دیوانی زێوەر/ستایش و پیاهەڵدان

309145دیوانی زێوەر — ستایش و پیاهەڵدان1948زێوەر

ستایشی پێغەمبەر

edit
خەیاڵی باتلە بۆ تۆ هەوای دەوڵەت و تاج ویساڵی زائیلە ئەفکاری جەمعی باج و خەراج
نەعیمی هەردوو جیهان پێت بڵێم بەتۆ کە چییە؟ گەدایی دەری سوڵتانی ساحێبی میعراج
موحەممەدی قوڕەیشی سەییدی جەمیعی ڕوسول کە خاکی دەرگەهی بۆ دەردی هەر دڵێکە عیلاج
لە خوممی حوببی ئەوا ڕۆح و دڵ مولەووەن کە ئیتر چ حاجەتە ڕەنگ کەی جلت بەخومم و زاج
ئەگەرچی غەرقی ڕەهی زوڵمەتە دڵی «زێوەر» کە بووەتە ئوممەتی ئەو زاتە دەسیەگاتە سیراج

بۆ جەژنی مەولوود

edit
لە هەر چوار گۆشەی دنیاوە ئەمڕۆ جەژنی مەولوودە چ مەولوودێ؟ زهووری حەزرەتی مەحبووبی مەعبوودە
چ مەحبووبێ کە نووری چاوی جوملە ئەهلی تەوحیدە چ مەحبووبێ سەراسەر مەخزەنی عیلم و وەفا و جوودە
خوا لەم مانگەدا ئەو نوورە پاکەی خستە سەر دنیا لەسەرمان ئیحتیرامی مانگی وا مەتلووب و مەقسوودە
کە ئەحکامی مونیری نووری شەرعی خستە ناو عالەم هەچی ئەحکامە مەنسووخە هەچی ئەغیارە مەتروودە
شەوی پاکی ویلادەت سوبحی ئیقبالی موسوڵمانە دەری ڕەحمەت کراوە، دەرگەهی ئیدبارە مەسدوودە

بۆ جەژنی مەولوود

edit
ماهی ڕەبیعول ئەووەلە ماهی مەسەڕڕەتە ماهی تلووعی کەوکەبی چەرخی فتووەتە
ماهی زهووری گەوهەری بەحری مەعاریفە ماهی غورووبی کەوکەبی مەنحووسی وەحشەتە
ماهی هیدایەتە بەرەکەتڕێز و فەیزخێز فەخری مووەححیدینە کە ماهی وەلادەتە
ماهی وەلادەتی شەهـ و سوڵتانەکان نییە ماهی ویلادەتی شەهی ئیقلیمی حیکمەتە
ماهی برووزی مەقدەمی پاکی «محەمەد» ە جەژنی مووەححیدینە نیشانەی سەعادەتە
ئەو ماهی ڕۆژوو نییە دەم حەبس ئەکا لە نان ئەم مانگی نای و نۆش و مەهی عەیش و عوشرەتە
عود و بوخوور و سەدریی و چەمپار واجبە تەهلیل و زیکر و هەلهەلەیە زیکری ئوممەتە
یاڕەب قودوومی خێر و شەڕەف بێ لە بۆ هەموو ڕەحمێ پەیا بکا ئەوی ئەربابی سەروەتە

ڕۆژنامەی پێشکەوتن، ژمارە ١٨، ساڵی ٢
1921

جەژنی ڕەمەزان

edit
جەژنی ڕەمەزان هاتەوە ئەییامی سوروورە هەر جێگە کە من سەیری ئەکەم مەجمەعی نوورە
لایێ بەنەوای عوود و نەی و چەنگ و چەغانە بازاڕ و دەر و کووچە ئەڵێی «وادیی توور»ە
واعیز دەمی بەسراوە وەکوو فوندەق و بادام یار بەستە دەهەن موحیی ئەمواتی قوبوورە
زاهید سەری کز کردووە، بازاڕی کەساسە شاهید غەمی دەرکردووە، خۆی شەمعی حوزوورە
بەم شارە بڵێم جەننەتە تەسدیقی ئەکەن زوو لایێ هەموو غیلمانە، لەلایێ هەموو حوورە
لەم جەژنە کەوا مەنبەعی سەد ڕەحمەت و لوتفە ئەو شۆخە لەگەڵ ئێمە بەعینوان و غروورە
بۆ کوشتنی من کیسوەتی جەللادی لەبەر کرد باڵای سەراپا کە دەڵێی ئاگری سوورە
جەمعییەتی خەڵقی هەموو وەک جەمعی سەحیحە شادی لە دڵی ئێمە وەکوو جەزری کوسوورە
«زێوەر» چییە تۆ بیخەیە بەر تیری مەلامەت؟ تۆ شاهی «سولەیمان»ی و ئەو هەروەکوو موورە

ستایشی حەزرەتی غەوسی گەیلانی

edit
منم گەدایی دەری بارەگاهی حەزرەتی غەوس نواڵە جۆیی سەخای فەیز بەخشی نیعمەتی غەوس
ڕەئیسی تائیفەی ئەولیایە گەیلانی گەیشتە هیند و حەبەش شەوقی نووری تەلعەتی غەوس
دەلیلی سالیکی هالیک، چراغی گوم گەشتە سیراجی زومرەی ئەقتابی دەهرە هیممەتی غەوس
نەژادی حەزرەتی زەهرا و نووری چەشمی «حسین» تەریقی ئەسهەلە بۆ مەعریفەت تەریقەتی غەوس
بە سیم و زەڕ مەکە تەشبیهی خاکی دامانی کە تاجی فەرقی ئەمیرانە خاکی توربەتی غەوس
تەسەڕڕوفاتی حەیات و مەماتی یەکسانە تەبەددولاتی نەبوو فەیزی نووری شەوکەتی غەوس
دەروونی «زێوەر» و دەریا، گەلێ لەیەک دوورن لە فیکری ئەو بەدەرە، مەدحی جاهـ و حەشمەتی غەوس

گۆڤاری «بەیان» ژمارە ١٣٧ لاپەڕە ٢٠

کاک ئەحمەدی شێخ

edit
هەر هیممەتی کاک ئەحمەدە وا بووەتە جیهانگیر هەر خاکی دەری مەرقەدی ئەو پیرەیە ئیکسیر
نووری ئەوە جاری بووە وەک شوعلەی خورشید فەیزی ئەوە ڕۆم و عەجەمی کردووە تەسخیر
کاک ئەحمەدە شەهبازی تەریقەت بە حەقیقەت ئەو بوو کە عەسا بوو چ لەبۆ جوان و چ بۆ پیر
ئەو زاتە مەلەک خەسڵەتە بوو ڕووی لەخوا بوو کاک ئەحمەدە ئەوسافی هەموو نایەتە تەحریر
ئەی مونکیری جاهـ و شەڕەف و فەیز و کەرامات خۆت لادە کە نیشتووی لە بەرابەر دەمی شەست تیر
مەحبووبی هەموو عالەم و مەجزووبی ئیلاهی شێخی قەرە چێوارە کە شەیتانی ئەکرد زویر
ئاساری فویووزاتی دڵی شێخ کەریمە خستوویەتە ناو قەلبی هەموو کوردەوە تەئسیر
«کانی کەوە» دێڵێژە، مەقامی «گڵە زەردە» شێرانی زەمانە ئەخەنە حەڵقەی زنجیر
ئەی تالبی دین، عاشقی حەق، سالیکی عاریف بۆ خزمەتی ئەم تائیفە لازم نییە تەئخیر
بۆچی نەبمە بەندە و دەروێشی ئەمانە مەربووتی ئیلاهین چ بە تەهلیل و چ تەکبیر
دەروێشە کە ماریان لە دەسا عەینی خەیارە دەروێشە کە شێری نەڕ ئەکا بەستە و زنجیر
دەروێشە بە زیکر و بە دەف و شەوق و سەماعە دەروێشە کە دنیا لە نەزەریایە وەکوو بیر
«زێوەر»! وەرە دەروێش بە بەدڵ نەک بە سەر و پرچ وەک مونکیری بێ دین بە هەوەس ڕووت مەکەرە قیر

گۆڤاری بەیان، ژمارە ١٣٧ لاپەڕە ٢٠

ستایشی شێخ عەلائەدینی بیارە

edit
بام عەهدی جوانی بگەڕێتەوە هۆشی ڕۆیشتوو بڵێن بێتەوە
ئەقڵت نەمابێ ئەگەر لەسەردا لە بیارەدا عەقڵت دێتەوە
ئەیانوت قەبزە ناو دێی بیارە چوومە خانەقا دڵ ئەکرێتەوە
تەئسیراتێکی مەعنەویم تیا دی غەم وەکوو بەفر تیا ئەتوێتەوە
لایێک تەدریسی عیلم و شەریعەت لایەک دەروازەی فەیز ئەکرێتەوە
لای خوابگاهی شێخ «ضياءالدين» بۆی لیحیەی شەریف ئەپەخشێتەوە
مەحاسینی پاک سەییدی عالەم مەلەک بۆ تەوفی ئەڕوا و دێتەوە
لە سایەی سیدقی شێخ عەلائوددین تا ڕۆژ لە مەغریب ئەگەڕێتەوە
خانەقا هەروا پڕ لە فەیز ئەبێ چرای ئیرشادی قەت ناکوژێتەوە
شێخ «علاءالدين»، «صانه المعين» وەسفی خێراتی ئەو نابڕێتەوە
شێخ «علاءالدين» فەخری زەمانە ئەمسالی ئیتر قەت نابێتەوە
بوبەکر خەسڵەت عومەر مەعدەلەت شەیتان لە ناوی ئەسڵەمێتەوە
خادمی دین و عیلم و فوقەرا خوا ئەم زاتەمان نەشارێتەوە

لە ستایشی شێخ «مستەفای نەقیب»

edit
هاتە خەوم دلبەری سیمین بەدەن، گوڵ عوزار زینەت و ئارایشی دابوو وەکوو نەوبەهار
ڕۆینی «کەبکی دوری» عیشوە و جیلوەی پەری ئەبرۆی وەک خەنجەری قەلبی ئەکرد زەخمدار
غەنج و عیتابێکی بوو، ناز و حیجابێکی بوو مەیلی کەبابێکی بوو وەک دڵی عوششاقی زار
هاتە تەکەللوم وتی عاشقی و دڵ لەتی مائیلی ڕووی عوشرەتی، بێنە مەیی خۆش گەوار
وەختی شەراب و مەیە بەربەت و چەنگ و نەیە مەجلیسی شاهی «کەی»یە وەعدەیی بۆس و کەنار
هاتمە جوانی حەبیب، ئەی بەهەموو دەرد تەبیب بێتو بزانێ «نەقیب» هەردوو ئەبین شەرمەسار
ڕوو لە جەفامان ئەکا، تەرکی حەیامان ئەکا تووشی بەڵامان ئەکا، وێڵی دیارە و دیار
ناوی «نەقیب» ی کە بیست بەحسی سیفاتی ئەویست لاڵە لە وەسفی زمان جامیعی فەزل و ویقار
«ابن مزيد» ە و «حەتەم»، دەرگەهی «بيت الحرم» ساحیبی جاهـ و حەشەم دێنە دەری شار بەشار
حوببی لەگەڵ عالمان، بوغزی لەگەڵ زاڵمان موعتەبەری حاکمان ساحێبی جاهـ و ویقار
ڕۆژی وەغاو و قیتال حەملەی شێران میسال ساحێبی فەڕڕ و جەلال مونتەخەبی ڕۆژگار
ئەهلی زەمین و زەمان جوملە موتیعن بەجان حوکمی بەسەر دوژمنان «جاری» یە وەک«ذو الفقار»
نحمدك رّبنا! مثلة أعطيتنا ذلك فخر لنا فوق جميع الديار
سەییدی ئەعلا نەسەب شێرە لە وەختی غەزەب جامیعی حوکم و ئەدەب بەندەیی پەروەردگار
ڕەببی لەبەر خاتری سەییدی «فخر الأنام» قەت لە نزوولا نەبێ زاتی سەعادەت شیعار
خاکی قەدەمگاهی ئەو تاجی سەری زێوەرە دارووی دەردی سەرە مەرهەمی دڵ زەخمدار

ستایشی شێخ «عبدالقادری سۆڵە»

edit
بنازم شوعلەی عەشقی کە ڕۆشن کا موسوڵمانی بنازم شۆڕشی زەوقی مەلەک بێ بۆ سەناخوانی
بنازم بارەگاهی شێخ حسێن و نەسلی مەحبووبی تەریقەی قادری ڕوون بوو بە «عبدالقادر»ی سانی
چ «عبدالقادر»ێ فەیزی لە بۆ خاس و لە بۆ عامە وەکوو هەوری بەهاران ڕەحمەتە ئەلتاف و ئیحسانی
حوسەینی نیسبەتە والا حەسەب «شێخ قادری سۆڵە» لە فەیزی قیسمی نەفسانی موبەددەل بوو بە ڕۆحانی
مەداری ئیفتیخاری میللەتی کوردانە بۆ دنیا بە ئیتعامی تەعام و خزمەتی ئەهلی فەقیرانی
چراغی بەزمی ئیرشادە، عەدوویی ئەهلی ئیفسادە لە بوغز و کینە ئازادە، بە قەلبی پاک و نوورانی
جەبینی لامیع و ئەنوەر، کەفی وەک کانی زیو و زەڕ دڵی عەرشی خوای ئەکبەر، موتیعی حوکمی قورئانی
بە قەمچیی دەستی تەئدیبی هەوا خواهانی نەفسی کرد عەسای دەستی وەکوو گۆچانە بۆ حیفزی موریدانی
خوا ئەم بارەگاهـ و تەکیە ئاوا کا بە ئیقباڵی بژی بۆ خزمەتی میللەت وەکیلی غەوسی گەیلانی

بۆ ساڵح زەکی ساحێبقران

edit
گەلێ هەیە کە خەیاڵاتی خواب و خوردەن ئەکا وەیا هەوای دەرودەشت و گەشتی گوڵشەن ئەکا
بە لەهجەیەکی ئەدیبانە دێتە بەستی کەلام بە ڕەنگی واعیزی دانا قسەی موعەنعەن ئەکا
ڕیجالی خەڵکی مەحەللەی تەواوی ناناسێ قسە لە ڕووس و لە ژاپۆن و چین و مەقدەن ئەکا
دەقیقەیەکی ژیانی بەڕووی زەمین نادا لە ڕێی تەڕەققیی میللەت خەیاڵی مردن ئەکا
گەلێکی وایش هەیە بێ دەنگ و حازم و فەععال فەلەک لە کردەوەیان ئافەرین و ئەحسەن ئەکا
میسالی قیسمی دووەم چەند کەسێکی مەحدوودە وەکو مەعالی «زەکی بەگ» قسەم موعەییەن ئەکا
بە حیلم و عیلم و بە سیدق و سەبات و دینداری بە نووری فیکری شەوی تار و تیرە ڕەوشەن ئەکا
سەعادەتی موتەسەڕڕیف زەکی بەگی سانی ئەویش بەفیکری بڵندی وەتەن موزەییەن ئەکا
لەناو وڵاتەکەیا گەر دزێ هەبوو گوم بوو ئەوی تەریدە بوو ناچار، ڕوو لە مەئمەن ئەکا
سەلەف بە لوتف و بە عونف و خەلەف بە عەزم و بە حەزم لیوا حەیاتی پەیاکرد لە شاری لەندەن ئەکا
زەکی بەگ ئاوی حەیاتی بەدەم وڵاتا کرد هەموو مەعاهیدی عیلمی لە باخ و گوڵشەن ئەکا
بە عەدل و کردەوە ویجدانی پاکی مەعلوومە موساعەدەی عەرەب و کورد و تورک و ئەرمەن ئەکا
بە عیلم و عەمەلی خزمەتی لە بۆ میللەت لە گەورە گەورە فیداکارەکانی جەرمەن ئەکا
بژی ئیلاهی ئەوانە کە نەفعی خەڵقی ئەوێ لە پێی ڕوفاهی بەشەر تەرکی عەیش و نووستن ئەکا

ستایشی «ئەفراسیاب بەگ»

edit
چ کەس نەگەیوە لە دنیا بەمەقسەد و کامی زەمانە تەبعی کەچە، بەد میزاجە ئەنجامی
هەزار نامەوەری نامداری خستە بەڵا لە خۆی نەگرتووە هێشتا کە ناوی بەدنامی
هەزار بێژەنی مەردی ئەسیری زیندان کرد هەزار ڕەخنە ئەخاتە شیعاری ئیسلامی
ئومێد ئەکەم کە بەسی بێ کە شاکەشی دەوران ئەوی کە ماوە نەیخاتە حەڵقەیی دامی
یەکێ لەوانەیە ئەفراسیابی ڕۆستەم بەگ بژی بە نەسرەتەوە بۆ عەدوویی دین خامی
ئەڵێن شەجیع بووە ئەفراسیابی تورکی قەدیم نەگەیوەتە قولی ئەفراسیابی هەورامی
هەمیشە ئەو لە دەس ئێران هەر فیراری ئەکرد وەلێ ئەم ئێستە کە ئێران ئەخاتە سەرسامی

لە ستایشی فەتاح خانی کوڕی حاجی ئەحمەدی سۆفی

edit
عەشقی سەنەمێ شۆڕشی خستووەتە دڵ و جان لەنجەی ئەشکێنی قەدەمی کەبکی خەرامان
مومتازە بەنازە، مەهی گەردوونە لە حوسنا غەددارە دڵ ئازارە، چ شۆخێکە بە عینوان؟!
کافر مووە، ئیسلام ڕووە، خاڵ هیندووە، دڵ ڕەق ئیمان بەرە، قەد عەرعەرە، دەم خونچەیی خەندان
لەو ساوە کە سەودای بەچە عەتتارە لە سەرما وەک عەترە هەناسەم کە دەکا ڕائیحە ئەفشان
شمشێری برۆی خەم بووە بۆ قەتلی خەلایق عەتتارە بەکردار و بە تەلعەت گوڵی نیسان
سەر دەفتەری خووبانی سلێمانییە ئەلحەق شای ئاهوویی چین و خوتەنە چاوی «فەتاح خان»
من نیمە مەتاعێ لە بەهای خەندەی لێوی ئەقڵێک و خەیاڵێ هەبوو زوو بردی بەتاڵان
تا ڕایەتی حوسنی لەسەر ئەم شارە بڵندە بەسراوی خەمی حوکمی ئەون ئاقڵ و نادان
نازدارە وەکوو شیعری تەڕ و تازەی «زێوەر» نایابە لە بازاڕی جیهان وەک مەهی کەنعان

لە ستایشی سەید عەلی کوڕی حاجی شێخ مستەفا

edit
ئەی دڵ! وەرە تۆ خادیمی دەربانی «عەلی» بە هەر عاشقی لەعلی لەبی خەندانی «عەلی» بە
عومری «خضر» ت گەر هەوەسە تاکوو قیامەت ڕۆژێ وەرە سەد دەفعە بەقوربانی «عەلی» بە
خەوفت نە لە تیر بێ نە لە خەنجەر نە لە شمشێر مەجرووح و جەریح خەستەی موژگانی «عەلی» بە
بۆ نازیلەیی قودرەت و بۆ تیری قەزایی هەر لەحزە موهەییابە!! بەقەڵغانی «عەلی» بە
دنیا کە لە ڕووی ئەو، بە مەسەل جەننەتە ئەمڕۆ لەم گوڵشەنەدا بولبولی خۆشخوانی «عەلی» بە
خاڵی مەکە سینەت لە هەموو عەشق و مەحەببەت دائیم وەکوو «نەی» سینە پڕ ئەفغانی «عەلی» بە
دائیم لە بەدەل تاعەت و ئەورادی سەحەرگاهـ وەک بولبولی ناو باخچە سەنا خوانی «عەلی» بە
هەرچەندە کە پەروەردەی ناو «سوننی» یی «زێوەر» وەک ئەهلی تەشەییوع بەفیدای جانی «عەلی» بە

گۆڤاری بەیان ژمارە ١٢٧ ، لاپەڕە ٣٥

بۆ موفتی پێنجوینی «مەلا عەبدوڵڵا»

edit
«بارك الله» لە موفتیی پێنجوین شیعرەکانی بەتامن و ڕەنگین
هەروەکوو موفتیی فەلەستینی بووەتە خەم خواری میللەتی میسکین
وەکوو بەعزێ سەری نەکردووە بەگۆ بۆ شەقی لاوەکانی ڕووسیمین
فیکری ئەو دێری کۆنە ئەم بیکرە فیکری موفتی موافیقە بۆ دین
یا تەلەبکاری عیلمی کیژانە یا بەکەسب و عەمەل ئەکاتە تەڵقین
گەرچی موفتی لە ڕوتبەیی شیعرا نەیگەیاندووەتە شاعیری دێرین
غایەتی چونکە باشە مەوزووعی لای هەموو بووەتە مەزهەری تەحسین
موفتیی شارەکەی سلێمانیش وەکوو بیستوومە گەیوەتە سەبعین
ئافەرین بۆ ئەویش کەوا مەردە فیکری بیکری نەبردە ژێری زەمین

لە ستایشی باخی مزگەوت

edit
مەدحی ئەم باخە بکەم ڕاست و حەقە پڕ لە جۆری گوڵی ئاڵتوون تەبەقە
شەستپەڕ و «لالە عەباس» و «گوڵەناز» وەکوو ئەستێرە و ڕۆژ و شەفەقە
«تەرخوون» و «مەسکی» و «نەعنا» جوێ جوێ خوار و ژوورن تەبەقەن عەن تەبەقە
بەریی قەددی «چنار» و بییەکەی هەروەکوو قامەتی «عووجی عەنەقە»!
باسی مینایی شەرابی چ بڵێم؟ داخی مینایی شەڕاب و عەرەقە
وەسفی ئەم سڵقە لە کەرکووک بکرێ سەد «کەمال زادە» لەوێ حاڵی شەقە
هەر کەسێ هاتە تەماشای و وتی: «ماشاء الله لن قد خَلَقَ»

خێرت قوبووڵە

edit
کەسێ موتیعی خوا و ڕەسوولە لە ڕێگەی دیندا لیرەی لا پوولە
«انما يعمّر مساجد الله» لەبۆ ئەمسالی حاجی ڕەسوولە
هاتفێ بانگی لێ کرد ئەی حاجی ساڵی تەئریخی: «خێرت قبووڵە»

ستایشی شاری بەغدا

edit
چ خۆشە مەنزەرەی جوانی شارەکەی بەغدا کە شێخ و زاهید و سۆفی ئەخاتە سەر سەودا
حەدیقەکانی نموونەی بەهەشتە بۆ خۆشی دروستە ناوی بنێی عەدن و «جنّة المأوی»
ئەچیتە سەیر و تەماشای حەدیقەی غازی پڕە لە بازی شکاری و ئاسکی سەحرا
لەسەر ئەریکە بەڕێکی کە چوویت و دانیشتی هەزار حوور و پەری دێن و دەڕۆن بە بەردەمتا
نەمامی مەم وەکوو دوو سێوی ئاڵ و لیمۆی زەرد دەسی ئەخاتە دەسی، دیدە نێرگسی شەهلا
نیگاهی شاریعی غازی و ڕەشید و ئەمسالی لە شانزە لیزەی پارس زیاترن بە سەفا
کەناری جاددە درەختانی ڕێک و مونتەزەمی میسالی قەددی حەبیبانی نازک و ڕەعنا
کە بچیتە سەیری قووور و دەوائیری ڕەسمی بە جازیبەی فەرەحی دسڵ دەخاتە ڕەقس و سەما
بچیتە کەرخی ڕەیاحین و گوڵ لەژێر ئەشجار چ ئابدار و چ شیرینە ڕیزی دارخورما
بە پرتەقاڵ و کەبات و ترنج و لیمۆنی کە بۆنی خۆش بە هەموو شاریعا ئەکەن ئیفشا
هەوا موعەتتەرە عالەم موعەنبەرە بێ شک سەدای قومری و بولبول بەسە لەباتی غینا
بەشەو ئەبینی لەسەر ئەرز ئاسمانی یەکەم ئەلەکتریکە کەواکیب کە شەوق ئەدا بە هەوا
کە سەیری دیجلە ئەکەی دێ بەسەد هەزار عەزەمەت خوڕە و وڕەی نییە ئەڕوا بەبێ هەرا و سەدا
دەماری جیسمی بڵند باعیسی حەیاتی وڵات ئەوە، کە زینەتی داوە بە باغ و قەسر و سەرا
مەحەللی عیلم و مەنافیع و مەنابیعی سەروەت هەموو لە عاسیمەی ناو عیراق ئەبێ پەیدا
حەقیقەتەن ئەوە پایتەختی زاهیر و باتین پڕە لە شاهـ و وەزیرانی عالەمی ئوخرا
جونەید و سیڕڕی و بەهلوول و بیشر و کەرخی هەموو موجاویرن لە حوزووری شاهی دین ئیمام مووسا
ئەتۆ نەزەر مەکە ئەو قەسر و گونبەدی زاهیر لە بۆ تەوافی مەلەک بارەگاهی وا لە سەما
غوباری قەبری کلی چاوی جەعفەری و سوننی نیگاهی مەرقەدی شادیی دڵی غەنی و گەدا
لە پاش ئیمامی زەمان مەرتەبەی کە باڵایە جەنابی غەوسی زەمانە ڕەئیسی ئەهلی هودا
مەسافی تۆ نییە ئەم ساحە واسیعە «زێوەر» لە بەحری ئەتڵەسی بۆ تۆ مەحاڵە بێیتە شەنا
لە باتی مەدحی بخوێنە «عليهم الرضوان» «عليه الف صلاه ورحمه و رضا»

ستایشی بەرزنجە

edit

ساڵی ١٩٣٩ کە مامۆستا زێوەر مودیری قوتابخانەی بەرزنجە بووە وتوویەتی.

پابەندی بەنی کاڵە و پڕ سیرمە کڵاشم پەروەردەیی چەنگ سووتەکە و ساوەر و ماشم
من چیمە لە فاسۆنی فەڕەنگ، چۆغەیی لیوی تا شاڵی مەرەز یانە خوری بێ بە قوماشم
دانیشتنی سەرچاوەیی ئاوانی چیاکەم نایدەم بە هەموو موڵکی جیهان گەرچی گەداشم
بۆ سەیری گوڵ و مێرگی نزاران لە بەهارا چاوم وەکوو نێرگس گەشە، مەفتوونی هەواشم
بۆ نیکوی بەدی عالەمی دنیا، لە کەنارم بۆ دینی خەڵک بێ زەرەرم نیوە مەلاشم
داخم ئەوەیە هاو وەتەنم زۆری نەزانە بەم دەردەوە ئەتلێمەوە، ئاو کەوتووە ئاشم
هەرچەندە لە شار دوور و لە «دێ» ش دەربەدەرێکم پێم خۆشە کە کەوتوومە مەحەللی بەنی هاشم

لاپەڕە ٣٨ - ٣٩ ی سۆزی نیشتمان
1939

بۆ عەلی کەمال بەگ

edit
تەبیعەتم کە هەڵ ئەنگووتووە لە وەزعی زەمان خەیاڵی شیعر و غەزەل لێم پەڕیوەتە سەربان
کە سەیری حاڵەتی میللەت ئەکەم پەرێشانە منیش لە بەحری غەما ئەبمە ماسیی مەلەوان
کەسێکی وا نییە غەمخواری قەومی بێ کەس بێ ئەگەرچی زۆر هەیە ئەربابی سەروەت و سامان
کە خوێندمەوە غەزەتەی «ژین» عەلی کەمالم دی کە «شا» بەیتی قەسیدەی سەخایە بۆ کوردان
دڵم گەشایەوە، تەبعم کرایەوە دەردەم لە شوکری هیممەتی ئەو زاتە پڕ شەکر بوو زوبان
وتم: حاتەم بەمەڕێ یا بە وشترە پیرێ سەخای ئەکرد کە ئەویش تایبەتی بوو بۆ میوان
سەخای حەتەم کە لە دەرماڵی خۆی بوو جەبری بوو لە عەشرەتی «تەی»ەوە نەیگەیاندە ناو شەیبان
عەلی کەمالە کە دوور و نزیکی گرتووتەوە بە فەزڵ و جوود و کەرامەت، بەجورئەت و ویجدان
ئەمە کە نیعمەتی بێ «مەنن» و بێ «ئەزی» ئەڕێژێ بەسەر ڕەفیق و فەقیر و هەژاری سەرگەردان
عەلی کەمالە بە مەردی و بە هیممەت و بە کەماڵ مەحەللی مەفخەرەتە، ڕەببی هەر بژی بۆمان
قسەش لە «لوتفی» ئەکەم بێ دریغە لوتفی ئەویش بە خۆی و خزمەوە خزمەت ئەکەن نیهان و عەیان

شارێکی کوردستان (خانەقین)

edit
جەننەتە بێ شوبهە شاری خانەقین ئاوی ئەڵوەندیشی وەک مائی مەعین
دیمەنی سەر پرد و سەیری ئاوەکەی سۆفیی وشکیش ئەخاتە هەڵپەڕین
گەر لەسەر پرد هەر تەماشای ئاو بکەی قەت خەفەت ناخۆی دڵت نابێ حەزین
وێنەی وا کەم لە دونیادا هەیە باغی جوان ئاوی ڕەوان ئەهلی بەدین
ئەهلەکەی کورد و غەریب و دۆست و نەجیب ڕوو گوشاد، دڵ شاد و ئازاد و ئەمین
سەیری ئەو شارە ئەکەن ئەهلی فەلەک داغ و حەسرەتیانە وەک ئەو ئەهلە نین
گەر تەماشای کۆشک و خانوویان بکەی وا ئەزانی لەندەنە یاخۆ پەکین
داری خورما داری لێمۆ و پرتەقاڵ داری نارنج و کەباتی چین بەچین
زینەتی داوە بە شار و جادەکەی ئاسمان حەسرەت کەشە بۆ سەرزەمین
قەیسەریی وەک کۆشکی قەیسەر عالییە کاسبی ڕووخۆش و دەم پڕ پێکەنین
مەعهەدی دینییە ناو مزگەوتەکان پڕ لە ئیسلامی حەقیقی دوور لە کین
هەر حەدیقەی بۆی بچی چاو ڕوون ئەکا سەوزە و گوڵزارە زەرد و سوور و شین
قووەتی گیان، قووەی نووری نەزەر مەزهەری ئاساری «ربّ العالين»
جادەکانی مونتەزەم ڕێک و ڕەوان پڕ لە ئایندە و ڕەوەندی نازەنین
بانگ ئەکەن بۆ ئەهلی سەر عەردی مەلەک ئەو بەهەشتە «فادخلوها خالدين»

ژمارە ٦ی گۆڤاری گەلاوێژ ساڵی ٥
1944

بۆ ناجی بەگی هورمزی

edit
«قال الوطن العاجز لي أين علاجي؟» «قلت له: بشراك لقد جاءك ناجي»
ئەم جارە بە کوردی وتی: ئەو زاتە بڵندە تەعریفی تەواوی بکە بۆم چۆنە میزاجی؟
پێم وت شەڕەف و فەزڵی لەگەڵ عیلمی تەواوە وەک لیرەی ئینگلیزە لە هەر جێگە ڕەواجی
فەیز و شەرەفی کەعبەت ئەبێ تۆ لە نەزەردا ئەولادی ئەتۆ دەورەت ئەدەن هەروەکوو حاجی
مەجمووعی لیواکە، هەڵ ئەکا ڕایەتی ئیقباڵ ئەمجا لە پەنای مەعدەلەتی حەزرەتی «ناجی»

1938

چۆنیەتی ڕابوردووی شاری سلێمانی

edit
ئەوا مەنعی لە جەردە و دز کرا شاری سلێمانی لەدەست «باڕەش» چ تەدبیرێ ئەکەن مەئمووری عوسمانی
بەهەر نەوعێ هەبوو سەددێ کرا بۆ باڕەش و تۆزی لە تاو قوڕ چی ئەکەن؟ کەر قووت ئەدا بازاڕ و کۆڵانی
بە شۆسە و وشکەسی، ئێمە ئەوا چاری قوڕیشمان کرد عیلاجێ چۆن ئەکەن؟ بۆ کۆمەڵی کێچی بەهارانی
بە تەنزیفات و تەرتیباتی خانەش کێچ ئەوا کەم بوو مەحەببەت چۆن ئەخرێتە دڵی ئەسناف و شێخانی

لاپەڕە ٤٥ ی سۆزی نیشتمان

لە ستایشی باخ

edit
چ گوڵزار و چ باخێکە؟ چ ڕەنگین و چ نەخشینە؟ بەهارستانی کیشمیر و نیگارستانی ماچینە
گوڵی «شەستپەڕ»، گوڵی «ووجری»، گوڵی «لاولاوی» خونکاری یەکێ زەرد و یەکێ سوور و یەکێ ئاڵ و یەکێ شینە
بە ئەنواعی عەجائیب خۆی نومایان کرد لەبەرچاوم کە سەف سەف گوڵ لەسەر گوڵ چین لەسەر چینە
مەگەر هیجرانی یاری دیوە ڕیحانەی سیا پۆشە وەیاخۆ عەکسی ڕەنگی پەرچەمی مەفتووڵ و موشکینە
لەسەر یەک پێ گوڵی «سۆسەن» ئەڵێی خۆی ساقیێی باخە بە جیلوە ئینتیزاری ئەمری شاهی پڕ لە تەمکینە
ئەوەند سوڵتان و شاهەنشاهی ساحیب ڕاییحەی تیایە عەبیر بێزار ئەکەن لێرە وەکوو من میسک و میسکینە
لە بەرگی گوڵ تەماشاکە بە میسلی سوندوس ئەنوێنێ بەڵێ غیلمانی فیردەوسە گوڵی بەم ڕەنگ و ئایینە
هەتا چاو بڕ ئەکا لالە عەباسی ئەسفەر و سوورە هەتا دیققەت ئەکەی لاولاوی وەک نیلۆفەڕی شینە
بە شێوەی چاوی مەخمووری گوڵی لاولاوەکەی مەستە بە ڕەنگی چیهرەیی زەردم گوڵی شەست پەڕ چ شیرینە
ئەڵێی شوبباکی ئەولادی حوسەینە ڕەنگی پەرژینی کەوا سەرتا بەپا سەوزە نموونەی دەشتەکەی چینە
بڵێن بەو مەهـ جەبینەی لالە ڕوخسارە: ئەویش بابێ هەتا خەڵقی بڵێن: ئەم جێگە جەمعی ماە و پەروینە
بڵێن: بەو زاهیدی خەڵوەتنشینی غافڵی عەشقە کە بێ لەم جێگە ساکن بێ ئەگەر ئەو تالیبی دینە
دەخیڵم ساقی ئەمڕۆ بێ مەیی وەک لێوی خوت بێنە دڵت عاجز نەبێ جێی عوشرەتە نەک عوسڕەت و قینە
دەخیل ئەی بادی شەبگیری لە هەر جێ تووشی بولبول بووی بڵێ: «زێوەر» بەتەنها مایەوە مەشغووڵی ناڵینە

گۆڤاری «بەیان» ژمارە ٩٠ - ٩١

ناخوونی جەوری فەلەک

edit
ناخوونی جەوری فەلەک، دەستی جەفایی ڕۆژگار دایدڕی ناگەهـ گریبانی هەموو ئەهلی ویقار
خەنجەری خوونڕیزی دەوران جەرگی ئیسلامی بڕی تیغی دەستی مووسڵی بوو کافری کرد شەرمەسار
ڕۆژی توغیانی وەلادەن کەوتە یادی ئەهلی دین واقیعەی قەتلی حوسەین و فاجیعەی ڕۆژی شومار
غەم وەکوو تۆفانی نوح ئافاقی یەک سەر گرتەبەر کەشتیی عەدل و سیاسەت کوا تیا بگرین قەرار
خوێنی ئالی «موستەفا» سەحرای گوڵگوون کردەوە داڕووخا قەسری مرووەت، گوم بوو مایەی ئیفتیخار
نەسلی کاک ئەحمەد شەهیدی دەستی مەلعوونان ئەبێ ماتی کردم ئەم خەمە نەمما قەرار و ئیختیار
کەوتمە سەحرای بێ هۆشی، لە عالەم بێ خەبەر هاتە بەر دیدەی خەیاڵم سوورەتێکی نازدار
تێ فکریم خوێنین کەفەن، شیرین سوخەن، زار و زەعیف پێی وتم زۆر عاجز و مەحزوونم و خاتر فوگار
هەر کەسێ بۆ حەزرەتی شێخ مەرسیەی دانا بە دڵ بۆچی من بێ بەش ئەکەن ئەی شاعیری شوهرەت شیعار
تۆ بەخوێنی دڵ بنووسە ئەحمەدە ناحەق شەهید نامراد و نەوجەوان و نەوگوڵی ئالی کیبار
قاتیلی جەد کووفەیی بوو، قاتیلی من مووسڵی قاتیلی ئەو بوو یەزید، هیی من یەزیدی نابەکار
کووفەیی وەک ئەهلی مەککە وان لە نیسبەت مووسڵا ڕەببی وێران بێ بە بادی فیتنە و تەزویری نار
میللەتی وا تووشی زیللەت بێ لە دنیا و ئاخیرەت بوو بە دەشتی کەربەلا «باب السرا» بۆ ئینتیحار
مەلعەنەت کار و شەیاتین خەسڵەت و ئیبلیس خوو کافر و جوو مەشرەبن، بێ مەزهەبن هەم نابەکار
عوومەریی وەک خوێنی عومەریان سەند لەئەولادی عەلی دەک خەجاڵەت بن لە مەحشەردا لە خزمەت کردگار
من عەلی ئەکبەر ڕەفیقم بێ چ باکم کوشتنە ئیرسە بۆ ئێمە شەهادەت عیززەتێکە خاکسار
غەم مەخۆن بۆم شێخ هەتا تەنها نەبێ لەم غوربەتە من لە خزمەتیا ئەبم خزمەت ئەکەم لەیل و نەهار
زێوەرا خۆم دای ئەنێم تەئریخی ڕاست و موعتەبەر «غیر حق بو» ساڵی قەتلم بینووسە بۆ یادگار

تەماشا و دیققەتم لێ کرد ئەکەم تەحسینی ئەفکارت

edit

ئەم «تقریض»ە بۆ خوالێخۆشبوو مامۆستا «مەلا سەعید ئەفەندی کابان» وتراوە بۆ دەستخۆشی لێکردن بەبۆنەی لە چاپدان و دانانی یەکەم قەواعیدی زمانی کوردی.

تەماشا و دیققەتم لێ کرد ئەکەم تەحسینی ئەفکارت موبارەک بێ لە میللەت ئەی ڕەفیقم تازە ئاسارت
حەقیقەت باغەبانیت کرد لە سەرف و نەحوی کوردیدا هەموو ئەهلی هونەر تەقدیر ئەکەن ئاساری نازدارت
لە تەئریخی هەزار و سێسەد و سی و هەشتی هیجریدا مەتاعی قاعیدەی کوردیت نیشان دا بۆ خریدارت

ژین، ژمارە ١٣٨٩ ، پێنج شەممە

دوو حەسەن ئیبنی عەلی شوهرەتیان تاقافە

edit
لە پاش عەرزی ئیحتیرام، غياباً ئیخلاسی جەنابتانم بووە، چونکە مادە و شەوکەت و چیشمەتی ئەجدادی تۆم دیوە و مەعنی ئاساری خەیرییەی باپیرشت لە سەعدییە دیققەتم کردووە. ئەوقاف و مزگەوت و خەیراتی دائیمی مەرحوومی پاشا نومایانە. زۆر خۆشحاڵم کە زانیومە لەو گوڵزارە گوڵی وجوودی ئێوە باقی و سەردارە. «بناءًعليه» لە ئەسەری خەرافات لابەری خۆم بۆ یادگار نوسخەیەکم تەقدیم کرد ئەزانم کە جەنابتان تێگەیشتووی پێگەیشتوون و چەند شیعریشم کردە ڕەفیقی کەباینی حەقیقەتم کردووە، بۆ ئێوە قەترە بەدەریایە وەکوو لە ئاخری شیعرەکان گوتوومە لە سەد نەوەد و نۆی نوقسانە. ئەم ڕجای خوسووسییەم لە خزمەتدا ئەوەندەیە نە عەریزەکەم بەعەریزەی تەلەب بناسە و نە کتێبەکە لە زیمنی هیچ مەتلەبێکا تەقدیم کراوە و بە ئومێدی هیچ جائیزە و موکافات نەنێرراوە. ڕجا ئەکەم کە ئەویش هەر بە مەحەببەت و یادگاری قوبووڵی بفەرموون. بێخود کە تەشریفی لە خدمەتدایە ئەزانێ و شارەزایە تا عومرم گەیشتووەتە ئەم وەقتە شیعر فرۆشیم نەکردووە و ئێوەش هەر وای بزانن بەگم.
موخلیستان
زێوەر ١٠ / ١٢ / ٩٤٦
دوو حەسەن ئیبنی عەلی شوهرەتیان تاقافە «هاشمی النسب» ئەووەل، ئەوی ئاخر جافە
جەددی ئەو دانەری ئەحکام و شەریعەت بوو هەموو جەددی ئەم تابیعی ئایات و حەدیسی ئەو بوو
ئەو ئیمامی دووەمین بوو، بە شەڕەف بوو بە مەقام وا ئەمیش ناوی ئەوی گرتەوە، نەیکردووە حەرام
ناوی بەگزادەی جاف تاکوو لە مەیدانا بێ باسی ساسانی لەناو گۆشەی نیسیانا بێ
ئەم لە سامانییەکان کەم نییە تەبع و هونەری فەخرە بۆ میللەتی، بۆ عەشرەتی سەعی و سەمەری
نەوەد و نۆی کەمە ئەم مەدحە لە سەد بۆ ئێوە جارێ بام هێندە بێ، هەر باسی جنۆکە و خێوە

دوعای خالیسانەم

edit
بمێنێ موئەبەد خودایە ئیلاهی بە شەوکەت بە حورمەت مەلیک نام و جاهی
لەسەر تەختی عالی نەبینم زەوالی بڵند بێ جەلالی ئیلاهی ئیلاهی
لە هەرچی بەڵا بێ بەدڵخۆشی لابێ ببێتە گوڵستان ڕێی جاهی ڕاهی
عەدوویی جاهی دووچاری چاهی بەڵابێ هەمیشە موزەفەر بمێنێ سپاهی
مەلیک خەسڵەت تۆی حەساری هەموو کورد حەقیقەت لەبۆ میللەت خۆت پەناهی
لە تەعجیزی میللەت و لە عسیانی یەک یەک مەڕەنجێ ببەخشە گوناهکار گوناهی
لە یەک ڕەنگ نەخولقاوە گوڵزاری عالەم گوڵی زەرد و سوورە جەلایە گیاهی
عەدووت شەرمەزارە چ موسلیم و چ کافر لە ڕووتا بەدەس تاکوو نەکرێ کلاهی
حقوقت نەپرسن ئەگەر ئەورووپایی بسووتێ بینای مەحکەمەی سولحی لاهی
دەمێ بوو بە ئومێدی ئەم ڕۆژە بووم من ببینم بە کوردی ئەوامر و نەواهی
شوکور دیم ئەوی ویستم ئەمما تەواوی ببینم لە بۆ کورد تەواوی ڕەفاهی

ئومێدی ئیستیقلال ساڵی ١ ژمارە ١٨ لاپەڕە ٣، ١ی شەعبان ٣٤٢ ، ٦ی مارت ١٣٤٠

چ بەدبەخت چ سەر سەختم لە دووریی تۆ کەوا ماوم

edit

ساڵی ١٩٢٠ ی ز. کە شێخ مەحموود لە هیندستان دیل بووە مامۆستا زێوەر ئەم هەڵبەستەی خوارەوەی بۆ ناردووە

چ بەدبەخت چ سەر سەختم لە دووریی تۆ کەوا ماوم جەلای چۆن ماوە نازانم؟ لە دووریی چاوی تۆ چاوم
چ بێ ڕەنگم چ دڵتەنگم؟ لەناو جەمعی خەلائیقدا وەکوو غونچەی نەپشکووتوو لە گوڵبون دوور و داماوم
چ خامۆشم؟ چ بێ هۆشم لە بادەی ساقییی دەوران لە مەجلیسدا لە مەحبەسدا بە وێنەی بەردی بن ئاوم
چ دەروێشێکی بێ پیرم چ عەبدێکی بەبێ میرم وەکوو کەللە دەفێکی بێ زریزە و خاوەن و خاوم
چ ساڵێکە؟ چ حاڵێکە تەرەققیم بووەتە مەعکووسی غەمم سەد قاتە شادیم ماتە هەر شەو مانگی گیراوم
چ بێ عارم؟ چ غەددارم وەفام خستووەتە ژێر پێتان وەها سابیت قەدەم ماوم ئەڵێی سووتاوە هەنگاوم
لە کوێتە «زێوەر»، ئەم دەردە حەکیمی لوتفی مەولایە پەرێشان دێم دەچم، دەبزووم وەکوو سەیدێکی ناو داوم

1920

موژدە بێ

edit
موژدەبێ یاران کە شاهی دیدە مەستان هاتەوە ساقی یی بەزمی تەرەب بۆ مەی پەرستان هاتەوە
با، بە نەغمەی دڵگوشا بولبول لەگەڵ قومری بڵێن: غونچەیی خۆش بۆی باغ و سەروی بۆستان هاتەوە
ساقی و موتریب، مەی و نەی بیننە جەولان و جۆش شاهی سەدری مەجلیس و شەمعی شەبوستان هاتەوە
ئافتابی چاوی مەستی کەوتووەتە ژێر قەوسی برۆ با گەدایان قوڕ بەسەربن فەسڵی زستان هاتەوە
دیدە عەبهەر، قەد سنەوبەر، ڕوو قەمەر، موو عەنبەرە چەندە ڕەنگینە! بەهاری گوڵ بەدەستان هاتەوە
دیدە حەیران بوو لە نەززارە و تەماشاکردنی شاهی «ئەسکەندەر» لە ئاوی تاریکستان هاتەوە
«زێوەر» ئەمجا بەس بەیان کە شەکوەیی ئەحواڵی خۆت وا موعینی بێ نەوا و بەخت سستان هاتەوە

گۆڤاری «بەیان» ژمارە ١٤٢ لاپەڕە ١٨

ڕۆژی جەژن

edit
ڕۆژی جەژن ئەتفالی وردە پوولی جەژنانەی ئەوێ هەریەکە لای باب و مامی ڕوپیە یا ئانەی ئەوێ
دوختەری نەوڕستە بۆ زیادیی جوانی و زینەتی وسمە بۆ ئەگریجە، بۆ پرچی خەنە و شانەی ئەوێ
هەرزەکار و کوچە گەرد و خوێڕیانی ناو گەڕەک هەندێ زوڕنا و هەڵپەڕین، هەندێکی مەیخانەی ئەوێ
تاجیرانی موعتەبەر بۆ خزمەتی میوانیان نوقڵی بەمباو ڕاحە و و حەڵوای گەزۆی بانەی ئەوێ
شێخ «عصام الدين» و ئەمسالی لە دەروێش و مرید شەککەر و گیسک و برنج و ڕۆنی شێخانەی ئەوێ
بۆ مەعاشی خۆی و ئەم خەڵکە ڕەئیسی ماڵیات دەفتەری ئەعشاری تازە و قەیدی بزنانەی ئەوێ
سواری ئەسپی خۆی ئەبێ لای نوختەکان سووڕی ئەدا «عەبدول ئاغای» ئاشناشم باجی بارانەی ئەوێ
بێینە سەر باسی ڕەئیسی داخیلیەی مەملەکەت خەلعەتی خاسی مەلیک، ئینعامی شاهانەی ئەوێ
نەسلی پاکی شێری یەزدان شێری حەق زاتی مەلیک حەزرەتی شێرانە و ئاساری مەردانەی ئەوێ
«زێوەر»یش لەم ڕۆژەدا چون دوعا مەقبووڵ ئەبێ هەر دەوامی ڕیفعەتی تاجی ملووکانەی ئەوێ
بەرقەرار و پایەدار و نامداری کەی خوا!! تا فەلەک بۆ زیب و زینەت ئەم ستارانەی ئەوێ

نزا

edit
دەخیل ئەی نوور بەخش ئەی شێخ عیسا جگەر گۆشەی بەڕاستیت وا لە حەپسا
پەناهی عالەمێکی، نوور بەخشی تکای شێخی جیهان سوودی نەبەخشی
تکای تۆ با لە دەرگاهی خوا بێ کە شێخ مەحموود بە ئاسانی ڕەها بێ

کێ شێخە

edit
لە بۆ جەڕڕی مەنافیع لای هەموو پیر و جوان شێخە لە بۆ دەفعی مەناهی گۆشەگیر و بێ زمان شێخە
لە بۆ تەفرەی خەلایق هەروەکوو تەییارە سەییارە بە تەسبیح و بە تەهلیل و بەڕیش و تەیلەسان شێخە
ئەگەر شێخت ئەوێ لادە لە ڕێگای خانەقا و تەکیە ئەتۆ ئەقڵ و کەماڵت بێ، بێ بزانە: کێ بەشان شێخە
جونەید و شێخی سیڕر و «غەوسی بەغدا» شێخی میحرابن عەیاز و خالید و تاریق، ئەمیر نەورۆزمان شێخە
مەڵێ: شێخ زۆر کەمن بێ دەستەڵاتن چونکە عەشرەت نین ئەتۆ ئیعلانی خواردن کە لە ئەرز تا ئاسمان شێخە
یەکێکە سەد هەزار دێنێ، کەلامێکی چ مەقبووڵە؟! لە ئەولادی عەلی تەنهایە شێخ مەحموودیان شێخە
چراغی مولکی کوردستانە نووری چاوی ئیسلامە خوا حیفزی بکا بۆ حیفزی نام و خانەدان شێخە

لاپەڕە ١٠٥ - ١٠٦ ی سۆزی نیشتمان

بۆ خزمەت شێخ مەحموود

edit
مەیلت هەیە ببینی ئەگەر خالیدی وەلید هەستە بچۆرە زیارەتی مەحموودی شێخ سەعید
من ناگەمە حوزووری کە دامانی ماچ بکەم توخوا وەکالەتم بکەن ئەی بەرق و ئەی بەرید
عەرزی بکەن کە بەندەی تازە و قەدیمی خۆت زێوەر دوعای نەجات و حەیاتت ئەکا مەدید
بۆ دائیمی شەرافەت و مەجدت لە عالەما ئەورادی مونحەسیر بووەتە زیکری یا مەجید
ئازادەگی لە بەندەگی ناکا تەڵەب ئەبەد تۆ خۆش بی بابمێنێ لەناو دائیرەی عەبید

دیسان بۆ خزمەتی شێخ مەحموود

edit
لە شوکری نیعمەتی تۆ و خالقم هەتا ماوم هەرچی بڵێم و بنووسم بزانە خەڵەفاوم
«عليك الف سلام» یا وەلی نیعمەت غوباری پاکی ڕەهی تۆیە سورمەیی چاوم
وەها مەزانە کە زۆر نانووسم عەریزەی حاڵ لە حوببی ئەسڵیی و زاتی کە بوومە شێواوم
فیدایی لوتف و وەفا و دیانەتی ئێوەم منیش ئەناسی کە ئیسلامی زیدی ئیسڵاوم
مونافیقی و ڕیا و درۆم لەلا کوفرە هەمیشە مات و پەرێشانی مانگی گیراوم

بۆ خزمەتی شێخ مەحموود

edit
بە حەپسی یوسفی سانی دڵی عالەم موکەددەر بوو دڵی زیندان بە تالع بۆ بە دیداری مونەووەر بوو
لە تەشتی سینە و جامی سەرا سەد پەنجە ئەشکێنم هەتاکوو مژدەیەکم دێتە گوێ ئەو مانگە وا بەربوو

بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکان

edit
ئەی خوێندەوارەکان و ئەدیبانی موحتەرەم دایم بە هێزی خۆمەوە هەر شوکرتان ئەکەم
ئاساری جوود و جەهد و جەوانمەردیی ئێوەیە ساڵی یەکەم تەواو بووە و کەوتمە دووەم
تا ئێوە قەدر و حورمەتی منتان لەلا هەبێ شەوقم ئەگاتە مەملەکەتی تورکیا و عەجەم
ئیمداد و لوتفی ئێوە ئەگەر ڕوو نەکاتە من بێ شوبهە من ئەکەومە بوخار و غوبار و تەم
ئەوسا نە دەنگ و ڕەنگم ئەمێنێ نە شوهرەتم نە خزمەتم، نە ڕەونەقی ئەفکاری موحتەشەم

یەکەم لاپەڕەی گۆڤاری گەلاوێژ ژمارە ١- ٢ی ساڵی ٢ کانوونی دووەم
1941/02

بۆ گۆڤاری گەلاوێژ

edit
گەلاوێژم ئەوێ وەک مانگی چواردە کە شەوقی ڕوو بکاتە شاخ و هەردە
گەلاوێژم ئەوێ وەک مانگی تابان کە ئاوازەی بگاتە غەرب و یابان
گەلاوێژم ئەوێ کانی ئەدەب بێ لە بۆ ئەهلی ئەدەب مایەی تەرەب بێ
ببێتە فێنکی بەخشی دڵی گەرم لەسەر ڕێگای حەقیقەتدا نەکا شەرم
گەلاوێژم ئەوێ هەروەک موحامی بە قووەت بێ، بە قیمەت بێ کەلامی
گەلاوێژم ئەوێ بۆ میللەتی خۆی وەها نەدوێ کە ببڕێ نان لەگەڵ دۆی
لەبۆ پێشکەوتنی ئەهلی وڵاتی زەرەر ناکا بکا سەرفی حەیاتی
ببێتە باخچەیەکی عیلم و ئەخلاق بڵاو کا بۆنی خۆشی بۆ سەر ئافاق
ئەگەر وابێ ئەمینم من لە دوایی ئەبێتە ڕەهبەری، تەوفیفی خوایی

ئەمڕۆ

edit
ئەمڕۆ بەناوی میللەتی کوردی بە دڵ بە گیان تەبریک ئەکەم «ژیانەوە» مان ناونرا «ژیان»
فەئلێکی خەیری میللەتە یەعنی کە قەومی کورد سوبحی حەیاتی ڕەوشەنە پێشڕەویەتی ژیان
پەروەردەیی حیمایەی لوتفی حوکوومەتە بۆیە بەسام و نامە وەکوو شێرەکەی ژیان
فیکری موخالەفاتی وەتەن مەحو ئەکاتەوە ئەهلی مەعاریفی بە قسەی خۆشی خۆی ژیان
یاڕەب! دەوامی خزمەتی ئەم ڕۆحی میللەتە لای تو تەلەب ئەکەم بە سەعادەت بەبێ زیان

لاپەڕە ٤٧ - ٤٨ ی سۆزی نیشتمان

بۆ گۆڤاری ڕۆژی کورد

edit
چەندە شیرین زبانی ڕۆژی کورد شەکەر ئەفسانە دەهانی ڕۆژی کورد
مەزهەری تەقدیری ئەربابی دڵە ئەهلی دەرکە مەدح خوانی ڕۆژی کورد
دوور لە هەور و ساعیقە و تۆز و غوبار جورمی سافە ئاسمانی ڕۆژی کورد
خەم بووە بۆ جەلبی قەلبی عالەمێ ئافەرین بۆ ئەبرووانی ڕۆژی کورد
گوڵشەنێکە پڕ لە نووری مەعریفەت دەستی نەڕزێ باغەبانی ڕۆژی کورد
لەفز و مەعنای مەعدەنی هەر حیکمەتە ڕەببی باقی بێ بەیانی ڕۆژی کورد

گۆڤاری «ڕۆژی کورد»، ئەستەمووڵ، ژمارە ٣٠،٤ ئاغستۆس ١٣٢٩ ڕۆمی
1913

بۆ بانگی کوردستان

edit
«بانگی کوردستان» نیشانەی هوشیاریی میللەتە بۆ ئەسەر خوانی مەعاریف تەزکەرەی سەر دەعوەتە
دەورەی ئیقباڵە دەورەی بانگی کوردستانمان بانگی سوبحی سادیقە، بەم دەنگە هەستین فرسەتە
سایەی باڵی هومایە بازی زەڕڕین شاپەڕە چوونە ژێر سایەی نیشانەی بەختیاری و دەوڵەتە
باخچەیەکی پڕ گوڵە دەریاچەیی پڕ گەوهەرە ڕەنگ و دەنگی فەیز ڕێژە نیعمەتی بێ میننەتە
بۆ تەررقی قەومی کورد و داد خواهیی حاڵییە تەرجومانی حاڵی زاری میللەتی کەم قودرەتە
بانگی کوردستان لە خارا و حەریر لایقترە دەک موبارەک بێ بەباڵای قەومی کورد ئەم خەلعەتە
ئاسمانێکە سەراسەر مەتلەعی نەجمی وەفا گوڵستانێکە سەراپا مەزهەری سەد ڕەحمەتە
ئەم جەریدە تازەیە جەردەی جەهالەت لا ئەبا سێ زوبان، سێ تیری دەستە واسیتەی سەد نەسرەتە
ڕەببی بۆمان هەر بمێنێ خادیمی موڵک و وەتەن ئەم لە بۆ پێشکەوتن ئەمڕۆ پشتیوان و قووەتە

ڕۆژنامەی «بانگی کوردستان» ژمارە ١
1922/08/02

}

چیڕۆکە شیعر

edit
تەحسیل دیدەیێ ساحێب شەهادات لەگەڵ ڕەفیقی کەوتە بەیانات
تەعریفی حاڵ و ئەحواڵی ئەکرد بۆ زۆر پێشکەوتن خەیاڵی ئەکرد
وتی: ئەی ڕەفیق! ئیشمان زۆر چاکە سەیری جاددە کە ئێستا چەند پاکە
لە پێشکەوتنا بووینە ئەورووپا نوقسانمان نییە ئیللا فابریقا
ئەنواعی یاری و قومار ئەزانین سمێڵ ئەتاشین هەروەک ئەڵمانین
لە فەننی فتبۆڵ وەکوو ئینگلیزین لە بیلاردۆدا ئوستادی ڕیزین
شێخ و مەلا و سۆفیمان پەشمە ئینسانی وشک قابیلی خەشمە
ئیتاڵیا چۆنە دەرحەقی پاپا ئێمەیش هەرواینە دەرحەق عولەما
جاران بە سیڕڕی لە ناو جوولەکان عەرەقمان ئەخوارد، لە ترسی ئەوان
ئێستا سەربەستین لە کووچە و بازاڕ عەرەق و شەراب ئەکڕین بێ ئازار
مەعاشمان ببێ بەدووسەد دینار فلسێکی نادەین قەت بە کەسوکار
ئیقتیساد فێربوون فەننێکی باشە با کەسێ نەڵێ: مەعاش بەلاشە
شەو لە سینەما و لەناو تیاترۆ یا لە چاخانە و یاریی بیلاردۆ
سەد شکسپیر و هۆگۆمان هەیە هەزار ڕەجاڵی «تۆکیۆ» مان هەیە
لە سایەی ڕادیۆ ئەحواڵی عالەم لێمان گوم نییە نە زۆر و نە کەم
ئەوا تووتنیش بوو بە ئینحیسار ئەویش قازانجی فەقیر و هەژار
پەکیان ناکەوێ توجاری تووتن کەتیرە و مازوو خوری و ڕۆن ئەکڕن
توخوا خۆش نییە لە لات ئەم دەورە نە غەدر ماوە نە وەختی جەورە
ڕەفیقیش وتی: هەر ئەمە، ڕێت بێ هیچ عاجز مەبە «باڕۆستەم شێت بێ»

«ژین» ژمارە ١٢٣٦

چیڕۆک

edit
پیاوێ بوو زۆر فەقیر بوو سەرەڕای فەقیریی پیر بوو
خاوەنی ماڵ و منداڵ نەیبوو نانێ لەناو ماڵ
بە ئارەقی ناو چەوان بە قووەتی بازووان
لە شاخ چیلکەی ئەهانی بۆ نانی منداڵانی
چیلکەی ئەدا بە پارە ئەیدا بە نان بێ چارە
هەموو ڕۆژێ بەیانیان ئەچوو بۆ شاخ و کێوان
ئەوەندەی خۆی ئەیتوانی چیلکەی ئەنا لە شانی
ڕۆژێ لەژێر کۆڵەدار لە گیانی بوو بوو بێزار
لەشی پڕ بوو لە ئارەق دوو چاوی بووبوو ئەبڵەق
داری دا بەسەر بەردا بەردی دا بەسەر عەردا
کۆڵەکەی کەوتە عەردی زاهیر بوو ئاوی سەردی
بانگی کرد یا عیزرائیل تۆ وەرە لام بە تەعجیل
ڕۆحم ناوێ بەم حاڵە چی بکەم لەم عومرە تاڵە
قسەی لەناو دەما بوو عیزرائیل لێی پەیدا بوو
وتی: منت بۆ چییە ئەم هاوارەت لە چییە
پیرە لە ترسی گیانی جوابی قسەی نەزانی
لەپاش نەختێ مامەی پیر وتی: هەر تۆی دەستگیر
لەژێر کۆڵی گرانام لەناو ئاهـ و فوغانام
بۆیە هاواری تۆم کرد فریام کەوی دەستوبرد
هەتا هەڵدەسمە سەرپێیان لەنگەری بگرە قوربان
عیزرائیلی بەهەشتی کۆڵی نایە سەرپشتی
ئەمجا پیرە بەیەک غار کۆڵی فڕاندە ناو شار

لاپەڕە ٨٢ - ٨٣ ی سۆزی نیشتمان

چیڕۆک - سێ هاوڕێی چاوبرسی

edit
سێ ڕەفیق هەبوون برادەری گیانی وەیس و ئەلیاس و نالە بۆکانی
هەر سێ بێ کار و ناتەواو و فەقیر وەیس و نالە جوان و ئەلیاس پیر
نانی گاڵیان لەلا شەکرلەمە بوو چای شیرینیان بەگوێز لەمە بوو
ڕووت و قووت و بێ نەواو و بێ جلوبەرگ هەر سێ ئاواتە خوازی ساعەتی مەرگ
ڕۆژێ کۆبوونەوە بە پەنهانی تا بکەن چاری دەردی بێ نانی
وەیس وتی: چاری ئەم خەم و دەردە کە ببینە دز و سەگ و جەردە
وتیان پێی فیکرەکەت بە نانەلەتێ دایکی دز سینگ ئەخوات و سینگ ئەکوتێ
لای نەسارا و جوولەکە و ئیسلام پیاوی دز حورمەتی نییە و بەدنام
مامە پیرە وتی: لە ماڵەو ماڵ دەوڵەتێکی بێ ئەزییەتە، سواڵ
وتیان عەیب و عارە سواڵکردن سەد کەڕەت خۆشترە، لە سواڵ مردن
نالە هاتە زمان وتی: یاران لازمە ڕوو بکەینە ڕێی شاران
ئێمە لەم شارە بام بکەین هیجرەت حەرەکەت قەت نەبووە بێ بەرەکەت
فیکری نالە قبووڵ کرا دەردەم کەوتنە ڕێگە سێ کەسی هاوخەم
پاش دوو ساعەت گەیشتنە هەوراز شاخی زۆر سەختی پڕ لە ورچ و بەراز
پارچە هەورێ لە ئاسمان دەرکەوت وتیان: بام بچینە ناو ئەشکەوت
هەورەکە زیادی کرد برووسکەی دا لە پڕا قەترە قەترەیەک دای دا
زیادی کرد قەترە قەترەی باران شەقە شەق کەوتە ناو گەڵای داران
کەوتنە گێژی میحنەت و سەرما لە هەموو وشکی یا ددانیان ما
بە هەزار دەرد چوونە دەم غارێ سەیریان کرد لە ناویە ڕەش مارێ
ماریان دی گەڕانەوە پڕ خۆف دەستیان کرد بە ئاهـ و ئاخ و ئۆف
وتیان: ئەی خوای زەمین و زەمان عالمی خۆت بە کاری ڕاز و نیهان
برسیەتی و بارش و هەوای سەرما ئەژدەهایشمان ئەهێنییە سەر ڕێگا
یا ئیلاهی چییە قەباحەتمان دەم بەدەم زیادە ئەکا موسیبەتمان
لەم موناجاتەدا بەدڵ گریان لوتفی حەق کەوتە زاهیری بۆیان
ئەژدەهاکە کشایەوە ناو کونی خۆی لەو مەکانە کە بوو بەبێ دەنگ ڕۆی
چوونە ژوورێ ڕەفیقەکانی سەفەر هەموو دڵ پڕ لە ئاگر و لەشی تەڕ
نیو سەعاتێ لە پاش وچان، هەستان بۆ مڵ و مووش بەغاردا ئەگەڕان
سەیریان کرد لە تاریکیی ئەشکەوت یەک هەمانە لە جێگە مار دەرکەوت
هەر بەغار چوونە سەر هەمانە ڕزیو سەیریان کرد پڕە لە زێڕ و لە زیو
شوکری حەقیان بەجێ هێنا یەک یەک وتیان یا ئیلاهی «حمداً لك»
مامە پیرە وتی: قسەی ناوێ جارێ وەیس با بداتە شار تاوێ
دوور نەکەوتووینەوە تەواویی لە شار نان و پێخۆر لەوێوە بینێ بەغار
وەیسە زوو کەوتە ڕێ دراوی برد بە دڵی خۆش نیازی شاری کرد
جار بەجار ڕای ئەکرد و جارێ ڕەوت هۆشی دابووە هەمانەکەی ئەشکەوت
وتی: بۆچی هەمانەیەک ئاڵتوون بیدەمە دوو ڕەفیقی خوار و زەبوون
زەهریان بۆ ئەنێمە ناو پێخۆر هەردوو بمرن بەبێ هەرا و شەڕ و شۆڕ
خۆم بەجارێ ئەبم بەخاوەن ماڵ خاوەنی کۆشک و باخ و جاهـ و جەلال
ڕۆیی تەرتیبی زەهر و نانی کرد ڕووی لە یارانی ناتەوانی کرد
بێینە سەر باسی نالە و ئەلیاس کەوتنە بەحری غائیلە و وەسواس
نووری ئیمانیان لە دڵ لابرد قەسدی قەتلی ڕەفیقی خۆیان کرد
نالە هاتە زمان وتی ئەی یار ئەم هەموو زێڕە بۆ چ بکەین بە نیسار
ئەم هەمانە بکەین بە دوو تەقسیم وەیسی سەگباب بچێتە ناری جەحیم
پیرە پێی خۆش بوو فیکرەکەی نالە زۆر بەچاک هاتە قەلبی ئەم فالە
ئەم قسانە تەواو نەبوو وەیسی هاتەوە ماندوو و مردوو و زک برسی
نان و پێخۆرەکەی لە شان لابرد وەکوو سەگ نالە حەملەی بۆ برد
دای بەئەرزا سواری سینگی بوو مامە پیرەیش بە یاریدەدانی چوو
وەیسی ماندوو هیلاک و بێ قووەت کەوتە ژێر چنگی دوو سەگی پێ پەت
هەر بەدوو سێ دەقیقە خنکانیان زوو فرۆشتیان بەپارە ئیمانیان
نالە نەیهێشت کە پیرە بگرێ وچان زوو بەزوو مامە پیرەشی خنکان
کە لەمانە نەجاتی بوو نالە وتی بۆ من زەمانی ئیقبالە
نانی خۆم با بخۆم بەکەیف و سەفا وا نەجات بوو لە فەقر و ڕەنج و جەفا
قۆڵی هەڵکرد و نانەکەی هێنا ڕووبەڕووی خۆی هەمانەکەی دانا
تاکوو توانی لە نان و گۆشتی خوارد ئارەزووکەی چووە سەر ئاوی سارد
هاتە سەرپێ کەوا بچێ بۆ ئاو بە لەپا کەوتە سەر هەمانە دڕاو
زەهرەکە کاری کردە ناو جەرگی تیژڕەویی دا بە هاتنی مەرگی
نالە زوو بوو بە فاسقی مەحرووم کەوتە شوێن دوو ڕەفیقەکەی مەشئووم
ئەمەیە ئاخریی تەمەعکاری لە تەمەع لادە گەر تۆ هۆشیاری

لاپەڕە ٧٤ - ٨٠ ی سۆزی نیشتمان

چیڕۆکی کۆمەڵایەتی

edit
دیم لە خەودا شەوێ خەوێکی خراپ کە نە قورئان ئەزانم و نە کیتاب
چوومە خزمەت مەلایەکی عەسەبی وتم ئەی واریسی عولوومی نەبی
ئەمەوێ فێری خوێندن و خەت بم لە شەتی عیلمدا وەکوو «بەت» بم
وتی فێربوون -بەگەورەیی- بە پڵاو پاروو بۆ لووت ئەبەی وە یا بۆ چاو
ئەحمەقی، تۆ نەزانی، نایزانی چۆن ئەبی تۆ بە «بەت» بە ئاسانی
وتم ئەی نووری دیدەیی ئیسلام! کاشیفی حیکمەتی حەڵاڵ و حەرام
نائومێدم مەکە حەق و ئوجرەت نەقدی گیانم ئەهێنمە خزمەت
لەم قسە ئەندەکێ سەری لەرزان وتی لێم لادە جاهیلی زۆرزان!
ئەتەوێ پێت بڵێم ئەگەر قورئان ئەمەوێ مانگی ئوجرەتی دە قڕان
کەوشەکەیشم دڕاوە پینەی ئەوێ بێنە چاکی بکە نەگاتە شەوێ
کەوشەکانی مەلام لەسەر سەر نا چوومە لای پینەدۆز بە شەوق و غینا
سەیری وەستام کە کرد چ کاری نەبوو زاهیرەن تاقەت و قەراری نەبوو
وتم ئەی مامە پیری سەنعەتکار چاوەڕێی لوتفی تۆم لە ناو بازاڕ
جووتێ کەوشم هەیە مەحەللی ئەسەف پینەی لازمە لەگەڵ ناو کەف
وتی: برسیمە ناتەوانم من ئەمە دوو ڕۆژە دوور لە نانم من
ڕاکە لای نانەوای کولێرە فرۆش بێنە نیو حۆققە نانی زۆر بۆن خۆش
کەوشەکەت چاک ئەکەم بەسەرچاوان تۆ بڕۆ نانێ بێنە بۆم بەدەوان
چوومە لای نانەوا سەلامم کرد بۆ کولێرە ئیفای مەرامم کرد
وتی باوکم فرۆشتەنیم نییە نان بێنە ئارد بۆت بکەم بە نانی جوان
چوومە بەردەم دوکانی یەک عەللاف وتم ئەی حاجی تووبی بەیت و تەواف
هۆقەیێ ئاردی گەندومم بدەرێ نرخەکەی چەندە پارە بێنمە دەرێ
وتی: ئاردم نییە ئەوی ماوە موشتەریی پارەکەی هەموو داوە
لای فەلاح بێنە گەندومێکی تەمیز بۆت ئەکەم زوو بە ئارد و نانی عەزیز
چوومە لای فەلاحی خاوەن جووت مەخزەنی ڕیزق و مەعدەنێکی قووت
وتم: ئەی خۆشەویستی گیانلەبەران یەک «مەن»م لازمە گەنم بۆ نان
وتی: نەماوە دانە گەندومی پار زوو بە زوو ڕاکە، بۆم هەتا بازاڕ
بۆم بچۆرە دوکانی ئاسنگەر پێی بڵێ مامەکەی هونەرپەروەر
داسەکانی فەلاحەکەم بدەرێ چەند سەپانێکی گرتووە بەکرێ
داسەکانم بگاتە دەست ئەمڕۆ بەرکوتت بۆ ئەکەم لەبەر دڵی تۆ
چوومە خزمەت جەنابی ئاسنگەر دیم کزومات و عاجز و موزتەر
باسی داسی فەلاحەکەم لا کرد لە وەراما ئەویش قسەی وا کرد:
من چلۆن کار بکەم بە لەرز و تا تاوێ سەرمامە تاوێکیش گەرما
کەس نییە تاکوو لای پزیشک ڕاکا بۆم بهێنی حەبێکی لەرز و تا
ناعیلاج چوومە لای پزیشکی وڵات وتم ئەی عاقڵی بە مەعلوومات
بمدەرێ یەک دوو حەببی سڵفاتە خەستەخانە مەکانی خێراتە
وتی: تاڕێک ئەخەم دەوایەکی باش ڕاکە بۆم بانگ کە خەلفەیەکی دارتاش
شووشەکەی تێک شکاوە پەنجەرەکەم تێکی دا «با» کتێب و دەفتەرەکەم
زوو بە گورجی گەیشتمە بازاڕ چوومە بەردەم دوکانی یەک نەججار
چۆڵ بوو دوکان لە خەلفە و وەستا وتیان: ئێستە زۆر نییە هەستا
چووەتە لای خەیات و جل ئەبڕێ بووک ئەهێنێ تەدارەکی ئەکڕێ
ناعیلاج بووم لەبەر دوکان وەستام سەیری خەڵکم ئەکرد وەکوو سەرسام
پڕ بوو مەیدان لە لادێی و شاری هەموو ئاڵاونە یەک بە هۆشیاری
غەڵبە غەڵب و هەرا هەرای مەردووم خەوە شیرینەکەی لە دەس کردم
ڕاپەڕیم سەیری خۆم و ماڵم کرد لەم خەوە دیققەت و خەیاڵم کرد
وتم: ئەم خەڵکە وەحشیی و مەدەنی ئیحتیاجن بەیەک فەقیر و غەنی
وەکوو زنجیرن و تێک ئاڵاون قاچن و دەستن و سەر و چاون
دەوڵەمەند حەیفە ڕوو نەکاتە فەقیر بۆ فەقیر نەنگە تەرکی ئەمری ئەمیر
دەوڵەمەند حەیفە کیبر و فیزی بێ بۆ فەقیر بوخل و ناتەمیزی بێ
تیغی دەستی یەکن غەنیی و فەقیر شێڵراون هەموو بە چەشنی هەویر
جووتیار و شوان و شاهـ و گەدا هەموو موحتاجی یەکترن بەخودا

لاپەڕە ٦٨ - ٧٣ ی کتێبی سۆزی نیشتمان

چیڕۆکی خێوی ناو مزگەوت و سۆفی کەریمی چەرچی

edit
سەرەتا
ئاشکرایە تەربیەی ژنانمان بۆ مناڵ پەروەردەکردنیان زۆر نوقسانە، بەهۆی نەخوێندەواری و هەندێ چیڕۆکی هیچ و پووچی ڕابردوو کە بۆمان ماونەتەوە، بۆیە لە پێشەوە کە منداڵ شیرە خۆرەیە لای لایەکەی بە «گورگانە شەوێ، گورگانە شەوێ» ڕادەبووری، ئینجا کە منداڵەکە نەختێ هۆشی پەیا کرد بە دێو و خێو و جنۆکە و شەوە و شەولەبان خەوی لێ دەخا، بێگومان ئەم ترس و بیمە لە دڵا دەمێنێتەوە، گەورەش بێ ناوێرێ هەندێ ئیش بکا، چونکە ترس غەریزەیەکی فترییە و لەناوبردنی پێویستترە لە پەروەردەکردنی و ئەم لەناوبردنەش ئەبێ لە بێشکە و کۆشی دایک و باوەشی باوکەوە دەس پێ بکا تاکوو دەکەوێتە ساحەی ئیشکردن بەسەربەخۆیی. ئەفسەرێکی ئەورووپایی دەگێڕێتەوە دەڵێ مناڵ بووم لەگەڵ باوکما چووم بۆ دەشت، سەیری دیمەنی گوڵ و گیا و شاخ و ئاومان ئەکرد من لەبەر باوکمەوە ڕام ئەکرد دوور ئەکەوتمەوە ئەهاتمەوە بۆ لای. جارێکیان ڕام کرد گەیشتمە سەر چاڵ و شیوێک کتوپڕ سەگێ لێم دەرپەڕی، بەترس و گریانەوە ڕام کرد بۆ لای باوکم ئەویش لە باوەشی گرتم، دڵخۆشیی دامەوە تاکوو ترسم بەسەرچوو، ئێستاکە ئەفسەرم لە بۆمبای تەیارە و گوللەی تۆپ و پەلاماردانی دەبابە ترسم نییە، بەڵام کە تووشی چاڵ و شیوێک دەبم ترسی سەگەکەم دێتەوە بیر ترسم لێ دەنیشێ. ئینجا دەبێ هەموو دایک و باوکێک باسی جنۆکە و دێو و خێو بەبەیتی خلە بزانن، چونکە هەرچەندە جننی هەن وەکوو لە قورئانا ناوبراون، بەڵام گەلێ لە عولەمای ئیسلام ئینکاری چاوپێکەوتنی جنۆکەیان کردووە، کەوابوو بۆ ئەوەی هەوڵ بدەن بۆ پێگەیاندنی مناڵەکانیان بەئازایی، ئەم نامیلکەیەم پێشکەش کردن... هیوامە بەتاڵییەک لە کتێبخانەی کوردستان پڕ بکاتەوە.
دانەر
٢/ ١٢ / ١٩٤٦
سەد جار بسم الله لەباتی یەک جار بەبێ ناوی خوا ڕێک ناکەوێ کار
سەد هەزا ڕەحمەت لەسەر پێغەمبەر کە ئەو چاکترە لە هەموو بەشەر
ڕەحمەت لە ئەسل و لە منداڵانی لە پاشا، لە بۆ گشت ڕەفیقانی
ڕەفیقەکانی هەموو ئازا بوون منداڵانیشیان گورج و وریا بوون
ئێمە کە بەناو هەموو ئیسلامین ئەبێ بەغیرەت هەروەک ئەوان بین
کوڕە مەترسە
کوڕە مەترسە کچێ مەلەرزە جێی ئادەمیزاد گەردوونی بەرزە
ئەگەر توو هەتە تەجروبە و ئیمان هەموو گیاندارێ ئەترسێ لێمان
خوا ئەم ئینسانەی بۆیە دروست کرد کە هۆشی ببێ و لێکدانەوەی ورد
دروستی نەکرد کە شێتی بکا دووچاری دەرد و ئەزیەتی بکا
کوڕم مەترسە کچم مەلەرزە ئینسان شەریفە دەرەجەی بەرزە
باسی جنۆکە و غولی بیابان قسەی ژنانە هی پیاوی نەزان
دایکت نەفامە عەقڵی نوقسانە جنۆکە کوانی لە جێ و مەکانە
کە بسم اللهی کرد لەبەر جنۆکە بزانە دایکت زۆر ترسنۆکە
جنن نابینرێن جسمێکی پاکن وەک مەلائیکەی نیشتووی ئەفلاکن
ئەو کەسەی بڵێ دیومە جنۆکە درۆزنێکی زۆر ترسنۆکە
بە خەیاڵ شتی هاتووەتە بەرچاو ئەڵێ جنۆکەی لێ بوو کانی ئاو
والله وبالله هیچی نەدیوە نە لەو کانییە، نە لەو ناو شیوە
هەتا ئەغلەبی عالیمی زۆر چاک ئەڵێن نەیدیوە سەیدی لەولاک
شتێ کە حەتا «نەبی» نەیبینێ چۆن بۆ ئێمە ئەو خۆی ئەنوێنێ
جبریل خەبەر ئەدا بە ڕەسوول کە قورئان لەلای کێشە مەقبوول
با بیشیبینی ئەو پێغەمبەرە ئیشی لە عەقڵی بەشەر بەدەرە
کوڕم مەترسە کچم مەلەرزە خۆت نەفام مەکە بەقسەی هەرزە
«مێردەزمە» کوا ببێ بە بزن قسەی ژنانە و پیاوی درۆزن
قاچی لە عەردە و سەری لە هەوا «غۆلی بیابان» لە کوێ بووە کوا؟
ئەمانە هەموو مناڵ ترسێنن مەلای دوعانووس بۆمان ئەخوێنن
شێخی شێت چاکەر، مەلای دوعانووس ڕیایی ئەکەن بۆ پوول و فلووس
شێتی عیللەتە وەک گرانەتا تۆ باوەڕ مەکە بە قسەی مەلا
ئەڵێت پێی ناوە لە منداڵیان دەستیان لێ وەشاند لەسەر کانییان
جن دەستی کوانێ تا بیوەشێنی جسمێکی نییە کە بیپوشێنی
وەک مەلائیکەن بێ گۆشت و ئێسقان بەدەنیان نییە بە ڕەنگی ئینسان
جنۆکەی قژن، قژن مل باریک نە لە کانییە، نە ژووری تاریک
ڕۆڵە مەترسە هیچ لە جنۆکە هەموو هەڵبەستی زۆر ترسنۆکە
ئەگەر باسیان کرد هی مێردەزمە تۆ پێ بکەنە بیکە بە گەمە
جنۆکە چۆن خۆی ئەکا بە مار یا بە پشیلە یا خێوی ناو غار
ئەوا بوو بە مار خۆی کوتا بۆ لات ئەی سوورەتەکەی خۆی چی بەسەر هات
جینن ناگۆڕێن، گۆڕین مەحاڵە هەرکەسێ وای گوت قسەی بەتاڵە
هیچ دەستوەشێن نین جنۆکەی فەقیر هەموو عەبدی خوان بە زکر و تەکبیر
ئەوەی کافرە دەستەی شەیتانە ئەوەی ئیسلامە دۆستی خۆمانە
کوڕم مەترسە کچێ ئازا بە لە سەرگوزەشتی کۆن تەوەلا بە
خێوی ناو هۆدە غۆلی بیابان هێندە درۆیە ناکرێ بەیان
درۆ لەو زلتر باسی شەوەیە منداڵ خنکێنە ئیشی ئەوەیە
منداڵ نازکە؛ کە هاتە دنیا بە لووت ئەتوانی هەناسە بدا
شتێ کە بەری هەناسەی بگری شین ئەبێتەوە ئەتاسێ و ئەمری
ژنانیش ئەڵێن ئەی شەوە گرتی مامانیش ئەڵێ دیم خرتە خرتی
هەموو بەجارێ ئەبنە درۆزن بەخوا نە شەوە خۆی لێی دا نە جینن
بێ چرا بڕۆ مەترسە بۆ ژوور ئەمما بێ ڕەفیق مەڕۆ بۆ ڕێی دوور
کتێب گرەکان مەلای زبان لووس ژن تەفرە دەرن بۆ جەڕی فلووس
کوڕە مەترسە لەو فاڵگرانە کتێبی بخە ناو ئەدەبخانە
ئیشی سبەینێ هەر خوا ئەیزانێ مەیکڕە ڕمل جەفر بە نانێ
دینەکەی ئێمە بێ غەل و غەشە ئەوەی لێی لادا بەخوا ڕووڕەشە
خێڵی جنۆکە ناچن بۆ کوێستان یا بۆ گەرمیان لە وەختی زستان
کە سەرما و گەرما نەزانن چییە ئەم هاتوچوونەی بڵێ بۆ چییە
ڕۆڵە مەترسە لەم قسەو باسە قسەی کەسێکی بێ مێشک و کاسە
کە کەسێ وتی ئەم ڕۆژە شوومە بزانە ئەوە قسەی مالومە
چونکە موسڵمان عەقیدەی پاکە شەمە و یە کشەمەی هەموو لا چاکە
چاکی و خراپی راجع بە خۆتە بە ناحەق لە دەست شەممەر و ڕووتە
قەل ئەقیڕێنێ بۆ پێت ناخۆشە منداڵ ئەپژمێ بۆ ئیشت بۆشە
تووشی ڕێوی بی بۆچ کارت چاکە ئەگەر کەروێشکە بۆچی هیلاکە
گەرمات تووش بێ سەفەرت باشە وا دڵت خۆشە ئەڵێی یوڵداشە
ئەمانە قسەی پیاوی نەفامە باوەڕ بەمانە شەرعەن حەرامە
ڕۆڵە سڵ مەکە لەم قسانە هەموو بە بەیتی خلەی بزانە
سەر گوزەشتەی خێوی ناو مزگەوت
مزگەوتێ ئەبێ دوور لە ئاوایی عیبادەتخانەی زاتی خودایی
خەڵقی دێ بۆ نوێژ ئەچوونە ئەوێ ڕایان ئەبوارد تا نیوەی شەوێ
لە تەنیشت مزگەوت دوو هۆدە هەبوو غەریبە و مێوان بۆ خەوتیی ئەچوو
یەکێکیان ئاوا یەکێکیان وێران پڕ لە سیسرک و قالۆنچە و ماران
کەس نەی ئەوێرا بە شەو تیا بنوێ ئەیان گوت خێوی هەیە بە شەوێ
چونکە یەک دوو کەس، تیایا مردبوو بەخێودار هودە، ناوی سەند بوو
شوهرەتی خێوی ئەو ژوورەی مزگەوت کەوتە دنیاوە هەیبەتی سەرکەوت
پیاوێکیش ئەبێ فەقیر و کەساس بێ کەوش و کەڵاش بێ کەوا و کراس
لەبەر فەقیری بێزار بوو لە خۆی خوا نانی بڕی پێغەمبەریش دۆی
بیستبووی ناوی ئەو ژوورە پیسە وتی: چیمە لەم ڕیس و گوریسە
من کە بێ ئاو بم منداڵم بێ نان ئەچمە ئەو ژوورە تەسلیم ئەکەم گیان
سەری ڕێگای کرد تا هاتە مزگەوت شەو چووە هۆدە بۆ خۆی تیایا خەوت
لە نیوە شەوا شتێکی دی هات چووە گۆشەیەک لێی ڕاکشا مات
کابرا کتوپڕ بەدەستە و خەنجەر لای دەرگاکەی گرت کە نەچێتەدەر
بوو بەنۆبەچی ئەو شەوە نەنووست بزانە چۆنە خێوی بەد سروشت
کە ڕۆژ بووەوە، دنیا ڕۆشن بوو لێک ئاشکرایی دۆست و دوژمن بوو
پیاوە سەیری کرد سەگێکی بێ فەر لێی ڕاکشاوە لات و لەڕ و گەڕ
وتی ئەوانەی شەو لێرە نوستوون هەموو لە ترسی سەگەگەڕ مردوون
وایان زانیوە کە ئەوە خێوە لە ترسا گیانیان چووە لە جێوە
ڕۆڵە واهیمە ئینسان ئەکوژێ وەکوو گیانلەبەر خوێنی ئەمژێ
مەیخەرە دڵت واهیمە و خەیاڵ واهیمە گەورەش ئەکا بە منداڵ
ڕۆڵە مەترسە لە خێو و لە دێو نە لە ئاوایین نە لە شاخ و کێو
بدەرە قسەی پێشینان سەرنج دێو لە کوێ بووە لە کوێیە درنج
تاریخی عەجەم قسەی جوولەکە دێو و درنجیان کرد بەتۆڵەکە
ئەڵێن دێو هەموو وان لە کێوی قاف پێی باوەڕ ئەکا نەفامی دڵساف
کێوی قاف ئەڵێن بە دەوری ئەرزا ئیحاتەی داوە دێو لە جێی بەرزا
هەرچی مناڵی ئێستا بخوێنێ درۆی وا زل! زل هیچ ناسەلمێنێ
خوێندەوارەکانی دەوری پێشوو زوو تابع ئەبوون بە وتاری جوو
ئەیان خستە ناو کتێبی خۆیان قسەی جوولەکە و ئیران تۆران
ئێستا کەوا هۆش کراوەتەوە کەس دەرگای درۆی زل ناکاتەوە
ڕۆڵە بخوێنە
ڕۆڵە مەترسە کوڕم بخوێنە لەناو عالەما زوو خۆت بنوێنە
ئەگەر کەڵوڕی، ئەگەر بڵباسی کە خوێندەوار بووی ڕێی خۆت ئەناسی
بەڵام ئاینی ئابائو ئەجداد تۆ مەیدە بەباد وەک ڕەنجی فەرهاد
ئاینی ئەوان بگرە بخوێنە بە خوێندن کارت ڕەونەق ستێنە
عادەت و کردەی باو و باپیرت غەیبەتی مەکە حەڵاڵ کە شیرت
هەر دینێکیان بوو بگرە ئەو دینە ئەمە ڕەوشتی قەومی دووربینە
میللەتی ژاپۆن کە زۆر پێشکەوتوون لە سایەی عیلم و مەعریفەت دابوون
لەگەڵ ئەم حاڵەش کەوا زۆر بەرزە شوێن عاداتی کۆن لەلایان فەرزە
دین و ئاینێ کەوا بوویانە تێکیان نەداوە هەر لەم زەمانە
پادشای خۆیان لەلایان خوایە هەندێ ڕووی لە بت، هەندێ لە گایە
بەشی زۆر کەریان کە گاپەرستن دائم خەریکی کاری دروستن
خیرافاتی سەد هەزار ساڵەیان هەر ماوەتەوە لای پیر و جەوان
ئەتۆش بەخوێندن هیچ مەغروور مەبە لە دینی باو و باپیر دوور مەبە
عیلمت بخوێنە دینیش ڕاگرە دین بەکردەوەی چاکت لە ڕێی نیفاقت
دینە ئەمر ئەکا بە ئیتفاقت دینە مەنع ئەکا لە ڕێی نیفاقت
دینە ئەمرەکا لە شەڕی دوژمن ببە بەقەڵغان بۆ پاسی وەتەن
دینە ئەمرەکا بەیاریدەدان لەگەڵ یەکتری وەختی لێقەومان
گاور و جوولەکە و هیندی و ژاپۆنیا لەسەر ئاینی ئەون لە دنیا
تۆش موسڵمانی ئاینی ئیسلام فەرامۆش مەکە ئیتر وەلسەلام
سەرگوزەشتەی خوشک و برایەکی ئازا
کوڕم بۆت ئەکەم حیکایەتی خۆش تۆش گوێی لێ بگرە و وریا بە و بەهۆش
زەمانی پێشوو لە بەینی دوو کێو دێیەک کرابوو وەک بارەگای دێو
دە پازدە خانوو خەڵقی تێدا بوو ئیشی گەورەیان ڕاوی دەعبا بوو
بە چەک ئەیان کوشت حەیوانی کێوی بە تەڵە دانان دەڵەک و ڕێوی
بە پارەی پێستی ئەم حەیوانانە ڕایان ئەبوارد هەموو شاهانە
مام سەلیم ناوێ ماڵی لەوێ بوو لە پاش کوێخاکە گەورەی ناو دێ بوو
تەنیا کوڕێک و کچێکی هەبوو لەو وڵاتەیا وێنەیان نەبوو
کوڕ ناوی سەردار کچیش گوڵبەهار کوڕ بێچووە شێرێ کچ گوڵی بەهار
کچی کوێخای دێش ناوی خونچە بوو نازک و نازدار خاوەن لەنجە بوو
هەموو ڕۆژ بۆ لای گوڵبەهار ئەچوو تەنیا گوڵبەهار دەستە خوشکی بوو
غونچە و گوڵبەهار بە ڕۆژ و بە شەو لای یەکتری بوون غەیری وەختی خەو
لەم هاتوچۆیەی خونچە و گوڵبەهار سەودای کەوتەسەر بێ چارە سەردار
بەداوی زولفی خونچە وا گیرا نەدەهات هیچی تری بەبیرا
تیری مۆژگانی برینداری کرد بە غەم و غەمزە گرفتاری کرد
لە حاڵی سەردار خونچە بێ خەبەر نەیزانی گڕی خستووەتە جگەر
خونچە وەک پەیکان چەقیبووە دڵی نە دەنیشتەوە گریان لە کوڵی
ئاخیری خونچەیش بە عیشقی سەردار بوو بە قومری شەیدایی سەردار
باسی سۆفی کەریمی چەرچی
سۆفی کەریم ناو ئەهلی گەرمیان بۆ پێستە کڕین ئەچوو بۆ کوێستان
هەموو ساڵ ئەچووە دێیەکەی ناو کێوان لە ماڵی سەلیم ئەبوو بە میوان
شتی گەرمیانی ئەبرد بە دیاری خۆی خۆشەویست کرد خۆی کرد دیاری
پیستەی ئەکڕی هەرزان و گران هی ڕێوی و دەڵەک هی بزن و بەران
لە پاش چەند ڕۆژێ ئەگەڕایەوە بۆ وڵاتی خۆی ئەکشایەوە
چەند ساڵ بەم نەوعە هاتوچۆی ئەکرد بنای دۆستی بۆ ئاسمان ئەبرد
بوون بە ئاشنا سەلیم و سۆفی سۆفی لەو ناوە هیچ نەما خۆفی
هەروەکوو برا وابوون لەگەڵ یەک کاریان ڕێک ئەخست هەردوو بەکۆمەک
سۆفی کەریم خوازبێنی گوڵبەهار ئەکا
ڕۆژێ بە جووتە سەلیم و کەریم هەردوو نیشتبوون بێ غائلە و بیم
ڕووی کردە سەلیم سۆفی بەخۆشی وتی ئەی ڕەفیق تۆ ساحێب هۆشی
تێکەڵی و خۆشی دیاربوو مەحەبەت من وام پێ خۆشە هەتا قیامەت
لەگەڵ یەکتری ببین بەخزم بەرز بینەوە لە جێگای نزم
کچێکم هەیە زۆر جوان و نازدار لە دڵی خۆما داومە بە سەردار
بۆ کوڕەکەی من ئەگەر گوڵبەهار ئەتۆش بیبەخشی زۆر جوان ئەبی کار
مام سەلیم وتی ئەی یاری هەمدەم فکرەکەت جوانە پەسندی ئەکەم
بە شەرتێ سەردار لێم نەکا گلە من ڕەزامەندم بەم معامەلە
لەوکاتە سەردار هاتە ژوورەوە دانیشت لەلایان بەسروورەوە
لەلای سەرداریش ئیش ئاشکرابوو سەردار لە وەزعی خۆی هیچ تێک نەچوو
وتی مەمنوونم بەئیشی وا باش خزمایەتیمان بێ لەمەو پاش
سەلیم و کەریم ببن بە بابم هەروەک شازادەی عالی جەنابم
گەر ئەتانەوێ ئیش چاک ڕێک خرێ من وام پێ خۆشە بەم ڕەنگە بکرێ
گوڵ بەهار بەشی مامە کەریم بێ سەرداریش جارێ بەشی سەلیم بێ
یەعنی ئێستاکە من ژن ناهێنم شووشەی ئازادی خۆم ناشکێنم
ئەمما من ڕەزام خوشکم گوڵ بەهار لە ڕێی سۆفیا بکرێ نسار
لەسەر ئەم قەولە هەر سێ ڕازی بوون با خسۆس سەردار دڵشاد و مەمنوون
چونکە بەداوی خونچە گیرابوو بەبۆنی خونچە مەست و شەیدا بوو
گوڵبەهاری کرد بە فیدای خۆی تا دڵی نەشکێ خونچەی عەتر بۆی
گواستنەوەی گوڵبەهار'x
مودەی سێ چوار مانگ ڕۆیی هاوین هات سۆفی کەوتە خۆی بۆ تدارەکات
هەرچی پێویستە بۆ ئەسپابی بووک چوو هەمووی کڕی لە بەغدا و کەرکووک
لەگەڵ چەند سوارێ لە خزمی خۆیان بەرەو کوێستان بوون لە ناو گەرمیان
ڕۆیشتن هەتا ماڵی مام سەلیم دابەزین لەوێ بە قەدر و تەعزیم
حورمەتیان گیرا بە میوانداری کچیان مارە کرد بە ئەمری باری
ئەمجا بەجارێ ڕووەو گەرمیان خستیانە ڕێگا بووک و بەربووکیان
بەشادی و خۆشی نزیک بوون لەماڵ زاواش لەولاوە هات بۆ ئیستیقبال
بووکیان گەیاندە ناو دیو ئاوایی دەهۆڵ و زوڕنا حازر بۆ شایی
سێ شەو و سێ ڕۆژ هەر هەڵپەڕین بوو بەرگی ژن و پیاو سوور و ڕەنگین بوو
لە پاش سێ ڕۆژە شایی بڕاوە خەڵکی و دێ و ئەتراف کەوتە بڵاوە
گوڵبەهار لە ماڵ کەوتە ئیش کردن بوو بەئاغاژن بۆ کردە و بردن
مودەتی سێ ساڵ لە گەرمیان بوو دوور لە باوک و قەوم و خۆیشان بوو
بوو بەخاوەن کوڕ خوا کوڕی دایێ هەر ئەیوت بۆچی کاکیشم نایێ
زۆر ئارەزووی بوو ئیزن وەرگرێ باوەخوون بکرێ کوڕیشی بەرێ
نەشەو خەوی بوو نە ڕۆژ ئارام هەر ئەیوت لە کوێن باوک و برام
باوەخوون کردنی گوڵبەهار
لەلای مێردەکەی لەلای خەزووری گوڵبەهار ئەیکرد شەکوا لە دووری
دووری لە باوک و برا و کەسوکار گڕی خستە دڵ هیچ نەیبوو قەرار
ڕۆژێ خەزووری وتی کچی خۆم تۆ خۆت نایزانی من خەمت ئەخۆم
ئێستا هاوینە وادەی خەرمانان دەستمان ڕایی بێ لە کار و فرمان
شەرتە ئارەزووت بەجێ بهێنم بە مەخسودی تۆ ئیش ڕاپەڕێنم
ئیتر گوڵبەهار بە وەعدەی خەزوور هیوای پەیدا کرد بۆ دڵی ڕەنجوور
کە هاوین نەما خەرمان هەڵگیرا بۆ تۆوی تازە جووتیش بەسترا
شنەی بای پایز دنیای فێنک کرد گوڵاڵە سوورەی سەری دەرهاورد
گەڵای زەرد و سوور لەناو ڕەزانا زەینەتی بەخشی بەسەر خەزانا
پەڵێ پایزیش هەروەک بەهارە شاخ و دەشت و باخ هەمووی گوڵزارە
بە وەعدەی خەزوور گوڵبەهار دیسان ماڵ و مێردەکەی خۆی کرد هەراسان
لە پایزیش ڕۆیی مانگێکی تەواو شەوێ دانیشتن کۆمەڵی ژن و پیاو
مێردەکەی وتی لەبەر مەڕ و جووت لەبەر تێکۆشین بۆ ئیدارە و قووت
لەگەڵ گوڵبەهار بچم بۆ سەفەر چوونی من بابە زەرەرە و خەتەر
ڕەنجبەرەکەمان یەکجار بەکارە خانە زەمانە، تەواو هۆشیارە
با هەر ئەو بچێ چونکە ئەمینە بۆ سەرما و سەختی ڕێگای بەتینە
باوکیش ڕەزا بوو بە قسەی کوڕی هاتە جواب و قسەکەی بڕی
وتی زۆر باشە بۆ ئەم سەفەرە چونکە مەحرەمە ئیشی ڕەنجبەرە
کەوتنە ڕێگای گوڵبەهار و ڕەنجبەر
بارانی پەڵە لە هەر لا باری گوڵبەهار ئینجا ڕێک خرا کاری
توێشووی ڕێگای کرد کولێرە بەڕۆن قەراری وا دا کە بەیان بڕۆن
خۆی و ڕەنجبەری و کوڕی نازداری سەری ڕێیان گرت بەهۆشیاری
ڕەنجبەریش کە کوڕی ئەگرتەکول جارجار گۆرانی جارجار بۆڵەبۆڵ
هیچ مەحرەم نەبوو ئەو حەرامزادە بۆ خیانەتی دائم ئامادە
سەگی نائەمین دڵ پیس و مەلعوون بە سووڕەت ئینسان بە سیرەت مەیموون
دێ بەدێ هاتن بەسواری و بەپێیان هەتا کوێستان خۆی دەرخست بۆیان
شەوێ مانەوە لە یەک ئاوایی ئەو شەوە گۆڕڕا هەوای دنیایی
بەفر و بای سەخت شاخانی پڕ کرد بوو بەیەک پارچە دەشت و تەپە و گرد
سێ ڕۆژ مانەوە لە ترسی سەرما ڕۆژی چوارەمین کەوتنە ڕێگا
ئەو ڕۆژەش ڕۆیین بەدڵ و بەگیان سێ چوار سەعاتی مابوو مەنزلیان
هەواکەی گۆڕی هەورێکی هێنا با، بوو هاودەمی بەفری دەهێنا
سەعاتێ ڕۆیین بەفر هەر باری کەسیرە کەوتن، کەوتنە زاری
گوڵبەهار وتی ئەشکەوتێ بەردێ ئەمن شارەزام بابچین بۆ ئەوێ
ڕەنجبەری مەلعوون منداڵی هەڵگرت گوڵبەهار ڕێگای ناو ئەشکەوتی گرت
بە هەر حاڵێ بوو گەیشتنە ناو غار دەسو پێی تەزی و لەشیان پڕ ئازار
کوڕیش لە باوەش دایکی نووستبوو یا ماری ئەجەل لەشی گەستبوو
ڕەنجبەر برسی بوو وتی ئەی خانم کولێرە و خورما لە کوێیە گیانم
گوڵبەهار نان و خورمای بۆ دانا وتی تۆ بیخۆ هەتا توانا
دەسی بەخواردن کرد ئەو بێ دینە دەمی لێ بادا هەروەک ماکینە
کە ورگی پڕ بوو لە خواردەمەنی سڕی دەروونی کرد بەعەلەنی
وتی ئەی خانم ئەمن ڕسوای تۆم لەو ساتەی دیومیت شێت و شەیدای تۆم
ئەگەرم تەسلیمم ئەبی لێرانە گیانی شیرینم بۆ تۆ قوربانە
گوڵبەهار وتی توو ویژدانت بی یادی نیعمەت و ئاو و نانت بی
بە نان و نیعمەت گەورە کراوی سەگ مەبە و سپڵە ئەگەر تۆ پیاوی
وتی ئەمانە هیچیان نازانم ئەتکەم بەفیدای تیغی دەبانم
خۆت و کوڕەکەت یەک یەک ئەکوژم لە پاش کوشتنتان خوێنتان ئەمژم
بە ئاگری عیشق تۆ منت سووتاند بۆ جێیەکی وا تالع تۆی گەیاند
ئینجا گوڵبەهار زۆر پاڕایەوە ئەو هەر بەتوندی جوابی دایەوە
پەردەی بێ شەرمیی بەجارێ دڕاند پەلاماری دا کوڕەکەی فڕاند
خەنجەری کێشا زوو سەری بڕی سەری بۆ هاوێشت خەنجەری سڕی
وتی لە پاش ئەم نۆبەتی تۆیە وەقتی تەسلیمە نەک هی ڕۆڕۆیە
خانم بەدڵی پڕ لە ئێشەوە بە عەقڵ و تەدبیر هاتە پێشەوە
وتی عەزیزم بۆ بێ ئارامی من زوو زانیومە کە تۆ شەیدامی
منیش لە دڵدا بوومە بریانت هەزار مێرد ئەکەم هەر بەقوربانت
با کوڕیش نەبێ من هەر تۆم ئەوێ دەستت لەملان و لە ئەستۆم ئەوێ
بۆ هەر کوێ ئەچی منیش بەچاوان شەرتە نەچمەوە بۆ ماڵی باوان
بەقسەی میچکە میچکەی ژنانە لەکەل دای بەزاند ئەو سەگ شەیتانە
هاتەوە سەر خۆی مەلعوونی غەدار بەخەندە وتی بەخوا گوڵبەهار
ئەگەر ئینکاریت هەر بکردایە تۆشم شەق ئەکرد هەر لەم جێگایە
چووە پێشەوە بۆ لای گوڵبەهار بەشێوەی عاشق بەڕەنگی دڵدار
گوڵبەهار دەستی خستە ناو دەستی دەسبازیی ئەکرد بەڵام بەسستی
وەهای خەڵەتان هیچ نەیما خەبەر گوڵبەهار لە پڕ فڕاندی خەنجەر
مەردانە کێشای خەنجەر لە کاڵان دای لەسەر دڵی کوشتی بێ ئامان
لە شاخ و لە دەشت دەنگی ئافەرین بەرز ئەبوەوە تا چەرخی بەرین
ئەنجا بەتەنیا و لەو غارە دابوو لەگەڵ جەنازەی کەوتووی دوو مردوو
ترسی دڕندە غائیلەی دەروون خەوی لێ زڕان تا ڕۆژ ئەبێ ڕوون
گرەوکردنی کوێخا لەگەڵ سەردار
هەموو شەو بۆ نوێژ ئەهلی جەماعەت کۆ ئەبوونەوە بۆ زکر و تاعەت
لە پاش نوێژکردن بە درشت و ورد لە گوێ کوورەکە خەیاڵیان ئەکرد
قسەی ڕابردوو ئەگێڕایەوە مەردی و نامەردی ئەبێژرایەوە
یەکێکیان هەستا چووە دەرەوە گورج هاتە ژوورێ هاتە بەرەوە
وتی شەوی وا نەبووە لە دنیا بەفر ئەبارێ لەگەڵ کزەی با
ئەمشەو شەوی کوڕی ئازایە شەوی دڕندە و ورچی سارایە
ئەمشەو با هەموو لێرە دانیشین شەوچەرە بخۆین سیغار بکێشین
لەم خەبەردانە کوێخاش بۆی هەستا چووە دەرەوە لە هەیوان وەستا
لە پاش زەمانێ هاتەوە ناویان وتی کوڕینە ئەی هەرزەکاران
هەر کەس لە ئێوە ئازایە بەشەو بێ لەگەڵ منا بکا یەک گرەو
ئەمشەو بگاتە ئەشکەوتی بەردێ لەوێ نیشانەی گەیشتنی دانێ
شەرتە ئەو کوڕە بکەم بە زاوام بۆ جلوبەرگیش هیچ نەبێ دەعوام
لەناو کۆمەڵێ کوڕ و هەرزەکار چاپوک ڕاپەڕی شێرانە سەردار
وتی شاهێد بن خوێنم لەسەر خۆم بۆ ئەم گرەوە شەرتە من ئەڕۆم
مام سەلیم وتی ڕۆڵە دانیشە جەرگم لەت مەکە ئەتۆ بەم ئیشە
وتی بابەگیان عەرد و عاسمان گەر لەیەک بدەن ئەڕۆم ئەلئان
ڕووی کردە ماڵێ کاڵەی داپێچا خۆی پێچایەوە چەکی لە خۆی دا
بەعەشقی خونچە دنیای بەهار بوو لەبەر چاوی هەر لالەزار بوو
وتی سەر لەڕێی جانانا دانان یەکجار بەجێیە زۆر سەهل و ئاسان
هەرچەند شەوی سەخت بەفر و سەرما بوو بەشەوی زفاف قەرار درابوو
ئەم دڕندە بوو؛ بۆ ورچ و بەراز لە داوێنیەوە ڕووی کردە هەوراز
مەردانە بەناو بەفردا سەرکەوت دوو سەد هەنگاوی مابوو بۆ ئەشکەوت
گوڵبەهار فەرقی بە تەقەی پا کرد خەنجەری هەڵگرت خۆی مهەییا کرد
سەری ڕەنجبەری بڕی دەسبەجێ وتی دڕندە پێوە خەریک بێ
لە ئەشکەوتەوە فڕێی دایە خوار نەختێ ڕاوەستا لەو جێی سەردار
کە ڕوانی سەری بڕاوی تازە بۆی فڕێ درا هات لەو هەورازە
هیچ گوێی نەدایە هەر تەکانی دا نەترسی هەبوو نە وچانی دا
گوڵبەهار کە دی هەر دێ بەزشتی دەستی ڕەنجبەری بڕی هاویشتی
سەرداریش ئەمجا وەکوو شێری ڕاو ڕوانی وا بۆی هات دەستێکی بڕاو
بانگی کرد دێوی خێوی لە ئەشکەوت شەرتە بە قەمە بتکەم لەت لەت
گوڵبەهار دەنگی برای خۆی ناسی بانگی کرد ئەمجار زۆر بە کەساسی
کاکە گیان بەخوا نە دێوم نە خێو من خوشکی خۆتم گیراوم لە کێو
سەردار لەم قسە هەر واقی وڕما نەیما غائیلەی دڕندە و سەرما
دووبارە وتی شەیتانی یا جن بۆ نووکی خەنجەر ئەتکەم بە هەرزن
وتی کاکە گیان من گوڵبەهارم جنن و شەیتان نیم خوشکی نازدارم
بۆ ماڵ ئەهاتم وا لێم قەوماوە زوو فریام کەوە جەرگم بڕاوە
ئەمجار سەرداریش وتی خوشکی خۆم هیچ ترست نەبێ پشتیوانی تۆم
چووە پێشەوە مەردانە سەردار دەس لەملان بوون لەگەڵ گوڵبەهار
لە پاش دانیشتن لە ئیش گەیشتن ئینجا هاتنە سەر باسی ڕۆیشتن
وتی خوشکی خۆم لای پیاوی مزگەوت گرەوم کردووە کە بێمە ئەشکەوت
هەستە با بڕۆین زوو بۆ ئاوایی لێرەبی ئەشیا هەتا دوایی
خوشکی دایە پێش هات وەک ئەژدیها نە پرسی لە کێو لە بەفر و سەرما
خۆی و خوشکەکەی چوونە ناو مزگەوت ئەهلی جەماعەت کە چاویان پێ کەوت
هەموو شپرزان لەم وەزعە دییان بەجارێ کردیان ماندوو نەبوونیان
لە پاش زەمانێ زانییان هەموو حاڵی برا و خوشک کاری ڕابردوو
کوێخا کە زانی لە حاڵ و ئەحواڵ ناردی مەلایان دەرهێنا لە ماڵ
کچی مارە کرد لە سەرداری شێر وتی لە دنیا هەروا ئەبێ نێر
کردیان بە شایی و بەزم و ڕەشبەڵەک دەنگی هەلهەلە گەیشتە فەلەک
ئاوازەی سەردار کەوتە دنیاوە هەر ئافەرین بوو لە هەموو لاوە
ڕۆڵە مەترسە کچم مەلەرزە ئینسانی ئازا حورمەتی بەرزە

1946/12/02