دیوانی حەمدی/ل
1
editعاقڵ بە پووچی زانی کە هێنایە بەر خەیاڵ | دنیا برالە یا خەوە یا سەر بەسەر خەیاڵ |
جانانە گەر لە ئەوجی فەلەکدا بێ مەهـ میسال | سەهلە دەگاتە خزمەتی بێ باڵ و پەڕ خەیاڵ |
وەهمم وەهایە زوعفم ئەگەر هیممەتی ببێ | شوێنم کەوێ نەبینێ لە جێی پێم ئەسەر خەیاڵ |
گوم بوو دەمی دەمێ بوو شوکر خەندەیێکی کرد | لەو بەحری حوسنەدا گەوهەری خستە دەر خەیاڵ |
سەر ڕشتەیێکی خستە ملی نەفس و ڕستی کرد | وا ئەو سەگەی لە خانەیی من بردە دەر خەیاڵ |
جەننەت کە هات و پادشەهی عەقڵی کردە دەر | مەردانە تاجی سەڵتەنەتی کردە سەر خەیاڵ |
لەم دەستگاهی مەعنایەدا حەمدی یا جیناس | ببڕین بە ڕەنگی ئەلبیسە بیکەینە بەر خەیاڵ |
2
editشەهیدە ئەو کەسە هەڵسێ لە قەبری نوورێ وەک مەشعەل | بە خوێنی ئەو دراوە دیارە شمشێری برۆ مەسقەل |
هەتا عاشق نەکوژرێ جەوهەری دەرناکەوێ قاتیل | دەسی سەوزە چ ڕوو سوورە بزانە تەختەیی مەغسەل |
هەتا کەی وێڵی وادی ئولفەتی ئەی بێ خەبەر مەجنوون | ئەوە گەردی چ شەیدایێکە گەییە دامنی مەحمەل |
لەناو ئەهلی دڵا سۆفی دەزانن چۆنە تەشبیهی | لە خەرمانی گەنمدا بێ گوڵی زیزانە و خەردەل |
جیهان ڕەنجی من و فەرهادی زایع کرد بە ئەفسوونی | بەڵێ پێی خۆشە پیرێژن نەمانی شەهسواری کەل |
پەلەی پێکەوت جیهانگیری بە من باقڵ دەکا جانان | پەلی سەوقی مەکانێکی دەکا دەمکا کەوا پەل پەل |
بە دەعوای ئەسڵ و فەسڵ ئیکمالی نوقسان عەینی نوقسانە | کە داعی شوبهەیە فازیڵ نەبێ گەر نوتفەیی ئەفزەڵ |
فیراقت ئاگرێکی ناوەتە خەرمانی عومری من | لە هەر جێ دادەنێم پێ ئاگری دەگرێ وەکوو مەشعەل |
بە لەیلا هەرچی مەیلی بێ بەڵێ لایوسئەلە مەجنوون | دەجۆشێ خوێنی دێوانە لەسەریا هەروەکوو مەنجەڵ |
لە بەدتینەت ئومێدی حوسنی نییەت بۆ دەکەن خەڵقی | ئەگەر ڕۆحی بەبەرداکەی بە لیمۆ قەت دەبێ حەنزەل |
یەکێ چاکە لەبەر چاوی یەکێ دوو بێ نەوەک دوو سەد | لە ساحێب سووئیزەن ئەلبەت گەلێ ئەهوەنترە ئەحوەل |
بە میقداری هونەر قەدری بە کەس نەشداوە ناشیدا | جیهان حەمدی دەکا ئەکسەر بە گەوهەردانەیی پشکەل |
3
editڕۆژێ وەسڵێکم دەوێ هەر وەک شەوی هیجران بە توول | تا لە نیسبەت میحنەتمدا ئارەزووم بێتە حسوول |
هەروەکوو ڕۆژ و شەوم دی پێکەوە یار و ڕەقیب | حیرەتم نەمکرد لە داخانا عەجائیب بۆ نزوول |
گەر بسووتێ حەقیە بۆ موشتاقی وەک پەروانە شەمع | چونکە میعراجی موحیببەت سووتنە کردی قبوول |
من لە سلکی ئەهلی دڵدا بولبولم دەرکردووە | سڕڕی مەعشووقی بە عیففەت نادرێتە دەس فزوول |
سەیلە ماڵی خۆی و عالەم کا بە سەر پێچی خراپ | ڕوو لە ماڵی کەس نەکا مەخلووقی سەر پێچ و عەجوول |
قیر سپی بوو داغی عەشقم تا بە دنیایێ کڕی | قەت وەکوو زاهید قیامەت مومکینە بیدەم بە پوول |
نایەڵێ حەمدی فەرەح حاڵی لە حاڵی خۆت ببی | سەیری عالەم ئەو کەسە دەیکا کە دایم بێ مەلوول |
4
editنابەجایی کەس نەدی حەتتا لە حەیوانی ئەسیل | هەر بە نائەسڵی بزانن زاڵمی ئەحمەق دەخیل |
سەگ بە سائیل هەر وەڕینێکی هەیە ئەمما ڕەقیب | ناوەڕێ تا نەمگرێ موعتادییە کەلبی بەخیل |
من لە خۆشی ئەو دەمە نەقسوددەمم وا پێگەیی | قوڕ بەسەر لالە کە داغی چۆتە دڵ ئەمرێ بە سیل |
من بە زیکری ڕوومەتی ئەو شۆخە ڕۆژم کردەوە | سۆفی ڕووی ڕەش بێ لە شەودا نەیبووە زیکری جەمیل |
بەو ئیشارەی ئەبرووانە وا لەتی کرد جەرگ و دڵ | قەت وەهای ناکا بە دوو لەت خەنجەر و شیری مچیل |
هەر لەکن پیری موغانە عەرز و حاڵی مەیکەشان | ئەو جەوان مەردانە دەگرن حورمەتی پیری زەلیل |
ئەم فیراقەم بۆ بووەتە باعیسی شادی ڕەقیب | ئاگری نەمروود دەبێتە گوڵشەنی خاسی خەلیل |
بۆ کەناری سەومیعەم مورشید دەبا وا تێدەگا | پیری عەشقم بۆ دەری بتخانە نابێتە دەلیل |
گیانەڵاوە بۆ ئەم گلاراوەی کە کەوتە ڕۆحەوە | سا وەرە بیبە ئەمیش هەر وەک دڵت بردم بە دیل |
بۆ چی حەمدی وا بە سووکی سەیری ئەهلی دڵ دەکا | بۆ بە گوێیا نەچوە مێشوولە کەچی کردوە بە فیل |
5
editفەرش و باڵینە لە لانەی بولبولانا دڕک و داڵ | بێ بەڵا بێ وا دەگۆڕێ گوڵ لە ئەهلی حاڵ حاڵ |
وەعدی وەسڵی دا براگەل وا دڵم کەوتە فڕین | گەر بڵێن باوەڕ دەکەم عاشق لە وەسڵا دێتە باڵ |
ئەو مەهەی ئەمشەو لە گۆشەی کولبەکەمدا دی وتی | موحتەسیب ئەهلی محەللە ئاگرە بەربۆتە ماڵ |
عاریفان هەنگامی مردن سەیری عولوییەت دەکەن | مەوقیعی سەردارە عاشق زاهدیش ئەنرێتە چاڵ |
وەسیەتی فەرهادە نامەرد باسی شیرینی بکەن | ناوی توێشەی زاهیدم بردوو دەمم وەک زەهرە تاڵ |
خەڵقە ئێوە و خوا دوعا کەن نەک پەشیمان بێتەوە | وەعدی دا خەنجەر بە خوێنی جەرگی مندا مشت و ماڵ |
کافەیی حوسنی بە تۆ بەخشیوە سانیع ئەی سەنەم | هەر وەکوو مۆر و سەنەد وایە لە ڕووتا خەتت و خاڵ |
هەر دەڵێی ئەوقاتی حەشرە ساعەتی شامی فیراق | حەمدی هێشتا ساعەتێکە مانگی گۆڕی بوو بە ساڵ |
6
editنووسی حەرفییەن کە زلفی ماچی ڕوومەتیە حەڵاڵ | بێ بەڵا بێ خاڵی نوقتەی کرد ئەوا بۆتە جەلال |
تۆ لە خەیمەی نازی لەیلادا بەمن وادەی نشین | ئەم مەقاماتە کە ئەمڕۆ کردوویانە ئینحیلال |
مەهـ ئەگەر مەیلی نەزیرەی ڕوومەت و ئەبرۆت نییە | ئەم کەماڵ و نەقسە بۆ چی یا بەدر بی یا هیلال |
من لە ڕیسوایانی عەشقم بانگی بێ پەردەم ئەدەم | ئاشکرا بانگی موحەممەد خۆشە گەر بیدا بیلال |
بەرقی ڕوخسارت لە مەوجی بەحری نەشئەی بادەدا | وەک فەوارەی ڕۆژە هەڵڕێژێ کە ئاوێکی زوڵاڵ |
حیکمەتە تووتی لەبەر ئاوێنە فێری نوتق دەبێ | من بە سەیری ڕوومەتی تۆ گێژ دەبم بێ نوتق و لاڵ |
پێکەنینێکم لە لێوی تێگەیشتوویێ نەدی | ڕەهبەری ئیدراک و فەهمە جیلوەیی حوزن و مەلال |
حەمدی تەشویشی خەیاڵی غەمزەدەی هیجران دەکەن | بانگی یا شێخی مورید و جاڕی کەردانی دەڵاڵ |
7
editقەت مەکەن بۆ من حیکایەی عەندەلیب و باسی گوڵ | پڕ لە نەشئەی حوسنی یارە تێکهەڵێ بەو باسە دڵ |
با لە دیدە هەڵقوڵێ فرمێسکی حەسرەت نەخلی غەم | نەک لە تینوانا وشک بێ سا دڵە هەر کوڵدە کوڵ |
مەزرەعەی ئومێدی ئەهلی دڵ گەڵا ڕێزانییە | فیرقەتیش وا ئاگرێکە بەر بووەتە چێو و چڵ |
لەم دەرە دەرچوونی ڕۆحم دەردەخا ئەهلی وەفا | هەر دەبێ بیباتە جەننەت وەختی مردن ئاو و گڵ |
مونکیری ئەهلی موحیببەت کوفرە وەک زوهدی ڕیا | ئەم هەموو ئوباڵە زاهید چۆنی پێگیرایە مل |
ئەهلی بینش ئینتزاری گەردی ڕێگەی تۆ دەکەن | غەیری سۆفی کەس لە چاویدا نەماوە قەدری کل |
حەمدی ئەربابی وەفایە موستەحەققی کوشتنە | بۆ لە یاران جێ بمێنێ دابمێنێ مونفەعیل |