ئەم تاقمە شیرینە لە مەکتەب کە دیارن
|
جەللادی دڵی عالەم و ئاشووبی دیارن
|
شیرین سەنەم و دڵبەر و فەتتان و عەیارن
|
خاڵی لە خەلەل، جوملە وەکوو نەقدی عەیارن
|
شۆخن، هەموو شەنگن، هەموو گوڵ ئاتەشی ڕەنگن
|
ئامادەیی جەنگن، هەموو سەییادی شکارن
|
ئاهووڕەوش و مەهوەش و شیرین حەرەکاتن
|
ناسک بەدەن و سیم تەن و لالەعوزارن
|
گاهێ دەبنە ڕەهزەنی ئیمان و دڵ و دین
|
گاهێ وەکوو سۆفی هەموو مایل بە کەنارن
|
گاهێ دەنوێنن ڕوخ و ڕووناکی دەکەن ڕۆژ
|
گاهێ بە دوو زولفەینی سیا وەک شەوی تارن
|
زولف و ڕوخ و پەرچەم لەگەڵ ئەگریجە و کاکۆڵ
|
ئیعلانی حەڕەبیانە کە ئیسلام و کوفارن
|
خاڵ و خەتی بێ حەد کە هەموو جەمعە لە سەر خەد
|
وەک زەنگی لەگەڵ حۆر و وەکوو زاغ و عوقارن
|
کێ حەددی هەیە تالیبی گەنجی ڕوخییان بێ
|
یەک یەک کە هەموو ساحیبی زولفی وەکوو مارن
|
مومتازی جیهانن هەموو هەم مونتەخەبی شار
|
ئاغالەر و بەگزادە و ئەسناف و کوبارن
|
وەختێ کە دەکەن جیلوە لە مەیدانی حوسندا
|
وەک کەبکی خەرامان و وەک ئاهوویی تەتارن
|
مەوزوون و لەتیف و خۆش و خورسەند و سەعیدن
|
مەتبوع و ڕەشیدن بە ئوسوول و بە ویقارن
|
وەک موعجیزەیی موستەفەوی وانە لەلای من
|
بەو لەعلی نمەک ڕێژە کە وا شەککەر ئەبارن
|
هەر ئەحمەد و مەحموودە خەیاڵی شەو و ڕۆژم
|
لەم مەکتەبی ڕوشدییە کە وا پڕ لە نیگارن
|
هەرچەندە کە سوڵتانی جیهانن لە حوسندا
|
بۆ شبری ڕەقیبم حەسەن و حوسێنی هەژارن
|
بەم هەیئەتی دەروێشییە ڕازیم و ڕەقیبان
|
دەستم لە یەخە ناکەنەوە چەندە شەرارن
|
عاریز بوو لەسەر عاریزییان زوڵفی پەرێشان
|
بیعەینە دەڵێی حاڵ و مەحەل، لەیل و نەهارن
|
پەیوەستە وەکوو دەستەگوڵی باغی جینانن
|
وەک غونچەیی نەشکوفتەیی نەورۆز و بەهارن
|
ئەمما لەگەڵ ئەم حوسنە نییە حوسنی وەفایان
|
حەیفێ کە لەسەر ڕەنجی دڵی عاشقی زارن
|
پارەی جگەرم کردە کەباب و مەزە بۆیان
|
تا دیومە کە وا ساحیبی دوو چاوی خومارن
|
لەوحی دڵییان سادە لە میهر و لە وەفایە
|
بێ میهر و مەحەببەت هەموو بێ شەرت و قەرارن
|
هەرچەندە کە بێ تالیع و بەدبەختە حەریقی
|
ئەشعاری بە ئیشعاری عەجەب پڕ لە شیعارن
|