310832دیوانی حەریق — پیتی م1909حەریق
بە قوربان ئێستە هیجرانت دەناسم کە ناری فیرقەتت بۆتە لیباسم
بەبێ دووکانی حوسنت موددەتێکە لە بازاڕی ڕەواجا من کەساسم
موشەووەش بوو وەکوو کاکۆڵەکەی تۆ لەف و نەشری خەیاڵاتی قیاسم
بە تابووری بلووکی نووکی موژگان شکا تەرتیب و نیزامی حەواسم
بە تیرێکت کە جەرگت پارە کردم مەکە بەو بارە هەرمن بوو خەلاسم
کە خاڵی لەعلی لێوت ڕەهبەرم بێ لە خدری زیندە نابێ ئیلتیماسم
کە شک نابەم گوڵی ڕووی لالە ڕەنگت ئەوا موحتاجی ڕووی لالەعەباسم
لەبەر تەعنەی عەوام ئەندێشە ناکەم کە من عاشق بە گوڵغونچەی خەواسم
بە شەمعی جەمعی ڕوخسارت حەریقم نەسیمی ئیلتیفاتی تۆ دەناسم
بە زاهیر گەر لە ئەسبابی سروور و سووری تۆ دوورم بە شوکری نیعمەتی وەسڵت لە شادی دام و مەسروورم
لە بووک و پێخەسوو بەربووک و پۆپ چەرمک، نەبووم ئەمما دوعاگۆیی دەلیلە ئەڵبەتە لەو زومرە مەحشوورم
لە خەیمەی ساحیبی سەیف و قەڵەم وەزعی عیلم چا بوو سەدای تەپڵی بەشارەت بوو، بەڵێ فەتحیم و مەنسوورم
بە نەقدی گەر حەیاتی عارییەت قابیل بە تەقدیمە نیساری فەرموو تا بیڵێم شکور بۆ پارە مەنزوورم
لە سۆزی سینەیی عوود مەجمەری بەزمی موحیببانم لەگەڵ ئەفسووردەییش بۆ گەرمی مەجلیس ئاگری سوورم
وجوودم گەر خەرابەی ڕەنجە، دڵ هەر مەخزەنی گەنجە بۆ سەیرانیش لەلای ئەهلی دەروون ئاباد و مەعموورم
قوتابی نیم لە هەوڵی نان و شەکر و لوقمە قازی بم لە ئەهلی تایبی تەحسیل و زیکر و ویردی مەئسورم
لە دەعوادا یەدی بەیزا و عەسای مووسات لەدەستا بوو ئیجازەی ماری خۆشت پێ نەما فەرمووتە مەحسوورم
بەشی ناسینی نامەردی لە کەسدا مەردی نابینم لەلایێکی کە ڕووگەرمی نەبێ دڵسەردی نابینم
چ ڕووسپیەک بە ڕووسووری لە بۆتەی ئیمتحان دەرچوو درۆ ناکەم بە وەجهی ڕاستی ڕووزەردی نابینم
لە کەند و ڕەندی عالەم قەت مەپرسە گەر خیرەدمەندی خودا هەڵناگرێ ڕەندم نەدیوە کەندی نابینم
لە کەس وردیم نەدیوە تا درشتی پێ نمایان بێ کەسێ بڕوێش دەکا و لافی دەقیقەوردی نابینم
گەلێ کەس دەستی چا دەڕوا وەکوو چا ئابڕووی ڕۆیی بەڵام بۆ دین وەکوو دونیا بە دەستوبردی نابینم
ئەوەی عاریف بوو دەیزانی ئەمن چم دەکوت و لام باشە دەڵێم زاهید بە دارا چێ ئەمن وەک بەردی نابینم
حەریق دەردی گرانە دەردی بێ هاودەردییێتی وا لە هاودەردێ گەڕاوم حەیفێ هیچ هاودەردێ نابینم
لە خزمەت قازییا لاریم نییە بۆ سەر چ جای ماڵم چ حیکمەت بوو ئیشاراتی کە فەرموو بۆ شیفای حاڵم
فیدای تەشریفی ڕێگەت بێ خەراجی موڵکی جان و دڵ نیساری تۆزی بەرپێت بێ ڕەواجی عومری سەدساڵم
دەمێکە چاوەڕێی سورمەی غوباری کۆیی خووبانم بە خاکی مەقدەمی تۆ ناییلی مێعراجی ئامالم
لەبەر تەوقی وەفا دەمکوت کە قومری سەروی باڵاتم لەبەر تەنگی قەفەس حەیفێ دڕی جەمعی پەڕ و باڵم
بە حوکمی خۆتە ئیمزا بۆ مولاقاتی شەڕەفیابی لە هەرلایێ دەفەرمووی حازر و موشتاقی باڵاتم
لە خزمەت خان و سەرهەنگدا سیلاحم فەوجی سەربازە دوعا سوڵتان و یاوەرمە لەبۆ سەرتیپی ئەقوالم
کەی دێیەوە سەرڕەحمی دڵی زار و نەزارم؟ کەی دێ قەدەمی خێرت لەسەر خاکی مەزارم
تا کەی لە تەوافی حەرەمی قیبلەیی ئەبرۆت وەک پەرچەمی پێشانی سەرئەفکەندە و خوارم؟
جارێ نەبوو جاری نەبێ فرمێسکی نەدامەت بارێ نەبوو بارێ نەیەنێ بۆ دڵی زارم
قوربت سەبەبی بوعدە لە یار و لە دییارم ڕازیم بە جەفا گەر بە وەفا بێیە دییارم
بۆ لەززەتی عەفوت کە جەریئم لە مەعاسی مەدڕێنە دەخیل پەردەیی ڕوخسارەیی کارم
چت داوە لە ڕووترشی و سرکەی دەمی ئەغیار قەندی لەبی شیرین بە دەمی تاڵی خومارم
ئەی عەرعەری بووستانی هیدایەت وەرە باغان داغانی قییامەت کە قەدی سەرو و چنارم
گوێ مەگرە لە ئیهرار و لە ئیسراری ڕەقیبان من سەد غەزەبت بێ لە عەفووت چاوەنواڕم
تا دیومە لەنێو مەسحەفی ڕووت سوڕەیی یۆسف بۆ ئایەتی حوسنت لە هەموو ڕەسمێ کەنارم
تاووس کە لەسەر زینەتی باڵی، سەری دانا ئەمنیش بە پەڕی فکرەوە بێ سەبر و قەرارم
پەروانەیی شەوقت مەخەرە ئاگری میحنەت شەمعی دڵەکەت هەڵکە لەبۆ بەزمی نیگارم
مۆرەی دڵی برد زوڵفی لەبۆ تەختەیی سینە لەم نەردە مەڵێن وا مەیە، دێم فێری قومارم
گەر باڵ و پەڕی بەخت نەسووتایە حەریقی بۆ سەیدی مەعانی بە مەسەل بازی شکارم
بولبولی دەوری گوڵ و توتیی شەککەرشکەنم قومری سەروی خەرامان و تەزەڕووی چەمەنم
بێنەوا و ساحیبی ئاوازی حەزینم بە نەوا شەمعی هەر جەمعم و پەروانەیی هەر ئەنجومەنم
سوحبەتی قودسی و سەیری مەلەکووتیم دانا بە عەلاقەی ئەم و ئەو هەمدەمی زاغ و زەغەنم
لەززەتی جەننەتی ڕووم داوە بە دانەی خاڵی ئەمە ئیرسی پدەریمە بە پسەر پێدەکەنم
موڵکی تەجریدی بەجێ هێشت و بەهەشتی دانا ئێستە گیرۆدەیی خاروخەس و دارودەوەنم
بەهەوای ئاوی حەیاتی دەهەن و نۆشی لەبی خدری زیندەیی سەرچاوەیی چاهی زەقەنم
هاوسەری موشکی سەری زوڵفەقەتاری نەفەسم مالکی قافڵەیی چینی خەتا و خوتەنم
مەجمەعی سینە و فینجانی مەم و شەربەتی دەم خەلعەتی پارە کە زانیوتە غەریبی وەتەنم
قەندی لێوی تەڵەبی چاییە، سا، سرکە مەکە نەک بە تاڵی بدوێ خوسرەوی شیرین سوخەنم
وەجدی مەجنوون لە پیاڵەی غەمی لەیلا دایە بە خەیاڵی لەبی شیرین، بێستوون هەڵ دەکەنم
شادی بێگانەیە، خزمم غەمە گەر مردیشم ئەوە واریس لە حیسابی حەق و گۆڕ و کەفەنم
گەنجی فیکری کە لەنێو کونجی غەما دیوەتەوە موڵکی شادیم هەیە تا ساکینی بەیتولحەزەنم
تیرەکەی بەخەتەرە یاری کەمان ئەبرۆ حەریق گەرچی ئەو ڕۆستەمە ئەلحەق ئەمنیش ڕۆبیتەنم
نەما ئاوی بەقا بادی فەنا خاکی بە با داوم کە یارم ئاگری دووری لە پێستی جەستە بەرداوم
بە قوربانت بم ئەی ساقی بدە پێم ڕاحەتی ڕووحم بەبێ ئاوی حەیاتی تۆ جگەرسووتاو و برژاوم
بە شەوقی شەوچرای کوڵمت فریوت دا کە مورغی دڵ بە شێوەی زولفەکەت زانیم کە من گیرۆدەیی داوم
کە دیتم شەمعی ڕوخسارت بە پەروانەی دڵی خۆم کوت لەنێو چاوانی خۆم نووسیوە هەر بەو شەمعە سووتاوم
تەماشای چاوەکەم کردی برۆت فەرمووی ئەمن تاقم بە شۆخی زوڵفی لاولاوت دەوێژێ هەر ئەمن لاوم
دەڵێن وا جێژنی نەورۆزە، دڵم پڕ ئاتەش و سۆزە وەرە بۆ جێژنە پیرۆزە بدەم ڕووحم بەسەرچاوم
وەرە سەرچاوەیی چاوم دەڵێی دەریایی عەممانە تەماشای ئەشکی گوڵنارم لە سایەی چاوی خوێناوم
هەمووکەس مەستی بادەی کەیف و شەوقی بەزمی جانانە بەتەنیا هەر ئەمن ئەمڕۆ لە خاکی مەینەتا ماوم
تەماشای چاوی نێرگس کە بە مەستووری چ مەخموورە تەماشای پێکەنینی گوڵ بە ئەحواڵی پەشێواوم
دییارە ساقی بێ باقی، نییە مەیلی بە دڵداری دەڵێم ها نەقدی جان و دڵ، دەڵێ لاچۆ لەبەر چاوم
دەوای هیجرانی گوڵ ئەی دڵ لە شێخ ئەحمەد تەمەننا کە بڵێ ئەمڕۆ بە ناحەق نەونەمامێ جەرگی پێکاوم
حەقم بستێنە ئەی نەخلی موراد و سەروی ئازادم وەکوو عاڕەب دەخیلت بم زەلیل و زار و داماوم
حەریقی ناری هیجران و غەریقی ئەشکی حیرمانم لە خاک و بادی عالەمدا ئەنیسی ئاگر و تاوم
لە ئەم عیدە بەعیدم من لە دیداری ڕەفیقانم خودا سا تۆ قەریبم کەی لە خوانی وەسڵی یارانم
لەلایێ عیشرەت و شادی، لەلایێ گەردن ئازادی ئەمن کەوتوومە نێو داوی حەریقی ناری هیجرانم
سەرم قوربانت ئەی ساقی کە تۆ سادەی، وەرە، سا، دەی فیداتم دەستوبردێ کە ئەجەل نەک بێ بە میوانم
دڵم کەوتۆتە زوڵمات و دەڵێ پێم خۆشە تاریکی بە تارێکی سەری زوڵفت هومێدم ماوە وەبزانم
خودا عومرت بدا باقی، وەرە ساقی بدە ڕاقی کە تۆ هەمڕازمی مەی بێنە بۆ دەرمانی دەردانم
هەتا کوفری سەری زولفت ببینم وا لەنێو کوفرام کە دیتم شەمعی ڕوخسارت دەڵێم ئۆخەی موسوڵمانم
بە ڕەنگی ئەشکی خوێنینم کە ڕووسوورم لە قاپی حەق لە فەیزی تۆوەیە ساقی بەجۆشە تاوی گریانم
بە خوێناوی دڵی زارم وەرە کاکۆڵ حەنایی کە مەڵێ ڕاوەستە تا قوربان، لە عیدەینا بە قوربانم
لەنێو ئاتەشکەدەی غەمدا کەبابی دڵ ئەوا برژا شەڕاب بێنە بە پەیمانە تەواوە عەهد و پەیمانم
شوکر وەسڵم هەیە ئەمڕۆ لەگەڵ پەیکان و تیغی تۆ کە کوشتەی تیری موژگانم، کە چاکی تیغی حیرمانم
کوتت دانەی خەیاڵت بێنەرە نێو داوی زولفەینم ئەگەر دەیکەم پەرێشانم، ئەگەر نەیکەم پەشیمانم
سەفی تابووری موژگانت لە قەلعەی دڵ کە جێگیر بوو هەتیوی دڵ نەما جێگەی لەبۆکوێ ڕۆیی نازانم؟!
حەریقی تەرکی یار ناکەم سەرم ببڕن ئەگەر فەڕزەن نییە باکم لەبەر تەعنەی موریدی پیری ڕەندانم
بۆ جەمعی غەم و شادی نەبوو ڕۆژی محەڕڕەم ڕووت بەرگی گوڵی شادی و زولفت شەوی ماتەم
بەو وەجهە دەڵێن مەسحەف و بەو نوقتە دەڵێن دەم بەو زولفە دەڵێن قەید و بە ئەو حاشیە پەرچەم
تەفسیری شەوی وەسڵ و غەمی ڕۆژی فیراقە مەشهوورە لە دنیا بە بەهەشت و بە جەهەننەم
تەقسیمی ئەزەل وا بوو لە دوایی من و یارم بۆ سەیری ئەمن سەید و ڕەقیب کەلبی موعەللەم
تەسبیحی سەنای زولفی خەیاتە و لەبی مەرجان سەرڕیشتەیی ئێمەی دەوێ بۆ عیقدی مونەززەم
شادی ئەسەری مەستییە بێ شەرت و وەفایە بۆ فرسەتی تەنگانە غەمە مونیس و مەحرەم
عومرێ کە ئەساسی هەوەسی بازیی نەفس بێ قابیل نییە بۆ خێوی وی شادی و ئەلەم و غەم
بێ سێبەر و سەبر و گرە شەوقێکە مودارا نەمدیوە لە گەرما و لە سەرما دڵی خوڕڕەم
بۆ دڵبەری مەعنی لە حەرەمخانەیی ئەسرار خۆی و قەڵەمی ماوە حەریق ئێستە بە مەحرەم
هەمووکەس با بزانێ من کە سەودای زوڵفی دووتاتم لە خانەی کوڵمدا کۆڵم بە فەڕزی شای ڕوخت ماتم
ئەگەرچی ساکینی مڵکی عەجەم بووم دوور لە ڕۆم کەوتم لە سایەی پەرچەمی تۆوە ڕەئیسی مڵکی شاماتم
دڵم هەروەک ڕەعییەت خۆش نشینی موڵکی ئەعزاتە لە هەرجێ دادەنیشێ لێی گەڕێ قوربانی باڵاتم
موتالای حاشییەی زوڵفت لەسەر سەفحەی ڕوخت سەعبە لەبۆم چا بوو بە منداڵی لە دەرسی عیشق ڕاهاتم
ئەگەر ڕاستت دەوێ سەروی بڵندباڵا درۆ ناکەم لەپاش فەوتی حەیاتیشم بە ئوممێدی مولاقاتم
نەوای ناڵەی حەزینم ڕاستە وەک قافڵەی حیجازی دێ وەرە سەر سەیری بەزم و سۆزش و شۆری مەقاماتم
دەڵێن فەرموویە یار بێتە موتاڵای خەتتی ڕەیحانی بڵێن با شەمعی ڕوخساری هەڵایسێنێ ئەوا هاتم
بە شیرینی مەزەی لێو و خەتی سەبزت دڵم خۆشە لە مەیخانەی غەمی عیشقت کە وا سەرمەستی سەهباتم
بە یادی مەدرەسەی عیشقت گەلێ عیلمم کەسب کردن ئەوێستاکەش لەبەر چاوت شەڕابخۆری خەراباتم
قڕانی عاشقانە کەس نەما دەرچێت و سەر دەرکا مەگەر بۆ موفلیسی وەک من کە بێ قڕان و پەناباتم
کە وا پارچەی غەزەل دەبڕێ حەریق ئەمڕۆ لە دیوانت دەڵێ هەر چاوەڕێی دەستەخەیاتەی زوڵفی تاتاتم
وەکوو کاکۆڵی سەرشانی عەزیزم پەراکەندە و پەرێشانی عەزیزم
دوو چاوم پڕ لە مرواری سرشکە لەبۆ لەعلی بەدەخشانی عەزیزم
لە تەندووری دڵم بۆی وەک تەنوورە جگەسووتاوی هیجرانی عەزیزم
هەموو ڕۆژێ لە بۆ تەسلیمی ڕۆحم وەکوو قوربانی قوربانی عەزیزم
مەڵێن کوشتەی خەدەنگە یا نە خەنجەر شەهیدی تیری موژگانی عەزیزم
بە دایم مەست و مەخموورە لە بادەی پیاڵەی چاوی فەتتانی عەزیزم
لە فەننی دڵبەریی و دڵڕوبایی نییە ئەمساڵ و ئەقڕانی عەزیزم
هیلالی نەو، نەحیفی گۆشەگیرە لە حەسرەت ماهی تابانی عەزیزم
وەکوو شاهی جیهانم تا حەریقی گەدای دەرماڵی دەربانی عەزیزم
ئەی خزری ڕەهی زوڵمەتی نێو ئاوی حەیاتم بێ شەمسی ڕوخت ساکینی قەعری زوڵوماتم
ئەفسوردەیی سەرمایی حوزوور و شەهەواتم ڕەنجیدە و ئازوردەیی دەستی خەتەراتم
دڵ بۆتە پییادەی جڵەوی ئەسپی هەناسەم بۆ دەوری ڕوخی شاهی جیهان بەیدەقی ماتم
هەرچەند کە هەڵاتم وەکوو بووم شومی وڵاتم هەر چاوەنواڕی کەرەمی پیری هیراتم
گەرچی وەکوو سەردەفتەر و سالاری عوساتم لەم خاکی دەری ڕەحمەتە مەئموولە نەجاتم
قوربانی سەگت بم شەهی مەیدانی هیدایەت وەک سالیکی بێ مەسلەکی ڕێی هات و نەهاتم
زەنگی خەتەر و وەسوەسە وا قەلبی قەڵب کرد هەر مونتەزیری گۆشەیی میرئاتی جەلاتم
حەیران و سەراسیمە وەکوو بولبولی بێ گوڵ ئاشوفتە و گیرۆدەیی خاری وەکەناتم
تەعمیری دڵی باغی لە باغ چاترە قوربان لەم چاوە منیش مونتەزیری مائی فوڕاتم
تا مەتلەعی کەنعانییە نێو چاهی زەمیرم سەنگین بە سەعادەت بوو تەرازوویی نیشاتم
بۆ دیدەیی یەعقووبی خیرەد یەک نەزەری تۆ خاسییەتی پیراهەنی کردوە بەخەلاتم
زانیومە کە سوئی ئەدەبە شیکوە لە ئاواڵ چبکەم دەسەڵاتم نییە بێ سەبر و سوباتم
تۆ شەمس و منیش زەڕڕەیی بێ جیلوە بە قوربان نیسبەت هەیە عەیبی چییە جۆیایی بەراتم؟
با وەسفی هەموو زیللەت و ئەحواڵی ڕەزیلم چون مونکیری تۆ نیم وەکوو سوڵتانی وڵاتم
بەم تەبلەیی عەتتاری خەیاڵاتە حەریقی هەر بانگ کە وەرە موشتەری بۆ شەهد و نەباتم
عەزیزم تۆ دەزانی من لەبەر چاوت کەر و گێژم لەبەر ناپیاوی خەڵکی تێدەگەی موحتاجی گوێدرێژم
سوار نیم و پییادەم چۆن دەبێ وەسڵ و مولاقاتم وڵاغ دەس ناکەوێ هەر بۆ تەبەرڕوک خۆی سەرئاوێژم