310796دیوانی حەریق — پیتی ا1909حەریق
عیلمی جەلب و کەسبی دونیا بۆتە ئەجزای کیمییا بۆ منی سەودازەدە سەودایەکی سەقمونییا
هاودەرس بووم من لەگەڵ زاهید لە دیباچەی کتێب من نەگەیمە فەسڵی تەزویر ئەو چوو بۆ بابی ڕییا
هەوری خەفەتە بەفری غەمی داوە بەسەرما یا سەڕسەڕی دووریتە کە لێی کردمە سەرما
گاهێ بە شەرارەی غەم و گەهـ سەڕسەڕی هیجران خۆشی نەبوو بۆ من نە بە گەرما نە بە سەرما
کەوتۆتە سەرم ئەشک و غوباری ئەلەمی دڵ یەعنی: کە قوڕی میحنەتە کردوومە بەسەرما
گەر دەچمەوە ساحیب نیە هیچ مونیس و ساحیب گەر دەچمە سەقز ناری سەقەڕ وا لە جگەرما
شاهیدمە حەواسم کەسەکەم چەندە کەساسم بەخودا نییە غیرەت لە خەیاڵ و لە نەزەرما
هەرچەندە بە جیسمانی کە دوورم لە حوزوورت ڕۆحانییەتت سەبتە لەنێو دیدەیی تەڕما
تۆفانی سروشکم چووە سەر جوودی وجوودم کەشتی تەنی قوم کرد و نە نووح و نە ئەسەر ما
لەوساوە کە تۆ ڕۆیی دڵم ڕۆیی بەدووتا هێلانەیی تەن هەروەکوو مەئوایی سەقەرما
بێ فەوجی وەفاکەت کە جەفایە وەرە ئەمشەو ئەم لەشکری ئاهی منە بێ فەتح و زەفەر ما
لەم قەسوەتەدا دانەکەوێ پەردەیی زوڵمەت بەرچاوی دڵم بگرێ، دەسا بێ بە گوزەرما
ئاوێنەیی دڵ ژەنگی قەساوەت ڕوخی پۆشی خاکستەری دڵسووختەیی بێنە بەسەرما
مەنواڕە بە زاهیر کە بەبێ قووتم و ڕووتم ڕووت، قووت و خەیاڵت غەزەلی چاکە لەبەرما
سەرمایەیی ئەم مڵکی خەیاڵاتە حەریقی حەیفێ کە تەلەف بوو، بە هەدەرچوو، بە زەرەرما
ئاشقی سەروی قەدت قومری سیفەت زاری دەکا ڕووی گوڵی تۆ بولبولی دڵ فێری غەمخواری دەکا
خۆت وەکوو سوڵتان و چاوت حاکم و ئەبرۆتە شیر تیری موژگانت وەزیرە مەشقی خونخواری دەکا
کەوتە نێو زوڵماتی زوڵفانت دڵی ئەسکەندەرم خدری زیندەی ماچی لێوت، کەی دێ ڕزگاری دەکا
من بە میزانی تەبیعەت گەوهەر ئەفرۆشم، دڵم وا لە شامی زوڵفی تۆدا کەسبی عەتتاری دەکا
مەیخەرە ژێرپێتەوە گەر حەز دەکەی ژیر بێتەوە دڵ کە منداڵە شەکەرخەندەی لەبت چاری دەکا
مورغی دڵ برژا لەبەر قرچەی هەتاوی فیرقەتت تابەکەی داوی سەری زولفت گرفتاری دەکا
توتیی دووکانی حوسنت بولبولی تەبعی منی خستە نێو بەندی تەماع و فێری بازاڕی دەکا
مەستی بادەی چاوی تۆم و پێم دەڵێ مەستی مەیە سەیری کەن بوختانی ناحەق چۆن بە لەب جاری دەکا
بێرە مەیدانی فەساحەت ئەسپی خۆت لینگ دە حەریق تا بزانم کێ بە شیعرت سوحبەت و یاری دەکا