دیوانی زێوەر/خۆشەویستی

لا بدە پەردە ئەی گوڵی ڕەعنا

edit
لا بدە پەردە، ئەی گوڵی ڕەعنا دەرکەوێ با دوو نێرگسی شەهلا
یا دوو لەعلی عەقیقی بێ هەمتا تا بە جان ئێمە بێینە سەر سەودا
کائیناتێ ئەخەیتە وەجد و تەرەب بە تەماشایی ماهەکەی نەخشەب
وەهـ چ شیرینە شەهدی گوفتارت هەی لە جیلوەی بەنازی ڕەفتارت
بەهـ لە غەمزەی دوو چاوی سەححارت بارەکەڵڵا لە حوسن و ئەنوارت
سوپەرت بێ هەمیشە هیممەتی غەوس حافیزی چاوی بەد، کەرامەتی غەوس
تۆی شەهەنشاهی حوسن و ساحێب تاج حازرن شاهیدان بە جیزیە و باج
هەموو تەسلیمن و نیانە عیلاج هەر بە تۆ لایقە عەتایی خەراج
مەجلیسی تۆیە بارەگاهی فەرەح دوور لە ڕووی تۆیە خوابگاهی تەرەح
ئەی بتی شۆخ و نازک و گوستاخ نەفەسێکم نییە بەبێ سەد ئاخ
بوومە مەجنوونی دەشت و سەر کەل و شاخ چاوەڕێی لوتفم ئەی بە ڕوو گوڵەباخ
مەرحەمەت کە بە ناڵە و فەریاد بە جەفا مەمکوژە وەکوو فەرهاد
چەندە خۆشە لە فیرقەتا کاغەز وەرگری تۆ لە پۆستەدا کاغەز
وەک شیفایە لە هیجرەتا کاغەز نیسفی وەسڵە لە میحنەتا کاغەز
خەبەری دڵبەری شکەرگوفتار وەک تەداوی حەکیمە بۆ بیمار
سەیدی کردم بە داوی غەمزە و ناز دڵبەری چیهرەئەسمەری چاوباز
دڵبەرانیش ئەخاتە بەحری نیاز شاهبازێکە زۆر بڵندپەرواز
وەنیە هەر شێتی عەشقی من بم و بەس سارییە دەردی عەشقی بۆ هەر کەس
شوعلەیی حوسنی دڵبەری مەهوەش دڵی کردوە بە کوورەیی ئاتەش
کەسنەناس و بەدەعیە و سەرکەش لە هەموو لوتف و مەرحەمەت بێبەش
لە کەفیدا دی جەوری، دوورە خەلاس عادەتی کوشتنە بە غەیری قیساس
نییە هاوڕەنگی تۆ لەسەر ڕووی ئەرز گەر بەسەریا بڕۆی بە توول و عەرز
چۆن نەبێ میهری تۆ لەسەرمان فەرز بە زوبان دێم ئەکەم تەشەککیم عەرز
لە جەفای عاشقان بەسە ئیفرات نۆبەتە بۆ وەفا و عەیش و نیشات
با نەڵێن خەڵکی عاقڵە و واعیز عالمی چاکە عادڵە واعیز
چونکە لای ئێمە جاهیلە واعیز گوفتوگۆ و وەعزی باتڵە واعیز
مەسلەکی عاشقانە وەجد و سەماع بە هەزار وەعز ناکرێن ئیقناع
خۆشە فەسڵی بەهار و دیدەنی باغ نەغمەیی بولبولان لە گوڵبەنی باغ
سەیری ئەشجاری بەرزی مەعدەنی باغ سەیری ئارایشی مولەووەنی باغ
غایەتی بێ حەبیب ئەبێتە ئەسەف شەوقی عومرت هەموو ئەچێ بەتەلەف
ماهی من زاهیرە لەناو ئافاق دائیمەن بەدرە، ناکەوێتە میحاق
حوسنی ئەو عالەمێکی خستە مەراق کەس نەماوە کە بۆی نەبێ موشتاق
شوهرەتی حوسنی گەییە عەرش و فەلەک بوونە خەددامی، بارەگاهی فەلەک
ئەی مەهی ئاسمانی حوسن و جەماڵ لە غەمی بەدری ڕووتە بوومە هیلال
ئەو کەسە بۆتە ساحیبی ئیقباڵ کە نزیک بێتەوە لە بەزمی ویساڵ
هەر غەمی تۆیە بۆتە هاودەردم زەربەیی عەشقە چیهرەی زەردم
هەر وەکوو ئەهلی بێ میزاجە زەمان مەسلەکی سابتی نییە بۆ مان
دەردی دنیایە ناکرێ دەرمان مەر لە دنیا ئەجەل بکا دەرمان
خەڵەفاوین لە ئافەتی، من و تۆ بەشبڕاوین لە نیعمەتی، من و تۆ
دڵبەری شۆخ و شەنگی دیدەسیاهـ گەهـ بە غەمزە گەهێ بە تیری نیگاهـ
عاشقانی بەبێ خەتا و گوناهـ هەموو خستۆتە دەرد و ناڵە و ئاهـ
دوورە بۆ دڵبەران وەفاکاری سەهوە بۆ نائومێدەگان زاری

بنازم

edit
بنازم پەرچەمت زللەی لە کەللەی عوود و عەنبەر دا سەفای ڕوخسارەکەت تەعنەی لە ئاوێنەی سکەندەر دا
شەڕ ئەفرۆشێ بە عالەم بێ سەبەب ئەو چاوە مەستانە هەچی هاتە تەماشای چاوی تۆ سینەی لە خەنجەر دا
بەڵێ عومری خزر قیسمەتمە گەرچی عومر کۆتا بێ کەسێ نەقدی حەیاتی خۆی بە یاری شۆخ و ئەسمەر دا
لە تەعریفی قەدی مەوزوونی، شاعیر کەوتە وریایی هەموو دێرێکی ئەفکاری خەیاڵاتی لە میستەر دا
کە زاهید هاتە سەیری قەوسی ئەبرۆی تۆ بە ناچاری فڕێی دا سەبحە و سەججادە سەد لەققەی لە مینبەر دا
دەمی تۆ خونچەیی نەشکوفتەیە، یا نوقتەیی مەوهووم بە خەندە دوڕ بەسەر لەعلا و لەعلیشی لە شەککەردا
بەرامبەر حەلقەیی پەرچەم خەدەنگی چاوی مەخموورت بعەینە وەک جیهانبەخشە لەگەڵ تیری لە ئەژدەر دا
بە مەرهەم زەحمەتە زەخمی دڵی بێچارە ناگیرێ بە تەحریکی برۆ ئەو شۆخە دەردێکی بە زێوەر دا

باعیسی دووریتە

edit
باعیسی دووریتە گەر دڵ ناڵە و ئەفغان ئەکا دەردی هیجرانە سەبەب گەر دیدە خوونئەفشان ئەکا
هەر زەمان ناری فیراقت دێتە ناو کوورەی دەروون میروەحەی ناڵەم لە هەر لا ئاگرێ پەخشان ئەکا
تۆ کە جەللادی بە ئەڵماسی موژەت دڵ کون مەکە زەخمی ئەبرۆت کارییە چارێ لە هەر دەرمان ئەکا
شەمعی ڕووت کەوتۆتە ناو زوڵماتی زوڵفی وەک شەوت دڵ وەکوو پەروانە هەردەم مەیلی خۆ سووتان ئەکا
نەوغەزالێکی تیایە دڵفڕێن و دڵبەرە سا بەخۆڕایی نییە دڵ مەیلی کانیسکان ئەکا
قەت بە مەقسوود و مەرامم ئاسمان دەوری نەدا باغی خەڵقی دڵگوشاد و باغی من وێران ئەکا
گەر هیلالی ئەبرووانت بێتە عەرسەی زاهیری سەد وەکوو زێوەر بە ساتێ دێت و خۆی قوربان ئەکا

کە تۆ ڕۆیی

edit
کە تۆ ڕۆیی، بە جوز ناڵاندن و گریان زووبان چ بکا کە ئاهوو ڕەم بکا، سەییاد بە جوز ناڵە و فوغان چ بکا
لە سایەی عەسکەری موژگان و توڕڕەیی زولفی نیگارم پادشای حوسنە، لە حاڵی عاشقان چ بکا
ئەلا ئەی عاشقی بێدڵ نیگارت میهرجۆ نابێ لە قاپیدا عەبەس کەوتووی، فەقیرە دەرگەوان چ بکا
بە وەعز و پەندی دانا مەردی نادان بەهرەوەر نابێ کە بەخت و تالعی ڕەش بێ گەڕانی ئاسمان چ بکا
لە هەر لا ئیتتیفاقێ بوو، ئەگەر کێوە عەدوو هیچە کە پەششە ئیتتیفاقی بوو ئەبێ فیلی دەمان چ بکا
بە حوکمی حەق ڕەزا نابی ئەبەد مەتروود و مەحکوومی ئەلا ئەی نەفسی دوون شەیتان ئەبێ غەیری زیان چ بکا
کە بەدخولقی تەبیعەت بێ بە میسقەل زەحمەتە لاچێ لە دەست بووجەهل و ئەمسالی، ڕەسووڵی ئینس و جان چ بکا
لە دووریی تۆ ڕەقیبان و هەموو دنیام لەلا مەحوە کە فەسڵی گوڵ نەما، بولبول لە باغ و باغەبان چ بکا
لە جیلوەی گوڵ لە نەشئەی مەی، لە عەکسی تەلعەتی ساقی کە دڵ ژەنگی غەمی تیا بێ ئەبێ زێوەر لەوان چ بکا

ئەی نەفسی دەنی

edit
ئەی نەفسی دەنی هەر وەکوو فیرعەونی لە کیبرا ئەم حەشمەت و مەغروورییە تا کەی لە هەموو لا
بۆ غەرق و هیلاکەت لە شەتی ئەشک دەمادەم پەیدا بووە وا ساحیبی حوسن و یەدی بەیزا
بۆ میللەتی مووسایی ئەڵێ: موعجیزە ڕوومە خۆی بەچچەیەهودێکە عەدووی موسلیم و تەرسا
بازاڕی هەموو گرتووە وەک یۆسفی سانی لافی ئەوەیە زیندە بکا دینی یەهوودا
بەززازە، بەنازە، چ عەجەب سیحرتیرازە بۆ موشتەری ئەنوێنێ ڕوخی زوهرەیی زەهرا
ئەی حەییەکە، بەدبەختەکە، بێ دینەکە کافر! سوێندت دەدەم ئەمجارە بە ئەلها و بە مووسا
تۆو عەشقی شوعەیبی نەبی و حورمەتی ئیسحاق بۆ خاتری ئوفتادەیی دەربانی کڵێسا
گوێ مەگرە لە ئەقوالی ڕەقیبی وەکوو هامان ئیزهاری مەکە فیتنە و سابیت مەکە دەعوا
ئایین و وەفا قاعیدەیی میهر و نەوازش بنوێنە لەگەڵ عاشقی دڵخەستەیی شەیدا
دەم، بەستەیە یا فوندوقە چاوت وەکوو بادام ڕوو لالەیی نێو جەننەتە، قەد سەرووی دلارا
زولفت چییە، ڕەشماری دەسی ساحیری میسرە چیهرەت چییە خەزنەی زەڕی قاڕوونە لە دنیا
سەرخۆش بووە زێوەر بە مەیی ناز و مەحەببەت لەو لەعلی لەبە، بۆ مەزە چەند بۆسە، بڵێ: ها

دەماغ ئەمشەو موعەتتەر بوو سەبا بۆی دڵبەری هێنا

edit
دەماغ ئەمشەو موعەتتەر بوو، سەبا بۆی دڵبەری هێنا حەیاتم تازە بوو ساقی شەرابی ئەحمەری هێنا
فیدای چاوی ڕەشی بێ دڵ ئەگەر نەیبا بە پەنهانی بە قوربانی دوو ئەگریجەم، سەبا لەو عەنبەری هێنا
عەرەق کەوتۆتە سەر ڕوومەت وەکوو شەونم لەسەر ڕووی گوڵ خەیاڵی قەددی تۆی کرد، دڵ موافیق عەرعەری هێنا
ئومێدی ئابی وەسڵم بوو، هەوای کیبرت زیاتر بوو بەسەر خانەی دڵی سووتاو زەمانە سەڕسەڕی هێنا
بە غەیری من کە مەحروومم لە ماچی لێوی شیرینی لە دنیا گەر هەبوو مەردێ لە چاهی غەم دەری هێنا
ئومێدی قەتڵی کێی بوو وا منی کێشایە خزمەت خۆی بە حیلە و مەکر و عەییاری نەسیم ئەسکەندەری هێنا
بە پایەی شیعری ڕەنگاوڕەنگ خەیاڵی تازەگی دێنێ لە دنیا کێ بە ئوستادی خەیاڵی زێوەری هێنا

شێتی ڕووتە بۆیە وا سەر ڕووتە دائیم ئافتاب

edit
شێتی ڕووتە، بۆیە وا سەر ڕووتە دائیم ئافتاب شەرمەساری بووتە وا مەحجووب و پەنهانە گوڵاب
ماهی نەخشەب سیحربازێ بوو کە شەوقێکی هەبوو تۆ بەبێ سیحر و دەغەڵ شەو تا سەحەر وەک ماهتاب
من لە کوورەی فیرقەتا ناکەم خەیاڵی غەیری تۆ ئارەزووی باغی بەهەشتە دائیمەن ئەهلی عەزاب
ساقی بادەی ئەرغەوانی بێنە، وا خەمڵیوە گوڵ شیشەیی تۆبەم شکاند تا دەس کەوێ شیشەی شەراب
گوڵ لەسەر تەختی چەمەن شاهێکە، بولبول موتریبە باغەبان ئامان دەخیلم، دێم و تۆ نەمکەی جەواب
زاهیرەن زاهید خەریکی دەسبڕینی عالەمە بۆیە وەک دز خۆی خزاندە گۆشەیی کونجی خەراب
نامەوێ ئابی حەیات و تەخت و جاهی خوسرەوی گەر مویەسسەر بێ ویسالی دڵبەری شیرینخیتاب
بمدەرە بەر تیری تەعنە تۆش وەکوو عالەم، ڕەزام گەر نەبێ میهرەت بە قەهرت شادمانم بێ حیساب
تۆ لە زێوەر قەت مەڕەنجێ خاکی دەرگات کا بەسەر چونکە شێت هەرگیز نەبۆتە مەوریدی تەعنە و عیتاب

مەحبووسی جەفات کردم و نەتخستە ڕیعایەت

edit
مەحبووسی جەفات کردم و نەتخستە ڕیعایەت بێ جونحە و بێ واسیتەیی جورم و جینایەت
شاهێکی کەڵەماهیی و ماهێکی سوپەهدار لای کێ بنوێنم وەرەقی زوڵم و شیکایەت
گاهێ بە خەدەنگی مووژە، گاهێ بە نیگاهێ سەندووتە لە من هۆش و خیرەد، فەهم و دیرایەت
بەم حوسنە لەسەر عاریزی تۆ عاریزە ئێستا بێباکیی و جەورت گەیییە ڕوتبەی غایەت
ئەم بەندەیە بەو خەندەیە دڵ زیندووە سا دەی تەجدیدی بکە عومرم، ئەوا هاتە نیهایەت
ئازاری دڵی خۆت مەدە ئەی واعیزی مەجلیس فەرقی نییە لای ئێمە چ وەعز و چ حیکایەت
بێ پەردە لەگەڵ زێوەر ئەتۆ هاتییە مەیدان نەتخستە موعەمما و دەرت کرد لە کینایەت

پەرێشانم بە تاتای کاکۆڵی موشکینی سەر شانت

edit
پەرێشانم بە تاتای کاکۆڵی موشکینی سەر شانت بریندارم بە تیری غەمزەیی دوو چاوی فەتتانت
هەناسەم ئاسمانی گرتە بەر، بێ توڕڕەیی لوولت سوروشکم لەعلی ڕوممانە بەبێ چیهرەی درەخشانت
نەسیمی سوبحدەم جارێ لە عەتری زولفەکەی بێنە دەوای هەر دەردە، تەقسیرێ مەکە، جانم بە قوربانت
ئەمن وەک زەڕڕەیی بێ جیلوە، تۆ خورشیدی عالەمگیر چلۆن دەستم بگاتە خاکی پاکی چاکی دامانت
ئیرادەم وایە تەرکی عالەمی دنیا بکەم یەکجار ئەگەر نەمخاتەوە داوی هەوای کاکۆڵی ئەفشانت
بە ئوممێدی سەحابی فەیزی تۆیە گوڵشەنی سینە دەروونم لالەسان داغە بە شەوقی بەرقی هیجرانت
لە دەورەی لەعلی لێوت قافڵەی خەت باری خۆی لێ خست بە غەیری زێوەر ی بێدڵ نەما توشنەی زەنەخدانت

ئەساسی عەیشی ئێمەی خستە سەحرا تیرەبارانت

edit
ئەساسی عەیشی ئێمەی خستە سەحرا تیرەبارانت شکستی دا بە تابووری خەیاڵم تیپی موژگانت
ئەتۆ وەک یۆسفیی و من لە چاهی میحنەتا بەندم ئەما من دیم لە خەودا کەوکەبی ڕوخساری ڕەخشانت
بە شمشێری برۆ ئەمڕۆ سوپەهسالاری خووبانی مەگەر ئینسان لە ڕۆحی خۆی ببوورێ بێتە مەیدانت
خوا شەوقێکی وای بەخشی بە دڵ قەت تێر لە تیر نابێ لە موغناتیس گەلێ جاذیبترە بۆ جەزبی پەیکانت
ئەگەرچی نائومێدی باغی وەسڵی تۆم ئەما ناڵێم بە تاراجی خەزانی ئاهی من چێ باغ و بوستانت
شەرابی عەهدی جەم بۆ کەی، دەخیلم هەستە سا، ساقی بینای فەقر و غەمم لابە! بە جیلوەی جەور و جەولانت
دڵی زێوەر بە غەمزەی چاوەکەت مەشکێنە جێی خۆتە تەرەححوم کە لە ڕێگای لوتف و عەهد و شەرتی جارانت

شکاندی شیشەیی عەیش و نیشاتم چاوی سەححارت

edit
شکاندی شیشەیی عەیش و نیشاتم چاوی سەححارت فڕاندی تاعەت و تەقوا و عیبادەت، زوڵفی زوننارت
بە قەد سەروە، بە دەم غونچە، بە چاو نێرگس، بە ڕوو وەک گوڵ سەراپا باغی حوسنی جانفەزایە باغ و گوڵزارت
لە ئەوقاتی تەغافول قیمەتی چینە نیگاهێکت خەتایە، نرخی دنیایە نیگاهی چاوی بیمارت
بە باڵا سەروە، ڕەفتاری وەکوو کەبکی دەری وایە فیدای باڵایی بەرزت بم فیدای عینوان و ڕەفتارت
بە ڕۆح هاتوونە سەودا، بۆ تەماشای موشتەری ناکەی لە سایەی شەککەری لێوت عەجایب گەرمە بازاڕت
بە باڵای بەرز و سوخمەی سەوز و تەرزی دڵبەری تاقی کەوا تاقەی عیراقی، زۆرە وەک یۆسف خڕیدارت
تەشەککور لازمە زێوەر لە ئاساری وەفا و میهری عەجەب تەئسیری کردە ئەو دڵە ئەفغان و هاوارت

ئەنجومەن ئارایە ڕوویی ئەنوەرت

edit
ئەنجومەن ئارایە ڕوویی ئەنوەرت تووتیایە بۆ بەسەر خاکی دەرت
زەمزەمە یا کەوسەرە چاهی زەنەخ لەعلە یا یاقووتە لێوی ئەحمەرت
کەسبی هاڕووتی ئەکا چاوی ڕەشت چەندە فەتتانە جەماڵی ئەسمەرت
بێ سەبەب لێم زویر ئەبی لێم دوور ئەبی جان و دڵ هەر دوو بەقوربانی سەرت
حوسنی بێ پەردەت پەسەندی عالەمە بێ موبالاتی لە زیب و (زێوەر) ت

چ شیرین جیلوەیێکی گرتووە سەوزەی کەوا شیرداخ

edit
چ شیرین جیلوەیێکی گرتووە سەوزەی کەوا شیرداخ کە وا شێر داخ ئەکا شوعلەی نیگاهێکی کە بێ گوستاخ
هوجوومی کردە موڵکی دڵ سوپای موژگانی گەڕیاوە بە میسلی عەسکەری عوسمانیی و تەسخیرەکەی سابڵاخ
سوپاهی حوزن و غەم جەمعن لەلام، ئاهم فەلەکگیرە بەڵێ بۆ زینەتی لەشکر ئەبێ ئامادە بێ بەیداخ
هەموو دڵ عەکسی تۆی بۆ خۆی بەوەجهی یادگاری گرت لە نوسخەی موعتەبەر بێ غایەتە جۆبایی ئیستینساخ
بە یادی شەهدی لێوی دڵبەری زەنبوور قەد، دائیم سەراپا جەرگ و دڵ وا لەتلەتە تێیدایە سەد سۆراخ
کە نەگریم و نەناڵێنم لە دووریی تۆ ئەبێ چ بکەم؟ نسیبی عاشقی بێچارە شەو گریانە ڕۆژیش ئاخ
ئەگەر ئەهلی کەماڵی ڕوو لە ئارایش مەکە هەرگیز لە مەعنا تێفکرە، مەنواڕە ڕوخسار و سەر و ساچاخ
چ زاهیربینن ئەهلی ئەم زەمانە فەرقی کەس ناکەن مونەووەر دڵپەرێشانە بە شانەی پۆشتە و پەرداخ
لە کەس ناترسێ بۆیە حاڵی زێوەر ئێستە ناپرسێ چ موحتاجە بە مورغی خانەباز و وەحشیی سەرشاخ

کەسێ تەشبیهی باڵای تۆ بە سەروی نەونەمامی کرد

edit
کەسێ تەشبیهی باڵای تۆ بە سەروی نەونەمامی کرد زمانی لازمە ببڕن بڵێن تەرکی کەلامی کرد
لە بەردەم کەعبەیا گەر مەنعە، سەییادیی لەبەر چی بوو لەبەر میحرابی ئەبرۆتا دوو چاوت قەتڵوعامی کرد
بە مەدحی ڕووی و مووی و قامەتی ڕێکت زمان لاڵە ئەگەر چی دڵ بەپەنهانی خەیاڵێکی تەمامی کرد
ئەتۆی ڕۆژێ کە پێت دانا لە خانەی سینەما دڵ ڕۆی عەجایب قەدری میهمانی نەگرت و زوو قیامی کرد
مەڵێن: مورغی دڵت بۆ چی گرفتاری نیگارت بوو بە غەممازیی هەزارێکی وەها مەحبووسی دامی کرد
نیگاهێکی نەکردە قەلبی زارم دڵبەرم ئەمڕۆ وەکوو ئاهوو، وەکوو تاووس بەبەر چاوما خەرامی کرد
سەبا! گەر تۆ بە کۆی جانانە واسڵ بووی بڵێ: زێوەر لە حەسرەت ئیشتیاقی تۆ بەجارێ تەرکی کامی کرد

زاهید وەرە ئەمجارە بکەن تەرکی هەموو کار

edit
زاهید وەرە ئەمجارە بکەن تەرکی هەموو کار بێنە نەزەری دڵبەری پڕ دانشی عەییار
ئەی شێخ و مەلا پیر و جوان ئێوە لەبەر چی نایێنە تەماشا و نیگەهی ڕۆژێ دوو سەد جار
شەو ڕۆژە، بە ڕۆژ ڕۆژ ونە حەیران لە فەلەکدا وەختێ کە لە ماڵ بێتە دەرێ تورکی ستەمکار
ڕوومەتگوڵ و مووسونبول و قەد وەکوو عەرعەر بۆ سەیری ئەوەستن لە سەما سەبعەیی سەییار
میحرابی برۆی جووتە وەکوو قەوس و موژەی تیر تێی کردووە ڕوو ئەرمەنی و شیعە و کوففار
ئەی دڵ بە عەبەس ناڵەیی بێ فائیدە بۆ چی تەئسیری نییە ناڵەیی عاشق لە دڵی یار
زێوەر! بەسە زاری کە لە زاریت هەموو عالەم بێزارن و غەمبارن و ئەندۆهـ و دڵازار

یەک لەحزەیی ویسالت ئەی ماهی میهرپەروەر

edit
یەک لەحزەیی ویسالت ئەی ماهی میهرپەروەر نایدەم بە تەخت و تاجی دارا و موڵکی سەنجەر
کێ بێ بەرابەرت بێ، موژگانی خەنجەرینت جەوهەر دەبا لە خەنجەر، خەنجەر ئەدا لە جەوهەر
یاڕەب حەیاتی ئێمەی بۆ خستە ناو هیلاکەت دەم چەشمەیی حەیاتم مەحبووبی چیهرەئەسمەر
هەر کەس بە دەردی عەشقت سووتا دەروونی ڕوونی بۆ ئاتەشی مەسائیب دەڕوا وەکوو سەمەندەر
ماددەی نیشاتی ئێمە یا هیجرە یا گرینە بۆ فێعلی عاشقان تا ئەو شۆخە بۆتە: مەسدەر
مەنوێنە دیدە جانا، بنوێنە ئاینەی ڕوو تا ڕووی ببێتە بەربەند ئایینەیی سکەندەر
دەنووکی وەک قوڵنگە بۆ سەتحی سەفحەیی گوڵ بولبول ئەگەر ببینێ یەکدەفعە ڕوویی دڵبەر
زێوەر لە تەعنی زاهید بێباک و بێخەیاڵە کەی خەوف ئەکا لە مالوم ڕەندمەشڕەبی قەلەندەر

چاوی وەک بادامی تۆ عومری بە با دام ئەی پسەر

edit
چاوی وەک بادامی تۆ عومری بە با دام ئەی پسەر ئاگرت بەردایە خەرمانی وجوودم وەک شەرەر
زوڵمەتی ئابی حەیاتە گیسووانی عەنبەرین یا وەکوو هالە لەناو خۆی گرتووە شوعلەی قەمەر
دەمبەدەم هەر لەحزە، هەر ساتێ ئەناڵێنم بەجۆش ئەی خوا سا کەی حەبیبم سەر لە ماڵ بێنێتە دەر؟
سەبر و هۆشم چوو بە تاڵان ئەقڵ و فامیشم نەما لەشکری دەرد و فیراقت حەملەیان هێنامە سەر
بەس ببارێنە سوروشک ئەی دیدە ڕەنجت بوو عەبەس بەس بناڵێنە ئەتۆ ئەی دڵ لە یار ناکا ئەسەر
ئیلتیفاتێکی نەماوە گاهگاهێ دڵبەرم بۆ نەکەم خاکی هەموو دنیا بەسەر، خاکم بەسەر
ئینتیخابی کردووە زێوەر لە دنیادا یەکێ دەستی لێ هەڵناگرێ گەر بێتە ڕێی سەد شۆر و شەر

سوبحی گوڵشەن کەی ئەگاتە لەززەتی لەیلی ویسال

edit
سوبحی گوڵشەن کەی ئەگاتە لەززەتی لەیلی ویسال شەمعی مەجلیس کەی بەرابەر بوو لەگەڵ شەوقی جەماڵ
پڕتەوی نووری جەبینت لالەیی هەر مەجلیسە شەوچرای بەزمی دڵانی، بێیتە مەیدانی خەیاڵ
شاهڕاهی کۆیی تۆ هەر وەک تەریقی جەننەتە هەر کەسێ ئەو ڕێگە بگرێ هاتە سەر ڕێگەی کەماڵ
دەستی من ناگاتە داوێنت، لە ئەوجی عیززەتی من گەدایی بێنەوا، تۆ پادشای ساحێب جەلال
دەفعەیێ سا شادمانم کە بە وەعدەی وەسڵی خۆت تابەکەی عومرم گوزەر کا هەر لەڕێی هیجر و مەلال
بادیەی غەم بێ دەلیلە دڵ لەناویا کەوتووە چاوی لوتفی خۆتی سەرخە بێ بە سەرچەشمەی زوڵاڵ
نەونیهالی ئارەزووی هەرکەس زەڕە گەر بێ زەڕە ئیعتیباری هەر کەسێکە زێوەر ئێستا نەقد و ماڵ

هەرگیز نەبووم بە خۆشیی ئەم کائیناتە مائیل

edit
هەرگیز نەبووم بە خۆشیی ئەم کائیناتە مائیل ئیللا لە گەردنی تۆ دەستم بکەم حەمائیل
دەریایی غەم شەپۆڵی یەلکانی جیسمی هەڵدا تێکچوو وجوودی نابوود، کەوتۆتە گێژی هائیل
ساقی بە عەشقی پیرت چاوم لە دەستی تۆیە دەستی کەرەم پەیاپەی مەگرە لە مەردی سائیل
ئەی عاریفی حەقیقەت، وەی سالیکی تەریقەت پیری موغان پەنایە بۆ حەللی هەر مەسائیل
عەکسی جەماڵی جانان شەوقی لە هەر دڵێ دا گەر کێوە زوڵمەتی غەم زوو بوو وجوودی زائیل
هەر ناڵەناڵی دڵمە وەک قومریێکی بێ باڵ تاکەی ببێ بە وەسڵی ئەو سەر و قەددە نائیل
دیسان ڕەقیبی وەک سەگ ڕووی کردە ئاسکی ماڵی کوا ساحیبی دیانەت مەنسووسە دەفعی سائیل
عومدەی مەرامی عاشق جەلبی دڵی نیگارە وەک فەزڵەیە لەلای ئەو، سیم و زەڕ و فەزائیل
چۆن نامەیێ بنووسێ وەختی فیراقی جانان زێوەر کە وا سوروشکی وەک سەددە، بۆتە حائیل

لە گۆشەی حوزندا ماوم زەلیلی کونجی هیجرانم

edit
لە گۆشەی حوزندا ماوم، زەلیلی کونجی هیجرانم دڵی خۆم زۆر بە خۆم سووتا لە چاوی پڕ لە گریانم
ئەگەر حاڵم ئەپرسی -دوور لە چاوت- کوێرە بیناییم بە ڕەنگی پەرچەمت ئەمڕۆ سییەهـ ڕۆژ و پەرێشانم
هەتا کەی مەستی خوابی غەفڵەتی ئەی بەخت، ئیمدادێ لە تەئسیری منیش یەکبارە شێواون ڕەفیقانم
قوسوورم گەر هەیە قوربان وەرە ئەمجارە بمبەخشە هەچی کردوومە، کردوومە، پەشیمانم، پەشیمانم
بە نیمەنازەکەت ڕووحم، بە نیمەخەندە دڵ حازر خەیاڵی خام نەکەی هەرگیز ئەمن هەر عەبدی جارانم
بەمیسلی مووری بێچارە لەبەر پێی هەر کەسا کەوتووم هەتا ڕەنجیدەخاتر بێ لە من شاهی سولێمانم
مەڵێ زێوەر چییە، بێ جەوهەرە من تالیب بە ئەو نابم لەبۆ قەتعی غەمی قەلبت وەکوو تیغی خوراسانم

قیمەتی باخی بەهەشتە غونچەیی خەندانی خۆم

edit
قیمەتی باخی بەهەشتە غونچەیی خەندانی خۆم حەسرەتی ئاوی حەیاتە قەترەیی گریانی خۆم
تۆبەیێکم کردووە وەک کێوی ئاسن مەحکەمە تا لە دونیادا بمێنم عەشقی چاومەستانی خۆم
نیعمەتی دنیا سەراسەر با لەبۆ تۆ بێ ڕەقیب بەسمە تەنها فیکری بیکر و جیلوەیی جانانی خۆم
دەشتی تەنهایی چ خۆشە بۆ منی پڕ غائیلە چونکە تەنها غار ئەکەم هەم ئەسپ خۆم مەیدانی خۆم
تازە تەڵقینم ئەکەی لادەم لە عەشقی گوڵڕوخان تووخوا لێم لادە واعیز دینی خۆم ئیمانی خۆم
من بە سەد ئیسویچرە و چین و خەتای ناگۆڕمەوە ئەرخەوانی گردی سەیوان، ئاوی کانێسکانی خۆم
بۆ چی بوختان کەم کە شەیتانە گوناهم پێ ئەکا من چ شەیتانم نییە هەر نەفسمە شەیتانی خۆم
بۆیە زۆر پێم خۆشە پیریی و خەمیدەقامەتی چونکە دەستم هەر دەگاتە گۆشەیی دامانی خۆم
سەیلی عیسیانم ئەگەر دیجلە و فوراتە قەترەیە سەددەیی ڕێگەی نەجاتە پادشای گەیلانی خۆم

لە هیجرا ڕوو لە ساقی و شیشەیی سەهبا نەکەم چ بکەم

edit
لە هیجرا ڕوو لە ساقی و شیشەیی سەهبا نەکەم چ بکەم وجوودم گەر بە فەرشی مەیکەدە و مینا نەکەم چ بکەم؟
لەناو تۆفانی ئەفکارا نەهەنگی لا اله هەستێ تەشەببوس گەر بە کەشتیی نووحی إلاالله نەکەم چ بکەم؟
مەتاعی حوسنی ئەو مەحبووبە نەقدی داغ و سەودایە لە بازاڕی موحەببەتدا بە ڕۆح سەودا نەکەم چ بکەم
ئەوا مەحروومی خۆی کردم، دڵی بردم، دەری کردم بە سۆزی دڵ هەموو دەم ڕوو لە قاپیی خوا نەکەم چ بکەم
لە هەر لا زەبتی ناکەم موددەعی تا تۆ ڕەئیسم بی بە قانوونی مورووەت گەر ڕەجا ئیجرا نەکەم چ بکەم
بە ڕوتبەی وەسڵی ئەو ناگەم ئەگەر عومرم هەموو دانێم لە دەست ئەو زاڵمە لەم کارە ئیستیغنا نەکەم چ بکەم
ئەڵێن: ئەوراقی زوڵمی تۆ تەواو نابێ بە تەحریرات وەکوو زێوەر بە تەقریر گەر ئەدای مەعنا نەکەم چ بکەم

بەم فیرقەتی تۆ هەر وەکوو دێوانە دەناڵم

edit
بەم فیرقەتی تۆ هەر وەکوو دێوانە دەناڵم بەرقی غەمی تۆ ئاگری بەرداوەتە ماڵم
پەروانەم و پەروای سەری خۆم نییە بێ تۆ دێوانەم و سەحرا بووەتە خانە و ماڵم
پەنجەم وەکوو تیشە لە فیراقت لە فەرقدا فەرهادم و کوا ئەرمەنیی دیدەغەزاڵم؟
خاڵی سیەهت کەوتە ئەسەر لەعلی بەدەخشان بۆ نەیکەمە قوربانی لەبت فیکر و خەیاڵم
بۆ پەرچەمی پڕ چینی ئەتۆ ڕۆحە فیدای بێ بۆ قیمەتی ماچێکە دەبەخشم سەر و ماڵم
هەر چەندە کە توڕڕەی وەکوو ڕێحانەیی باغە پابەندی ئەوێ نیم و ئەسیری خەتوخاڵم
هیجرانە لە یاران و ڕەفیقان و عەزیزان مەعلوومە کە وەک قومریی بێچارە دەناڵم
دوێنێ کە لە جانیب منەوە تووشی خەفەت بووی یاڕەببی دەسی من بخەیە کۆتەیی زاڵم
مەشغووڵی خەیاڵی لەبی لەعلی نمەکینە ساعات و دەقیقە، شەو و ڕۆژ و مەهـ و ساڵم
ڕەحمت لە دڵا بێت و نیگاهێ بەسە بۆ من گاهێ بەغەڵەت تۆ خەبەرێ بگرە لە حاڵم
زێوەر بەتەمای میهر و وەفای تۆیە ئەگەر چی نەیدیوە بەجوز یاری جەفاپیشە و زاڵم

چریکەی بولبولی دڵ شۆڕشی ئەفغانی پڕ جۆشم

edit
چریکەی بولبولی دڵ، شۆڕشی ئەفغانی پڕ جۆشم چ خۆشە! گەر بگاتە سەمعی یاری مەست و مەدهۆشم؟
بە نەشئەی چاوەکەی مەستم، کە وا ئوفتادەیی خاکم وەگەر نا عالەم ئەیزانێ نە بەنگکێشم نە مەینۆشم
لە داغی لالەیی چیهرەی ئەڕێژێ دیدە سەیلی خوێن لە حەسرەت سونبولی زوڵفی وەکوو عەبدی سیاپۆشم
لە هیجری خوسرەوی خووبان و شیرینی زەمان هەرگیز نەکیسا و باربود ئەمشەو سەدای نایێتە بەر گۆشم
نەوەک هەر کوشتەیی تەعنەی ڕەقیب و تیری ئەعداتم زەلیلی تالیعی خۆم و ئەسیری پەرچەمی تۆشم
مەڕەنجێ گەر دەهانبەستە و زوبان لاڵم لە خزمەتدا لە گریە و ناڵە و شێوەن وەکوو پەروانە خامۆشم
چ موحتاجە بە زێوەر ئەو کە ماهـ و شاهی خووبانە فەریدی عالەمە، بۆیە بە جیلوەی قەددی مەدهۆشم

ئەی دڵبەری شیرینسوخەنی غونچەدەهانم

edit
ئەی دڵبەری شیرینسوخەنی غونچەدەهانم لەو وەسفی دەمی بەستەیەتە بەستەزوبانم
بێزارم و بێ زاری شەوم نەبوە کە بڕوا بێ تەلعەتی ئەو شەمسەیە تاریکە ژیانم
بۆ سەیری ڕوخی ئاتەشییەت! بوومە مەجووسی لەم عەسرە منیش واریسی زەردەشتی زەمانم
چاوت کە گەلاوێژە سووها ڕەنگە گەلاوێژ هەر دەربکەوێ لەرزە ئەخاتە دڵ و گیانم
تەسویری گوڵ و باخچە ئەکەن غەیری گوڵی ڕووت حەیرانی غەڵەت کردنی ڕەسسامی جیهانم
ئەو ڕوویی فەرەحئاوەرە وەک فەجری بەهارە من لەو ڕووەوە هەرچی بڵێم ڕووتە بەیانم
دوورن لە هونەر هەرچی هەیە ساحێبی دینار مەمنوونی پەلی پینەچیی و شانی سەپانم

وا مەستی مەیی غەمزەیی خوونڕێزی نیگارم

edit
وا مەستی مەیی غەمزەیی خوونڕێزی نیگارم تا ماوە جیهان باقییە مەستیی و خومارم
وامیق بە خەیاڵاتی سەری توڕڕەیی عەزرا وەک من نەبوو سەودازەدەیی پەرچەمی یارم
حەسرەتزەدەیی حوسنی ئەیازی بە نیگاهێ سەد غەزنەوی ناگاتە مەقامی دڵی زارم
گیرۆدەیی نەمروودمیزاجێکە دڵی من بێ بتشکەنی داخڵی ناو کوورەیی نارم
غەم عەینی تەمی کۆهی دەماوەندە لەسەر دڵ ئەمما بە سوروشکم وەکوو ئەڵوەندە کەنارم
مەقسوودی دڵم وەسفی بینای میهر و وەفایە بێ میهر و وەفا زەحمەتە ئارام و قەرارم
وا تێ مەگە زێوەر کە بەبێ ڕوویی تۆ شادە بێ تۆ شەوە ڕۆژم، بە خودا ناڵەیە کارم

دوڕڕی عەدەنە تەلعەتی نیکوویی برایم

edit
دوڕڕی عەدەنە تەلعەتی نیکوویی برایم سەروی چەمەنە قامەتی دڵجوویی برایم
نەخشینە بە نووکی قەڵەمی سونعی ئیلاهی دنیا ئەگرێ قووەتی بازوویی برایم
فیکرم هەموو ڕەنگینە لە فەیزی دڵی خوێنین ئەی من بە فیدای خەنجەری ئەبروویی برایم
ئەستێرەیی ڕوخساری دڵی عالەمی سووتان بورهانی مونەججیم بوو مەگەر ڕوویی برایم
بیستوومە بە دام و بە شکار ئاسک ئەگیرێ ئینسان ئەگرێ دیدەیی ئاهوویی برایم
دەعوایی شەهادەت ئەکەم جەننەت ئەگەر بوو تاری کفنم ڕوشتەیی گێسوویی برایم
ئەو نیعمەتە پڕ لەززەتە ڕۆژێ کە ببینم دەستی من ئەسەر گەردن و ئەستۆیی برایم
بەدبەختییە ئازادی لە زنجیری مەحەببەت بەم ڕەنگەیە تا سیلسیلەیی موویی برایم
زێوەر بەحەزەر بە ئەمە ئاشووبە پەیا بوو ئیمان ئەدزێ قووەتی بازوویی برایم

بەسراوی ڕاوی چاوی شۆخێکی نەوجەوانم

edit
بەسراوی ڕاوی چاوی شۆخێکی نەوجەوانم گیراوی حەلقەداوی سەییادی عاشقانم
زەلیلی لەیلی بێ مەیل، مەجنوونی کۆهـ و دەشتم بێ یار و کاروبارم، ڕەفیقی وەحشییانم
تکا، شکا، بە جارێ شەراب و شیشەیی دڵ ئەسراری مەخفییاتم کەوتۆتە سەر زوبانم
مەنواڕە جوستوجۆی من، بنواڕە گفتوگۆی من شیرینە قیل و قالم مەدداحی دڵبەرانم
لە داغی باغی ڕووی ئەو وەک عەندەلیب ئەناڵم تەزەروی سەروی باڵای، بێ ئافەتی خەزانم
من پەستی شەستی دەستی چاومەستی دیدەشەنگم موحتاجی باجی ماچی ڕوومەتگوڵی جینانم
دڵ بۆتە بۆتە بۆ تۆ پڕ نار و پڕ حەرارەت سووتاوە دڵ ئەمێستا خەریکی حیفزی جانم
هەمیشە حیلەبازی، جارجارە دڵنەوازی گاهێ لەسەر زەمینم، گاهێ لە ئاسمانم
زێوەر غوڵامی خۆتە، ئەم جەورە حەیفە خووتە مەمنوونە گەر بفەرمووی: تۆ عەبدی ئاستانم!

بەینێکە بەسەرما کە گوزارت نییە قوربان

edit
بەینێکە بەسەرما کە گوزارت نییە قوربان نەمزانی وەفا و شەرت و قەرارت نییە قوربان
چاوبازەکە! پڕ نازەکە! غەممازەکەیی خۆم باعیس بە چییە مەیلی شکارت نییە قوربان
بۆ چی بە هەموو وەقت و زەمان ئێستە نەناڵم وەک عەهدی قەدیم بۆس و کەنارت نییە قوربان
غەمبار و خەفەتبار و دڵازار و حەزینم لەو ساوە لەگەڵ من سەروکارت نییە قوربان
عاجز مەبە ئەم عالەمە گەر تالیبی ڕووتن لەم حوسنی خودادادییە چارت نییە قوربان
بۆچ دەعوەیی سوڵتانیی خووبان نەکەی ئیمڕۆ بۆچ لەعلی لەب و چاوی خومارت نییە قوربان؟
وەک بەچچەیی ئاسک لە دڵی زێوەر ئەکەی ڕەم ئەمما لە ڕەقیب مەیلی فیرارت نییە قوربان

چ شیرینە چایی لە فەسڵی بەهاران

edit
چ شیرینە چایی لە فەسڵی بەهاران لەگەڵ یاری سادق لەگوێ جۆیباران!؟
بە خەندەی نیگاری بە گریەی سەماوەر زەمین وەک سەما بێ بە بەرق و بە باران
موغەننی بە پەردەی عێراقی بخوێنێ خودا نازی لێ گوم نەکا نازداران
ئەسیری مەحەببەت بی، ئازادی عالەم نەناسی بەجوز جیلوەی گوڵعوزاران
ئەگەر وایە بەزمت بە حەققەت بەهەشتە فیدای بێ هەزار مەجلیسی بادەخۆران
ئەوا بوویتە سوڵتانی ئێران و تووران چلۆن دێتەوە شەوقی جاران و یاران
بەسی بێ خەیاڵاتی بێهوودە زێوەر وەکوو شێت مەگەر بگری ڕێی کۆهساران

پێم خۆشە تەماشای قەدت ئەی سەروی خەرامان

edit
پێم خۆشە تەماشای قەدت، ئەی سەروی خەرامان جارێ بە کەرەم سا وەرە ڕابوورە بە لامان
ئەو نەختە خەیاڵاتە کە وا ماوە لە سەرما بێ میهری ڕوخت ڕەفعە بەیەک دەفعە لە سەرمان
ناڵێم سەنەمی، کوفرە، ئەما قیبلەی قەلبی مەنزووری هەموو خەڵقی چ گەبر و چ موسوڵمان
بەم غەمزە و ناز و نیگەهی چاوی خومارەت تاڵانبەری زوههادی و غارەتگەری ئیمان
جێ زەخمی موژەت مەرهەمی مەعدوومە لە دنیا چارم نییە ئەڵبەت بە دووسەد هەر وەکوو لوقمان
زێوەر مەکە ئەمڕۆ بە نیشانی ستەمی خۆت ئوممێدی بڕاوە لە دەوا و چاری حەکیمان

ئەم دەستە کە لەم شارە هەموو نەوعی غەزالن

edit
ئەم دەستە کە لەم شارە هەموو نەوعی غەزالن هەر یەک بە جەماڵ یۆسفی با جاهـ و جەلالن
غیلمانسیفەت سوندوس و ئیستەبرەق ئەپۆشن سووڕەت بەشەرن مەعنی هەموو حوورخیسالن
هەریەککە بە دۆش کاکۆڵی ئەفشان و بڵاوە هەر سوبحدەمێ مونتەزیری بادی شەماڵن
ئەم شارە وەکوو بەحر و لەنێویا کە موقیمن بەعزێ سەدەفی گەوهەر و بەعزێکی لوئالن
مەقبووڵی شەهەنشاهن و مەتبووعی سەلاتین مەعلوومی عەوامە کە بەبێ شیبە و میسالن
سووڕەتگەری چین بێتە ئەمێ سەنعەتی نابێ هەر یەک مەلەکێ خاریجی ئیدراک و خەیاڵن
غەممازن و پڕ نازن و مەحبووبی زەمانن شەمس و قەمەرن، زوهرەیی باهۆش و کەماڵن
شازادە و بەگزادە، هەموو ئەنجەبی خەڵقن وەک خونچەیی پەروەردەیی ئاوێکی زوڵاڵن
خۆت تووشی بەڵا قەت مەکە زێوەر کە ئەزانی ئافاتی دڵ و دینن و مەنناعی ویساڵن

لە عەشقی دوختەری ڕەز هەر لە کێوان

edit
لە عەشقی دوختەری ڕەز هەر لە کێوان بەجارێ بوومە شەیدای باخی مێوان
مەیی وەک لالەیی نوعمان حەڵاڵە بە فتوای من بەیادی لەعلی لێوان
لە خەو هەستا بە زولفی ڕووی پۆشی بەیانی کرد بە شەو عوششاقی شێوان
دڵی بێچارە وەک کۆتر هەڵ ئەفڕێ لە ترسی چنگی چاوبازی مەریوان
ڕەقیب بای دایەوە بۆ فیتنەبازی خوا بیخاتە بەر بای دەستی دێوان

موژەت ئوردوویی چەنگیزخانە ئەمڕۆ

edit
موژەت ئوردوویی چەنگیزخانە ئەمڕۆ هەموو موڵکی دڵم وێرانە ئەمڕۆ
لە دەست ئەو پەرچەمی وەک ماری زوححاک هەموو تیفلی دڵێ بێجانە ئەمڕۆ
مەگەر گۆیا هۆلاکۆیە دوو چاوت لەگەڵ شەوقی کە پڕ فەرمانە ئەمڕۆ
عورووسە یاخۆ دەقیانووسە ئەبرۆت عەدوویی ساحێبی ئیمانە ئەمڕۆ
موعەللیم دەرسی نازی ڕووتی پێ وت کە وا چاوت لە ڕووت حەیرانە ئەمڕۆ
عەبەس واعیز ئەکا مەنعم لە عەشقی مەگەر دێوانەیی دیوانە ئەمڕۆ
لە پەی کێوانە زێوەر هەر وەکوو شێت فوغانی واسیڵی کەیوانە ئەمڕۆ

دنیا کە لەبەر قافڵەی ئاهم تەمە ئەمڕۆ

edit
دنیا کە لەبەر قافڵەی ئاهم تەمە ئەمڕۆ شۆراوی سوروشکم بەمەسەل زەمزەمە ئەمڕۆ
لێوت کە عەقیقە بووەتە ڕوکنی یەمانی ماچی کە جەوازی نییە جێی پەنجەمە ئەمڕۆ
کۆبوونەوە حەججاجی خەیاڵم لە مینای دڵ شەیتانە ڕەقیب ڕەجمی لەلام ئەلزەمە ئەمڕۆ
خاڵت حەجەرولئەسوەدە، بەرناکەوێ ماچی دەستم کە بگاتێ سەبەبی ڕوتبەمە ئەمڕۆ
جان و دڵی من بۆتە سەفا و مەروە لەبۆ تۆ ڕاکەی لە دڵا جانە! کە جێی مەقدەمە ئەمڕۆ
شەو تا بە سەحەر موزدەلیفەی حوجرەیە جێگام ئەمما عەرەفەی کۆیی ئەتۆ جێگەمە ئەمڕۆ
مەحفووزە لە بۆسە و لە دەسی عاشقی غەمبار دوو ڕووکنیی شامیی و ئەڵێی پەرچەمە ئەمڕۆ
لبيك و سعديك ئەڵێم: لەحزە بە لەحزە یەعنی لە حوزوورت قەدەمم مەحکەمە ئەمڕۆ
زێوەر وەکوو حاجی لە تەوافایە هەمیشە ئەم تەوفی ویداعی نییە لەو بێ غەمە ئەمڕۆ

نەوبەهاری باخی حوسنم مات و غەمگینم، مەڕۆ

edit
نەوبەهاری باخی حوسنم! مات و غەمگینم، مەڕۆ بۆ نمای قەددی لەتیفت چاو پڕئەسرینم مەڕۆ
مەنبەعی عەیش و سەفای ساحیبدڵانی چاوەکەم تەڵخە عەیشی ئێمە بێ تۆ، ڕۆحی شیرینم مەڕۆ
زیندەگانی، شادمانی، واسیتەی هەردوو ئەتۆی مەمکوژە -قوربان- بە هیجرت قووەتی دینم! مەڕۆ
سەفحەیی دیدە بە خەتت و خاڵی تۆ ڕەنگین بووە کۆڵەوارم سا مەکە ئەی -ئاسکی چینم! - مەڕۆ
من حەیاتی عارییەم تەسلیمی غەمزەی چاوتە تاقەتی دووریم نەماوە - باعیسی ژینم! - مەڕۆ
نەشئەیی (زێوەر) بە پیاڵەی چاوی تۆوە باقییە سا بە مەقسوودی ڕەقیبان -دیدە شاهینم! - مەڕۆ

گوڵبوونی قەد بولبولی تەبع ئیختیاری کردووە

edit
گوڵبوونی قەد بولبولی تەبع ئیختیاری کردووە دڵ دیسان مەیلی هەوایی نەوبەهاری کردووە
ئاهووی ساحێب خەتوخاڵ هاتە مەیدانی دەروون بازی دڵ بۆیە خەیاڵاتی شکاری کردووە
گەر ئەپرسی ڕۆژ ئەمەند بۆ چ دێتە دەر ئاوا ئەبێ شەوقی ڕوخساری نیگارە بێقەراری کردووە
دوێنێ چوومە سەیری گوڵشەن شیبهی ڕووی تۆم دی گوڵێ گوڵ کە پێی زانی: هەزار جار ئیفتیخاری کردووە
موژدە بێ بای وەعدە ئەنگووت، پێشڕەوی هات عەندەلیب حەسرەتا هاوتەبعی یارم (دەی) فیراری کردووە
مەکتەبی ڕوشدیەیی سینەم تیایە کەسبی غەم ئەی درێغ! گوڵشەن لەجێی گوڵ بەرگی خاری کردووە
بەس دوعاکاری ڕەقیب بە زێوەر ا خۆی کەوتە غەم ئەو بەشێکە ڕۆژی قیسمەت حەق دووچاری کردووە

مەیتەری عەقڵم کومەیتی نەفسی زنجیر کردووە

edit
مەیتەری عەقڵم کومەیتی نەفسی زنجیر کردووە وەرنە جووتەی نەحسی بۆ جەبهەی فەلەک گیر کردووە
عومری من وا زۆر نییە ئێستە زەمانی عەیشمە دەردی عەشقی نەوجەوانێ وا منی پیر کردووە
ڕەنگی سوورم بوو بە زەرد و قەلبی ساغم بوو بە داغ ساحیرێکە زاهیر و پەنهانی تەغییر کردووە
قەت لە خۆم دا من گومان نابەم قەباحەت زەڕڕەیێ موقتەزای تەبعییە ناحەق کە خۆی زویر کردووە
کافرێکە دەفعەیێ جوابی سەلامێکی نەبوو سەد کەڕەت نامەم بە خوێنی دیدە تەحریر کردووە
کەس لەگەڵ زێوەر ڕەفاقەت ناگرێ ئەو ناعیلاج خۆی بە وێڵداشی دەسیسە و مەکر و تەزویر کردووە

خۆراک و خەو بەبێ تۆ یەکسەر لە من حەرامە

edit
خۆراک و خەو بەبێ تۆ یەکسەر لە من حەرامە هاودەم ناڵینی گەرمە، غەم هاوپشت و برامە
بام بولبول هیچ نەخوێنێ با غونچە خۆی نەنوێنێ ئەفشان نەکا گوڵ بێنی، دنیام توونی حەمامە
شەو کە ئەچمە ناو جێگا، ئەڵێی ئەمخەنە جێ گا لێم تێکچوو جێ و ڕێگا سوبحم تاریکی شامە
وڵاتێکی بێ سەردار ئاگری تێ بەر بێ یەکجار بۆ چی بڵێم، بەهار بێت دنیا کە بێ مەرامە
هەر خەم دەخۆم دەماودەم بێ گریانێکی سەردەم بۆ ئەم هیجرانی تۆیە فرمێسکی ناتەمامە
دووریت سوروری لابرد، وەڵڵاهی نووری لابرد ڕوخساری پاکی، بێ شک، چرایی خاس و عامە

بێ ڕوویی تۆ ئەی شاهی زەمین، ماهی زەمانە

edit
بێ ڕوویی تۆ ئەی شاهی زەمین، ماهی زەمانە دەردی دڵەکەم خاریجی تەسویر و بەیانە
مومکین نییە هەر دڵ کە کەمێ عەشقی تیا بێ بۆ تیری موژەی تۆ کە نەبووبێ بە نیشانە
وەک خەنجەری جەللادە دوو ئەبرۆیی هیلالیت خوونڕێژ و دڵازاری هەموو پیر و جەوانە
تیری نیگەهت نیعمەتە بۆ عاشق ئەبارێ ئەم کونجی غەمی من هەمە، گوڵزاری جینانە
ئاشووبی دڵی عالەمی، جیلوە مەنوێنە بەم قەددی لەتیفەت کە ئەڵێی سەروی چەمانە
مەیلت هەیە زێوەر کە کەمێ سەبری بمێنێ پەخشانی مەکە توڕڕەیی شاهانە بە شانە

لە بەختی من ستەمکار و لەئیمە

edit
لە بەختی من ستەمکار و لەئیمە لەلای خەڵقی وەفادار و کەریمە
چ حاجەت من بڵێم، سەودازەدەی تۆم بە حاڵی عاشقانی خۆی حەکیمە
نیشانگای تیری ئاهم وەقتی دووری سەری کورسی و پێی عەرشی عەزیمە
لەگەڵ ئەو مەهجەبینەی من ڕەقیبم دەڵێی تاووس و شەیتانی ڕەجیمە
چراغی شادمانی من هەمیشە لە ئەترافی شیمالی غەم موقیمە
بەهەشت و کەوسەری من وەسڵی تۆیە ئەما دووری لە تۆ ناری جەحیمە
چلۆن لادەم لە ڕێگای عەشقبازی؟ بە فەتوای من صراط المستقيم ە
لەگەڵ زێوەر وەفاداری لەتیفە کە چونکە جانفیدایێکی قەدیمە

من لە سایەی حوسنی تۆ قەلبێکی پڕ شادم هەیە

edit
من لە سایەی حوسنی تۆ قەلبێکی پڕ شادم هەیە گەرچی هەر ساتێ لەلای تۆ زوڵمی بێدادم هەیە
سواری ئەسپی کیبر و نازی، ناتگەمێ هەرچەند بڕۆم ناعیلاجم وەک جەرەس ئەفغان و فەریادم هەیە
ماهی عەشقت موشکیل و وەسڵت لەڕێی هات و نەهات بێ شکە جەولانی بێشکە و شەوقی دامادم هەیە
ئەمری حەربم بێتە سەر بەم ئەشکە سەددی ڕێت ئەکەم تورکی موژگانت هەیە، من چاوم ئیمدادم هەیە
چونکە قەت ناگەم بە کۆی تۆ وەک نەسیمی سوبحدەم هەر سەحەرگاهێ تەمەننای نیعمەتی بادم هەیە
ئەی خوا ڕەحمت ببێ وا پێم ئەڵێ خەوفت ببێ شیری ئەڵماسی برۆ و چاوێکی جەللادم هەیە
من وتم زێوەر بە خەندەی لێوی شیرین مردووە پێی وتم: مەجنوونە، وەک تۆ چەندە فەرهادم هەیە

قوربان لە تەمی ئاهی دڵی خەستە حەزەر کە

edit
قوربان! لە تەمی ئاهی دڵی خەستە حەزەر کە عیسا نەفەسی، هەستە بە لای ئێمە گوزەر کە
ئەی چیهرە مەلەک حەیفە ڕەقیب بۆتە ئەنیست لەو جەننەت و فیردەوسە ئەو ئیبلیسە بەدەرکە
وا جەژنە خەلایق هەموو پڕ زەوقن و شەوقن بەو خەندەیی شیرینە جیهان پڕ لە شەکەر کە
جەژنانەیی من ماچی دەمی تۆیە کە بیدەی تیفلی دڵی من غەرقی حەنای خوێنە، نەزەر کە
ڕەغمەن لە حەسوودانی من و دوژمنی باڵات ئەم جەژنە وەرە! ئەم غەزەلە تازە لەبەر کە
ئەو دڵبەرە ڕەنگینە کە سەنگیندڵە دایم ئەی ناڵەیی ناری لە دڵی خەستە ئەسەر کە
دڵ کونکونە زێوەر بە خەدەنگی موژە دایم لادە لە دڵی، ڕووحی ڕەوانی بە سوپەر کە

بە دوو زولفی تەنافبازت ئەڵێن دوو بەچچەعەییارە

edit
بە دوو زولفی تەنافبازت ئەڵێن دوو بەچچەعەییارە بە دانەی خاڵەکەی سەر ڕوو ئەڵێن: هیندوویی گوڵزارە
بە چاوی مەست و خوونڕێزت ئەڵێن یا بازە یا شاهین ئەڵێن: ئەو تیپی موژگانە سوپای ماچین و تاتارە
بە جیلوەی قەددی مەوزوونت ئەڵێن وەک تاوسی باخی لەبەر شیرینیی نوتقت ئەڵێن لێوت شەکەربارە

چۆن ڕەحمی ئەبێ ئەو دڵەڕەق هەر وەکوو سەنگە

edit
چۆن ڕەحمی ئەبێ ئەو دڵەڕەق هەر وەکوو سەنگە؟ کەی نوتقی ئەبێ ئەو دەمە وەک غونچەیی تەنگە
ئەو چاوە بە شەڕ عاشقە، من تالیبی سوڵحم گەر سوڵحە وەگەر جەنگە دەسا فەرموو درەنگە
کاروانی سوروشکم کە لەگەڵ ناڵە ڕەوانە عەیبی نییە تەزیینی ڕەهی قافڵە زەنگە
ئەو کافرە ئیسلامی هەموو خستە هیلاکەت ڕەنگە کە بزانێ هەموو جێ دەشتی فەڕەنگە
ئەو نەشئە کە وا ساغیری چاوی بە دڵی دا ئوستادی هەزار کووپەمەی و نێرگەلە بەنگە
لایق نییە هەر موردە بڵێ زیندە بە عەشقم دەریایی مەحەببەت بە خوا بەحری نەهەنگە
گەهـ جادووە، گەهـ ئاهووە، گەهـ تاوسی مەستە زێوەر چییە ئەو شۆخە لە سەد هەیئەت و ڕەنگە

حەواسم هەر وەکوو زوڵفت چلۆن شێواوە شێواوە

edit
حەواسم هەر وەکوو زوڵفت چلۆن شێواوە، شێواوە دڵم وەک خاڵی ڕوخسارت چلۆن سووتاوە، سووتاوە
ئەگەر تۆ سەیری سەرچاوە و گوڵستانت هەوەس دێنێ سوروشکم ڕەنگی گوڵزارە. وەرە سەرچاوە، سەرچاوە
لە بەختی من ڕەقیب یاڕەببی چەندە شووم و بەدبەختە بەرەو ڕوو هەم شەرم ناکا؛ ئەڵێ: بەو لاوە، بەولاوە
بە مەحزی خاکساریی دەفعی کینەی ناکرێ هەرچەند سەرم وەک ئاسمان ئەرزی لەڕێیدا ناوە، داناوە
ئومێدی چیم بە دنیا بێ هەتاکەی مەستی غەفڵەت بم؟ زەمانی تۆبەیە، تا شیشەی پڕ بادە نەشکاوە
فەلەک ئاش و زەمین بەرداش و ئینسان دانەیە، یاخۆ ئەجەل باز و بەدەن کەبکە سەدای ها ڕاوە، هاڕاوە
ئەلا ئەی باغەبان بۆ بۆنی گوڵ سەودازەدەم ئەمڕۆ کە هەم بۆی یارە، وا زێوەر لە دەردا ماوە، داماوە

تکاندی ئابڕووی چەمەن بە ڕوویی ئابدارەوە

edit
تکاندی ئابڕووی چەمەن بە ڕوویی ئابدارەوە شکاندی نرخی نەستەرەن بە زولفی موشکبارەوە
چمە لە مەی لە نەی لە جام، ئەگەر بە لەنجە بێتە لام بە ڕوویی تابدارەوە، بە چاوی پڕخومارەوە
عەرەق نییە لە عالەما، کە لابەرێ لە دڵ غەما جگە لە قەترەئارەقێ لە ڕووت کە دێتە خوارەوە
نیشاتی من جەماڵی تۆ، بەراتی من ویساڵی تۆ خەیاڵی من لە خاڵی تۆ بە عیشوە لێم مەشارەوە
عەزیزەکەی حەبیبی من، نیگارەکەی تەبیبی من کە شەق بەرێ ڕەقیبی من، وەرە بە سەد ویقارەوە
فیدایی خەدد و قەددی تۆ چەمەن بە فەوجی گوڵیەوە بە بولبول و بە چڵیەوە، بە قومری و هوزارەوە
فەرەنگڕووی زەنگموو، عەجەمسیاق و ڕووسخوو ئەناسرێ کە کوردە زوو بە پێچی لار و خوارەوە
نیساری زولفی عەنبەری هەموو وڵاتی گوڵعومەر بە عەرد و بەرد و دارەوە، بە ئاوی سەرچنارەوە
ئەمن گەیاندمە ئەنوەری فنوونی شیعر و شاعیری ئەتۆ گەیانتە سامیری بە چاوی سیحرکارەوە

دەمێکە شاعیران هەموو بە شیعری ئابدارەوە

edit
دەمێکە شاعیران هەموو بە شیعری ئابدارەوە ئەسیری دەستی دڵبەرن بە زولفی تابدارەوە
دەمێکە وەسفی مەی دەکەن، غەزەل بە مانە تەی دەکەن بەجارێ مەدحی نەی دەکەن، کە دێتە بەزمی یارەوە
دەمێکە سەرفی عومر دەبێ، لە نەعتی ئاوی خۆشی گوڵ بە بولبولی چەمەن خوسووس بە سەروی جۆیبارەوە

تابی هیجرانم نەماوە نووری چاوانم وەرە

edit
تابی هیجرانم نەماوە، نووری چاوانم وەرە ساکینی بەیتولحەزەن بووم ماهی کەنعانم وەرە
وام لەنێو زوڵماتی غەمدا هەر تەڕەف ڕێگام نییە تا ڕەمەق ماوە لە عومرم شەمسی تابانم وەرە
شەهسەواری موڵکی حوسنی، من پیادەی بەردەست ئەسپی نازت وەرمەگێڕە، شاهی خووبانم وەرە
کەوکەبی بەختم غورووبی کرد و بێکەس مامەوە زوو بە دەرخە شەوقی ڕووت شەمعی شەبوستانم وەرە
من نە تریاکی و نە بەنگیم. مەستی نەشئەی چاوی تۆم چاوەڕێی دەردی خومارم سوبحی ڕەخشانم وەرە

تا زولفی لەسەر چیهرە پەرێشانی سەبایە

edit
تا زولفی لەسەر چیهرە پەرێشانی سەبایە ئاشوفتەگیی و تیرەگیی بەختی سییایە
ڕووی و لەب و مووی هەمدەم و ئامیزشی یەک بوون غونچەی چەمەن و بوردی یەمەن، موشکی خەتایە
شمشادی قەدی سەروی خەرامانە ڕەوانە جێگیری دڵی پادشەهـ و شاهـ و گەدایە
چاوی کە وەکوو دیدەیی بازێکە شکاری دڵ وەک کەوی بێچارە گرفتاری بەڵایە
زێوەر نییە دۆستێ کە ڕەقیب تووشی بەڵا کا مەعلوومە سەوابی ئەمە وەک حەجج و غەزایە

دڵ کە غەیری شکەنی زوڵفی تۆ ئەفکاری نییە

edit
دڵ کە غەیری شکەنی زوڵفی تۆ ئەفکاری نییە تووشی سەودا بووە تا ڕۆژی ئەزەل چاری نییە
زاهید! ئەر دیدەیی تەڕ ئەشکی هەمەڕەنگی نەبێ لێی گەڕێن مەنعی مەکەن میحنەتی دڵداری نییە
نیشی زەخمی موژەیی دڵبەری کەم دیوە مەگەر هەر کەسێ تا بە سەحەر ناڵە و هاواری نییە
هەر کەسێ فەیزی قەدەمبۆسیی ئەتۆی بەرنەکەوێ لە قیامی عەرەساتا ئەحەدێ یاری نییە
بۆیە پەردەی لە سەر و ڕوویی فڕێ داوە نیگار تا بڵێین خۆی چەمەنە حاجەتی دیواری نییە
تا لە من دوورە هەوای کاکۆڵی موشکین، دڵەکەم سەیری باغ و هەوەسی دیدەنی گوڵزاری نییە
زێوەر ی دەربەدەر ئەمڕۆ لە فیراقت نەفەسێ غەیری غەم خواردن و گریانی حەزین کاری نییە

چاوەکەت بۆ من لەباتی نێرگسی شەهلا بەسە

edit
چاوەکەت بۆ من لەباتی نێرگسی شەهلا بەسە سەیری ڕوخسارت لەباتی لالەیی حەمرا بەسە
ڕۆیین و دانیشتن و هەستان و وەستانێکی تۆ بۆ منی بێدڵ لەجیاتی سینەمای بەغدا بەسە
ڕادیۆم ناوێ کە گوێ بگرم لە دەنگی ساز و نەی لەو دەمی پڕ شەککەرەت جوێندانی بێ مەعنا بەسە
چیم لە باسی لەشکری ئینگلیز و ئەڵمانی هەیە لەشکری موژگانی تۆ بۆ حەملە و دەعوا بەسە
بێمە وەسفی قامەتت فیکرم ئەوەندە بەرز ئەبێ بانگ ئەکەن -تەییارەچی! - جەولانی بۆ باڵا بەسە
مەتلەعی شیعرم سەریحە من کە وا شیعەی عەلیم حوببی ئالی ئەو لەباتی نیعمەتی دنیا بەسە
گەهـ عومەر!؟ گاهێ عەلی زێوەر سەباتێکت نییە بەسیە دووڕەنگی و ڕیایی مەسرەفی بۆیا بەسە

دڵی من دەرحەقی تۆ هێندە سافە

edit
دڵی من دەرحەقی تۆ هێندە سافە وەکوو زاهید خەریکی ئیعتیکافە
مەکە باوەڕ بە قەولی دوشمنانم قسەی دوشمن هەموو لاف و گەزافە
دوو زولفت مووبەموو هاتوون بەیەکدا لەبۆ ئەم گەردنە تەوق و تەنافە
لەگەڵ وەسڵم بە تۆ بوو ڕۆحم ئەڕوا وەکوو نوونی مثني لای ئیزافە
وەرە زێوەر نەسیحەت بگرە گوێ خۆت لە ئەم ڕێگایە لادە ڕێی خیلافە

تالیبی ڕووتم بە ئەگریجەت پەرێشانم مەکە

edit
تالیبی ڕووتم بە ئەگریجەت پەرێشانم مەکە من کە ئیسلامم حەواڵەی کافرستانم مەکە
کونجی عوزلەت ئیختیارم کردووە مەمهێننە دەر عاشقم دێوانە نیم سا بەردەبارانم مەکە
نەقشی بەست حوببت لە دڵما، ئاسمان نایباتە دەر سا کەمێ مەیلی منت بێ دڵپەرێشانم مەکە
دێمە بەردەرگانەکەت تەنها بەبێ یار و ڕەفیق جاربەجار بمخوێنەوە داخڵ بە نیسیانم مەکە
چاوی مەستت شێخ و مەللا هەر دوو حەیرانی ئەبن وا بە غەمزە ئەقڵ و دینت برد لە ئیمانم مەکە
بێستوون کەی وەک دڵی من تیشەکاریی لێ کرا؟ بۆ تەحەممول وێنەیی سامی نەریمانم مەکە
تەبعی میڕڕیخت هەیە بەو تەلعەتی وەک زوهرەیە موشتەریی تۆم تالیبم، مەهتووکی یارانم مەکە
زێوەرە هەرجانفیدا بێ، دڵفیدا بێ سەرفیدا مەمخەرە دەرد و موسیبەت تووشی هیجرانم مەکە

ساقی بە جیلوە هەستە بۆم پڕ کە یەک قەڕابە

edit
ساقی بە جیلوە هەستە بۆم پڕ کە یەک قەڕابە ئەمشەو بە یادی چاوت مەیلم لەسەر شەڕابە
من نامەوێ حیجاز و ڕاست و نەوای عێراقی شۆر و قەتار و حەیران بۆ من بڵێن سەوابە
ڕووی دڵبەرێکی کوردی نادەم بە میسر و تائیف یەک بەیتی وردی نالی نادەم بە سەد عەتابە
دڵ دەردەداری یارە، بیمار و بێقەرارە بەینێکە ئینتیزارە، ئەحواڵەکەی خەرابە
مەنعم مەکە لە ناڵین ئەی شۆخی دیدەشاهین بۆ چاوەکانی مەستت، جەرگم ئەڵێی کەبابە
مەوجوود نەبێ ئەمانە، یا ئەو برۆ کەمانە زێوەر بە تیری میحنەت دووچاری سەد عەزابە

ئەمڕۆ بە دووسەد غوسسەوە دڵ خەستە دووچارە

edit
ئەمڕۆ بە دووسەد غوسسەوە دڵ خەستە دووچارە بۆ هیجری ئەتۆ دەردی دڵم بۆتە شەرارە
ساڵ ساڵ غەمی هیجرانی ئەتۆ زیاتر ئەبینم ئەمساڵ دڵی من تالیبی ڕووی عوشرەتی پارە
بێڕەحمی و بێمەیلی و ناپرسی لە حاڵم لافاوی سروشکم کە دەڵێی سەیلی بەهارە
قوربان سەبەبی قەتلی منە سوحبەتی ئەغیار بنواڕە دەروونم کە وەکوو کوورەیی نارە
بۆ عاجز ئەبم هەمدەمی ئەغیار و ڕەقیبی گوڵڕەنگیی و گوڵ دیارە کە هەمسوحبەتی خارە
چۆن سینەیی من مەرکەزی دینار و درەم بێ لەعلی لەبی تۆم بێ کە بەهای چین و تەتارە؟
گەر عاجز و گەر زویر و ئەگەر خوڕڕەم و شادی بمبەخشە لەڕێی نەشئەی ئەو چاوەخومارە
دڵ بوو بە ئەسیری شەهی ئیقلیمی نەزاکەت یاڕەببی بە تای پەرچەمی بیدەی لە قەنارە
گەر زێوەر ئەڵێن بۆ چی نەکەوتە سەری کێوان؟ دێوانە گەلێ تالیبی نێو کووچەی شارە

سەبەب مەهجووریی دیداری یارە

edit
سەبەب مەهجووریی دیداری یارە دڵم پڕ خوێن و چاوم ئەشکبارە
تەماشای عالەمم حەسرە لەسەر ڕووی بە دڵدا بێ خەیاڵێ ڕووی نیگارە
لە حەسرەت ڕووی نیگارینی هەمیشە دەروونم پڕ لە ڕەنج و پڕ لە نارە
نەسیمی گوڵشەنم بادی سەموومە بڵێ: گوڵ، بێ گوڵی ڕووت عەینی خارە
مەزاقم دەردی هیجرانی ئەتۆی دی ئیتر شەککەر لەکن من زەهری مارە
مەکەن لۆمەم ئەگەر سەحرانەوەردم مەکانی ئاهووان و جێ شکارە
بەهاری عوشرەتم زستانە بێ تۆ بەبێ من تۆ خەزانت وەک بەهارە
نەوەک هەر من گرفتاری نیگارم هەزارێکی وەکوو من ئینتیزارە
عەزیزان! باعیسی هیجرانە زێوەر بەدایم سینەچاک و بێقەرارە

هەموو دەم ئێستە موشتاقم کە نایێ دڵبەرم یادێ

edit
هەموو دەم ئێستە موشتاقم کە نایێ دڵبەرم یادێ ئەما ئەو ڕەنگە سەد ساڵیش لە حاڵی من نەکا یادێ
هەتا شیرینی دەوران و موقیمی ڕوتبەیی نازی بە ناڵە و شۆڕش و غەوغا هەموو کەس بۆتە فەرهادێ
تەحەییور ماوم -ئەی یاران! - لە فەننی ناز و خودبازی چلۆن فێر بوو کە منداڵیشە، بێ تەعلیمی ئوستادێ
گەلێکم وت بەدڵ: دانیشە دنیا پڕ لە ئاشووبە هەتاکوو عاقیبەت گرتی کەمەندی زولفی سەییادێ
دڵم وەک بولبولی گوڵزاری کیشمیر و سەمەرقەندە لە سەد ئاواز ئەخوێنێ بۆ گوڵێ گەر لێی بدا بادێ
بەوێنەی کۆهکەن زایع بۆ ناڵە و شیوەن و شینم کە ڕەحمێکی نەکرد ئەو کافرە جارێ بە فەرهادێ
مەڵێن زێوەر بەخۆڕایی ئەناڵێنێ و ئەکا شیوەن گرفتارە، بریندارە، بە تیغی چاوی جەللادێ

گرتوومە لە عالەم سەنەمێ لالەعوزارێ

edit
گرتوومە لە عالەم سەنەمێ، لالەعوزارێ شیرین خەتوخاڵێ چ عەجەب دیدەخومارێ!
سەد دڵبەری چینی بەفیدای نیمەنیگاهی سەد حوور و پەری بێ بەفیدای عیشوەیی جارێ
باری غەمی دڵ سەهلە بە تای پەرچەمی لاچێ بیکا بە کەمەندی دڵی میحنەتزەدە بارێ
کاکۆڵی سیا لازمە بۆ گەردنی زیوین گەنجێ کە ببێ لازمە بۆ حارسی، مارێ
مومکین نییە بێ ڕەنجی عەدوو گەنجی ویسالت وەسڵی گوڵ ئەگەر بێ نییە، بێ ئافەتی خارێ
ڕیشەی دڵی هەڵکەندووە ڕیشووی ڕەشی مشکی گەر هۆشی بە ڕیشوەت نەدەمێ زەحمەتە چارێ
کامی دڵ ئەگەر بێت و ڕەوا بێ لە لەبی ئەو تا ڕۆژی قیامەت لە لەبم شەککەر ئەبارێ
سەر کۆهی خەفەت کەوتووە زێوەر بە تەماشا لەو کۆهی غەم و میحنەتە ئەو نایەتە خوارێ

نیگارا تۆ لە هەر جێگە دیاری

edit
نیگارا! تۆ لە هەر جێگە دیاری لە ڕووتا گوڵ ئەکێشی شەرمەساری
بە چاو نێرگس، بە دەم غونچە، بە ڕوو گوڵ هەمیشە ساحیبی حوسنی بەهاری
لە پەندی ئەهلی دانیش گوێم گرانە کە مەنعم کا لە زاریی یا لە زاری
لە وەسفی نازکیتا دەستەئەژنۆن هەزارێکی وەکوو نالیی و ناری
نەهاتیمە کە وەعدت دا نەهاتی سپی بوو، کوێر بوو چاوی ئینتیزاری
قەسەم بەو خاکی بەر پێی تۆیە قوربان بەشم هەر زیللەتە و هەر خاکساری
ئەگەر تۆ بێیتە لام سەر وا لە ڕێتا ئەگەر من بێم ئەکەم هۆشم بە دیاری
ئەزانی، بۆچ عەزیزی تۆ لەلای من کە پەروەردەی هەوای ناو شاخ و داری
کە نەتبێ عەشقی باد و ئاب و خاکت لەلام هەر ناری گەردانەی هەناری

کەوتمە داوی نیگارێ مەهجەبینێ دڵبەرێ

edit
کەوتمە داوی نیگارێ، مەهجەبینێ، دڵبەرێ ئیختیارم لا نییە گەر دین و ئیمانم بەرێ
سونبولی تەڕ ڕائیحەی کەی نەوعی زولفینت ئەبێ نافەیی ئاهوویی چین باجە کە ئەیخاتە دەرێ
هەر سەحەرگاهان ئیفاقەی بێ زەمانی دەردەکەم لەش بریندارم بە تیغی دڵبەرێ، قەدعەرعەرێ
پێم بڵێ: بۆ حەلقەحەلقە پەرچەمت کەوتۆتە مل؟ خۆ بە قانوون و نیزام زنجیر لە گەردن ناکرێ
ئارەقی سەر ڕوومەتت ئابی حەیاتە، زەمزەمە هەر کەسێ نۆشی بکا تا ڕۆژی مەحشەر نامرێ
سینە کوورە، دڵ کەباب و باوەشێنی ناڵەیە ئاوی وەسڵی ئەو نەبێ ئەم ئاگرە دانامرێ
بۆ بەخۆڕایی ئەتۆ زێوەر ئەڵێی من موخلیسم کوا ڕەفیقێ؟ کوا شەفیقێ؟ تا جەوابت بۆ بەرێ

لە غەیرە خاڵییە مەجلیس نیگاری مەهجەبین با بێ

edit
لە غەیرە خاڵییە مەجلیس نیگاری مەهجەبین با بێ سوراحی گەردەنێ، چاوپیاڵە، یاری نازەنین با بێ
لە زاهید دڵ بە ئازارم لە سەیری سۆفی بێزارم لەنێو دەیری موغانا موغبەچەی بێ دەئب و دین با بێ
بە ناسۆر کەوتووە، زەخمی دڵم بەو زوڵفە موشکینە بە خەندەی لێوی شەککەرباری مەرهەم بۆ برین با بێ
لە ڕێگای دیدەوە موڵکی دڵی خستۆتە ژێر حوکمی ئەمیری بەحر و بەڕ، سەرداری خووبانی زەمین با بێ
خەزانی فیرقەتی هات و گوڵستان مایەوە بێ گوڵ لە سینەی بولبولی بێخانومان ناڵەی حەزین با بێ
بە ئەشکی ئاڵ و زەرد و سووری من ڕەنگینە کاشانە عەجایب مێرغوزارێکە غەزالەی دەشتی چین با بێ

با نەچێتە لای ڕەقیبان یار ئەنیسی خانە بێ

edit
با نەچێتە لای ڕەقیبان یار ئەنیسی خانە بێ لازمە ئەو ئاسکە لەولا نەبێ، لەو لانە بێ
دیدە وەختێ تۆی لەلا حازر نەبێ وا حەز ئەکا بۆ نەزەر لەعل و دوڕی یەکتا نەبێ، یەک تا نەبێ
عاریفی حەقبین چ باکی زینەت و ئارایشە وای ئەوێ ناو شار و ناو دێ وا نەبێ، دێوانە بێ
دۆستی و خزمی نەماوە بۆ ڕەفیقی خۆی فەلاح حەز ئەکا بەو شەرتە گەر بێ گا نەبێ بێگانە بێ
هەر کەسێ بۆ تەرکی دڵبەر دێ نەسیحەتمان ئەکا ئەم دوعایەی لێ ئەکەم: یاخوا نەبێ، یا خوانە بێ
شەمعی ڕووتە بۆتە باعیس زێوەر ئێستا دائیمەن گەر لە خاتریا کەمێ پەروا، نەبێ، پەروانە بێ

بە ئێشی نێشی تیرت دڵ لەتە کەی بێ دەوایێ بێ

edit
بە ئێشی نێشی تیرت دڵ لەتە، کەی بێ دەوایێ بێ؟ بەسەر چینچینی زولفی تۆ سەحەر بادی سەبایێ بێ
پیادەی دڵ لە سەتحی ڕێگەتا پێچوپەنای ناوێ بە ڕوخ ماتی مەکە خەوفت لە حوکم و ئەمری شایێ بێ
بە دوو چاو و دوو ئەبرۆ و خەتت و خاڵی شەشدەری لێم گرت لە بنیا داشی دڵ گرژاوە، سا ڕەببی گوشایێ بێ
بە جان و دڵ، سەروماڵ، دین و ئیمان هاتمە کۆیی تۆ بە ڕەسمی دوشمنی لاوە، خودا تووشی بەڵایێ بێ
لە دڵما زەهری هیجرانت بە سەد پیاڵەی شەراب ناڕوا چ نەفعی بۆ منە موتریب بە سەد ساز و نەوایێ بێ؟
لە بەختی من دوو ئەبرۆت هەر وەکوو شمشێری بوڕڕانە بە من چی بۆ ڕەقیبان گەر وەکوو باڵی هومایێ بێ
دەڵێ زێوەر هەتا ماوم لە وەسڵت نائومێد نابم ئومێدم هەر هەیە جارێ کە تەئسیری دوعایێ بێ

شوعاعی شەمس و شەوقی شەمع و لەمعەی بەدر ئەبێ ون بێ

edit
شوعاعی شەمس و شەوقی شەمع و لەمعەی بەدر ئەبێ ون بێ لە جێگایێ کە ڕوخساری نیگاری دڵبەری من بێ
بە دوو ڕەشماری سەرشانی دەڵێی زەححاکی سەففاکە لە قەتڵی کەس قوسوور ناکا ئەگەر ئینس و ئەگەر جین بێ
ئەوا مردم بەسم سا تیرەباران کە بە موژگانت لە سەرتا بۆ بەخۆڕایی هەموو ئەخلاقی بەهمەن بێ
لە ڕێگای عەشقی تۆدا تووشی زیندان بم لەلام خۆشە چییە با تالیعی سستی منیش وەک بەختی بێژەن بێ
هەتا عیشقم لە سەردا بێت و هیجرانم لە ڕێدا بێ لە کوللی ساعەتێکا هەر دەبێ چاوم لە مردن بێ
کە چاوی مەست و خوێنڕێژی بە غەمزە مەیلی عاشق کا دەبێ پیاڵەی شەرابی لەعلی ڕوممانیی سەروبن بێ
ئەگەر زێوەر لە حوببی تۆ سەعاتێ قەلبی خاڵی بێ ئیلاهی! ئەو دڵەی دەر دەم نیشانەی تیری دوشمن بێ

بنواڕە نەوبەهار و هەوای تەراوەتی

edit
بنواڕە نەوبەهار و هەوای تەراوەتی نووساندی پێکەوە لەبی غونچە حەلاوەتی
هێنایە شەوق و زەمزەمە تەیرانی سەر زەمین سەرما بڕایەوە هەموو توندیی و سەلابەتی
هەورەبرووسکە بۆتە سەقا ئاوڕشین ئەکا تا، سەبزەزاری ئەرزی موجەللا بێ سەفوەتی
ئەم عەردە مردووە هەموو ڕۆحی کرایە بەر گۆڕاوە سەربەسەر هەموو دنیا قیافەتی
بادی سەبا بە جیلوە قەدی گوڵبونی لەران گوڵ زاری کردەوە کە بکا شوکری نیعمەتی

وەک قەدەح چاوم لەسەر دەست دائەنێم نانووم شەوێ

edit
وەک قەدەح چاوم لەسەر دەست دائەنێم نانووم شەوێ شەستپەڕی ڕووت تا لەناو باخی زەمانا سەرکەوێ
ئەنجوومی ڕوویی زەمین مەحون بە نووری تەلعەتت وەک ستارەی ئاسمان مەحون شەفەق گەر دەرکەوێ
موتتەسیل تا سوبحدەم غەرقی خەیاڵی ڕوویی تۆم عاجزە، تۆراوە لێم، خۆ هەر نزیکم ناکەوێ
عاشقان هەر یەک لە پێشتر خۆ بە قوربانت ئەکەن ڕەببی قڕیان تێ کەوێ نۆبەم کە هەر بەرناکەوێ
گەر چی دەرمانە نیگاهت بۆ برینی نێو دڵان تەبعی ناسازە دڵی من ئەم دەوای پێ ناکەوێ
کافر و ئیسلام موقابیل بوون لە شاری حوسنی تۆ باعیسی چی بێ کە ئیسلام دەفعەیێ سەر ناکەوێ!
زێوەر ی دڵ پڕ موسیبەت بەندە بۆ خزمەتگوزار مەیکوژە ئێجگارەکی عەبدی وەهات دەس ناکەوێ

حەکیمی دەردی من ئەو چاوەیە قەت دوختەرم ناوێ

edit
حەکیمی دەردی من ئەو چاوەیە قەت دوختەرم ناوێ لە ڕێگای عەشقی تۆدا گوم ببم یەک ڕەهبەرم ناوێ
تەماشای زولفی ئاڵۆزاو و سەرمینایی گەردن کەم لە سەحنی گوڵشەنا هیچ سەیری عوود و عەنبەرم ناوێ
سەعاتێ هەمنشینی تۆ ببم ئەقسایی ئامالە ئیتر حوور و قوسوور و لەحمی تەیر و کەوسەرم ناوێ
بە وەعزی واعیز ئەمڕۆ چونکە عالەم حاڵی گۆڕاوە هەتا موشکیی عەلیخانی بوەستێ مێزەرم ناوێ
ئەگەر دوو سێوی زیوینی لە باخی سینەدا دەرخا هەتاکوو ڕۆژی مردن شەرتە تەختی سەنجەرم ناوێ
ئەسیری حوسنی تۆم، ئازادی تەعنەی عالەمم بیللا لەباتی خاکی بەردەرگانەکەت سیم و زەڕم ناوێ
تەقەی دەف، حەلقەیی دەروێش، ئەڵێی نانێکی بێ خوێیە کە نووری مەعریفەت گوم کەم چراغی ئەختەرم ناوێ
لەڕێی تۆفانی زیللەتدا حەیاتی عارییەت مەرگە لەگەڵ بێحورمەتیدا بارەگاهی قەیسەرم ناوێ

گۆڤاری گەلاوێژی ژمارەی ٦ ساڵی ٩
1948

ئەو دڵبەرە نەوڕەستە کە ڕەنگێ بنوێنێ

edit
ئەو دڵبەرە نەوڕەستە کە ڕەنگێ بنوێنێ ڕەنگە لە فەلەک جەمعی مەلائیک بنوێنێ
تیغی خەمی ئەبرۆی ئەگەر بێتە بزووتن زنجیری ئەمەل، ڕشتەیی ئیمان ئەپسێنێ
هەر لەحزە بە شوعلە و ڕوخی گوڵئاتەشیی خۆی لەم بۆتەیی سینە مسی قەڵبم ئەتوێنێ
بونیادی خەیاڵم کە ئەشوبها بە دەماوەند هەر لەحزە بە تیرێکی موژەی دای ئەڕووخێنێ
وا سووڕەتی وا سیرەتی هەر عەینی کەماڵە جارجارە بە شەرمێکەوە عاشق ئەدوێنێ
خەرمانی وجوودی بە خوا دوورە لە ئافات هەر کەس لە دڵا توخمی وەفای ئەو بڕوێنێ
ئیعجازی مەسیحا لە لەبی پڕ شەکەرایە سەد موردە ئەکا زیندە و زیندە ئەمرێنێ
ڕووحت کە بەهای عیشوە و نازی ئەوە زێوەر لەو کافرە خۆت لادە کە دینت ئەفڕێنێ

چاوت شەهەنشەهێکە ئەبرۆت وەکوو وەزیری

edit
چاوت شەهەنشەهێکە، ئەبرۆت وەکوو وەزیری بۆ قەتڵی عاشقانت موختاریی و ئەمیری
بە تیغی ناز و حوسنی جانم شکافتەیی بوو جەرگم بووە نیشانەی هوجوومی دەستەتیری
دەستەونەزەر ئەوەستن تابووری عاشقانت موشتاقی حوکم و ئەمرن لە نوتقی وەک موشیری
ئەم دەردی عەشقە هەر گا ڕێگەی بە جێگەیێ برد مردن نەبێ کە لای با! ناڕوا بە دەردی پیری
هەرگیز لە دەردی عەشقی زێوەر! نەکەی شکایەت ئێستا تەقەڕڕوبت بوو بە واسیتەی ئەسیری

یارێکی دڵازاردەری شۆخێکی بە کینی

edit
یارێکی دڵازاردەری شۆخێکی بە کینی ئافاتی دڵی عالەم و ئاشووبی زەمینی
من تابی هوجوومی سەفی موژگانی ئەتۆم کوا؟ دایم بە کەمانی خەمی ئەبرۆ لە کەمینی
تۆ هەر نەوەکوو دوزدی مەتاعی خیرەدی و هۆش سەرقافڵەیی جەردەیی بارخانەیی دینی
وێنەت ئەکەم و نایکەم و دەیڵێم و دەناڵم تۆ یا پەریی بێ پەڕی یا ئاهوویی چینی
مەقسوودی و مەرغووبی و مەحبووبی قولووبی شیرینی و ڕەنگینی و خەندە نمەکینی
هێند خەندەیی ئابدار و لەتیفە بەتەراوەت خەوفم هەیە بتوێتەوە لێوی شەکەرینی
شامی غەمی هیجر و ئەلەمم دێتە نیهایەت گەر دەربکەوێ ڕووی شەفەق و سوبحی جەبینی
گەر ڕافزی و شیمە و گەر گەبر و یەهوودە هەرچی هەیە وەڵڵاهی منم تابیعی دینی
موددێکە کە دوور بووم و جەفادیدە و ڕەنجوور نەتپرسی: کە کوا زێوەر و ئەشعاری مەتینی؟

بە قامەت سەروی بۆستانی بە تەلعەت ماهی تابانی

edit
بە قامەت سەروی بۆستانی بە تەلعەت ماهی تابانی لە بەینی ماهڕوویانا وەکوو بەدری نومایانی
لە پێشا مەدرەسە و دەیر و خەراباتم لەلا یەک بوو دوو میحرابی برۆت کێشامییە دینی موسوڵمانی
لە حوزنا پیری کەنعانم، عەجەب سەبری جەمیلم بوو بەدڵ موشتاقی بۆی وەسڵم ئەلا ئەی یۆسفی سانی!
بە دەفعی سیحری چاوانت یەدی بەیزام هەیە ئەمما لە ئەشکی خۆمەدا غەرقم بە سەیری ڕوویی تابانی
بەشەر مەیلی بە شەڕ زۆرە جەفات گەر کەم ئەبوو ئەموت: لە بەینی عالەمی ڕۆحانیان مەئمووری ڕەحمانی
بەڵێ ڕۆژی بەعیدی تۆ بە عیدی غەیر ئەشوبهێنم حەنایی پەنجەی و بەرگم لە سایەی ئەشکی ڕوممانی
چ حاجەت تیری موژگانی لە من دا سەرف ئەکا ناحەق کە من بۆ خۆم گرفتارم بە تای زولفی پەرێشانی
کەلامی شەککەرین زێوەر وەکوو ئیعجازێ ئەنوێنێ قەمەر دوو کەرت ئەکا هەر گا کە مەیلی بێ بە ئاسانی

مووچەم غەمە ئەمساڵ لە جەزای خزمەتی جانی

edit
مووچەم غەمە ئەمساڵ لە جەزای خزمەتی جانی مایەم دوڕی ئەشکە لە بەهای لەعلی لەبانی
قومری سیفەتم نالەکونان شام و سەحەرگاهـ تا دوورە لە من قامەتی وەک سەروی ڕەوانی
وابەستەیی یەک بوون و حەریفی شەو و ڕۆژن زولفی لە ڕوخا ڕوخ لە دڵا دڵ لە میانی
کەس باعیسی قەتڵم نییە لەم عالەمە ئیللا چاوی ڕەشی، تیری موژەی، ئەبرۆیی کەمانی
ڕوخسار و دوو ئەبرۆ و لەبی غونچە میسالی وەک شەمعی شەو و ماهی نەو و لەعلی یەمانی
باوەڕ بکە هەرچی کە بڵێم، شەرحی فیراقت ڕەنگزەرد و نەفەسماندە وەکوو شەمعی بەیانی
تەسدیقی غەمی زێوەری بێچارە کە ناکەی جارێ وەرە خۆت بگرە بە ئەحواڵی ئەزانی