دیوانی حەمدی/ز
1
editچارە دەرهێنانی ڕیشەی ڕۆحییە مەردی نەساز | تێکدەدا قانوونی عوشرەت ئەو تەلەی دەرچێ لە ساز |
تەیر ئەگەر نیت کێو دەبێ داوێنی بگری و سەرکەوی | گەر حەقیقەت ئارەزووتە بگرە داوێنی مەجاز |
بێشەیی عەشقە مەقامی شێر کۆیی دلبەران | ئەم ڕەقیبە دەرکە جێگەی هەر قوڕ و ئاوە بەراز |
من وەکوو فیردەوسی ناکەم جەوهەری شاهم بەیان | شەرحی حاڵی ئەو دەکا یەک قەترە بێ خوێنی ئەیاز |
تێ دەگەن پەروانە بۆ چی خۆی دەسووتێنێ بە شەمع | تا نەڵێن نامەحرەمە عاشق ئەکا ئەفشایی ڕاز |
خۆشە شۆخی گەر بە جارێ بمکوژێ و ببڕێتەوە | ڕۆژی تیرێک و بە عومری کوشتنە کوشتن بەناز |
شێخ و عەدل و حاکم و کەشف و حەکیم و مەرحەمەت | نەبووە نابێ بوونی خەربی قاعیدە ناکا بە شاز |
گەر گوناهێ سۆفی دەیکا نەقڵی بۆ خەڵقی بکا | بۆ ڕیایی چا نییە بیکا لە مەجمەعدا نەماز |
بەختیارێ پێکەنی پێم، پێکەنیم پێی و وتم | هەر نەشیبە هەڵدەکا دامەن بە ڕەهڕە و بۆ فیراز |
حەیفە تۆ دەستی تەڵەب حەمدی بەری بۆ حاتەمیش | بارەگاهی بێ نیازە مەرجەعت بەیتی نیاز |
2
editتۆ وەکوو خۆر تا نەخەیتە سەر سەرینت سەر بە ناز | بەدری کامیل لەم کەلە سەر نایەنێتە دەر بە ناز |
مەتڵەعی خۆر میسلی جەبهەت با هەڵێنی ڕۆژی ڕووت | هەڵدەهێنێ میسلی چاوت ئاخۆ دوو ئەختەر بە ناز |
گەر سەبا بیباتە چین بۆنی سەری زلفت دەخەن | ئاهویی سەحرا و عوود و میشک و عەنبەر بەر بە ناز |
ڕوومەتت دوو خیسلەتی تێدایە وەک گوڵ ئاتەشی | چۆن بە پەروانە و بە بولبول ڕشتی باڵ و پەڕ بە ناز |
غەیری چاوت کێ لە ماڵی کەعبەدا بیستوویەتی | مەست و هوشیاری بکێشن ڕووبەڕوو خەنجەر بە ناز |
ناخودا ئەو ڕۆژە حاڵی بوو کرا سەددولبەحر | چاوەکەت گرتی لە دەریای حوسنتا لەنگەر بە ناز |
سەیری ئیعجازی زلف کەن یا ئەکا شەققولقەمەر | یا ئەدا دەمدەم لە ساقی گەردنی کافر بە ناز |
حەمدی ئەو شۆخە سەراپا نازە وەختێ مەیلی بێ | وا دەدا ڕەونەق بە تەبعی ناسکی شاعیر بە ناز |
3
editسەیری نووری بادە بۆتە مەشعەلی ڕوومەت فرووز | ئاوی ڕووتە ئاگری ڕووتی کە خستۆتە برووز |
گەردنی مینایی مەی دەرخەن ملی زاهید شکێ | جوولە جوولی خست بە عالەم هێندە کردی ناز و نووز |
ماڵە پیتکێنێ عەجەب تەسویری کاری خەڵق دەکا | هەر بە تاڵان کردنی ماڵانە ماڵی بۆتە چووز |
عەقڵی عالەم وا لە چاوا دەرنەچوو لەرزم لە سک | ئارەزوومە چونکە وەک شیشە سەهۆڵی پاو و پووز |
کەو بە کەو دەعوەت دەکا سەییادی عاریف بیگرێ | بۆیە دنیا هەر دەچێتە باخەڵی ساحێب عەجووز |
باوکی مرد یاخۆ ویساڵی عاشقانی بیست ڕەقیب | شێت و سەرگەردان کە کەوتە نوزە نوز و قووزە قووز |
موو شکاف حەمدی گەدایانن ئەناسن خەڵق بە موو | دەوڵەمەند مووی ڕۆشن و سافە گەدا گرژ و گرووز |
4
editخوا بەوەی داوە لە مەیدانی عەشقدا بۆتە تۆز | گەردی هەڵساوە دەکا داوێنی خوبان بەقیە دۆز |
گەر لەگەڵ ئەم شەوقەدا ڕۆحم بگاتە ڕوومەتت | ئاگرێ دەگرێ کە بێتە مەشعەلی پەروانە سۆز |
چۆتە سەر کورسی خیتابەت واعیز و شێوەی دەڵێ | ئەسکەمل یاری دەکەین و هاتووە پاپازی قۆز |
مەشقی شاری کاکە لادێیی چ ناڕێکە و غەریب | وەک پەڕی سۆنە سمێڵی بەرق ئەدا بن ڕیشی بۆز |
ئەو زەمانە گەرمەیی بازاڕی نەگبەتیانە قەوم | حەمدی وەک کورد ڕابوەستێ فیرقە فیرقە، هۆز هۆز |
5
editپێی بەسەردا قەت مەنێن نامەرد بە عیزز و شانە ئەرز | خاکەکەی پاکی غوباری مەقدەمی جانانە ئەرز |
فەرشی ڕەنگینی گوڵستان ڕەشکی گوڵزاری جینان | گەوهەری دەریایی سونعی حەزرەتی یەزدانە ئەرز |
دەم بە دەم بۆ حاڵی عالەم دێتە جۆش و گریەوە | ئەشکی سوور و سوێری بەحری ئەحمەر و عوممانە ئەرز |
دیم یەنارداغی وتم بێ شک سکی سووتا بە من | مادەرێکی موشفیقە لوتفی لەگەڵ ئینسانە ئەرز |
جوودی حاتەم بۆتە ئەفسانە لە عالەمدا کەچی | لوقمە نانێکی بەویش داوە لەسەر ئەم خوانە ئەرز |
ئاسمان و مانگ و ڕۆژ و ئەنجومم دی تێگەییم | ساحبی خەیمە و سەرا و شەمعی ئاوێزانە ئەرز |
هەرچی دڵ مەیلی دەکا هەرچی نەفس لازمیەتی | حازرە بۆ چی ئیتر کوفرە بڵێم ڕیزوانە ئەرز |
گەهـ سەری وەک کۆنە پۆشی سەوزە شاخی موددەتێ | وەک موریدی نەقشبەندی سەرسپی بەندانە ئەرز |
بەم هەموو عەیبانەوە خەڵقی کە ئەچنە ماڵەکەی | ئەیگرێتە باوەشی خۆی ئەو هەموو عەیبانە ئەرز |
ئەو هەموو بێ شەئنییە دەگری لەسەر شانی کەچی | تێک نەچوو ئەمما لە حیرسا دەم بە دەم لەرزانە ئەرز |
گەر لە سەقفی گونبەدی ئەفلاکەوە سەیری بکەی | سابیت و دەورانە ساف و هەم خڕە هەم پانە ئەرز |
دەردەخا ئەجناسی ئەشیا غائیبیشیان هەر دەکا | چەند دڵی مەعموورە یا ڕەب ماڵی چەند وێرانە ئەرز |
زوبدەیی ئەولادی فەخری ئەنبیا بۆ کەم بوو بۆی | کائیناتی سەر بە سەر بۆ کرد بەیەک کاشانە ئەرز |
ئاسمانی کرد بە سەقف و ئەنجومی بۆ کرد بە مێخ | کەهکەشانی کرد بە تاقی پێشی ئەو ئەیوانە ئەرز |
ئەو مەهەی چونکە لە دڵدایە لەبەر چاوی نییە | بەحری ئەشکی جارییە ئەمما دڵی خەندانە ئەرز |
ئەو دەمە بۆتە زیارەتگاهی ئەفواجی مەلەک | لێوی گەییە پێی و دەستی گەییە ئەو دامانە ئەرز |
هەر دەبوو بمزانیایە قووەتی ئەو ڕۆحەیە | سیقلەتی بەم زۆرییە وەستاوی بێ بونیانە ئەرز |
حەمدی لادە لەم حیسابە کافییە بۆ تێگەییو | مەنبەعی کوللی شتێکە مەنسەبی هەمووانە ئەرز |
6
editوەک ئەو شیرین سوارە کێ بووە کەیخوسرەوی پەروێز | بە ناڵی ڕۆژی ڕەخشانی بوراقی کەی گەیشت شەبدێز |
فیدای بم وەختی میعراجی لە ئەفلاکا وەکوو بەرقێ | لە ئانێکدا بۆ هاتووچۆی کە بزواندی کەمێ مەهمێز |
7
editوەکوو تەیرێ کە کەوتە چنگەڵی باز | لە چنگی تۆ دڵم نابێ سەرەفراز |
وەرە وەک بولبول و گوڵ بینە هەمدەم | وەکوو تاووس و تووتی و بینە هەمڕاز |
لە باسی سەرکەشی و گەردن کە دەدوان | سەری سەروی شکاند و گەردنی قاز |
دەمت وەک قافیەی ئەم شیعرە تەنگە | کەلامێکی نییە بۆ من بە سەد ناز |
دەری گەنجینەیی ڕزقە دەمی تۆ | خودا بیکا دەبێ بیکەم بە دەم باز |
ئەگەر کوڵمت وەکوو سێو کەوتە دەستم | نیهایەت بمکوژن دەیخۆم بە یەک گاز |
مەزەننە ناقیسە ئەم خەڵقە دینی | وەرە بنوێنە ڕوخسارت بە ئیعجاز |
لە نەسلی کوردییە دێوانە حەمدی | مەعانی و کورد دەبێتە قاعیدە و شاز |
8
editنەشئەی خومارە مایەیی ڕۆحی ڕەوانی ڕەز | حوزن و مەسارە ڕەنگی بەهار و خەزانی ڕەز |
زانیوتە بۆ چی ئاوی حەیات و خزر گومن | ناکەن موقابەلە بە مەی و باغەوانی ڕەز |
لەم خاکەسارییە بڵێ زاهید بەچی بوویی | شایە کە عەبدی عالەمی ئاب و جیهانی ڕەز |
باڵی هومایە سێبەری شاخی درەختەکەی | تەختی کەیە سکوونەتی بەردی مەکانی ڕەز |
مەعنا تەسەڕڕوفی تەبیعەت و فکرت دەکا ئەمە | بەستی منە بە زاهیر و باتین بەیانی ڕەز |
خۆزگە قیاسی بادەفرۆشی لە زاهیدی | دەکرا و دەردەکەوت هونەری خانەدانی ڕەز |
ئەو وەختە جبرەئیل کە دەهات و دەچوو کوفر | نەبوایە ئایەتێکی ئەهێنا لە شانی ڕەز |
کەی ئاب و دانە قابیلی ئەم جیلوەیە بووە | ڕۆحە کە خوێنی مەغزە هەموو ئیستیخوانی ڕەز |
قۆنیاغ و وێسکی و خەمر و عەرەق شاترۆز و جین | نوتفەی حەڵاڵن لە بەنات و بەنانی ڕەز |
9
editخەیاڵم کرد لە سۆزی فیرقەتت شەرحێ لەسەر کاغەز | بنووسم ئاگری تێچوو قەڵەم گرتیشیە بەر کاغەز |
مەحاڵە ئیستیعابی وەسفی ڕۆژی ڕوومەتی تۆ کا | بە جارێ یەک تەبەق بشبێ فەلەک ئاسا ئەگەر کاغەز |
لە دڵیا ئەم هەموو ئاهی حەزینەم بێ سەمەر مابێ | قسەی مووی ڕیش و قەسسابە بنێرم موختەسەر کاغەز |
قسەی عاشق ئەگەر گوارەی جەواهیر بێ لە گوێی ناکا | بنووسە ئەی موحەرریر بۆی بە ئادابی دیگەر کاغەز |
حیکایەی یەک شەوی فیرقەت دەنووسم عومری نووحم بێ | ئەگەر بەحری سیا بێتە مرەکەب سەتحی بەڕ کاغەز |
بە مەحزی تەجرەبە حەمدی قسەی ئیرانیانەم کرد | لەگەڵ باسی درۆ ئاخۆ بزانم دێ بەشەڕ کاغەز |
10
editیەک قەترە ئاوی تیرە لە بەحری کەوان لەزیز | یەک ساعەتی ویساڵە لە توولی زەمان لە زیز |
ئەو لێوە سوورە شۆری دەکا عەیشی من کەچی | بۆ مەززە بستەیە بە دەمی مەیکەشان لەزیز |
گەر بێ شەرابی مەرگە بەدەم مەردی تێگەییو | لەم عەسرەدا میسالی مەیی ئەرغەوان لەزیز |
جانانە حەز لە خوێنی منی بێ نەوا دەکا | حەقیە خورش نییە وەکوو ڕۆحی ڕەوان لەزیز |
عاشق بە ئاوی زیندەگییە خزر و من دەڵێم | بەحری عەدەم بەیادی دەمی دوڕەفشان لەزیز |
ئەو لەعلە مردووە نە گڕی شوعلەیی تێدا | دڵ بۆ مەقەڕڕی جیلوەیی عەشقی بتان لەزیز |
برژاوە دڵ بە ئاگری یەک ساعەتی فیراق | چی لێ بکەم کەبابە بە دەمی دلبەران لەزیز |
هەر میحنەتی فیراقە لەزیزی کە کرد ویساڵ | حەمدی بە ئەهلی دۆزەخە باغی جینان لەزیز |
11
editنە عەقڵم پێ دەمینێت و نە دەممینێ زمانی عەرز | کە دەیبینم بڵێم چی نیمە یارایی بەیانی عەرز |
ئەڵێن بارێ بە کاغەز شەرحی ئەحواڵت بنووسە بۆی | لە سوننەت چی بکەم بۆ من بەجێ نایێ کە جارێ فەرز |
لە دوو خەجڵەت بزانە چەندە مەحزووزە قەناعەتکار | لە نامەردان تەڵەب کردن لە مومسیک ئیرتیکابی قەرز |
لە تەقسیماتی ئەنوارا فەلەک مانگ و خۆری بەرکەوت | خودا ڕوویی نیگاریشی عەتا فەرموو بە کوڕڕەی ئەرز |
خودا بۆ ڕۆحی عالەم قابیزی مەخسووسی وەک دانا | ئەڵێی مەئموورە جانانە بە عەییاری بکا دڵ قەبز |
دەڵێ یارحەمدی دیبوو دەور و تەسلیمم ئەکرد ئەی دڵ | هەتا لێوم کە دێ ڕۆح و هەتاسەر سەر کە دەفری نەبز |
12
editبە دڵتەنگی لە خەندەی ئەو دەمە وا دیارە ناکا حەز | لە شەککەر میسلی تووتی ئەو کەوی کۆسارە ناکا حەز |
میسالی دووکەڵی عەنبەر خەم و پێچی بە زلفیدا | بە موو یەعنی لە ڕاستی ئەو پەری ڕەفتارە ناکا حەز |
ڕقی هەڵسا لە ڕەنگی زەعفەرانی و ئەشکی خوێنینم | لە زەرد و سووری ئێمە ئەم ڕەقیبە هارە ناکا حەز |
دڵ و چاو و زمان و عەقڵەکەم لێم عاجزن ئەمڕۆ | وەکوو مەخلووقی ئەم شارە، کە وا لەم شارە ناکا حەز |
بە زۆری عیشوە بردوویە دڵی ئەم عالەمە وەرنێ | بە غەیری من لەبەر جەوری کەسێ لەم یارە ناکا حەز |
قسەی تاڵی لە دەم تا دێتەدەر وەک شەککەری لێدێ | دڵی سائیم مەڵێن لەو بانگ و لەو ئیفتارە ناکا حەز |
سەری داناوە دانا حەمدی نادا گوێ بە بەزم و ڕەزم | گرانە بەردی تەعنە مردووە لەو یارە ناکا حەز |
13
editلە باسی کەوسەرا بۆ من ئیشارەی چاوی کرد واعیز | قیاسی مەی چ غەددارە بە چۆڕێ ئاوی کرد واعیز |
دیارە دۆزەخی هەرگیز لە باسی خولدی خۆش نایێ | کە باسی جەننەتم کرد چۆن بزانە ناوی کرد واعیز |
وتی دەرکەن لە دڵ سەودایی پەرچەم عەرشی ڕەحمانە | بەجێ بوو ئەو قسەی ئەمما خەیاڵی خاوی کرد واعیز |
کتێبی وەعزەکەی بوو دایدڕی لەو وەختەدا باقڵ | کە بۆ کفنی گەدا باسی جەوازی جاوی کرد واعیز |
لەسەر چی ئاخۆ دامابێ فەقیرە بۆیە وا ئەمشەو | بەیانی خێری دەفعی حاجەتی داماوی کرد واعیز |
وتی ئاخر زەمانە بۆیە باوە کوشتن و تاڵان | بەڵێ بێ دەستەڵاتە بۆیە بەند و باوی کرد واعیز |
بە ڕووتی واعیزا دیارە کە دنیا هاتووچۆیێکە | جیهانی حەمدی تا مەحشەر بە یەک هەنگاوی کرد واعیز |