهارە، ناڵە ڕەعدی باریقە
شەو لە داخی عاریزت، ڕیشی سپی بوو ئاسمان گەر دەڵێی کەززابە ها بورهانی سوبحی سادیقە
سونبولی زولفت پەرێشانە، قەدی سەروت بڵند دڵ پەرێشانی پەسەندە نالەباری لایقە
حاسڵی وەسفی گوڵم نایێتە سەر حەدد و بەیان شیرینی فەرهادە، لەیلای قەیسە، عەزرای وامیقە
من دەبێ بمرم ئەگەر مەنعم نەکا حاجی لە خۆی با جەوابی لَن ترانی، خَرَّ موسی ساعیقە
زەمانە ڕەسمی جارانی نەماوە چراغی نازم و مونشی کوژاوە
لە دەوری ئێمە ڕۆمان و جەریدە ئەگەرچی مەقسەدە، زانینی باوە
ئەمان قەدری بزانن ئەم کتێبە لە دنیا ئێستەکی هەمتای نەماوە
لە ئەییامی حەیاتی شێخی خانی لەسەر نوسخەی خەتی ئەو نووسراوە
لە لای ئەربابی خۆی بۆ قەدر و قیمەت خەزێنەی گەوهەرە و کیسەی دراوە
لە مەجمووعی دووەل سۆران و بۆتان لە سایەی ئەم کتێبە ناسراوە
لە کوردان غەیری حاجی و شێخی خانی ئەساسی نەزمی کوردی دانەناوە
دڵبەرم مامزییە، بازی بە ڕەفتاری کەوە ئەی دڵی خەستە وەکوو گوربە بە شوێنی مەکەوە
داغداری ڕوخییە لالەیی حەمرا لە چەمەن نەرگسە چاولەبەری غەمزەیی غەممازی ئەوە
چی لە من داوە ئەجەل حەققی نییە بێتە سەرم خۆم ئەسیرم، دڵە نەزرە، ئەوە جانیش گرەوە
حەز دەکەی سوبحی قیامەت لە شەوا دەربکەوێ پێی بڵێ: دوگمەیی ئاوێنەیی سینەت بکەوە
سەفەری زولفی مەکە حاجی شەوت لێ دەگەڕێ با وجوود ڕۆژە لە لات وایە کە تاریکەشەوە
تەماشای قامەتم پیری چلۆن تیری عەسای دایە درۆیە داری گەورە وەک نەمامی تازە دانایە
ڕقی لێمە فەلەک، ساقی کەرەم فەرموو ڕەقی بێنە ڕقی وشکی لە تۆ نایێ ئەمان موتریب! لە تۆ نایە
لە دنیا ئەمتیعەی وەسڵی لەگەڵ من ناکرێ سەودا هەموو چین و خەتا لەم لا لە زولفی لام هوەیدایە
کەلیمە ئەو دەمە، زولفی عەسایە، خەتتی فیرعەونە یەدی بەیزایەتی گەردن، جەبینی تووری سینایە
سولەیمانێکە «نالی» ساحیبی دیوان و فەرمانە نییە کەس بێتە مەیدانی مەگەر حاجی خودئاسایە
جەهلی ئیشکالی مەسایل وا خەتی زانینمە زولفی تۆ قەید و حەواشیی سیلسیلەی ئاهینمە
دەخڵی خەرجی خۆمە بارانی نەباتانی زەوی هەوری پاییز ڕوویی سووتان خوسرەوی هاوینمە
خامە داخوازی دەکا ئەبکاری مەعنا، پێی دەڵێ: ڕووسیاهی دووزمان قەتعی سەرت کابینمە
ڕۆژی هیجران مەیلی ئەغیاری هەبوو ها بمکوژە حامیلی باری خەمت هەر گیانە چاو خائینمە
عەزمی تابووری سەفی موژگانی تۆ بۆم هات بەتاو هێرشی بۆ قەلعەیی ئیمانە یا ئایینمە
سەیری حاجی کردووە یار هات و ئێستا دەیکوژێ یا خودا وا بێ ئەمن چەند ساڵە وا ئامینمە
ڕۆستەمی مازەندەران ئەو وەقتە دەستی بردەوە هاتە ڕێی دێوی سپی، ئازانە دەستی کردەوە
هەروەکوو شارانی تر کەس ئاشنای کۆیێ نەبوو شوهرەتی ئەبیاتی من خەڵکی لە سەر کۆ کردەوە
هەر کەسێکی دایە بەر شەق زاڵی دونیایی دەنی گۆی لە مەیدانی جەوانمەردانی عوقبا بردەوە
ئەم هەموو زوڵمەی ڕەقیب کردی لە ئاخر، دڵبەرم ماڵی ئاوا بێ بە ماچی لێوی تۆڵەی کردەوە
داستانی هیجری من شەرحی بە نووسین ناکرێ پێت دەڵێم چۆنە ئەگەر چاوم بە چاوت کەوتەوە
ئاهی من سوورە، چیا وەک لۆکە هەللاجی دەکا عوقدەیی زولفی گرێی موویینە با نایکاتەوە
هەر کە بیستم پێم دەڵێ: حاجی سەگی دەرگانەمە من لە ترسی گورگی بەدکارم کەری خۆم بەستەوە
عەسا و قامەتم تیر و کەوانە کەچی دڵ تالیبی ڕەوتی کەوانە
ئەگەر جەمعی وەکوو عەقدی سورەییا پەرێشانت دەکەم وەک حەفتەوانە
هەتا کەی هەروەها شەققەی سمت دێ غەم و غوسسەی جیهان باری گرانە
ددان و مووی سەری وەک کوهنەپیران نیشانەی داوەشان و هەڵوەرانە
جەوانی وەک جوانی کەوتە داوی لەغاوی ڕیشییە، زینی ڕەوانە
بە سەر چوو خەتتی سەبزی، مژدە ئەی دڵ دەمی دروێنەیە و خەرمان و دانە
ئەوی خۆشم دەوێ میسلم نەدیوە بە غەیرەز خۆی لە ژێر ئەم ئاسمانە
لە بەینی زولف و خاڵ و نوونی ئەبرۆ بە ئەلفی قامەتی جانی جیهانە
لە هەردوو لامەوە زولفی دوو لانە ئەسیری کردم و بێ ئاشیانە
لە ڕۆما گەر مەتاعێ بێ تەماعی بە خۆڕایی بدەن هێشتا گرانە
ئەبووزەڕ مالیکی دنیایە لێرە، ئەوی «غازی» هەیە ساحێب «قڕانە»
ئەگەر توججاری حاجی پارە بێنە مەتاعە نیک و بەد، دنیا دوکانە
لەبۆ عوقبا بزانە کام بە کەڵ دێ ئەتۆ موختاری ئێستا لەم میانە
خەزنەیێکە بەیتی من دوو میسرەعم داخستووە کەس تەماعی تێ نەکا ڕێگەی دزم لێ بەستووە
بیکە بەر دیبایی نەزمم تا قیامەت نادڕێ چونکە ئەبکاری مەعانیی تار و پۆیی ڕستووە
زاهیرەن بەیتم لە نالی و کوردی زۆر کەمتر نییە تالعم بەرگەشتەیە، بەدبەختە بەختم نووستووە
باسی حوور و باسی غیلمان و پەری بۆ من مەکەن وەک مەهی بێ میهری خۆم نەمدیتووە و نەمبیستووە
نیوەشەو گەر دەرکەوێ وەک ماهی سەرکەل تەلعەتی وا دەزانن ئافتاب و موشتەری سەر بستووە
دەست و پێی ئەو پادشاهی حوسنە کوێلەم پێ دەڵێن هێندە ئەنگوستی پەشیمانیم لە حەسرەت گەستووە
دڵ لە کونجی سینەدا گەر خوێن دەنۆشێ و غەم دەخوا حاجی بۆ قوربانی عیدی وەسڵی تۆ دایبەستووە
خەم مەخۆ بۆ نان و خوانت خەڵقی هێشتا نوستووە زاڵەکەی دنیا تەنووری مەشریقی داخستووە
بێخەویم دایێ نەخۆشیم لێ کڕی چاوی، کەچی وەک من و بەختی سیاهم هەر نەخۆش و نوستووە
لێت دەشێوێ هەر کە زولفەینی پەشێوی لابدا ماهتابی سەرکەلە یا ڕۆژەکەی سەر بستووە
دڵبەرم بەرمامکی دابوو لە بەر ئێشی ددان وا دەزانن ڕوومەتیم ئەمشەو لە خەودا گەستووە
تاقەت و سەبرم ئەگەر ڕوویین تەنی ئەفراسیاب ڕۆستەمی هیجری لە ئەرزی داوە دەستی بەستووە
ئەی سەبا یارم ئەگەر پرسی لە حاڵم پێی بڵێ: مابوو تا ئەو وەقتە هاتم وادەزانم مردووە
خەم مەخۆ قوربان لە بۆ قوربانی عیدی وەسڵی تۆ موددەیێکە بەو ئومێدە حاجی خۆی دابەستووە!!
قیسسەی شەبی هیجرانی مەکە باسی سبەینە لەو شامەوە تا سوبحی دوسەد فەرسەخی بەینە
مەورووسی تووە خوڵقی حەسەن، حوسنی خەلایق چونکی کە موسەغغەر بکرێن هەردوو حوسەینە
قانوونی شیفابەخشی نیگاهت بە ئیشارات جەللادی ڕمووزی کوتوبی حیکمەتی عەینە
زاهیر مەکە دەللاکی بە مووسای یەدی بەیزات بۆ خەتتی یەهوودی کە شەڕی بەدر و حونەینە
تا سادە بوو جانی نەدەویست ئێستەکە لەعلی دوو شاهیدی مەستی خەتی هێناوە کە بەینە
دڵ گەرمە بە دەوری قەمەری گەردشی چەرخی خورشیدی زەمانە کە هەموو مووجیبی بەینە
یار هاتەوە فەرمووی خەتم هێناوە بە سەوقات پێم گوت: ئەگەر ئەم توحفەیە بۆ حاجییە مەینە
لەسەر شەو ڕۆژی داناوە، مەڵێن فێسی لە سەر ناوە لە بەر با جامی یاقووتی بە میشکی وشکی داداوە
لە دامێنی چیا بۆ خەرمەنی گوڵ خێوەتی خارا بە دوو ئەستووندەکەی زیوین تەنافی زولفی هەڵداوە
لە بەرقی ڕەنگی شەڕواڵی حەیا دامێنی هەڵماڵی لە تەققەی دەنگی خرخاڵی لە گەردوون زوهرە داماوە
لە تەققەی ناڵ و شەققەی پانی بەرزی ئاسمان لەرزی تەق و تۆق کەوتە سەر ئەرزی، دەڵێی مەحشەر هەڵستاوە
لە تاویەی هەڵگەڕاوی زولف و خاڵی ڕەش تەماشا کەن بۆ تەیری دڵ بیعەینیهی دەڵێی ئەم دانە ئەو داوە
بە سەد خوێنی جگەر فێری نیاز و ناز و عیشوەم کرد کەچی ئێستاکە دەمگاتێ دەڵێ سا لاچۆ بەو لاوە
لە تەسویری قەڵەم موو کەوتە بەر دەم، نوقتەکی دانا ئەوی کردە کەمەر نەققاش ئەمی بۆ زاری داناوە
دەری تۆ کەعبە بوو حاجی تەوافی کرد و نەیزانی چ قەوما کەعبە کەچ بوو، مسجدالاقسىیە ڕووخاوە!
ئەم خەیمە کە شەمسییەیی شاهەنشەهی ئەرزە تا چادری نیلووفەری سەر تەپڵەکی بەرزە
ئەتنابی وەکوو توولی ئەمەل لاموتەناهی ئەوتادی وەکوو کێوی ئوحود مەرکەزی فەیزە
سەقفی وەکوو گەردوونە، شکافی وەکوو ئەنجوم پەردەی وەکوو ئەدواری سەما ئەتڵەسی سەوزە
هەروەک ئەلفی جانە ستوونی لە سکوون دا نەک تابیعی غەیرە، موتەحەڕڕیک وەکوو هەمزە
ئەوسافی وەکوو خەتتی دو زولفە بە چەپ و ڕاست وەک ماری موتەلسەم کە تەلیسمی سەری کەنزە
وەسفی چ بکەم؟ نێوەنی گوڵ، دامەنی سونبول شایستە سەناخوانی بکەم هەروەکوو فەڕزە
لای ژووری سەمەن، نێوەنی گوڵ، دامەنی سونبوڵ لەو سوورەت و مەعنایە کە سەد جەننەتی لەغزە
فیلجوملە وەکوو خاڵی ڕوخی دڵبەری حاجی دڵ پەستە، دەسا بادی سەبا هەستە مەلەرزە!
هەر لێرە هەتا دەشتی بەهەشت ئاینی لاجان ئاهیستە بڕۆ نەک وەکوو دێوانەیی هەرزە
تا داخیلی خەڵوەت دەبی ئەمجا بە وەکالەت خاکی قەدەمی ماچ بکە بەم تەرزە کە تەرزە
مەئزوونی ئەوەندە وەکوو ئاهم بە نەزاکەت لا دەی سەری زولفی نە وەکوو بیخەیە لەرزە
ئەم نەوعە گوڵە هەڵدەکەوێ ساڵێ لە قەڕنێ نەک وەک گوڵی بازاڕییە هەرساڵە کە سەوزە
بە ڕوخ و زولفی شەو و ڕۆژی هەتا ڕۆژ و شەوە گرپەیی دەم بە دەمم دوژمنی خوێنینی خەوە
فیتنەیی غەمزە و نازی نیگەهـ و چاوە کە وا هات و هاوار و هەرا و گێچەڵ و تاڵان و ڕەوە
دڵ لە فیکری دەهەنت هالیکی ڕێگەی عەدەمە یا موقیمی سەری زولفی تۆ وە یا ڕاهڕەوە
لەگەڵ ئەم ئاهووە دێ ئەم سەگی ڕیش کۆن و نوێ دێتە سوو، دێتەوە سوێ، ڕێشێ کە کۆنەجدەوە
لە بەهای موژدەیی وەسڵی قەدەمی چت بدەمێ دڵ ئەنیسی سەری کۆی دولبەرە جانیش گرەوە
لە دەوری خاڵەکەی کوڵمی کە ماری زولفی داناوە لە سەر تەسویرەکەی ئادەم مەلەک سەد عوزری هێناوە
شەوی میعراجی سوبحانە بە قەددی سەروی تۆی زانی لە سیدرە جوبڕەئیل بۆیێ لە نیوەی ڕێگە لایداوە
کە شەیتان تاقی میحرابی برۆی تۆی دی وتی: یا ڕەب لە سوجدەی حەزرەتی ئادەم سەری خۆم بۆ چی باداوە!
بەڵام ئەی ویشکەشێخانی زەمانە پێم بڵێن ئاخر لەبەر چی پەرچەمی ساقی لە سوبحی جەبهە تۆراوە
بەغەیرەز باسی ئەو زارە موهیممە دەرکی ئەو زارە ئەوی بیستوومە بیستوومە، ئەوی دیتوومە دامناوە
چ سەییادێکی سەییادی کە بۆ سەییادی ئوستادی چ هەستی کردووە هەستا چ بازی بەست و وەستاوە
وەرە ڕەبعی دڵ و چاوم بەهەشتی ڕوبعی مەسکونە هەتا دڵ حەز دەکا باخە هەتا چاو بڕ دەکا ئاوە
نیهایەت بمکوژن وەڵڵا لە ماچی لێوی خۆش نابم ئەوی خوا حەز نەکا نابێ، ئەوی قەوماوە قەوماوە
لە حەققی مەقدەمی حاجی قوڕی کوێ کەم بە سەر خۆما دڵێکم بوو لە دنیادا ئەویش بەینێکە تۆراوە
لە دوو لا ئەژدیهای زولفی لە گەنجی حوسنی ئاڵاوە لە لایەک عاقڵم ئەمما لە ئەو لاوە تەمەع خاوە
لە بۆ مەردوم وەها چاکە کە ماڵی خۆی لە بەر چاو بێ وەکوو چاوم لە دنیا دا ئەگەر مەحسوولی هەر ئاوە
لە ژووری ئاوی مووسایە، لە خواری ئاگری توورە عەجایب خەتتی فیرعەونی نە خنکاوە و نە سووتاوە
ئەگەر چاوم لە دوڕباری نە عەینی ما نە ئاساری لە دینی ناکەوێ چونکە نیشانەی خاڵی هەر ماوە
ئەمێستێ مووری خەتتی ماچ بە وەجهی توحفە گەر بێنێ ئەگەر لاقی کولەی پێ دا سولەیمان خاتەمی داوە
بە سەر ڕووما دەیێ تابووری ئەشکم بۆ مەدەدکاری کە دیتم قەلعەیی حوسنت سوپای خەت مەحسەرەی داوە
یەقین مورغی دڵم حاجی لە داوی زولفی دەرناچێ هەتا ئەم خاڵە موشکینە مەکانی عەنبەری خاوە
قسەیێکم هەیە دەیکەم مەڵێ بێ تەجرەبەیە با وجوودی، ئەوی نادانە لە لای وەک گەمەیە
موقتەزای ئاب و هەوای خاکی دیاری ڕۆمە ئەهلی سووتاوی مەیە، بەستەیی ئاوازی نەیە
حاکمی ڕێگری مەعموورەیە، قازیی دزی ڕۆژ وزەرا و وکەلای گورگە، ڕەعییەت گەلەیە
سالیکی ڕیخە ئەگەر شێخە ئەگەر مێخە، لەوێ شێخە هەر کامێ نەدا تا دەمرێ هەر دەدەیە
زانی و شاریب و لۆتی دەگرن؛ والی دەڵێ: بەری دەن پارەیی خۆی دایە، چ عەیبێکی هەیە
هێندە بێگانە لە ئیسلامن و ئەحبابی فەرەنگ موتتەقی دێوە لە لایان، موتەشەڕیع شەوەیە
زوڵمیان عامە لە سەر عاممە، ڕەعیەت فەوتا تۆ مەکە مەنعی عەوامیل، کە خەتای گای بنەیە
هەر لە شا تا بەگەدا تووشی یەکێکی نابی لێی بپرسی بە حەقیقەت بڵێ: جەددم ئەمەیە
لازمە ئەم غەزەلە وەک غەزەلێ بیکەنە بەر هەر وەکوو حاجی: ئەگەر شارە، وەگەر دیهکەدەیە
لە نەزاکەت کەمەری وەک خەتی ئەهلی حیکەمە لە نەبووندا دەهەنی بێ قسە عەینی عەدەمە
چین یەکێکە کەچی زولفی کەچی عاجزە، بۆ؟ دڵی سەودایی خەتای کردووە بۆیە نەدەمە
ماچی ئەو خونچەدەمە بێ حەقی جان موهری دەمە سالیکی ڕاهی عەدەم، بێ دەمی نەقشی قەدەمە
گەر ڕەزا بێ چییە بۆ ماچی دەمی جانی عەزیز تەجروبەم کردووە عیشرەت بە دەمە نەک بە دەمە