309574دیوانی حەمدی — پیتی ر1936حەمدی
کاسەی کەل و وێرانەیی دەروێش و قەلەندەر بێ فەرقە لەگەڵ جامی جەم و تەختی سکەندەر
گەر سەحنی چەمەن بێت و ئەگەر کوورەیی ئاگر دەبڕێتەوە هەردوو چ لە بولبول چ سەمەندەر
بۆ داڵ و قەل و گورگ و سەگە ئێسک و پرووسکی ئەم ئەسپە غەریبانە وەکوو لاکی چەمەندەر
مەحکوومی زەواڵە هەموو نوقسان و کەماڵێ لەم هات و نەهاتە مەبە مەمنوون و موکەددەر
کەی ماڵی من و تۆیە ئەم ئەسبابی جیهانە میراتییە کە هەر دەگەڕێ ئەمسەر و ئەوسەر
لەو ماڵە کە وەک گۆشتی سەگە ناچێ بە دەمتا حەقتە بە قەدەر ڕەنجبەرێ بیخۆ بە دەفتەر
مەغرووری بە دوو پارەوە پارت لە فکر بێ ساڵێکی تریش هەر هەیە بێ خاکت بەسەر سەر
تەنویری دەکەی زوڵمەتی دنیا بە ئەلەتریک تاریکی مەکە بارێ لە خۆت ڕێگەیی مەحشەر
هەر وەک کە نەبووبی لە نەزەر وەختە نەمینێ وەک لاشە کە کەوتوی دەکەوی لەم بەر و لەوبەر
تاعات و عیبادەت نەبوو مەقسودی ئیلاهی لەم خەڵقی من و تۆیە بە تەبلیغی پەیەمبەر
لەم ڕێگەیی ڕاستانەوە وەک هاتی نەهاتی ئەی قوڕ بەسەرت وەختە ببی خوار و موحەققەر
حەمدی کە سەگی دەرگەهی مەعشووقی خودا بێ باکی چییە لەو مەعرەکەیی مەحشەر و مەعبەر
ئەی مورسەلی حەق تاجی سەری جوملە پەیەمبەر ئەی نووری دڵی ئەرز و سەما سەییدی سەروەر
ئەی گەوهەری بەحری کەرەم و ڕەحمەتی خالیق لوتف و کەرەمت بەحرە ئەدا مەوجی منەووەر
ئیسمت کە زوبانی قەڵەمی کردوە موزەییەن شێوەت بە دڵی لەوحە ئەدا زینەت و زێوەر
پایەی حەرەمت جووتە لەگەڵ پایەیی کورسی هەر عەرشی بەرین لایقە بۆ مەنزلی دڵبەر
هەر ڕۆژی ئەزەل لەمعەیەکی داوە جەماڵت ئێستەش ئەدرەوشێتەوە ئەو لەمعەیە وەک خۆر
یەک زەڕڕە غوباری قەدەمت کەوتە هەواوە کردوویە دەماغی مەلەکووتیشی موعەتتەر
خاکی بەری پێت گەر بدەنە دەستی سولەیمان ئەیکاتە دوو دیدە بەمەسەل سورمەیی جەوهەر
وەک گەردی بوراقت شەوی میعراجت بەجێ ما جبریلی ئەمین نەیبوو ئیتر قووەتی شەهپەڕ
سەرگەردی سەری تۆیە هەتا ڕۆژی قیامەت شەمس و قەمەر و ئەنجوم و ئەفلاکی مودەووەر
دەریایەکی ئاگر ئەوە بۆ مونکیری تۆیە بۆ مەنتەبەعەت باغی بەهەشت چەشمەیی کەوسەر
مەعلوومە ئەوا بوون و نەبوونی هەموو ئەشیا بۆ تۆیە لەبەر تۆیە خودا کردی موقەددەر
خوسرەو کە سەری دابوو لە بەرد بەردی لەسەردا کیسرا دڵی هەر زوو شەق و پەق بووبوو بە خەنجەر
هەنگامی حەشر مونتەزیری مەرحەمەتی تۆن جننیی و پەری ئینس و مەلەک بەندە و قەیسەر
فەرمووتە کە حامیی و کە سایەی سەری ئێوەم ئەو وەختە کە ناپرسی برا حاڵی برادەر
ئەو ڕۆژەیە باقڵ بە پەرێشانیی خەڵقا موحتاجە ئەکا شین و ئەکا گریە توانگەر
گەر حەشرە ئەمە فەرموو شەفاعەت بکە بۆمان تا ئەجر و جەزا و کردەوەمان بینێتە دەفتەر
دنیایە ئەگەر بۆ چییە ئەم حەشرە لە سەر چی ئەم عالەمی ئیسلامە دەکەن بۆ چی موکەددەر
ئیسلام و یەهوودیی و نەسارا و مەجووسی بێزارە وەلێ قیسمی موسڵمان زیاتر
چۆنت کە ئەکرد کافری موتڵەق بە موسڵمان بەو نەوعە موسڵمانە ئەکەن ئێستە بە کافر
نەدرابی بە تۆ خاتەمی ئەموت کە ئەمانە نێزیکە بدەن خاتیمە بەم دینە سەراسەر
پڕ شاری سلێمانییە هەر میسلی زەبانی ئەلوات و شەقی جەردە و دز قاتیل و ڕەهبەر
لەوساوە حکوومەت نییە بەربوونەتە میللەت جاف و هەمەوەند بانەیی و مەنگووڕ و پشدەر
تاڵان و بڕۆ و کوشتن و حەپسە لە هەموو لا ساحێب عەلەم و تەپڵە ئەڵێی دێوە ستەمگەر
ئەم شەکوەیی ئێمە کە لە بارێ دەنکێکە بۆ تۆیە لە لای تۆیە لە دەست نوتفەیی حەیدەر
ئەو حاڵە کە کورد و عەرەبی تیایە دەشوبهێ بەو حاڵە کە خۆی کردی بەمەسکوونەیی خەیبەر
نەژیاوەتەوە هەر وەکوو ئەم تائیفە هەرگیز کوللە و سن و موور و مەگەس و عەقرەب و ئەژدەر
گاهێ دەبنە دوژمنی ئەتراک و گەهـ ئینگلیز گاهێ لە عەرەب چاو ئەبڕن گەهـ لە عەجەم سەر
نامووس و حەیا چوو لە سەدای تۆپ و تەیارە هەر حامیلەیە کەوتووەتە کووچە ئەخا بەر
ئەو تیفلە سەری فێری سەرینی پەڕی قوو بوو بێ چارە لە چۆلێکە ئەکا بەردێ بە بوستەر
سەر سەوزێ لە هەر جێگە ببێ سەرکەشە ئێستە بەم ڕووتییە فکرێکی لەسەردا هەیە عەرعەر
ئەو شەخسە کە ئەیکرد بە دوعا مەنعی موسیبەت ئێستاکە بەڵایە کە دەگا دەستی بە وەڕوەڕ
ئەو پیرە کە ئوفتادەیی مەسجید بوو لەبەر فەیز هەڵساوە وەکوو فیتنە قەدی میسلی سنەوبەر
حەججامی فەقیر نانی بڕا خوێنی قیفالی ئەم خەڵقە بە خەنجەر دەگرن بۆچییە نەشتەر
سوبحانە چ دەرد و چ بەڵایەکە کە خەڵقی کێشاوەتە ئەم خانەیە وەک چەرخی لە چەنبەر
ئەهلی شەرەفی ئێستە لە هەر لایێ کە مابێ وەک حەمدی هەموو دەربەدەر و خوار و موحەققەر

1923

زەمان ئەمڕۆ خولیدا چەرخی خستە دائیرەی میحوەر زەمان ئەمڕۆ هومایی دەوڵەتی هەڵداوە بۆ سێبەر
زمان ئەمڕۆ هەڵیهێنا لە ئەوجی بورجی ئیحسانا حەقی ئەقوامی شەرقییە یەکێ وەک مەهـ یەکێ وەک خۆر
زەمان ئەمڕۆ نەجاتی دا لە دەستی گورگی زاڵم مەڕ زەمان ئەمڕۆ جوابی دا بە حەشری مەسئەلەی مونکەر
زەمان ئەمڕۆ لە خانەی شەشدەرا ئیقبالی دەرهێنا بە میفتاحی مرووەت فەتحی کرد بابی فەرەح یەکسەر
زەمان ئەمڕۆ بە زنجیری عەدالەت بەستی دەستی زوڵم لە کۆتیداوە کردوویە لە زیندانی جیهان شەشدەر
زەمان ئەمڕۆ حەیاتی وەک مەسیحا کرد بە بەرمانا ئەمەل ئەمڕۆ دەمی پشکووت بە تەسبیحاتی دانەی بەر
زەمان ئەمڕۆ لە ناو ئەمواجی دەریایی فەلاکەتدا دەری خست گۆشەیێکی کوردی بێ ڕەونەق وەکوو جەوهەر
چ کوردێ خوا موسەببیبیان لە قەعری بەحری قەهریدا بکا غەرقی کە تا ڕۆژی قیامەت دەرنەهێنێ سەر
بە نەقد و جنسەوە قاروون سیفەت بڕوات و هەر گوم بێ وە یاخود هەر بسووتێ تا دەبێتە دانەیی ئەخگەر
چ کوردێ بێ نەوایی ساحبی ئالامی فەقروددەم نەماوە قەترەیێ خوێنی ئەگەر بدرێتە بەر خەنجەر
چ کوردێ لەم سەحیفەی ئەرزەدا خوێنی شەهیدانی دەکەن تەشریحی حاڵەتیان بەخەتتی وازحی ئەحمەر
چ کوردێ کوللی فەردێکی بە تەمکین و بە چاڵاکی دەدەن حیرەت بە کێو و خەم بە قەددی ڕاستی ئەژدەر
حیسابی زۆر و کەم نابێ لە ئەرزی کورد و کورد بکرێ بڕشتی گەر ببێ دەبڕێ هەزاران ڕەگ یەکی نەشتەر
لەگەڵ ئەم ویسعەتی ئەرزە تەماشای کەنزی سابیت کەن کە بەردی پڕ لە ئەڵماسە کە خاکی مایەیی گەوهەر
هەموو شاخێکی باغێکە لەسەر هەر ئەرزی ئاوێکە جینان هەروایە تێ فکرە ئەوە باغ و ئەوە کەوسەر
لە وان و ئورمییە تاکوو دەگاتە خاکی لوڕستان لە بتلیس و دیاربەکر و جەزیرە تا خەتی سنجەر
ئەمە شەرقی شیمال غەربی جنووبی ساحەیی کوردە کە ئەم ئەرزە بە تۆزێکی دەڕێژێ دیدەیی قەیسەر
براگەل بێنەوە کوڕگەل دە هەڵسن کۆمەڵێ بگرن تەغافول بەسیە هەڵبگرن سەری غیرەت لەسەر بوستەر
بە دەستی دڵ بپێچن دامەنی لوتفی ڕیجالانی حکوومەت تا لەسەر ڕێگەی تەعالیدا ببن ڕەهبەر
زەمین بەرگی خەزانی داڕنی ئەم ئاڵ و واڵایە بەهاری کردە بەر بۆتە گوڵەندامێکی وەک کیشمەر
نیهالان ڕوو پەڕەی ئەوراقی کۆنەی جوملە وەرگێڕا دەری خست سەفحەیی تازە حیسابی پڕ ئەکا دەفتەر
نەسیمی سوبحدەم خۆش موژدە بێ موژدەی کە بۆ هێنا سەری شین و قوڕاوی ششت و مەیلی شادییە کیشوەر
وەکووحەمدی دەخوێنن بولبولانی ئەم گوڵستانە چەمەن ئارایشی داوە گوڵاڵەی خستە تووی مێزەر
ئەمە بۆ دەرسی عیبرەت کافییە ئێوە و خوا بەخوا نەخوێنن دێری کۆنە سەتری تازە دەرئەخا مەستەر
بە ڕێگەی ئیختیلافا هەر کەسێ چوو بێ سەر و شوێنە لە وادی ئیتتیفاقا یارە دەوڵەت ڕاحەتە یاوەر
بە ناوی قەومەوە جەمعییەتی عیلمییەتان تەبریک ئەکەم لە خوا تەمەننایی تەشەببووستان ببێ موسمەر
ئەوە ئێوە و ئەوە کورد و ئەوە ئەسبابی میللییەت لە تەعنەی خۆ بپارێزن بکەن ئەختاری مایەختەر
لە ئێوە کتلەیی میسری لە پێشا بۆ چی زیاتر بوون کە دەریان خست لە زوڵماتا شوعاعی جامیعولئەزهەر
لە شاران بۆ چی کەمتر بێ سولەیمانی سولەیمانی کە بەلقیسی نەبوو نەیخا لە عەکسی بەرقی شێری نەڕ
موسەببیب حازرە ئامادەیە ئەسبابی عولوییەت تەشەببوس گەر ببێ ئاسن دەگاتە خاسەیی شەهپەڕ
سپاردم وا بە ئێوە حەقم و ئێوەیشم سپارد بە خوا ئەمانەت گەورەیە حیفزی دەکا هەم بەندە هەم داوەر
ئەما پێویستییە ئەم میللەتە عیرفان و ئەمنییەت ئەمە بۆ سەڵتەنەت تەختە ئەوە بۆ مەفخەرەت ئەفسەر
بپێچن دامەنی ئەمن و بکێشن یەخخەیی عیرفان کە لەم ڕوو پەردە دایە شاهیدی مەقسوودی کول موزمەر
بە غەیری خزمەتی دین و وەتەن ئەسبابی چی تر بوو کە شوهرەتیان هەیە ئەسحاب و ئال و پیر و پێغەمبەر
دە ئێوەش وا بە جیددی تێ بکۆشن تا وەتەن ئێوەش لە بابی ئیفتیخارا دابنێ هەریەک، بەیەک مەسدەر

1926/4/2

وەرن یاران قسەی مەردانە ببیەن لە نامەردی نییە خۆ مەردی کەمتەر
بە مشت بەحری سفیدم پێ وشک کەن لە هاوینا نەکەم لێوی کە لێی تەڕ
بە کۆڵ ئەرزم کە پێ بەرنە قیامەت بوەستم پێوە تا هەنگامی مەحشەر
بهاڕێ ئاشی گەردوون جوملە ئەرزاق کە بەرداشی ئەو ئاشەم بێ لەسەر سەر
بە نینۆک شیشەیی پۆڵا کە ببڕم هەمووی بۆ جەرگی خۆشم کەن بە خەنجەر
لە ئاوا بم بە زستان نەوعی ماسی لە ئاگردا بە هاوین وەک سەمەندەر
لەوەم پێ چاترە سەر دانەوێنم لە لای پیاوی ڕەزیڵ و بێ وەفا و کەر
دەکا یەغما بکا جانان لەگەڵ فەردی بەشەردا شەڕ لە دڵ شەوق و لە دەم زەوق و لە مل تەوق و لە ئەفسەر سەر
بە نیوە پێکەنینێ زلفی لادا ڕوومەتی دەرخست نە تەنگی ما دڵی غونچە، نە گوڵ ڕەنگ و نە عەنبەر بەر
لە ئەشکی گریە مەئیووسم زەمانی سۆزی ناڵینە کە ئاو نابێ بە ئاگر بۆ دڵی ڕەق بێ وەکوو مەڕمەر
بەسەر کۆیی خەراباتا ئەگەر عەنقا بکا پەرواز ملی نەشکێ دەبێ باڵی بڕێژێ با بە شەهپەڕ پەڕ
هەناسەی ئاگرینم پووشی وەک من هەر دەسووتێنێ سرشکم گەر نەکا خاکم بەسەر ئەسباب و بوستەر تەڕ
ددانی ڕەونەقی داوە بە مرواری سەری کوڵمی لە یاقووتی دەسێنێ خەرج بسووتێ میسلی ئەخگەر گەر
دەبێ ئەهلی موحیببەت دەربەدەر بن حەمدی تا وەختێ ڕەقیب لەم تەختە نەردەی عالەما نەیبێ لە شەشدەر دەر
بە ڕۆژ گیراوە شەو بنواڕینە ئەترافی زلفی یار چلۆنی من بنووسم جا ئیتر ئەوسافی زلفی یار
بەسەر فەوارەیی ملا شەوقی وەک ئاوی زیندەگی دەڕژێ خزر با بێتە سەیری هاژە و سەر تافی زلفی یار
خەیاڵم کرد پەشێوی عومرم و شەرحی سیەهـ بەختیم بنووسم هەروەکوو لەوحە لە سەفحەی سافی زلفی یار
بە قەد ڕۆژی بڕی دیبایی شەو ڕەنگی فەلەک زانی کە بەرگی ناسکی ڕوخسارییە کێشبافی زلفی یار
لە ئەنزاری عمووما هەر دەبێ عەنبەر بسووتێنم دەڵێن ئەو ڕوو ڕەشە کردوویە ئیستیخفافی زلفی یار
خودا سەر پەرچەمی خا توولی عومری من ڕەزام ئەمما لە کورتیدایە توولی شەوکەتی ئەخلافی زلفی یار
بە دڵ جێگەی لە ڕوخسارا نەداوە خستییە پشتگوێ بە دڵمە سەد لە جەننەت چاترە ئەعرافی زلفی یار
سەمەرقەند و بوخارای دا بە خاڵی هیندویێ حافیز منیش چین و خەتام بەخشی بە میشکی نافی زلفی یار
مەمالیک حەمدی قەت ناکا کیفایەی دەس بڵاوی ئەو مەگەر هەر قورسی ڕوو بگرێ بەری ئیسرافی زلفی یار
دڵی هەڵناگرێ دنیا لە حوببی دلبەرێ زیاتر گڕ ئەگرێ گەر فەلەک بیبێ لە میهری ئەنوەرێ زیاتر
مەدە دەس چاوی مەستت خەنجەری بوڕانی وەک ئەبرۆ موژەت کاریگەرە بۆ دڵ لە نووکی خەنجەرێ زیاتر
بە دوو چاو قەت دڵی نایە فەلەک سەیری جەماڵی کا بە ڕۆژا قەت بزانە هەڵدەهێنێ ئەختەرێ زیاتر
لە چاوی بەد خودا حیفزی بکا ئەو چاوە مەخموورە لە بەزمی عالەما گەرچی دەبێ شۆر و شەڕێ زیاتر
سەرەفرازە ڕەقیب پێی نا بە سەریا قوڕ بەسەردا کەم بڵێم چی تاج بەخشی من نەبەخشێ ئەفسەرێ زیاتر
چ بۆ خەلع و چ خەلعەت هەر یەکێکە گوفتەی ئەو شۆخە سەدەف بێ قەدرە گەر بگرێ لە تەنها گەوهەرێ زیاتر
سەری خۆی نایەشێنێ مەردی عاقڵ فەزڵەیە بۆ سەر لە سەودایێکی عەشق و یەک کوڵاهـ و بوستەرێ زیاتر
بە یەک جیلوە حیسابی موددەتولعومری لەگەڵ کردم وتی نەدرا بە دنیایێ لە سوبحی مەحشەرێ زیاتر
ئەگەر واعیز لە ساقی سادە بادە دەفعەیێ بگرێ دەکا تەعریفی مەی باقڵ لە ئاوی کەوسەرێ زیاتر
چ عالی هیممەتە وێرانەیی کردۆتە مەسکەن بۆم لە ژێر سایەی کەسانا بێ و نەبێتە قەیسەرێ زیاتر
خەلیلی عەشقە حەمدی موستەعیدی سووتنە نەمروود چرا نەیویستووە ئەمما لە شوعلەی ئەختەرێ زیاتر
بە لەیلا بۆ دەڵێن مەجنوون کە مرد دێوانەیێ کەمتر لە دارولعیشقی دنیادا بڵێن فەرزانەیێ کەمتر
کە شێرانە بە شەمعی ڕوومەتی دڵ خۆی بسووتێنێ لە بەزمی عالەما حەیفە بڵێن پەروانەیێ کەمتر
کە چاوی مەستی هەڵهێنا ئیتر مەیخانە هەر داخەن کە عالەم مەست بکا بارێ ببێ مەیخانەیێ کەمتر
لە بێداد و جەفای ئەو شۆخە عالەم پڕ لە غەوغایە بە بێدەنگ بمکوژن بەڵکو ببێ ئەفسانەیێ کەمتر
لە ڕێی حەق بێژیا نەمکەن بە دارا بێ شکە نابێ لە گوێی ئەهلی خەراباتە قسەی ڕەندانەیێ کەمتر
بە ئا یا نەء جەوابی مەسئەلەی وەسڵت بدە و بگرە لە خەزنەی پڕ جەواهێری دەمت دوڕ دانەیێ کەمتر
بە بادە عەقڵی حەمدی زوو بە با دە ساقییا ئامان لە گوێی پیری موغان بێ با سەدای مەستانەیێ کەمتر
بەسەر ڕەق گەر لە برسا مردووی نامەرد مەبە دەمساز هەزم نابێ کە ئەلفازی درشت و هاڕەیی ناساز
کە بووینە هەمدەمی ئەووەڵ بە تەعنە سەرکوتێکی کە بەڵێ بڕوێش ئەکا نەکرێ کە سەنگی ئاسیاب بێزار
هیچ کەس نەبووە کە سایەی گەورەیەکی کەوتە سەر تۆ مەڵێ ڕۆژی سەعاتێ دابنیشێ بێ خەتەر
سەیری فەیزی زاهیری ئەم سایەدارانە مەکەن سایەیی ئەرزە بەسەریا ڕوو ڕەشی گەر بێ قەمەر
بۆ تەعەببود گەر خوا خەلقی ئەکرد قیسمی بەشەر وەک مەلائیک ساکینی ئەفلاک ئەبوون و ئەمر بەر
دیارە سەوقی بۆیە کردوونە خەراباتی وجوود تێ بکۆشن مەی بنۆشن تاکوو دەمرن بێ خەتەر
بۆ چی ئەفسانەی ئەب و جەد بۆتە مایەی ئیفتیخار ئەبجەدە خۆ دەرسی ئەووەڵ ڕۆژی منداڵی هەژار
شەو وتی ئەولادی ڕۆژم ڕوو ڕەشی بۆ مایەوە نووری وەششەمسی لە وەل لەیلا نەدی کەس ئاشکار
من وەکوو لالە کە بێ بەش بم لە قەددت وەک چنار وەک یەکە بۆ دڵ چ داغی ئیشتیاقت بێ چ نار
بۆ نموونە باغی عالەم نەخلی وەک تۆ دەردەخا کێ چناری دیوە فەرموو بەر بدا وەک ئەو چنار
بۆ چی لێت گۆڕاوە ئەی دڵ یارەکەی جارانە یار سیحر و ئەفسوونی فسانەی کووچە و شارانە یار
خۆ پەری دێوانە ئیشی پێچەوانە نەبووە قەت حیرەتم بوو یاری دوژمن دوژمنی یارانە یار
قەت چنارەی پێ مەڵێن ناوم ئەوا نا بەرد و دار غەیری باڵای وەک سنەوبەر فەرموو کێ بوویە چنار
ناوی چاوم بوو بە جەنگەڵ هێندە چێوی پیا چووە وەک مەغارە بەردە ئەترافم سەرەوژێر و کەنار
کاشکی ئەوسا ئەسیری دەستی ئینگلیسی دەبووم نەک بکەومە داوی زلف و پەرچەمی پڕ پێچی یار
سوێند بە کەعبەی ئەبروان و مەسحەفی ڕوومەت دەخۆم مەستی مەی نابێتە مەستی غەمزەیی چاوی خومار
بەس بە شەو وەرگێڕە ڕۆژم ئەی سەبا ڕەحمت ببێ پەرچەمی خاوی بە ئەفشانی مەنێرە سەر عوزار
نەخلی باغی حوسنە باڵات سەرکەشە سەرویش نییە تازە غونچەی کردووە سێوە بزانم یا هەنار
هەر بە خوێنی دیدەکانی دامەنی گوڵگوڵ دەکا مەیلی گوڵشەن بۆ دەکا حەمدی ئیتر فەسڵی بەهار

1919

هەر بڕشتی زلفی یارە داروویی بیماری یار هەر بە مەی دەکرێ دیارە چارەیی زەهری خومار
چاری دەردی عەشقی پێ نەکرا فلاتوون و وتی تێکەڵی خوێنە موحەققەق ڕۆحە وا چۆتە دەمار
تا بەسەر ڕشتەی خەیاڵیدا نەکەم وەک سەبحە داغ وەک دوعای سۆفی مەحاڵە بێتە میزانی ژمار
مردنی ژینە، ژیانی نەفعە، هیجرانی ویساڵ هەر سەری تێدا بەخت کەن خەڵقە گەر عەشقە قومار
ماڵی وێرانە ئەوانەی هەر خەریکی قەیسەرین ئەو کەسانە قەیسەرن ماڵی تورابین کەن عەمار
ڕەببی چەند شیرینی لێ دێ لەو دەمە گوفتاری تاڵ هەر وەکوو قەندی موکەڕڕەڕ بوو وتی لازەهرە مار
بەختی کێ ئاخۆ پژابێ ئەمری دابێ بیکوژن ئەم ڕەقیبە حەمدی ئەمڕۆ هەڵقونی وەک سووسەمار
شەکوەیی ئەغیاری خۆم کەم ڕەببی یا ئەغیاری یار چاری سەر یا دڵ بکەم چ بکەم لەگەڵ دووچاری چار
جامی دڵ لەبڕێزە خوێنە بەسمە وەک مەجنوون لە چۆل نۆشی بێ لەیلا دەنۆشێ ساغیری سەر شاری شار
من خوماریم ناشکێ تا ناوی چاوی مەست بەرم هەر بە باسی زلفی خاوە بوومەتە بیماری مار
حەیفە کوشتەی ئەم تەلاشە تۆ دەکەی بۆ سەربڕین سەندەڵی سوورە عیلاجی دەردی سەر نەک زاری زار
بۆ ڕەواجی خۆی ڕەواجی عالەم ئەشکێنێ نەفام حەق بکا تەنها دەگاتە مەرتەبەی سەرداری دار
من لە سایەی کوفری زلفی تۆوەیە گەر جەننەتیم وەک گوڵی ڕوخسارتە بۆ بەستەیی زەنناری نار
سڕڕی من بۆ فاش دەکەی ئەی دڵ ئەگەر عەقڵت هەیە ئیختیاری تا ببێ ناکا کە سڕ ئیزهاری هار
موڵکی دڵ شیرین دەگیرێ دەستی فەرهادی عەشق ڕاحەتە میللەت بە عەقڵی گەر بکا سەر کاری کار
نەغمەخوان حەمدی کە ئەسبابی تەرەب بوو ئێستەکی بەختی ئێمە حوکمی حەوت تیری دەکا شەش تاری تار
شەوقی وەسڵ و سۆزی هیجرت وەک یەکن نێزیک و دوور من دەسووتێنن کەوایە تۆ لە ئاگر بە، بە دوور
با لە باغی عالەما نارنج و لیمۆ بێتە بەر بەر بخەن نادەن بە ڕێکی وەک من و تۆ زەرد و سوور
دەرخە سینە پرتەوی با ئاگرێ بەرداتە دڵ تووری سینا با بسووتێ دەرکەوێ بەو شەرتە نوور
وا لە ئەشغالی غەما ئیقلیمی دڵ حەددی چییە هەر مەگەر لەو دوورەوە سەیری بکا فیرقەی سروور
گەر لە سڕڕی قەلبی ئەهلی ئەم زەمانە تێبگەم وەک مەسیحا جا دەکەومە کەشفی ئەسراری قوبوور
پێ بنێ مەجلیس تەماشاکە ئەگەر ئەهلت دەوێ بەحرە دنیا گەوهەری ژێر خستووە خاشاکی ژوور
ئافەرین دنیا لەگەڵ تەقدیری قیمەت کردنت وەک سمۆرە قەت لە پارە پڕ دەکەی پێستی سمۆر
دەوری ئەبوابم لە سائیل هەر دەوێ بۆ نان و چێشت ئێستە فەخری پێوە دەکرێ بۆتە ئەسبابی غروور
من بەرە و پیریم بەرە و پیری منە پیری شوکر حەمدی ناکا دەفعەیێکی تر بە دنیادا عبوور
بەحرە نەشئەی مەی شەپۆلێکی دەکا دڵ غەرقی نوور خان و مانی عەقڵی دەسووتێنێ بە چاوی بەرقی نوور
مەی ئەگەر مەی بێت و هیممەت هیممەتی پیری موغان بەحر و بەڕ یەکسانە بۆ مەیکەش کە داخا دەڵقی نوور
سۆزی ئاهم ئاگرێکی کردەوە پڕ کائینات ئافەرم بۆ قودرەتی عەشقم کە کردی خەڵقی نوور
ڕشتەیێکی کردە گەردن سوبحەوە شەو پڕ لە شەوق هەر وەکوو زلفی نیگارم مل ملی کرد تەوقی نوور
گەر لە مەنزیل بێتەدەر ئەو شۆخە یەک شەو بێ نیقاب مانگ ئەگەر ئاوا نەبووبێ فێر ئەبێ بۆ سەوقی نوور
غەیری پەروانە درۆیە کەس نەڵێ من عاشقم شەرتی سووتانە کە کردی ئیختیاری عەشقی نوور
تا نەسووتاوی دەهێنی خۆر لە بازاڕی جیهان هەر سبەینێیە بە جیلوە یار کە بیدا شەوقی نوور
نوور ئەگەر شەمعی شەبستانە ئەگەر خورشید و ماهـ پرتەوی ڕوخساری یاری حەمدی یە ما فەوقی نوور
قەت مەکە شەکوە لە ڕەفتاری کەچی ئەفلاکی پیر مەنزیلی دوورە هەدەف هەر کورت دەهێنێ دیارە تیر
تەنگ ڕوزی نەی برادەر تەنگ زەرفی من دەڵێم شەکوەبازی هەر دەکەی تاجیش لەسەر نێی وەک ئەمیر
عەقڵی خۆت و ئەغنیایان سەیر ئەکەیت و جا دەڵێی ئاسمان کەودەن پەرستە و ئاسمان سوفلە پەزیر
گەر بە ڕووی تۆدا بچەرخێ خۆ بە کەودەن دەردەچێ بۆ دەکەی شەکوە لەبەر عەقڵە کە کردووتی فەقیر
قیسمەتی عاقڵ بە من بێ کافییە نانێکی جۆ چونکە پێخۆرێکە میسلی هەر نییە عەقڵی دەبیر
ئەحمەقی نادان فەقیرە خۆ لەگەڵ گاگەل دەچێ ئاسمان چەرخی نەدا بیکاتە سوڵتان و وەزیر
ئیتتیفاقی قەومە دەیکا ئیستیلایی ڕووی زەمین سەیری کەن نووسی لە ئەرزا ئەم قسە پووشی حەسیر
مەیخەرە دەم دەم بە خەڵوەت ئەو قسە بۆ گوێت کرا با بە هاتووچۆ زمانت دووژمنە نەکرێ خەبیر
موقتەزای عەقڵە کە بگری دەستی ئوفتادەی برا دوژمنیش بێ خۆ ئەویش بۆ تۆ دەبێتە دەستگیر
حەز دەکەم ئەبنایی عەسرم شل کوتم کەن دائیما نانەوا زۆری نەشێلێ کەی دەبێ پوختە هەویر
وەک خەیاتە پێچ نەدەی لەم دەستگاهی دەهرەدا زەحمەتە یاهوو بپۆشی بەرگی مومتازی حەریر
نان و ئاوی نایە بەر سەیف و قەڵەم عەسری جەدید نانی برد نووکی قەڵەم ئاویش نرایە لێوی شیر
من لەبەر پێشەنگ لەمەولا هەڵدەسم چونکە دەڵێن خەرگەلە دووکەوتنە عینوانی ئەشخاسی کەبیر
ئەم کیبارانە سیغارن حەمدی ئەربابی فەزڵ لازمە پەروەردەیان کەن هەر وەکوو تیفلی بە شیر
وەهـ چ خۆشە ببیتە بەحری بەڕ بەڵکە ئێمەش بکەین دەمی لەب تەڕ
کیمیاگەر بوایە کوڕڕەیی ئەرز دەستی ئێمەش دەکەوت نموونەی زەڕ
سایە ناخاتە سەر سەری عاریف گەر هوما ئاسمانی بێ شەهپەڕ
گەر بسووتێ دڵی بە حاڵم شەمع باڵی مێشی لێ دەبێتە بای سەڕسەڕ
خێری بەشرایەوە ئیتر دنیا چی تیایە بە غەیری فیتنە و شەڕ
بێڵی بڕوا میسالی گەر چاکە کە لە ژێریایە ئەسپی وەک ئەشقەڕ
بوو عەلی سەرفی کرد حەیات و کە چی بۆ قیلێ کەوتووەتە عیلمی جەڕ
کاری بێ کارییە کە وا حەمدی کەوتووەتە قسەی وەها بێ فەڕ