دیوانی حەریق/ە
1
editعیلاجی دەردی بێ دەرمانی من هەر لوتفی جانانە | بەڵێ ئەو خۆی حەکیمە لوتفەکەی دەرمانی دەردانە |
مەلوول و زار و بیمارم بەسەد عیللەت گرفتارم | خودا ڕەحمێ بە حاڵم کە کە عەیشم عەینی نوقسانە |
عەجاییب مەجمەری سینەم بە سۆز و تابش و تابە | وەکوو قومری دەناڵێنێ دڵەی مەحزوون و دیوانە |
لەلای خۆم تەبعی عالیم بوو، لەلای خۆم فکری «نالیم» بوو | ئەمێستا شیعری بێ مەعنان دەڵێی وەک جیسمی بێ جانە |
لەلام بێ ساقیی سادە کە پێی بێ ساغەری بادە | کە گۆشەی چاوەکەی بادا دڵم دێنێتە جۆلانە |
کوانێ موتریبی خۆشگۆ، کوانێ ساقیی دڵجۆ | بەبێ نەی نەزمەکەم سستە، بەبێ مەی دڵ کە حەیرانە |
دەناڵێنم وەکوو بولبول لە داغی بێ وەفایی گوڵ | ڕەوانە نەزمی وەک دوڵدوڵ وەلێ خاترپەرێشانە |
بە مەجمووعی وەرە ساقی بنیشین پێکەوە ساتێ | دڵی زارم پەرێشانە وەکوو زوڵفت کە پەخشانە |
وەکوو شیعری لەف و نەشرت هەموو شیعرم موشەووەش بوون | هەتا بێم و دووسێ شیعرێ بڵێم بۆ ئەم جەنابانە |
دڵا تاکەی بە بێهۆشی دەنۆشی مەی بە خامۆشی | لە گۆشەی غەم هەڵستە وەختی سەیرانی خەیابانە |
عەجایب مەدرەسەی ئێمە بە بەزم و ڕەزم و ئاهەنگە | ئیلاهی بەرقەراری کەی تۆ ئەم بەزمی فەقێیانە |
جەنابی زاتی مەولانا فەریدی دەهرە ماشەڵڵا | وەحیدی عەسرە لەم عەسرە بعەینە عەینی نوعمانە |
لە هەیئەتدا، لە حیکمەتدا، لە ئادابی تەریقەتدا | لە ئەحکامی شەریعەتدا، لە مەنتیقدا دوڕئەفشانە |
جەنابی ئەم زهووری بوو، زەهاوی ناویشی ون بوو | نەزیر و شیبهی مەعدوومە میسالی غەیرە ئیمکانە |
زبانی من کلیلە بۆ کلیلی بابی ئەم مەدحە | ئەگەرچی فیلمەسەل فەتتاحی بابی عیلم و عیرفانە |
حەریقی شیعرەکانی تۆ هەموو وەک مورغی بێ باڵن | لە عیشقا باڵییان سووتا بە میسلی باڵی پەروانە |
2
editچاوەڕێی موژدەی نەسیمم تا لە گوڵشەن دێتەوە | بەڵکە فەرمایش بکا گوڵ، بولبولم با بێتەوە |
وا وەعیدی بەفری زستانی فیراقت کەوتە دڵ | مەر بە بای وەعدەی ویساڵت کێوی دڵ ڕەش بێتەوە |
میروەحەی زولفت لە دەوری ئاتەشی ڕووت بێ، چلۆن | ئاگری عیشقت بە ئاوی چاوی من دەکووژێتەوە؟ |
سوچی زولفت بوو کە پەروانەی دڵم ڕووی کردە ڕووت | ئاگری وەسڵی شەم و پەروانە شەو دەگڕێتەوە |
خەتت و مۆری زولف و خاڵت حوججەتی موڵکی دڵە | نەقشی ئەو مۆرە بە ئاوی خوڕخوڕە ناچێتەوە |
دڵ لە ترسی چاوەکەت ڕووی کردە مێحرابی برۆت | ئێستە بیستوومە لە چینی زولف جێی نابێتەوە |
کێوی هیجرت خستە سەرشانی دڵم پێی خستووە | تا نەگا دەستی بە زولفت زەحمەتە هەستێتەوە |
سەدکەڕەت خستمتە گێژ و مەهلەکەی بەحری فیراق | ئاخری موژگانی قوللابت دەرم دێنێتەوە |
مەزرەعەی میهر و محەببەت توخمی وەسڵی شین نەکرد | گوڵ بە شادی دادەچێنم خاری غەم دەڕوێتەوە |
خۆت دەزانی موددەتێکە گەردی پاماڵی جەفام | کەی وەکوو نەقشی قەدەم سەردێنمە ژێر پێتەوە |
دڵ ئەوا کەوتۆتە زیندانی غەمت قوربانتم | تایەکی زولفت بنێرە بەڵکە بۆم دەربێتەوە |
تۆ خودا تاکەی لە تاریکی شەوی هیجرانی تۆ | دەستەوئەژنۆ دابنیشم، ڕەببی کەی ڕۆژ بێتەوە |
بێ ئیشارەی حیکمەتولعەینی شیفات نایێ شیفام | خۆت دەزانی زامی دووری سەختە خۆش نابێتەوە |
فکری من چونکە دەقیقە عاشقی قەددی ئەوە | موو لە موو گیراوە چبکەم لێک جوێ نابێتەوە |
زەخمی دڵ بێ مەرهەمی وەسڵی بەناسۆڕ کەوتووە | ئەی حەریق باسی مەکە تۆخوا بڵا نەکولێتەوە |
3
editبەنی ئادەم خوا وای کردووە ڕۆژێکی تا ماوە | سەراسەر عومری سەرفی سەرف و نەحوی زەرفی «تاماوە» |
مەداری توولی ئوممێدم خەیاڵی گەردن و زوڵفە | بەڵێ سەوداسەری عاشق لەسەر هەودایەکی خاوە |
بەسانی پەرچەمی ئاشوفتە سەرگەردان و ژولیدە | بە میسلی زوڵفی سونبوول دڵ هەمیشە حاڵی شێواوە |
هەوای نافەی غەزالەی ڕێی خوتەن تووشی خەتای کردم | بە یادی میشکی زولفی ڕووم لە «چینی» پەرچەمی ناوە |
چراغی عومری عاشق بای فەنای هیجرانی لێ هەڵبوو | لە فانووسی «ئەدەب»دا حیفزی کە یەک دوو نەفەس ماوە |
دەمێکە چاوەڕێی سورمەی غوباری مەقدەمی یارم | لە کۆی خووبانەوە ئەمڕۆ نەسیم تۆزێکی هێناوە |
کتێبی عیشقی مەجنوون ئایەتی ڕوخساری لەیلایە | لە سووڕەی یۆسفا دەرسی جنوونی ئێمە نووسراوە |
سەرم کاسی شەڕابی سوحبەتی کاسەی دڵی غەیرە | لە دەردی دوردی ئەم جامە پەنام بۆ ساقی هێناوە |
کەسێ فیترەت بڵند بێ بۆ ڕەواجی سککەیی دینی | خەراجی میسری قەلبی خۆی بە حوسنی «یۆسفی» داوە |
لەسەر سەودای قوماری شاهی خووبان «پیری بورهانی» | بە چەوگانی ئیرادەت گۆی سەرم بۆ بازی داناوە |
نمای ڕۆح و حەیاتی من بە جیلوەی ساقییە باقی | نەوەک وەک سپڵە بۆ سفرە لەدووی نان، چاوی پڕئاوە |
بە قوربانت بم ئەی پیری خەراباتی جیهان ئاباد | بەشاهید بە کە وا ڕۆحم لە ڕەهنی قوربی تۆ ناوە |
شەهی موڵکی یەقین شاهەنشەهی دین پیری باتەمکین | ڕەئیسی ئەولییا ڕەحمێ هەتا دڵ ڕێی نەبەسراوە |
لە دارولحوزنی میحنەت ناجییە وەک پیری کەنعانی | بە بۆی پیراهەنی یۆسف کەسێ چاوی هەڵێناوە |
حوزووری تۆ بەهەشت، ئادەم دڵ و ئەهلی حەسەد شەیتان | بە بۆی دانەی تەمەع کێشاویە ناو داوی دونیاوە |
شەڕابی سوحبەتت ئیکسیری خاکی مەعدەنی ڕووحە | لە کارخانەی سەعادەت لوقمەیی لوقمانی هێناوە |
عەدوو با هەروەکوو عەقرەب بە کلکی نێشی خۆی دانێ | شوکر تۆزێ حەیای بوو وا بە چاویا دیارە دایناوە |
هەتا گوێی پێوە بوو مونکیر لە زەلکاوی حەسادەتدا | هەزارێ کلکی بگرێ کەڵکی ناگرێ تازە خنکاوە |
وەکوو پەروانە بۆ شەمعی جەماڵی تۆ حەریق ئەمشەو | چرای شۆقی بە کبریتی تەبیعەت خوەش هەڵایساوە |
4
editچۆن بەسەرکەم زەرفی ئەو قەومە دڵم بەسوێ نەیە | جامی عەیشی ئەکل و شوربی پاکییان بەسوێنەیە |
خۆی لە قوڕ نێ هەرکەسێ ئەمڕۆ لەنێو قوڕدا نەبێ | دەس لە خۆی بەردا کەسێ بەردی زەلامی پێ نەیە |
5
editکاغەزی وا زۆر دەهاتن زوو لە هەورامانەوە | وەک گەڵاتاڵوو هەموومان خستە ئاگردانەوە |
دوێنێ دەتکوت یۆسفی سەدیقی میسری دین ئەوە | ئەمڕۆ باتداوە، چ عەیبێکی هەیە بادانەوە؟ |
6
editبە پشکێ ڕازییە قازی لەهەر ماڵێ کەدوو، پشکە | لە ماڵی خۆی لەبۆ خەڵکی هەمیشە حیسسە دووپشکە |
بەڵێ «مونعیم» دەبێ وابێ خودا کا ماڵی ئاوا بێ | نەوەک خەڵکی کە ماڵیان زەهری مار و نێشی دووپشکە |
7
editخەیاڵت مونحەسیر بوو ئەی دڵەی غافڵ لە دنیایە | نەدامەت بوو نەتیجەی ئاخری ئەم شۆر و غەوغایە |
ئەوا لازم بوو سەرخۆشی، لە تۆ ئەی دڵ کە سەرخۆشی | بە بادەی غافڵی بێهۆشی دەردت قەت شیفای نایە |
عەجەب بۆت بۆتە زستان زەمهەریری باری عیسیانت | کە شک نابەی چ سەرمایە، دەڵێی وەی وەی چ سەرمایە |
بە دەستی دێوی نەفسم دڵ وەکوو مورغی بێ پەڕ، وایە | وەکوو پەروانە بۆ شەمعی تەلەسمی ئەو، بێ پەروایە |
کە تفڵی عیشقی بێ مەشقم لەنێو بازاڕی سەودایە | بە ئەو سەودایە سەرخۆشە دەڵێ کارم لە سەودایە |
هەتا شەیتان مودەببیر بێ، موئەددیب نەفسی زاڵم بێ | عەجەب کەوتۆتە دەست زاڵم ئومورت عەینی زوڵمایە |
خودا ڕەببی نەجاتم دەی لە دەس ئەم دێوی بێڕەحمە | کە وا وەک دوژمنی خوێنی بەدایم لێم بەداوایە |
خەیاڵاتت هەموو پەشمە وەکوو ڕیس و گوریس وایە | هەچی دەیکەی دەڵێن هەی هەی فڵانی چەندە ڕیسوایە |
کە خاڵی بێ دڵی عاشق لە بادەی حوببی مەعشوقی | بەخۆڕاییت نەوێ چاکە وەکوو شیشەی شکاو وایە |
مەبە تالب بە زوڵفەینی بە میسلی شکڵی لا وایە | ئەگەر لەولایە خۆت لادەی لەلام تەحقیقە ئەولایە |
لە قاپی ئاستانەی موڕشیدی ئەڕشەد «عەلی عالی» | لەوێ ڕووحت فیدا کە تۆ نەجاتت هەر لەوێ دایە |
وەکوو پەروانە بۆ شەمعی جەماڵی ئەو کە موشتاقم | بە تەسویری حەریقم هێندە سۆزی ئەو لە دڵدایە |
8
editلە قەیدی زەید و عەمرا نیم و دڵ پابەستەیی تۆیە | لە هەروەختێ ڕەها بێ پێ دەزانم ڕەستەیی تۆیە |
دەبێتە ئیفتیرا و بوختان ئەگەر نیسبەت وەغەیری دەم | بە هاژەی زولفەکەت زانیم کە مارانگەستەیی تۆیە |
سەراسەر ڕەخنەیی چاوم نیشانەی تیری موژگانە | لەلای خۆی چەشمەسار و سەبزەیی نەوڕەستەیی تۆیە |
حوبابی ئەشکی حەسرەت بۆتە فینجانی سەر و سینەم | لەجێی دەستەگوڵی لێدەن دەڵێن گوڵدەستەیی تۆیە |
گڵێ بێنی بەسەرما کەی، گوڵێ بێنی بەسەرما کەی | غەم وشادی سەراپا هەرچی بێ وابەستەیی تۆیە |
دڵم شیشەی شەڕابی ڕووتە سرکەی غەیری گەر تێکەم | گوڵاویش بە گڵاوبێ، شیشە چون بەربەستەیی تۆیە |
شکەستەی دەستبەستە چاوەکەم جەبری لەلای تۆیە | مەڵێ کەسرە بە شانم چون شکەستە و بەستەیی تۆیە |
تەنافی زولفەکەت لادە، خەیابانی خەیاڵم ڕاست | بە باڵای سەروی مەوزوون و قەدی بەرجەستەیی تۆیە |
ئەتیببا جەببییان مەسمووم و دانەی حەبییان پووچە | ئەوە مەغزێکە بێ ئەمر و دەهانی بەستەیی تۆیە |
بە ئوممێدی دەوا بۆ لەززەتی دەردی، دڵم دەردێ | دەزانم چون گوسەستەی تۆ هەموو پەیوەستەیی تۆیە |
ئەگەر دەردت نەبایە نیسبەتت چۆن دەبوە دەرمانم | کە هەرکەس دێ دەڵێ قوربان حەریقی خەستەیی تۆیە |
9
editلە ئادەم تا بە خاتەم جوملە عالەم پڕ سەدا و سەیتە | بە عیشقی حەزرەتی لەولاک ئەوی زیندوو نەبێ مەیتە |
تەتیممەی هەرسەلات و خاتیمەی حەمد و تەحییەی حەق | سەنا بۆ ئال و بەیتە، باقی هەر ئەفسانە و بەیتە |
لەپاش سیغەی تەرازی و ئایەتی تەتهیری سەحب و ئال | بە قوربان مەدحییان نایە بە جوملە زەیتە و کەیتە |
کە تۆش لەو نەسلەیی جەددت ڕەزا بێ شێر بە گوێ دەگری | وەکوو ڕێوی زەلیلی گورگی نەفسم، سا، لەبۆ کەیتە؟ |
لە خۆت و جەددی خۆت و نەسڵی پاکت چاوەڕێی لوتفم | لەڕێی حەقدا موعینم بن لە غەوغای ڕۆژی یالەیتە |
بە شاهید بن سەگی قافڵەی تەریقی ئال و ئەسحابم | هەمیشە گوێ قولاغی بانگی هەیهەیم و سەدای هەیتە |
بە ئیستیمداد و لوتفی بابەشێخ و هیممەتی کاکی | گڕوگاڵێ دەکەم تابڵێن لە چاو کوێر و شەلان پەیتە |
کەسێ «ساڵح»بێ بۆ زیکر و دوعاگۆییت بەبێ چاوی | هەزار چاوساغی وا دێنێ بە چاو زیندوو بە دڵ مەیتە |
لەبۆ تەشریفی ڕێی میعراجی جەددت بوو، نیدای هاتیف | تعال یا حبیب اللە تمن ما تمنیت |
دەری ڕەحمەت گوشاد و بابی تۆبە و ڕێی ڕەجا واسیع | دەسا تۆش هیممەتێ کە جەعفەری تۆ ڕوکنی ئەو بەیتە |
10
editهێندە بێزاری کە زانیومە بە زاری نایەوە | دوور لە باڵاکەت سەرینی نائومێدیم نایەوە |
بولبولێکی خۆشنەوا بووم بۆ نەوای دەوری گوڵت | کێ وەکوو هودهود حیکایاتی سەبای گێرایەوە |
بۆ پیاڵەی مەیلی لەیلا قەلبی مەجنوون قابیلە | شۆڕشی شیرین لە ناڵەی کۆهکەن فامایەوە |
حەیفێ هێندەت دەربەدەر کرد دڵ ئیقلیمی ویسال | شیری منداڵیت بە زەهری هیجر پێ هێنایەوە |
بۆ کەناری سەوزەیی دەوری گوڵی ڕووت شین دەکەم | خاکی کۆی ئیشقت بە بێژنگی سەرم بێژایەوە |
کەوتە سەر خەرمانی عومرم ئاگری تولی ئەمەل | سەد کەڕەت بارانی وەعزی لێدرا نەکوژایەوە |
شیری ئەبرۆ، تیری موژگان، تاق و جووت دەنوێنێ پێم | تا بزانم ڕووحی شیرینت چلۆن کێشایەوە |
جێی نەزەر بوو حاشییەی زوڵفت لەسەر ئایاتی ڕووت | زۆر موتاڵام کرد وەکوو دەور و تەسەلسول مایەوە |
تاقی میحرابی برۆت جێی نازە بۆ ئەهلی نییاز | سۆفی وەیزانی کەچە هێند کەر بوو خۆی گێڕایەوە |
شەمعی خووبان پڕتەوێکی شەمسی ڕووی تۆی لێ کەوت | هێند حەیا و شەرمی بە خۆیدا هات بەجارێ توایەوە |
گوڵبژێرێکی زەریفم کرد لەنێو باغی خەیاڵ | خۆزگە مەردێکی «ڕەشید» بۆ «شێخی» بخوێندایەوە |
11
editلە سینەی چاکی خۆت وەک شانە خەتتی مووبەموو بێنە | نەڵێن تا غەیبەتە باسی جەماڵی ڕووبەڕوو بێنە |
جزووبەندی کتێبی عومر و شیرازەی سەحیفەی دڵ | بە ڕیشتەی ئولفەتی جانانە گەر ئازای دەزوو بێنە |
تەهاڕەتیان بە خوێنی جەرگە مەردانی ڕەهی مەقسوود | هەتا قەترێک لە چاوتا ماوە تۆش ئاوی ووزوو بێنە |
نەوەک مەیخانە خاڵی بێ هەتا پیری موغان ماوە | سەرم قوربانت ئەی ساقی گەلێ تینووم سەبوو بێنە |
کتێبی ئولفەتی جام و شەرابی جەرگی نامەردان | دەخیلت بم وەرە موتریب ڕوبابت زووبەزوو بێنە |
دەهانی شیشە بەستە، سوحبەتی نائەهلە لەم بەزمە | موغەننی تۆ نەوای ناکەت لەناو پەردەی گەروو بێنە |
دەڵێن بەردی ئەجەل میناشکێنە و تەفرەقە خێزە | حەریقی تۆش ئەگەر شێت نی دەسا بارێ کەدوو بێنە |
12
editموعتادیی فەلەک دایمە هەر جەور و جەفایە | خۆ خاسسە لەگەڵ ئەهلی زەکایان بێ وەفایە |
یاڕەببی ڕەقیب تووشی بەڵا و دەرد و غەمێ بێ | بەو دەردە بناڵێنێ هەتا ڕۆژی جەزایە |
بەو ڕیشەوە ئێستا کە ڕەئیسێکە لەلای خۆی | تەزکیری کە تەزویرە، لەسەر دامی خەتایە |
بۆ ماچی دەمی ساڵێکە سۆفی لە ڕەهندا | ئیمانی بەخت کرد و شوکر ماچی نەدایە |
زاهید مەکە مەنعم کە دەکەم وەسفی گوڵی خۆم | گوڵغونچەیی من لاییقە موشتەق لە سەنایە |
هەرچەندە بە سین تفڵی، شوکر عاقڵی قوربان | تێی هەڵدە بە شەق ئەو کەرە هەر عەینی بەڵایە |
هەر شوکری خودا بێنە بەجێ تۆ کە حەریقی | ئامالی ڕەقیبت کە هەموو جەور و جەفایە |
13
editخۆفم لە خودا چونکە لەبەر غەیری خودایە | ئەمنم بە درۆ، سووڕەتی وەک خەوف و ڕەجایە |
پاڵی ڕەحەتی داوەتەوە نەفسی خەسیسم | یا ئەمنی غەنا، یا ئەسەری یەئس و هەوایە |
گەر تالبی بۆ یۆسفی خۆت نەفسی عەجووزە | زوو بێنە، دەزوو بێنە دەڵێن ئەهلی وەفایە |
ئینکاری سیرایەت مەکە ئەی مونکیری موفلیس | بێ سەیری قەمەر کە چ بەشەوق و بەزییایە |
مونکیربەمەسەل شەبپەڕە، بێ نووری هیدایەت | خۆی تالبی زوڵمەت بوو خودا نووری نەدایە |
هەر مەزبەلە، هەر مەشعەلە، جێی پڕتەوی «شەمسە» | یەک جێگەیی فوزلە، یەکێ جێگەی فووزەلایە |
تێفکرە لە ئەجزایی عەناسیر بە تەبیعەت | یەک ماییلی مەرکەز، یەکێ ماییل بە هەوایە |
بارانی بەڕەحمەت لە تەڕەف مەبدەئی فەییاز | قەترێ ئەسەری سونبول و یەک چقڵ و گییایە |
نوقسان لە تەڕەف قابیلە، نەک فاعیلی کامیل | ئەم قەولی منە ڕەئیی جەمیعی حوکەمایە |
بورهانە لەسەر جەهلی عەدوو «شەمسی» حەقیقەت | تالیع بووە، ئەو ئەحمەقە جۆیایی چرایە |
چاوی بە تەمەع پڕ بووە، قەلبی بە حەسادەت | وەک تەبعی بەهایم ڕەحەتی هەر لە شەوایە |
هیندوو نییە ئایینی لە ئاوێنە تەعندا | ئاوێنە چ سووچی هەیە ئەو ڕوویی سییایە؟ |
پەروانەیی هەر جەمعێ نەبی چاکە حەریقی | خۆت بێنەرە نێو زومڕەیی ئەم شەمسی هودایە |
14
editموژدە بێ بۆ بولبولی دڵ گوڵ لە باغان هاتەوە | قومری عومری خۆی سەرف کا سەروی بۆستان هاتەوە |
شاسواری عەرسەیی مەیدانی مەردان هاتەوە | دڵبەری جانان لە خزمەت جانی جانان هاتەوە |
پیری ڕەوشەندڵ وەکوو خورشیدی تابان هاتەوە | ناییبی عوسمانی سانی خۆش بە سامان هاتەوە |
وا موعەتتەر بوو دەماغی ئەهلی نیسبەت هەر دەڵێی | نیسبەتی پیراهەنی یۆسف بە کەنعان هاتەوە |
بۆ ئیفادە و نەشری فەیز و لوتف و بۆ ئیڕشادی دین | وا لە قەسری عاریفان یەنبوعی عیرفان هاتەوە |
غونچە سەرپۆشی لە ڕوو لادا بە عەزمی دیدەنی | بولبولی تەبعی منیش بۆیە غەزەلخوان هاتەوە |
سەرخۆشی کەئسول کەرەم سەرمەستی سەهبایی قیدەم | باشکوە و باحەشەم، مەجزووبی ڕەحمان هاتەوە |
موددەتێ بوو ئەم هەوارە بێ سەدا و هاوار بوو | تا بە جەزبەی حق بەسانی نەی بە ئەفغان هاتەوە |
خاتری موخلیس بە دیدارت وەکوو تەبعی حەریق | غونچەیی مەقسوودی پشکووت و بە خەندان هاتەوە |
15
editدەر چوونی گەلێ موشکیلە، دەرچوونی قەریبە | ڕۆحم دڵەکەم ماوە بە تەنیا، وەرە بیبە |
قوربانی ویسالت بم ئەوا کوشتمی هیجرت | خۆت واریس و حەقدارمی قاتڵ کە ڕەقیبە |
خۆت دیوتە لەنێو میسری مەلاحەت چ غەریبی | سا، ڕەحمێ بەحاڵی دڵەکەم، کە، کە غەریبە |
هەر دووکەڵی زولف و ڕوخی نارت سەبەبە، وا | ئەشکم کە پەیاپەی دێ دەروونم بە لەهیبە |
ڕەببی بە خەدەنگی غەمی دووری دڵی کون بێ | هەرکەس لە نیگاهت کە بە ئارام و شەکیبە |
وا زەن مەبە گیانسەخت و سەمەرگم کە نەمردم | ئوممێدی ویسالت وەکوو لوقمانی تەبیبە |
تابووری موژەت چەندە بە تەرتیب و نیزامە | بۆ سەف شکەنی دڵ چ سوپاهێکی مەهیبە |
وا لەشکری ئاهم چووە سەر کافری زوڵفت | گەر شاهی ڕوخت لێ بگەڕێ سەیری عەجیبە |
بۆ موشکی خەتا چوو بەخەتا کەوتە ئەنێوچین | لەو بۆنەوە هەر زوڵمەتە شامی بە نەسیبە |
قوربانی وجوود و ئومەنای شاهی ڕوخت بم | هەریێکە لەجێی خۆی چ ئەمیرێکی ئەمینە |
تەسکینی دڵت هاتووە ئۆخەی کە حەریقی | یارت کە بە خوێنی جگەرت کەففی خەزیبە |