دیوانی حەریق/ت
1
editئەم خوسرەوی خووبانە کە وا دێتە نەزارەت | شیرینە ئەگەر دڵ بڕفێنێ بە ئیشارەت |
ئیسمێکی شەریفی هەیە مەنعە لە تەسەڕڕوف | جیسمێکی لەتیفی هەیە لاییق بە سەدارەت |
نەقدی دڵ و ڕووحم هەیە بۆ موژدە لە ڕێدا | زۆر لاییق و شایستەیە بیدەم بە بەشارەت |
میوەی ئەمەلم کاڵە بە دوو چاوەیی کاڵی | کالایی خەیاڵم هەموو ڕۆییوە بەغارەت |
لەو وەختەوە، تەخفیف کرا ئیسمی شەریفت | من سووکی لەلام بۆتە نیهایاتی وەزارەت |
نوقتەی دەهەنت وا دڵی هێناومە تەنگی | جێگایی خەیاڵی نییە بۆ فکری بەکارەت |
تۆ ساحیبی ئەم چاهی زەنەخدانە بی قوربان | سەد یۆسفی کەنعانی دەبێ بێتە زیارەت |
باکم نییە لەو خەنجەرە دەیکەی بە کەمەردا | شمشێری برۆت جەرگی بڕیوم بە ئیشارەت |
شەیتانی ڕەقیب دوشمنمە بۆیە کە ڕەحمان | ڕەحمی نییە بۆ حاڵی دڵی پڕ لە مەرارەت |
2
editئەی دڵ وەرە شادی کە لەبۆ بەزمی ویسالت | وا دیومەتەوە دڵبەرەکەی تازەنیهالت |
موددێکە کە ئەی بولبولی گۆشەی قەفەسی غەم | فەسڵت بووە لەم گوڵبەدەمەی نەوخەت و خاڵت |
خامۆش و نمەدپۆش و موجەڕڕەد لە عەلایق | نەمبیستووە ئاوازی دەمی تفڵی مەقالت |
سا، هەڵسە لە شوکرانەیی ئەم موژدەیە ئەی دڵ | ئامادە کە ئەسبابی تەڕەب ویسعەتی حاڵت |
فەڕشی غەزەلت ڕاخە لەنێو حوجرەیی دڵدا | فخر العلما بێنەرە دیوانی خەیاڵت |
بۆ پێشکەشی ڕێی عەد بکە ئەوسافی جەمیلی | خەرجی کە لەڕێی دەعوەتی ئەودا سەروماڵت |
حەددم چییە عەددی بکەم ئەوسافی جەمیلی | مردووت مرێ کرمانجی لەبۆ عەقڵ و کەماڵت |
زاتێکە موبەڕڕایە لە ئەنواعی نەقایس | ئیتر چ دەڵێی دەرحەقی، مەفقوودە مەجالت |
پێی بێژە لەبۆ شەوکەتی تۆ فەخری زەمانە | پابووستە ئەرز و فەلەکیش چەتری جەلالت |
شایستەیی شانت کە رئیس العلمایە | ڕێم ناکەوێ حەددم نییە تەعدادی خیسالت |
تا ڕۆژی قییامەت لە جەلالا بی، جەلالی | نەیبینێ ئیلاهی چ بەشەر ڕۆژی زەوالت |
پەروازی نییە بولبولی دڵ بۆ تەڕەفی گوڵ | تا دیویەتی پەروانە سیفەت شەمعی جەماڵت |
مەقبووڵە لەلای فەخری زەمان شیعری حەریقی | چت پێ هەیە ئەی موددەعی بێ بیکە سوئالت |
3
editقوربان وەرە قوربانە، سا بمکە بە قوربانت | ڕەنگین کە بە خوێناوم کاکۆڵی پەرێشانت |
ئازادییە ئەمڕۆژە، سا فەرموو بە ئازانە | تیرت لە کەمانت خە بۆ قەتڵی شەهیدانت |
جێژنانەیی مە ڕووحە کردوومە بە قوربانت | تۆش ماچێ کەرەم فەرموو لەو سێوی زەنەخدانت |
تفڵی دڵی بێچارە موددێکە گرفتارە | غەمخواری دڵ ئازارە بۆ ناوەکی موژگانت |
ڕۆح و دڵ و دین هەرسێ مەجمووع بە یەکدەفعە | قوربانی سەعاتێکی لەعلی لەبی مەرجانت |
مەقسوودی من ئیزهارە بۆ ئەمسیلەیی مەدحت | بۆ توحفەیی ئەوسافی ئەزهاری گوڵستانت |
ئەی خوسرەوی پەروێزم، شیرینی شەکەرڕێژم | فەرهادی دڵی کوشتم چاوی ڕەشی قەتتانت |
موومکین نییە تەقسیمی زەربی عەدەدی زەخمت | مینها کە لە تەقسیمدا، زەربی خەمی چەوگانت |
دڵ تالبی ڕوخسارت، جان تالبی گوفتارت | فرزەندی خیرەد ڕۆیی بۆ لەعلی بەدەخشانت |
بۆستانە کەناری دڵ بۆ نەخلی قەدت قوربان | دیدەم وکوو ڕووبارە بۆ سەروی خەرامانت |
قەلعەی دڵەکەم قوربان نیشانەیە بۆ تیرت | سینەم وەکوو سەحرایە، بۆ جیلوەیی مەیدانت |
بۆو چاوە کە وا مەستە، دڵ سستە سەرم مەستە | ئەم ئەبرووە پەیوەستە، بۆ قەتڵی موحیببانت |
تەنهاکە حەریقم من بۆ شەمعی شەبوستانت | مەمکووژە وەرە تۆخوا، سا تۆ، بە ڕەقیبانت |
4
editتاریکە دڵم ڕەوشەنیی شەمسی هیدایەت | نوقتەی دڵەکەم مەبدەئی هاتۆتە نیهایەت |
ڕۆژم وەکوو شەو وایە بەبێ شەمعی جەماڵت | سوبحی ئەمەلم چاوەنواڕە لە عینایەت |
نامەی عەمەلم ڕووڕەشە، وەک سەفحەیی قەلبم | غەیری ڕەشی ڕەنگی نییە خۆش حاڵ و حیکایەت |
ئاهێکی جگەرسۆز و نیگاهێکی دڵ ئەفروز | با بێ لە تەڕەف تۆوە بە تەئسیر و سیرایەت |
بەرقی بەڕقی دوژمنی دین، مونکیری بەدبین | کەی دێتە ئەسەر خەرمەنی هەستیم بە ڕیعایەت |
عیسیان بە ئیزاعەی دڵ و نیسیان بە ئیتاعەت | وەک جووتەبرا سوحبەتییان گەیوەتە غایەت |
«سەیید» سەنەدە، شاهیدی «سادیقمە» محەممەد | بێ سەیقەلی تۆ دڵ نییەتی دەرک و دیرایەت |
ئەی پادشەهی موڵکی ویلایەت بە عەداڵەت | مەزڵوومی شەڕی نەفسم و هاتوومە شکایەت |
کەوتوومەتە ژێر دەستی شەیاتینی نفووسم | دەستێ بدەرە دەستی شکەستم بە عینایەت |
قوربان بە فیدای قاپی سەگی قاپییەکەت بم | وەبزانە سەگم ڕامگرە بۆ حیفز و حیمایەت |
وەک تازی لەدووی سەیدەوە من دەبمە توفەیلی | بەو شەرتە کە وا پەس نیگەریت بێ بە عینایەت |
حەیفە سەگی قاپیەت لە زییانا بێ زمانی | بێ باکم ئەگەرنا لە هەزار جورم و جینایەت |
بێ تۆشەم و هاتوومەتە دەرماڵی کەریمان | هەرجارە بەبێ تۆشە دەچن ئەهلی ویلایەت |
بورهان وەکوو کەنعان و شەرەفکەند کە میسر بوو | کردت بە مەدینەی ئەمەل و کەعبەیی غایەت |
هەم شەمسی بە ئیسنادی و هەم قوتبی بە ئیرشاد | ئەو خەرقە بەسە بۆ نەزەری ئەهلی کیفایەت |
هەم حازر و هەم غایب و هەم جەمع و پەرێشان | ئەم جەمعە نەقیزەینە لە تۆ بوو بە ڕیوایەت |
بۆ بەحسی سفاتت چ جەلالی چ جەمالی | هەر عەقڵێ کە کول بوو هەموو کول بوو لە بیدایەت |
سەد هەروەکوو مەنسوور و هەزاری وەکوو شبلی | جاڕووکەشی دەرکن بەهەوای دەرک و دیڕایەت |
سەر دانێ لە مەیدانی موریدانی حەریقی | بۆ گۆیی شەقێن چاکە خوەشت کوت بە کینایەت |