دیوانی سالم/ا
1
editهەر بە عەمدەن یاری من، بێ پەردە، قامەت دەردەخا | مەحزی کیزبی موددەعای دەهری، قیامەت دەردەخا |
سیڕڕی عیشق و دڵ بەخوێنبوونم بەسێ نۆشی، وەڵی | ئەشکی ئالوودەم لە ڕوودا بەس عەلامەت دەردەخا |
تەرکی مەی بۆ من، بەجوز ئەفسووردەگی، نەفعی چ بوو؟ | کاری بێ مەعنا، چ زوو، شێوەی نەدامەت دەردەخا؟ |
موقتەزای خوونڕێزییە چاوت کە بیمارە ئەبەد | خاسسە بۆ قاتیل، لە دونیا، حەق شەئامەت دەردەخا |
من وتم: تیغی برۆت ساو دا بە قەسدی، ئەو وتی: | پیری عیشقە «سالم» و یەک یەک کەرامەت دەردەخا |
2
editدەزانی باغی بەختی ئەهلی دڵ بۆ قەت سەمەر نادا؟ | فەلەک هەرگیز مورادی مەردومی ساحیب هونەر نادا؟ |
دەزانێ تا لە شیشەی دیدەما بی، ئەشکئالوودەم! | شەرابی جەی لە جاما ڕەونەقی خوێنی جگەر نادا! |
نەکەن تا لەتلەتم بۆسەی نیهانت ڕاستی ناڵێم | بەڵێ قەفقەف هەتا نەی نەیبڕی حاسڵ، شەکەر نادا |
لە من دانا نەپرسێ با ڕەوش هەرگیز لەڕێی عەشقا | بزانێ کیمیا هەرکەس، سەری ببڕن خەبەر نادا |
ڕەگی دڵ دێتە جونبوش گاهی فەسدی لێوی مەرجانت | دەلەرزێ دەستی فەسساد و نمەک ڕێی نێشتەر نادا |
لەبی توشنەی کوهەن زەخمم بە خوێنی تازەگی تەڕ بێ | حەیا! بۆ ماهی مەستوورم کە دەستووری نەزەر نادا |
لە پایا کۆمەڵێ لوئلوویی ئەشک ئەر تا کەمەر بێنم | ڕەهی دەستی خەیاڵیشم بە قەدیا وەک کەمەر نادا |
بە حاڵی نامورادی من وەها موشتاقە مەعشووقم | لە توڕڕەی بۆ نەوا بێنێ ڕەهی دەستی سەحەر نادا |
لە فیکری پاسی عیسمەتدا بە زاهیر دووربینێکە | لە حوکمی دووربینا قەت بە من ڕێگەی گوزەر نادا |
سیەهبەختی جودا ناکا دڵی سالم لە توڕڕەی تۆ | بە مەحزی کەشمەکەش سەرڕوشتەیی ئەم کارە بەرنادا |
3
editلە ڕازی دڵ ئەگەر تیرت خەبەر دا | دەدەی دەستی نیگارینت بەسەردا |
شەتی خوێن دێ بە ڕووما گەر لەتی جەرگ | دەمی ڕێگەی پلووسکی دیدە بەردا |
قوبووڵ نابێ حەجی کەعبەی ویسالت | ئەگەر دڵ حەڵقەیی ئەو زوڵفە بەر دا |
ئەوەند عوقدەی نیهانم کەوتە ناو دڵ | دەترسم مایەیی ئەم دەردە دەردا |
لە جێی تیرت دڵم دەردێ لە سینەم | بە ئیستقباڵی تۆ گەر بێی لە دەردا |
دەڵێم وەک قامەتت دڵگیرە سەرویش | ئەگەر سیب و گوڵ و سونبول سەمەر دا |
لە بیمی جەور و ئوممێدی تەرەححوم | دەلەرزێ دڵ لە حاڵاتی نەزەردا |
ڕەوانم بێ نیساری بەرقی شمشێر | ئەگەر بۆ کوشتنی سالم خەبەر دا |
4
editمایلە وەک سەری زوڵفت سەری من بۆ بەری پا | بە جەفا مەیخەرە لا، سا سەنەما تۆ بی خودا |
زێوەری حوسنی دڵارامە سەوادی خەمی زوڵف | نانوێنی کە نەبێ زوڵمەتی شەو شەوقی چرا |
عوزری مەسمووعە عەیادەت نییە گەر عادەتی ئەو | پێی نیگارینی لە بەندایە بە زنجیری حەیا |
عوجبە ئاهیستەخەرامی بەتەرەف ئێمەوە یا | بارە بۆ پەنجەیی پێی نازکی تۆ ڕەنگی حەنا |
بووە ئەزبەس کە نەزارم لە فیراقی مەهی ڕووت | وەکوو ئەبرۆیی هیلالت قەدم ئەنگوشتنوما |
میهری جانانە هووەیدایە لەسەر خاکی لەحد | لە موقابیل دڵی سالم دەڕوێ میهری گیا |
5
editگەر بە بۆ نیسبەتی توڕڕەت بدەمە موشکی خەتا | بۆ خەتا فەخرە بەسا بۆ منە بەس خەبت و خەتا |
شێوەیی ئەبرۆیی تاقت هەمەجا دێتە نەزەر | دەگەڕێ دڵ بە تەرەف تۆوە وەکوو قیبلەنوما |
کەی بە چەنگاڵی هەڵۆی غەم دەکەوێ تایری دڵ | تا لە زاغی خەمی زوڵفت هەیەتی زیللی هوما |
ئەبەدەن ڕەنگی عەدەم نایەتە ڕووی کوشتەیی عیشق | بە دەمی تیغی ستەمدا دەڕژێ ئاوی بەقا |
لە دو لا زولفی بەڵاجۆ کە بە لا دەنوێنێ | نەفی مانەندی لەتیفیی ڕوخی جانانە دەکا |
کەی لەبەر توڕڕە دەگا دەستی خەیاڵم بە ڕوخت | تۆ نەبی کێیە بکا دەستەیی سونبول بە قەڵا |
مورغی پڕ وەحشەتی دڵ ئەو شەوە ئەمنییەتی بێ | لە ڕوخ و توڕڕەیی تۆ دەردەکەوێ دام و چرا |
نەقدی جان و دڵ و دین پێشکەشی یەک نیگەهت | گەر قوبووڵ کەی لە منی سووختەدڵ ڕۆیی نەما |
وەرە سا پەنجە لە خوێنی دڵی سالم بگرە | سەبتە ئەم ڕەنگە بەدایم نییە وەک ڕەنگی حەنا |
6
editهەر سەحەر دێنێتە یادم کۆیی تۆ موڵکی خەتا | نەفحەها دێنێ لە موشکین زوڵفی تۆ بادی سەبا |
نەهری ئەشک ئەمشەو لە دیدەم وا بەخوڕ دەڕژایە ڕوو | دڵ لە سینەم تا سەحەر، سەنگاسیائاسا گەڕا |
بەسکی هەرجا کوشتەیی تیغی مەحەببەت کەوتوون | کۆی دڵارامم لە خوێنا بوو بە دەشتی نەینەوا |
چەسپە هەرجا ڕیشەیی جەرگم لەگەڵ ڕیشەی خەدەنگ | چەند بە چوستی تیری موژگانت لەناو دڵما ڕووا |
نامنوێنێ بێ بەسەرما گەر موسیبەتهایی چەرخ | تا لەسەر سەرمە لە سایەی زوڵفی تۆ باڵی هوما |
بێت و سەیری چینی زوڵفت کا لەدەوری عاریزت | هەر کەسێ نەیدیوە تاریکی لەبەر شەوقی چرا |
من دەمێکە خۆ لە خووی یاری قەدیمم شارەزام | دوشمنی یارانی دێرینە و بە دوشمن ئاشنا |
غەرقی بەحری عیشقە سالم دەست و پای جەهدی نییە | قەت شەنا ناکا لە دەریادا کەسی بێ دەست و پا |
7
editشەهیدی دیدەیی مەخمووری شۆخێکم منی شەیدا | لە خاکی مەشهەدم نەزدیکە بڕوێ نێرگسی شەهلا |
بە مەحزی ئیمتحان دەستم بنێنە باخەڵت یەک دەم | لە بندا بیبڕن ڕازیم ئەگەر نەمبوو یەدی بەیزا |
بە ئوممێدی وەفای گوڵ کۆششی بولبول چ سوودی بوو | بەڵایە، ڕامی عاشق کەی دەبێ مەعشووقی بێ پەروا |
بە فیکری مووشکاف ئەمشەو قیاسم کرد لەڕووی زوڵفت | بە تاریشی بە توولیشی بەقەد تاری نەبوو یەلدا |
لە پەستی بۆ دەکێشن زاهیدی غافڵ چلەی خەڵوەت | بچن عاشق بە باڵا بن بچن بۆ مەرتەبەی باڵا |
حەدیسی نەنگ و نامم زوو شوکور مەشهووری عالەم بوو | لە حەرفی موددەعی ناکەس نییە باکم منی ڕیسوا |
لە کاری هائیل و سەعبا گورێزە چارەیی مەردوم | وەلێکین سالمی یەکدڵ لە عیشقا ماوە پابەرجا! |
8
editزەورەقە دڵ، دیدەیە دەریا و مەردوم ناخودا | جۆشی خاتر وەک شەپۆل و غەم نەهەنگ لەنگەر جەفا |
جان موسافیر، تاجیرە، ئاهم بوخار و تەن مەتاع | گەمیە عەوق و دوورە ساحیل دڵ لەڕێی بیم و بەڵا |
وایە دەرکی غەم بەڕووی دڵما هەتا دونیا هەیە | دەربچەی شادی بە وەعدەی تا قیامەت داخرا |
شوعلەوەر نابێ چرای شادی لەبەر بادی فیراق | ئاگری میحنەت لە خەرمانی وجوودم هەڵگڕا |
شەوقی دانەی خاڵی تۆ خستوومیە ناو داوی خەتەر | بەم گوناهە ئادەمیش وەک من لە جەننەت دەرکرا |
جەزبی کرد تەئسیری ناڵەم دەردەدارانی زەعیف | با وجوودی ڕەنگی کاهی بوومە ڕەنگی کەهڕوبا |
عومر و دڵ دیسان بە با چوو شانە هاتە ڕوویی کار | بۆیی زوڵفت خاکی سەحرای کرد سەراسەر موشکسا |
هەر کە غایب بم لە فیکرا دڵ دەچێتە پەردەیێ | پەی بەوێ نابات و ناگا تا ببێ پەیکی سەبا |
زوڵفی حەیپەروەردەیە سالم ئەبەد ئەیمەن مەبە | بەم قەرارە شێتییە بازی بە حەلقەی ئەژدەها |
9
editبە خاریج، تا بە کەی سازەندە بم بۆ جیفەیی دونیا؟! | لە بامی بێنەوایی لێ بدەم، با تەبڵی ئیستیغنا |
فەواقی بێ ئیفاقەی من یەکایەک نزگەری حیرسە! | تەکانی فەقر و بێبەرگی، مەگەر ئەم عیللەتە دەرکا |
درشتە لوقمەیی حیرسم، فرۆناچێت و ئازادم | مەراقی بێنەوایی، گەر بە من ئەم سەددەیە قەی کا |
حەریسانی ئەمەل هەرگیز بە ئاوی جیفە پڕ نابن | تەمووزی حیرسە پڕ تابش، تەمەع لەبخوشکی ئیستیسقا |
لەناو زەرفی قەناعەتدا تەماعی دیگی دەروێشی | نەخۆی، تا دەست نەشۆی ئەووەڵ لە چرکی جیفەیی دونیا |
تەنیدەتەنمە سەرتاپا، تەمەع تەنپۆشی زیشتێکە | وەلێ ڕەملی ئەمەل کردوویە دیدەی زیشتبین ئەعما |
لە بەینی بوخل و بەخششدا، تەفاوت هەر لە کوێ تا کوێ! | دەبەستێ ئەم دەری نیعمەت، دەکا ئەو بابی ڕەحمەت وا |
هەوەس کێشامی بۆ عوزلەت، ئەمەل گرتوومی، نایێڵێ! | چ غوولێکە لە ڕێگەی ڕاستی هەر لامئەدا عەمدا |
خەرابی، مەردومی بوومی نەتیجە دا بە وێرانی | لە شوومیی ئەو بەرووبوومە سیفەت نایابە وەک عەنقا |
لەتاو زیعفی نەدارایی، گەدا ئاهێ کە دەیکێشێ | خەدەنگی زەهرئالوودە بە قەسدی سینەیی دارا |
قەبایی ئەتڵەسی زاڵم لە وەرعا چەندە مەهتووکە! | پەڵاسی چاکی مەزڵوومی دەبێتە زینەتی باڵا |
بە پوولی مەردومئازاری مەپۆشە تورمە پا تا سەر | بە شاڵی پەشمی دەروێشی بدە تەشریفی سەرتاپا |
دڵم دایم لە سەیری کاروانی زاد و مەرگایە | بە میسلی جادەیی بەندەر، مودام ئەم دێت و ئەو دەڕوا! |
بە سەنگی تەوبە دوندانی تەمەع بشکێنە، پەس بیخۆ | بە دوندانی قەناعەت نانی سوڵتانیی «ئووەیس» ئاسا |
سەنگی نەفست لەسەر ڕێی تەوبەتا ئامادەیی جەنگە، | بە قەسدی قەتلی ئەو، چابوک بکێشە تیغی «بسم اللە» |
بە خەمیازەی سەفای مەستی، مەدە تەن بۆ خەوی غەفڵەت | بە ئەندازەی هەوای هەستی، مەدە سەر بۆ شەڕی ئەعدا |
بە میسلی خرسی لۆتی بۆ تەمەع هەردەم لە ماڵێکی! | مەهاری کردوی شەیتان و دەدگێرێ بە ئیستیهزا |
لە کەس ڕۆزیت نەوێ، جوز ڕازیقت، گەر مەردی دەروێشی | زەمین گەر قەحتی قووتە، بۆت دەبارێ مەنن و هەم سەلوا |
پەلەی چەرخ و فەلەک بگرە، قیاسی بەرز و نزمی کە: | بوڵەندی سوویی پەستی بێ، کە پەستی هەستە بۆ باڵا |
تەرەققی چەند بە تەعجیلە، تەنەززول وا بە سیرعەت دێ، | بە فەووارەی بدە نیسبەت، بوڵەندی و پەستییی دونیا |
زەلیلی نەفسی ئەممارە، شکستی بیمی ئەم مارە! | پەناهت بۆ «عەلی» بێنە، مەڕۆ بۆ «بووعەلی سینا» |
بە تاجی فەقر، ئەگەر «ئەدهەم» سیفەت، جۆیایی سوڵتانی | لە تەختی سەڵتەنەت هەڵسە، وەرە ژێر خەرقەیی مەولا |
دڵا! هەر کەس دەپرسێ لێت: لە «مەولا» کێیە مەقسوودت؟ | بڵێ: مەولایی دەروێشان، عەلیی عالیی ئەعلا |
سەڵابەت دەمگرێ هەنگامی شەرحی هەیبەتی وەسفی، | قەڵەم نایێتە سەر کاغەز لە شەرحی جونبوشی ئەعزا |
10
editغەم وەکوو یەم هاتە جۆش و کەوتمە گێژاوی بەڵا | ئاوی هائیلزایە کەشتی کەوتمە حاڵی حەلوەلا |
شەتتی میحنەت هات لەسەردا سەددی هۆشی ڕاڕفاند | بادی غەم لێم بوو بە شەرکێ جیسری شادیم تێک شکا |
گەمیە کەوتە گێژی نەمروود تەن وەکوو ئاش هاتە خول | بای موراد کەی دێ خەبەر دە تۆ خودا ئەی ناخودا |
دادی دەریای میحنەت و تۆفانی غەم با بەس بدەم | بێمە شەرحی بەدفیعالی بۆزەیی دامەن سیا |
ئەی ڕەفێق کۆزیلکەیە، بێن، وەک حەسار دەورم بدەن | بێ جڵەو سوارم، وەرن سەیر کەن لە بارگیری قەزا |
ئەسپەکی بۆز و ترووسک و سەرکەش و توندشیڕەتە | وا سڵە گەر خشپە بێ جووتە لە کلکی خۆی دەدا |
سپیە سەرپاک موو و بژانگ و ژێرقەپۆز و یاڵ و دووی | گەندە باخەڵ جووتە پێشانی چەپ و ڕاست دەست و پا |
گەر زڕنگەی پڵپڵە و زەنگی جەرەس بگهێتە گوێی | جووت لەسەر پاشوو دەوەستێ میسلی ورچ دێتە سەما |
دەست ئەبەم زینی بکەم چوونکە لە سواری عاجزە | بۆ لەقە خۆی خۆش ئەکات و مۆڕ ئەبێ لێم لابەلا |
گەر لەلایێ دابەزم باز نییەتم بێ سواری بم | ئاوزەنگ نادا لە دەورم دێتە خول وەک ئاشی با |
گەی لە گوێی جۆگە کە بگرێ دێم بە توندی لێی خوڕم | تاق و جووت، جووتە ئەوەند داوێژێ، پاڵوو هەڵدەکا |
کا و جۆی گەر بێنمە پێش وەک کەر دەلووشکێ و هێدییە | گەر لەغاوی بۆ بەرم بۆ جووتە پاشووم تێدەکا |
وەختی ئالیک ڕووبەڕووی ماڵ وەک شەماڵ شیریندەوە | بۆ ڕێگەی تەعجیل ئەوەند سستە دەڵێی وا داوەشا |
وەک کەری دێز فەوتی خۆی و ڕەنجشی خێوی دەوێ | هەر لە ناکاوا بە عەمدەن خۆی لە خمخۆرک دەخا |
وەک سەگێکی پەتپسێن بێ و سەد سنک ببڕێ بە دەم | دەم دەبا کەڵبەی لە پێچکەی لالەغاوی گیر دەکا |
گەر حەمەی ئەحمەد بڵێ بۆز خۆشبەزە باوەڕ مەکەن | ئیمتحانم کرد لە مەرگە واقیعەن بڵح ڕادەکا |
گوایە ئیزهاری غرووری خۆی دەکا دێم زینی کەم | هەڵدەتووڕێنێ وەکوو گای بارنەبەر خۆی شێت ئەکا |
گەر لە بازار بیفرۆشن دۆم نەبێ کەس نایکڕێ | بۆ بنی هێڵەک لە کن من کلک و یاڵی دەس دەدا |
دوو قرۆش بۆ ناڵی، شایی کلکی، چەرمی دوو ڕیاڵ | پێنج قرۆش و شاییەکە نرخی بۆزەی کەمبەها |
وەک خدر قوشچی چەقەڵ فێر بوون حیسابی فارسی | ئەستێرە دەژمێرن ئاخۆ لاکی بۆز کەی دێتە لا؟ |
11
editئیبتدا بۆز لە «سنەی» کردوە چەرا | بوویەتی، چونکە لەوێ، نەشئونەما |
با وجوودی عەلەفی دەشت و زەلی | ئارەزووی هیچی نییە، غەیری کەما |
گوو بە گۆڕی پودرەی خێوی بەرووی | چونکە دوورە لە کەما، هێزی نەما! |
گەر موقیمی «سنە» بێ، ئەسپی عەرەب | عاقیبەت ئاوی ئەوێ حیزی دەکا |
کاشکی دادەڕا، سفرە سیفەت | مادەری ئەم سەگە، وەختێ کە دەزا |
بەسکی بێقووەت و بێتاوە لە دەر | ناشکێنێ لە ڕەها بەیزە بە پا |
شیڕەت و شەیهەرکەر و عیننینە | نییە، ئیللا لە سنە، فەحلی وەها |
تەیع کەر، خووگ دەم و فیل خوراک | پۆزەگا، لچ شوتور و ڕەعد سەدا |
تۆزە ڕێی گاهی گلانی لە دەرا | هەرەس ئاسا لەسەرا هاژە دەکا |
پشتی یەک میل و ملی یەک وەجەبە | زگی قامیش و خورش خەرمەنی کا |
مەحوە گۆشتی بەدەنی ئەو بە دەمی | گاهی زین کردنی وەک خیگەیی با! |
مەقسەد ئەر دەهـ دە قەدەمە، بۆزە دەڵێ: | من کۆجا، مەنزڵی ئەمشەو لە کوجا |
من گیاهم لە کەفایە و عەزە زین | ڕوو دەکاتە من و لەو جووتە دەدا! |
ناشنێ بۆزە، مەگەر بۆ گزرە | گەردنی ناگرێ، جوز توربەیی کا |
ساعەتێ لۆدەیێ کا سەهلە بخوا | فەرسەخێ، ساحێبی خۆی سەعبە ببا |
بۆ ڕەهێ لازمە، ناچێ بە کوتەک | ڕووبەرووی پووش و گیا دێ بە سەما |
وەختێ ساغەونی لە تەعلیمی عەزیز | جایی ڕەوت و دەوێ هەر لۆقە دەکا |
دەشکێنێ دەهەنی سەنگی زەمین | بەس بە سەرسم، لە ڕەها سوجدە دەبا |
گاهی دەو، خووگ سیفەت، گەر شەقی کەی | لە عەقەب، ناگەڕێ ئەستۆی بە قەفا |
بە حەقیقەت نییە جوز کوڕڕەیی شێخ | لە هەموو ڕوویی زەمین، عیبرەتی وا |
بەسە «سالم»، مەکە لەم سەیکە خەیاڵ | لادە لەم فیکرە، حەیای بۆزە نەما |
12
editموعجیزەی یاری پەری چیهرەی دڵارامم، دەکا | شەتتی ساوا، تاقی کیسرا، ئاگری زەردەشت فەنا |
ڕووی جیهان بێ ڕەونەقە یاران بڵێن با دەرکەوێ | سەروقەددی جامەنەسرین ماهڕوویی گوڵقەبا |
هۆش لە کوێ؟ ئارام لە کوێ؟ هەی قوڕ بەسەر خۆم و خیرەد | چاوی پڕ ئەفسوونی مەیگوونی بە ئیما دڵ دەبا |
بەخ بەخ ئەی یاران تەماشای شەوکەتی ئەم جیلوە کەن | دیدەئاهوو عەنبەرینموو موشکبوو حۆریلەقا |
ڕووی دڵارامم بەهەشتێکە لە ئیمکانی خولوود | ئارێ ئارێ مەنعی نەسلی ئادەمی بۆیێ دەکا |
دڵ بە لەمحە ناسرەوێ هەرگیز لە پەیکانی موژەی | دەمبەدەم ئیمابەئیما دێ وەکوو تیری قەزا |
ڕەشکی نافەی، بۆنی زوڵفی، قەلبی غونچەی کرد بە خوێن | وا لە گەردنیا خەراجی گەردنی ئاهووی خەتا |
گەر لە سایەی ئاستانەی دڵبەرم جێ دەست کەوێ | قەت هەوەس ناکەم شەرەف ئیتر لەژێر باڵی هوما |
جان موحەققەر نەقدبەرکەف، سەرفکەندە و مونتەزیر | خوسرەوی خووبان بڵێن: سالم ئەوا پێشکەش دەکا |
13
editحەسرەتا دڵ غافڵە نازانی قسمەت چی دەکا | ئەمڕۆ ئێرەم بوو بە مەسکەن، ئاخۆ فەردا کوێم دەبا؟! |
بەدرەقەی میحنەتنومایە شاتری تەقدیر مودام | دەستکەشمە و پێشڕەو، دەمبا بە مەنزڵگای بەڵا |
نابەڵەد بێچارە بوو دڵ، ئارەزووی ئارامی کرد | هات و نەیزانی لەپڕدا کەوتە ناو چاهی جەفا |
حیللە خورمایە، منیش مێش، جیسری دامی عەنکەبووت | نەفسی سەرکەش دامنەدیوە، ڕوو لە شیرینی دەکا |
گەردشی دەوران جڵەوکێش بردمێ ماڵی عارەبێ | چووم و دیم، ئەمما نەچوومایە، درێغا، حەسرەتا! |
تەڵخکام و تەڵخوەقت و تەڵخڕووم کرد ساعەتەن | تەڵخیێکم خستە ڕووی، ژەهریش بە ئینسانی نەکا |
عالەمی ئینسانییەت لاچوو لە ڕووی ئەمن و ئەوی | من لەتاو عیجزی زەمیری، ئەو لەبەر فەقدی وەفا |
لای یەساری دیدە و گوێ بۆی نەما سەمع و بەسەر | ئەهلی دەستی چەپ لە یومنی من ئومێدیان لێ بڕا |
هێندە مات دانیشتم و نەیپرسی ئەژنۆم هاتە ژان | ناعیلاج وەک پووش لە مەوجی نابەڵەد خۆم گرتە لا |
حوجرەیێکم کەوتە دەست و چوومە ناوی وەک قەفەس | کەبکی جەنگئاسا لە برسان دڵ لە سینەم سەر دەدا |
خۆم چەپۆکم دا بەسەردا ئەسپەکەم شیوەنیەتی | تازەمان کرد هەر دوو لا شینی شەهیدی کەربەلا |
ئەهلی کووفە فەقدی ئاویان کرد لە میهمانی عەزیز | خانەخوێی من مەنعی نان و قووت و جێگە و ڕێ دەکا |
خانەخوێم میهماننەوازە وەرنە سەیری حورمەتم | دۆشەکی خۆم خاک و خۆڵە، سەرکەشی ئەسپم سەما |
شیشی سوور بێنن وەرن خاڵیگەمان داخ کەن بە جووت | چوونکە ژانمانە من و ئەسپم لەبەر سەردیی هەوا |
توورەکەی ئەسپم زەمین و موتتەکای خۆم زانووە | قووتی من خوێنی جگەر، خۆراکی ئەو تەسویری کا |
کورکەکورکییە ئەسپەکەم، خۆشم دەناڵم جاربەجار | ئەو لە داخی ئاخوڕ و جۆ، من لە حەسرەت جێ و چرا |
با من و بارگیری کوێت هەر دوو بنووین بەشکەم بە خەو | من ببینم ڕووی تەعام و ئەو ببینێ ڕووی چەرا |
ئاخوڕی ئەسپم هەوایە خوانی خۆراکم خەیاڵ | لازمە بۆ ڕەفعی جووع هەر دوو بکەین دەممان لە با |
ئاهی خۆم بۆ نانی جۆ سمکۆڵی ئەسپم بۆ حەشیش | ئەم گەییشتە پشتی ماهی ئەو گەییشتە ڕووی سەما |
چاوی قووچان ئەسپەکەم باقڵ تەویلەی هاتە یاد | دڵ لە سینەم ماتە تەحقیق یادی جێگەی خەو ئەکا |
لووتی داژەند ئەسپەکەم خۆم دەستەئەژنۆ ماتی غەم | من لە فیکری حاڵی ئەو، ئەو شینی حاڵی من دەکا |
ئەمن و ئەسپ ئوستاد و شاگردین لە تەسویری خەیاڵ | ئەو لە نەقشی توورەکە ئەمنیش لە سونعی بۆریا |
شاممە میغناتیسە بۆ بۆنی کەبابی سەر گوزەر | لێوی ئەسپم جازیبی پووشە بە میسلی کەهڕوبا |
موژدە بێ یاران لە برسانا ددانی ئەسپەکەم | بۆ بژارەی پووشی ناو خشت کاری دیواربڕ دەکا |
سەنگکرۆژێکە لە برسانا ددانی گردەکوێت | هەر دەڵێی مێبازی ناو شارە و خەیاری نەو دەخوا |
زۆر دەترسم تا سەحەر دووبڕسیفەت بێ تەوسەنم | وا لە حەسرەت پووشی خورما دەم لە کلکی خۆی ئەدا |
وا دەزانێ زینەکەی پاڵانی پووشە گردەکوێت | وەک مقاش جارجار لەلاوە لچ لە لاپێچکەی دەخا |
سانیی عەنقایە وەیا گۆگردی ئەحمەر پیاوەتی | لەم دەرە میوانی مەزڵووم ئەر نەچێ، چۆن دەردەبا؟ |
مەجلیسێ بۆ زیب و زینەت جیم و ڕێی پێ لازمە | ئیبتیدای ئیسمی لەسەر ڕێ ئەلف و نوونی موقتەزا |
گەر عەرەب بەم نەوعە بن با شیری وشتر بێتە ناو | وەر زەبیب تەبعن هەزاران مەرحەبا ئەهلی سەفا |
من لە فیکری حاڵی خۆمدا، ئەسپەکەش هذا القياس | تۆی خودایا قادر و تۆی ڕەبەننا موشکیلگوشا |
هەمنشینم قەت نەبێ ئیتر عەرەب تا حاڵی مەرگ | ئاینە کەسبی جەلا حەیفە لە خاکستەر بکا |
14
editنوسخەیی ئەحواڵی من ڕۆژی عاشقان ئینشا دەکا: | توڕڕەیی تۆماری زوڵفت، موو بە موو، سەر تا بە پا |
چار فەرد هەریەک بە ڕەنگێ بوون لە یاری بەهرەوەر | مول لە نەشئە، گوڵ لە بۆ، سونبول لە پێچ و مەهـ زیا |
دوور لە سەهئە، بە شەرتێ دەست و دڵ یارم ببن | گەی بکەم ئاخر لە قەبرا جامەیی عوقبا قەبا |
با وجوود ئەلبەت یەقینە دوژمنی خوێنت منم | قەد قەبووڵ ناکا بە غەیرەز تۆ دڵی من ئاشنا |
موو بە موو زوڵفی سیات ئەسبابە بۆ قەیدی غەریب | تا قیامەت مورغی دڵ لەم داوە قەت نابێ ڕەها |
وەهـ چ سەڕڕافێکی قەللابی، پەناهم برد بە حەق | دات بەسەر مندا ڕەواجی موددەعی وەک شەهڕەوا |
غەم وەکوو دەریایی قوزلوم، ئەشک مەوج و خۆم حوباب | سەیری «سالم» کەن لە دەریای بێ پەیا کەوتە شەنا |
15
editیەکی خست ڕۆژی ئەزەل دەستی قەزا | چیهرەیی بەختی من و زوڵفی سیا |
گەر وەها عیشوەگەرە شاهیدی بەخت | بۆ کەفی بەختی غەریب نیلە حەنا |
کەوتە دەست قامەتی سەروت بە تەرەب | لە خیابانی ئیرەم، نەشئونوما |
عاریزی سەیقەلی میرئاتی دڵە | عەکسی ڕووت، دوایە بە ئایینە جەلا |
وەکوو من پیرەهەنیش بەدبەختە | یا دەبێتە کەفەنم، یا بە کەوا |
چونکە نەوعێکە وەفای یار و حوباب | لە ئەزەل هەردوو ڕجووعن بە هەوا |
لە کەمین قەلبی دڵە تیپی موژەت | حیلەجۆ بۆ یێرشن ڕوو بە قەفا |
مەکە «سالم» لە یەما جوهدی نەجات | قولزومی غەم نییە مەیدانی شەنا |
16
editدڵم شادە لە بەندی سیلسیلەی گێسوویی دڵبەردا | لە شانە خۆفناکم دەفعەیێ لەم بەندە دڵ بەردا |
لە دونیادا دڵم گەر تەرکی توڕڕەی تۆ نەکا سەهلە | بروون نایێ لە شۆر و زەمزەمەی غەوغایی مەحشەردا |
بەسەر سەرتا بپێکێ چەتری تاووسی ئەگەر توڕڕەت | دەکا بیروون لە فەرقی پادشەهـ زینەت لە ئەفسەردا |
گڕی بەست دڵ لە سینەمدا لە حەسرەت سەردی میهری تۆ | هەتا کەی ئاگری پڕ گڕ دەسووتێنی لە مەجمەردا |
تەحەممول کە زەمانی کوشتنی من سورعەتی ناوێ | لە دڵمایە بگێڕم خۆم بەدەوری دەست و خەنجەردا |
نە فەرهاد کەوتە شۆری من نە شیرین گەییە ڕوتبەی تۆ | لە دڵ من نەقشی تۆم هەڵکەند و ئەو کێشای بەڕووی بەردا |
17
editتەریقی عیشقت ئەر بەردەم، خەجاڵەت بم لە مەحشەردا | نەنووسرابم لە پێتا، گەر ئەزەل، حەک بم لە دەفتەردا |
قوبووڵ ناکەم خەیاڵیشت لەناو دڵما موقیمی بێ | نەوا پەژموردە بێ گوڵدەستەیی حوسنت لە مەجمەردا |
موحەسسیل بێ، ئەگەر بۆ نەقدی جانت، قابیزی قودرەت | ڕەزامەندم لە بالینت ئەمن بگرێت و تۆ بەردا |
لە دەستم بەرمەدە دامەن، مەبادا بمکوژێ هیجرت | چ حاجەت خوێنی ناحەق دامەنت بگرێ لە مەحشەردا |
تەوانایی بەسەر زەعفا دەبێ فائیق، ئەگەر گاهێ | سەبا بێنێ، سەحەر، بۆی تۆ بەسەر مندا، لە دەم دەردا |
حەلاوەت تا قیامەت نابڕێ، سالم، لەناو دەمما | ئەگەر نەخلی مورادم دەفعەیێ یەک بۆسە نەوبەر دا |
18
editحیکایەتخوانە تووتیی دڵ، بە دەوری دامی گێسوودا | مەزەننە عەکسی خۆی دیبێ لەناو ئایینەیی ڕوودا |
لەبت بوو دارویی جێ نێشی ماری عەقرەبت، نەتدا | هەتا دەمرم لە حەسرەت با بدەم دەستم بە زانوودا |
تەمام بوو حەڵقە کەم دەستم لە قەددت، زوڵفت ئاڵۆزا | نیهان بوو مەتڵەبم وا کەوتە سەر یەک موو بەسەر موودا |
دڵی تووتی لە پەروازا لەسەر گوڵ لەنگەری ڕاگرت | کە یاری شۆخ و شیرینم سەحەر وەسمەی لە ئەبروو دا |
تەڵەبکارم بدا ڕوتبەم بە دامەنبۆسیی خاڵت | شەهەنشاهێ کە شاهیی کیشوەری ڕوومی بە هیندوو دا |
لە سیدقم شانە و بادی سەحەرگەهـ شاهیدن هەر دوو | غوباری توڕڕەیی موشکینی تۆ نافەی بە ئاهوو دا |
لە عەهدی دیدەیی یارا دڵ و سیححەت بەسێ زیددن | بە سالم کەی دەمێنێ، باز ئەگەر چنگی لە تەیهوو دا |
19
editدەکا دونیایی پڕ شۆڕش بەدایم فیتنەها پەیدا | بە نەیڕەنگ و فسوونی ئەو لەهەر سوویێ وەغا پەیدا |
عەجەب ماخۆلیایێ بۆ دڵی دونیا موسەللەت بوو | لە سەودای موقتەزای تەبعی، بە موختەس، ماجەرا پەیدا |
تەماشای جەوری کەن دونیا چ زوڵمێکی لە خوسرەو کرد | نە بۆ تاجی نیشانێ ما، نە بۆ تەختی نیا پەیدا |
بە میسلی خوویی دڵبەرمە دڵی دونیا لەگەڵ مەردوم | بە دوشمن نیعمەت و لوتف و جەفای بۆ ئاشنا پەیدا |
خوداوەند چادری دونیای بە دوونییەت سەراپا کرد | بروون سوور سوور و ئایینە، دەروون ڕەنگی عەزا پەیدا |
جیهان گەر ڕووبەڕووی من بێ بە خوونڕێزی زەفەر نابا | دەکەم بۆ حیرزی جان و دڵ بە چالاکی پەنا پەیدا |
پەناهم شەهسەوارێکە گوزەر کا گەر بە ئەلبورزا | دەکا زەربی سمی ئەسپی لە خارا تووتیا پەیدا |
ئەگەر خورشیدی تیغی بێ، بەسەر شەودا شەبیخوون کا | دەکا بەرقی بە یەک پەرتەو لە یەلدادا زیا پەیدا |
بە هەر لادا بکا جەولان، لە بادی سممی ڕەهواری | چرای عومری عەدوو، وەک سوبحدەم وەزعی فەنا پەیدا |
بە حوججەت نێزە گەر لێدا، سیپەر وەک کاغەزی قەندە | بە هەر وەزعێ لەگەڵ بازوویی ئەو حوکمی قەزا پەیدا |
هەماوەردی عەرووسی قەبر و تیغی ماشیتەی مەرگە | لە زەخمی موردەگان بۆ دەست و پا ڕەنگی حەنا پەیدا |
لە مەیدانا بە ڕەسمی ڕەزم ئەگەر مەرکەب بدا جەولان | لە ناڵەی گاو و ماهی دێ لەژێر خاکا سەدا پەیدا |
غوباری سممی ئەسپی ئەو مەگەر ئەجزایی ئیکسیرە | لە چیهرەی دوشمنی ئەودا هەموو ڕەنگی تەڵا پەیدا |
بەرابەر ڕوویی ئەو ڕەنگی عەدوو سیمابگوون سیمە | دەکا ئەجزایی تیغی ئەو لە قەلبا کیمیا پەیدا |
سفیدە چاوی بەدخواهی لە حەسرەت حەلقەیی دیرعی | دەکا بەرقی سینانی بۆ عەدوو ڕۆژی سیا پەیدا |
نەهەنگ ئاسا لە دەریای خاترا قەهری کە گەردش کا | لە کەشتیی عومری بەدخواهی سەراسەر ڕەخنەها پەیدا |
لە گەرمی ڕۆژی مەیدانا عەدوو لەب توشنە سێراون | لە ئاوی تیغی جەوهەرداری ئەو کاری سەقا پەیدا |
بە تیغی ئەو لە خوێنی ڕوومیان شەتتێ بە ڕووما دێ | تەنی ئوفتادە زەورەق، سەر لە جێگەی ناخودا پەیدا |
لە بەحری ڕۆژی ڕەزما نەهەنگی تیغی سەر هەڵدا | لەناو کەشتیی ئەتراکا دەبێ شین و سەدا پەیدا |
لە سەهمی حەملەیی ئەو بۆ عەدوو هەر جا حەزەر لازم | لە دەس ئەو بۆ کراسی ڕوومیان شێوەی قەبا پەیدا |
دەبێ گەر بێتە ڕووی مەیدان وەکوو بەبری بەیان یەکدەم | لیباسی ڕووبەهی دەردەم لە ئەندامی کییا پەیدا |
ئەگەر ئاوی بەقای نۆشیبێ دوژمن فائیدە نادا | لە مەوجی جەوهەری تیغی حورووفی لابەقا پەیدا |
بە پەستی دوشمنی سەرکەش عەجایب سەرفەرازێکە | بە سەر هەر گەردەنە و شاخا، لە پێتا وەک لیوا پەیدا |
ئەگەر وەک کێوی قاف مەحکەم بێ دوشمن گاهی حەملەی ئەو | لە مەیدانی گورێزا دێتەوە ڕووبەرقەفا پەیدا |
لە خاکا خوێنی مەرجانی دەبێ مەخلووت و بێ حورمەت | دەکا ئەڵماسی دەشنەی ئەو لە گەردندا سەنا پەیدا |
لە زەربی زەرگی ئەو دوژمن وەکوو پووشە بەدەم باوە | لە میغناتیسی زووپینی فونوونی کەهڕوبا پەیدا |
چ حاسڵ دوشمنی وەختی هەزیمەت گەر موحەسسەن بێ؟ | لە فەتحی هیممەتی ئەودا کلیدی دەرگوشا پەیدا |
لە بەحری جەنگی مەغڵووبا کە تیغی مەوجی خوێن بێنێ | دەبێ بۆ دەست و پای ئوفتادەگان هەر سوو شەنا پەیدا |
ئەگەر یەک لەمحە توولی بێ لە قەلبی لەشکرا قەهری | لە سەحرادا دەبێ بۆ جانەوەر سوور و غەزا پەیدا |
عەسای مووسایە مەر نێزەی لە ڕەغمی مشتی فیرعەونی | بە بەرقی ئاتەشئەفشان و بە شکڵی ئەژدەها پەیدا |
وەلێ تالیع نەبوو پۆشیدەیە جەوهەر لەڕووی دونیا | بە مەردانی دلاوەر حاسڵی کۆشش جەفا پەیدا |
عەزیزە وا لەناو چاهە خوداوەندا نەجاتی دە | لە چیهرەی ئەو بکا یەعقووب دڵی شێوەی سەفا پەیدا |
خودایە موڵکی بابان بێ ڕەواج و قەڵبە سا لوتفێ | بە ئیکسیری وجوودی ئەو بکا وەک موو بەها پەیدا |
20
editئەگەر ئوممێدی دڵ بێنێتە جێ ماهی جیهان ئارا | به خال هندوش بخشم سمرقند و بخارا را |
لە بن خاری موغەیلان وەسڵ ئەگەر بێ، ئارەزوو ناکەم | کنار آب رکن آباد و گلگشت مصلّا را |
لە عەزمم لا نەدا فەوتام، بە تاڵان چوو سەر و ماڵم | چنان بردند صبر از دل که ترکان خوان یغما را |
نەسیحەت بگرە گوێ قوربان لەلایان زۆر بە تەعزیمە | جوانان سعادتمند، پند پیر دانا را |
دوسەد جار گەر بە گوێی خۆم حەرفی سەردت بشنەوم، شادم | جواب تلخ میزیبد لب لعل شکرخا را |
ئەگەر حۆری لە کەوسەر شوستوشۆی خۆی دا، بە تۆ نابێ | به آب و رنگ و خال و خط، چه حاجت روی زیبا را؟! |
لە ئیدراکی شکەنج و عوقدەیی زوڵفت پەرێشانم | که کس نگشود و نگشاید به حکمت این معما را |
کە شوعلەی تەلعەتی یووسف تلووعی کرد، بە چی زانیم؟ | که عشق از پردهی عصمت برون آرد زلیخا را |
کەلامت «حافزا» دڵسەنجە بۆ سالم وەها چاکە | که بر نظم تو افشاند فلک عقد ثریا را |
21
editکشا گێسوو بە گۆشەی ڕوویی یارا | چ جنسێ بێ لە مارا، بێ بە نارا |
پەزیرای ڕەنگی من بوو ئاینەی ڕووت | خەزانم دی لە ئاغووشی بەهارا |
تەزەروی دڵ دەخوازێ بازی چاوت | کە گەردش کا لە تەیرانی شکارا |
بە تەحسیل مەتڵەبی چەندێ بەری دا | کە بگرێ دامەنی دارا نەدارا |
دەسا چۆن دامەنت بگرم کە مەیلت | ئەوەند ساردە نەما پەنجەم لە کارا |
سەری تەسلیمی داوە نێرگسی مەست | بە دیدەی تۆ لە هەنگامی خومارا |
لە ئەشکی سوور و سوێری خۆم دەبینم | گوڵستانێ لە خاکی شوورەزارا |
دڵی دڵبەر کە مایل بێ بە ئەغیار | نییە تەدبیری سالم جوز مودارا |
22
editپەرچینی زولف و پەرچەم نەقشن لە ڕوویی یارا | وەک میللەتی مەجووسی هەر دێن بە دەوری نارا |
توڕڕەت کە دێ بە ڕوودا گەر عەینی کوفرە، حوسنە | بۆ ڕەونەقی کڵێسا با هەر ببن نەسارا |
غەمزەت کە تیری باراند زوڵفت دڵی پەنا دا | بەم ڕەنگە حوسنی ئەخلاق کێ دی لە جینسی مارا؟ |
مەی گەر حەرام و تەڵخە ساقی بە چاوی مەستت | اشهىٰ لنا و احلىٰ مِن قبلة العذارا |
ئەی ئەو کەسەی کە شەوها یادت ئەنیسی دڵمە | یەک لەحزە دێمە یادت داخۆ لە ڕۆژگارا؟ |
تۆ ناتەوان و مسکین دوژمن قەویی و مونعیم | سالم لە عەهدی وادا کوا چارە جوز مودارا |
23
editئاشوفتە کەناری گرت، گێسوو بە ڕوخی یارا | ئارێ نییە حەددی مار، ڕابوورێ بەسەر نارا |
عەزمی دڵی پڕ شۆرم بۆ دامەنی سەحرایە | بێزار و هەراسانم بەو نەوعە لەناو شارا |
مەجنوونی بیابانی زوو ڕاهی نەجاتی دی | ناڵینی منی بەدبەخت جاویدە لە کۆهسارا |
بۆ شادیی دوشمن یار تا من لە غەما بمرم | مەلفووفەیی نەومێدی ناردوویە بە ئەغیارا |
ئاشوفتە و غەمگینە یارم لە قسەی ناسیح | وەک تازەگوڵی باغە پەژموردە لەناو خارا |
عاشق بە قەد و ڕووتە، سۆفی بەنیهان وەک من | دزپیشەیە سا قوربان گوێی بکوتە بە بزمارا |
جانانە لەگەڵ سالم نەزدیکە تەرەححوم کا | بەم نەوعە لە گریانی خوێن دێ لە دڵی خارا |
24
editزوڵفی جانانە لە دەوری کەمەرا | وەک سیەهمارە بە قەد نەیشەکەرا |
دەوری ڕووی داوە خەمی سونبولی موو | هەر وەکوو هالە بە گەردی قەمەرا |
تیری تۆ ڕەنگە لە سینەم بڕوێ | غەرقە پەیکانی لە ڕیشەی جگەرا |
گەردن ئارایشە بەو توڕڕەیی تۆ | شەبە خۆشڕەنگە لە پەهلووی گوهەرا |
دەبمە ئەو ئاشە کە ئاوی ببڕن | شۆری عیشقم کە نەمێنێ لە سەرا |
لە هەناسەی منی مەزڵوومی غەریب | خۆت بپارێزە لە وەختی سەحەرا |
حورمەتی تۆ لە زەمانەی سالم | بە قەدەر دینە لە عەهدی عومەرا |
25
editشەڕیانە لە ئەندێشەیی موو موئمین و تەرسا | کێشاویە لەسەر مەسحەفی ڕوو شکڵی چەلیپا |
ئەم کیشە کە گێسووت هەیەتی کامی کەشیشە | بگرن بە جەدەل با عولەما ڕیشی سوکووبا |
جێی هیندوویی خاڵت نییە خورشیدی جەماڵت | ئەم مەرتەبەیە قابیلە بۆ حەزرەتی عیسا |
هەرچی نییەتت بوو نیگەهت دڵمی بەڵەد کرد | هەرچی نییەتم بوو بە موژەت دڵ خەبەری دا |
مەجنوون غەمی کوا پردی سیرات ئەر وەکوو موو بێ | دەیکێشێ لەوێشا کەششی توڕڕەیی لەیلا |
وەسفی بەدەنی کافییە سالم کە بە مەعنا | ڕووحێکی موجەسسەم لە کراسایە سەراپا |
26
editبە مەحزی جەوری دڵبەر هەر کەسێ تەرکی مەحەببەت کا | لە قەبریشا، بە میحنەت، تا قیامەت گریە عادەت کا |
قوبووڵ ناکا ببێ غیر از پەرێشانی لە عالەمدا | فەلەک، گەر پەیڕەویی کرداری یاری بێ مورووەت کا |
لە بێ ئینسافیا دەکوژێ بە ئیما سەییدی خەڵوەت | بە مەزموونی عەفوو، گەر نامەیی قابیز بە حوججەت کا |
دەزانی چەن فەرەحناکم بە بۆسەی لێوی شیرینت | بە موفلیس مەردی مونعم وەک سەدا بۆ خوانی نیعمەت کا |
بە مەحزی کەشمەکەش دامانی عیشقت بەر بدەم نابێ | دەمی تیغی موسیبەت، گەر کەفی فیکرم هەموو لەت کا |
سەراسەر کاری سالم عیشقی تۆیە، ئەووەڵ و ئاخر | خەجاڵەت بێ قیامەت، گەر بەبێ تۆ مەیلی جەننەت کا |
27
editفەلەک زەحمەت لە دڵ مەیلت بەدەر کا | بینای هەستیم ئەگەر زیر و زەبەر کا |
تەلاشی عیشقی بێ هەر کەس لە دڵدا | دەبێ سینەی سپەر بێ و تەرکی سەر کا |
کە سوڵتانی خەیاڵت بێتە خاتر | دەبێ شاهی خیرەد مەیلی سەفەر کا |
دەڵێی بەهرامی گۆڕە تورکی چاوت | لە دڵ نەمدیوە قەت تیری خەتەر کا |
مەتاعی جانە پایەندازی غەمزەت | ئەگەر بۆ شاهڕاهی دڵ گوزەر کا |
دەنێمە زەرفی خاتر یادی بووسەت | ئەگەر تەبعم تەمەننای گوڵشەکەر کا |
پەرێشانم دەکا وەک موڵکی بێ شاهـ | لە قامەت هەر سەحەر گێسوو کەمەر کا |
حەڵاڵی کرد بە مەردوم دڵ لە قوربا | نەزەر کا غەمزەت ئەر خوێنی هەدەر کا |
ویسالت پایەیی میعراجە بۆ من | لە ڕووتا گەر لەبم شَق ّالقَمَر کا |
دەکا تەسخیری دڵ چاوت بە ئیما | سەراسەر ئیسمی ئەعزەم گەر لەبەر کا |
بەدڵ وا بگرە دڵ، تیرێ لە غەمزەت | لە موهرەی پشتی سالم سەر بەدەر کا |
28
editشەهدی لەبی لەعلی یار، قیمەتی شەککەر شکا | دیدەیی مەستی نواند، ساغەری عەبهەر شکا |
تیژیی تیری موژەی گەییە مەقامێ لە دڵ | بۆ کەفی ڕەزمازوما حورمەتی خەنجەر شکا |
شوعلەیی ئەنواری ڕووی، پەرتەوی وا کرد عەیان | ئێستە لە بازاڕی شەو ڕەونەقی گەوهەر شکا |
ڕوویی دڵارامی من، پڕیە لە خشڵ و حولی | خانەیی زەرگەڕ خەراب، قیمەتی زێوەر شکا |
دوێنێ لە سەحنی چەمەن دڵبەری من هات و چوو | بۆ قەدی وەک سەروی ئەو، قامەتی عەرعەر شکا |
موشکی جودا کرد لە چین، شەبڕەوی بادی سەحەر | وەهـ، لە دەماغا بە بۆ نەفخەیی عەنبەر شکا |
ناری غەمی عیشقی یار، گەییە مەقامی عوروج | پێشی تەب و تابی دڵ جۆششی مەجمەر شکا |
شاهیدی شەهر و فەلەک، کەوتنە مەقامی جەدەل | وەختێ موقابیل لە دوور، خوسرەوی خاوەر شکا |
عیشوە بە ئیمایی چاو، تیپی موژەی دا نیزام | قەلبی دڵی زاری من وەقتێ بەرابەر شکا |
لوججەیی ئەشکم لە خوێن عەکسی وەها کرد زوهوور | بۆ«فلك الاطلس»ی شێوەیی ئەحمەر شکا |
گەرچی بە جان و بە دڵ، لەم دەرە هەر تۆی خەلیل | خاتری «سالم» لە ڕووت وەک بتی ئازەر شکا |
29
editکاتیبی فیکرم لە دڵدا دیققەتێ ئینشا دەکا | جوستوجۆ بۆ سەتربەندیی کاغەزی میرزا دەکا |
ئەحمەقە لەقلەق، ئەگەر تەرکیبی نیسبەت دا بە ئەو | وشتر ئەر بێت و بڵێ «وەک ئەو دەڕۆم» بێجا دەکا |
زۆر نییە گەر ساقی عووجیان کرد بە جیسری ئاوی نیل | ئیستیخوانی دەستی میرزا، پول لەسەر دەریا دەکا! |
ناکەوێتە سەر سەری سایەی هوما، تا وا نەبێ | لووتی پاپاخی لەگەڵ سەقفی فەلەک دەعوا دەکا |
گەر لەلای زەوجەی لە شەودا بێت و هەستێ بۆ عەمەل! | قامەتی میلێ لە دەرگانەی حەرەم بەرپا دەکا |
30
editتورکی پڕ ئەفسوونی چاوی کاری سەد جادوو دەکا | ساعەتەن تەسخیر دەبێ بۆ هەر مەکانێ ڕوو دەکا |
هەرچی نادر قەبز و بەستی کرد بە شەمشێر و سوپا | ئەم بە تیغی جەوهەرئالوودی خەمی ئەبروو دەکا |
خاڵی سەر سەفحەی ڕوخی جانان، چ نادر کەوتووە! | حیکمەتی، دارالخلافهی گورجییان هیندوو دەکا |
ڕیشوەیی گەردنکەچیی ئەو گەردنە، حوکمی قەزا | بۆ خەراجی بەندەگیی سەر گەردەنی ئاهوو دەکا |
ئێستە بۆ مەللاحی دەریای عیشق و ئەهلی مەعریفەت | قەترە قەترە ئەشکی چاوم قیمەتی لوولوو دەکا |
سەهلە گەر مووسا عەسای کردە حەی و سەهمی نوواند | موعجیزەی وا دڵبەرم هەردەم بە مووی گێسوو دەکا |
ڕوویی دونیا تارە، تا شەمعی جەبینی دوورە لێم | ناسییەی پڕ چینی من دایم هەوای زانوو دەکا |
گەر بە موژدەی مەرحەمەت جانی ڕەقیبم تازە کەی | میسلی تیفلی موردەمادەر دڵ بە شیوەن خوو دەکا |
ئیسمی «هوو» حەققە لەڕێی حەق، دەستی ڕەددم لێ مەدەن | سالمی مسکین وەکوو دەروێش لە دەرگەت هوو دەکا |
31
editغەم لە دڵ بۆ فەوتی شادی مەیلی سەرخۆشی دەکا | سوبحی عیشقە شەمعی عەقڵم ڕوو لە خامۆشی دەکا |
زوڵفی شەبڕەنگت وەکوو ڕۆژە پەرێشان با نەبێ | وا سەحاباسا لە ڕووتا قەسدی مەهپۆشی دەکا |
بۆ ئەدایی تەعزییەی من تورکی چاوی مەستی یار | بۆ تەرەب هەردەم لە بەزمی عیشوە مەینۆشی دەکا |
داستانی عیشقی من فاشە لە هەر کووچە و سوقاق | عەقڵی دێوانەم لەپاش ئەم حاڵە سیڕپۆشی دەکا |
کەسرەتی زەعفم لە هیجرانا گەییشتە مەرکەزی | دڵ لە سینەمدا بە دایم مەشقی بێهۆشی دەکا |
دڵبەری باڵابڵندم گەر خەرامان بێ بە ناز | سەروی گوڵزاری ئیرەم چۆن مەیلی هەمدۆشی دەکا |
گەر نەوێڕێ ڕێی سەگی قاپیت بەرن بۆ جێی غەریب | سالمی مسکین لە دەرگا حەڵقەدەرگۆشی دەکا |
32
editپەنجە بۆ تەسویری ئەبرووت پەیڕەویی مانی دەکا | خامە بۆ زەنجیری گێسووت عەنبەرەفشانی دەکا |
قووتی ڕۆحە لێوەکەت یاقووت وەها ئاودار نییە | مەنعی بازاڕی عەقیق و لەعلی ڕوممانی دەکا |
گەر لە پەردەی نازەوە ئاوازی تۆ بگرێتە گوێ | تووتییی شیرین سوخەن کەی مەیلی خۆشخوانی دەکا؟ |
قامەتی نەوخێزی شیرینت نەهالی جەننەتە | سەروی ڕەعنا، کەی لە لات سا مەیلی هەمشانی دەکا؟ |
دڵ بە نەشئەی حاڵی مەستیی چاوەکەت لايعقلە | بۆ کەبابی جەرگی من، لێوت نەمەکدانی دەکا |
سا هەزار جارت دەخیل بم، حەرفی بەدکار مەشنەوە | هەرچی دەربارەم بڵێ، بێ پیرە؛ شەیتانی دەکا |
لێوی یاقووتت نگینە خاتەمی نادر زوهوور | مۆری دەستی ئاسەفە و ئەمری سولەیمانی دەکا |
کەس نییە ئەو شۆخە حاڵی کا لە سۆزی ئاتەشم | پێی بڵێ: سالم لە عیشقت وا غەزەلخوانی دەکا |
33
editچاوەکەت وەختێ بە ئیما مەیلی جامی مەی دەکا | هەرچی مەی دەیکا لەگەڵ ئەو، ئەو لەگەڵ ئێمەی دەکا |
نەی لە ناڵینا چ گوستاخانە بۆ ئەربابی سەمع | باسی ئەییامی گوزەشتەی کەیقوباد و کەی دەکا |
تا سوپاهی خوسرەوی عیشقت ئیحاتەی جانی دا | بۆ شەڕ و شۆری موسیبەت دڵ لە موڵکی ڕەی دەکا |
کاروان ئەر سستڕەو بێ تا دەگاتە کۆیی لەیل | شەوقی بێ پایانی دڵ، ئوشتر بە مەجنوون پەی دەکا |
حاڵی عیشق و تابشی هیجرت نیشانی دا بە من | ئاگری سۆزەندە هەر کارێ بە بێشەی نەی دەکا |
تا بەسەر باغی دڵا بێ بای خەزانی فیرقەتت | عاریزم بۆ سێوی ڕوخسارت لە ڕەنگی بەی دەکا |
جورعەنۆشی بۆ بکەم ئیتر لە بەزمی مەیکەدە | چاوی مەخموورت بە عاشق کاری بادەی جەی دەکا |
وەختی بەخشش گەر بنووسم داستانی هیممەتت | مەردی دانا وەسفی جوودی حاتەمی تەی کەی دەکا |
ئابڵەی دەردا کەفی پێی تاقەتی هەنگامی جەهد | سالمی سەرگەشتە ئەزبەس ڕێی موسیبەت تەی دەکا |
34
editدیدە بێ دیداری دڵبەر تارە، مەستووری نەکا | خۆیشی نەزدیکە لە نەزدیکم، بڵا دووری نەکا |
دەهری دوون ناپایەدار و نازەنینان بێ خەبەر | بەم قەرارە، حەیفە، با مەعشووقە مەغرووری نەکا |
عاشقی مسکین قوبووڵی تەبعی دڵبەر کەی دەبێ؟ | تا قوبووڵی غوربەت و ئەندووهـ و ڕەنجووری نەکا |
داخڵی بەزمی حەقیقەت کەی دەبێ پیری سولووک | تا بە خوێنی دوختەری ڕەز خەرقە ئەنگووری نەکا؟ |
سیڕڕی مەستانی عەیان کرد، مەهـ لە پەردەی تیرەشەو | چاوەکەت توهمەت بە شوعلەی شەمعی کافووری نەکا |
ئاسمان، سالم لەگەڵ یەک خەندە سەد شیوەن دەدا | دڵ نەسیحەت کە: بڵا قەد مەیلی مەغرووری نەکا |
35
editسونبولی توڕڕە کە پەرژینە بە پەهلوویی گوڵا | مووبەموو هەر یەکە داوێکە لەڕێی مورغی دڵا |
ڕەوشەنی داوە بە دڵ ڕەوزەنی سینەم لە خەدەنگ | دەک ئیلاهی نەڕزێ دەست و کەمانت لە گڵا |
سیڕڕی نوکتەی دەهەنت چاکە نەزانن قەنناد | نمەکئالوودە نەکەن با لە خەمیری نوقوڵا |
گەر لەڕووی گوڵ دڵی من شادە بەبێ خەندەیی تۆ | با بدا دەستی قەزا مەردومی دیدەم بە چڵا |
یار گلەی بوو لە دڵم چونکە نەسووتا لە فیراق | لە قسەی بەرحەقی ئەو سالمی مسکین خەجڵا |
36
editدەستی من تەعویزە بۆ ڕەددی بەڵا | با حەمایل بێ لە ملتا، بێڵە سا |
نیسبەتی ڕووم دا بە گوڵ، گێسوو بە موشک | سەهوە حەرفی ئەووەڵم، سانی خەتا |
دڵ بە نادیدەت لە جێی دڵ چی بەرێ | کەهـ نەکێشێ چی بکێشێ کەهڕوبا |
گەر بزانی چۆنە حاڵی ئیحتیاج | دەستی ڕوو نانێیە بەر سینەی گەدا |
سەربەسەر پێچیدە بوو تۆماری عومر | شەرحی تۆ بوو ئیبتدا تا ئینتها |
کاشفی ئەسرارە بولبول حەقیەتی | وا لە جەوری گوڵ لە دڵیا خارها |
دەوڵەتی دنیا لە دەست نامەرد و دوون | توولی نابێ قەت بەقەد ڕەنگی حەنا |
بۆ سەباحەلخەیری دڵ غەم هاتەوە | مەرحەبا بێ مەرحەبا بێ مەرحەبا |
سیحری فیکری من قەڵەم دێنێتە چەرخ | موعجیزەی عیسا بوو، چالاکی عەسا |
زەڕڕەسان ئەعزایی سالم دێتە ڕەقس | هەر سەحەر میهری ڕوخت پەڕتەو دەخا |
37
editبە هەیوولا شوتوری نەوتە، مەلا | لەقلەق ئاسا لەق و بەد ڕەوتە، مەلا |
دیبەمە مەدرەسە تەنخواهی مەنار | قامەتی شاهیدی مزگەوتە، مەلا |
پەیڕەویی سەبعەیی قوڕڕا نییە بۆی | بە نەوا خاریجی هەر حەوتە، مەلا |
عیززەتی هەرچی ئوسوولاتە نەما | بەسکی بەد لەهجە و بەد سەوتە، مەلا |
جامەدارانی حەمامن شاهید: | کونی پشتی وەکوو ئەشکەوتە، مەلا |
یەک تەویلە کەر، ئەگەر هەمڕەهی بێ | هەمە جا قایم و بەرکەوتە، مەلا |
وەک درەختی ڕەشەبا ڕیشە کەنیو، | هەر لە سەر تا بە قەدەم چەوتە، مەلا |
خایەیی گزگلییە و نەوسی بەڕوو | شکەمی کوندەیی پڕ جەوتە، مەلا |
38
editغولامی دیدەیی مەخمووری تۆیە نێرگسی شەهلا | لە ئاب و تابی ڕووی تۆ داغدارە لالەیی حەمرا |
بەیازی ناسییەی تۆ بوو سفیدەی دا بە سوبحی عید | لە نوسخەی قیرگوونزولفت سیاهی برد شەوی یەلدا |
عەقیمئاسا لە زگ وەستایەوە حەملی نەما ئیتر | لەپاش تۆ دایەیی دونیا بە میسلی مادەری عیسا |
لە قوببەی نووری پوستانت یەدی بەیزا نموودارە | ئەبەد ناگاتە دوگمەی جیبی جامەی تۆ کەفی مووسا |
خەزانی ڕەنگی زەردم باعیسی نەشوونمای تۆیە | سیاهی ڕۆژی مەجنوون سورمەیە بۆ دیدەیی لەیلا |
لە سەیحەم هاتە لەرزش قەلبی گاوی ژێرزەمین ئەمشەو | دڵی کەیوان لە ئاهی من لە هەفتەم ئاسمان سووتا |
دووسەد جار وەزعی چەرخی ئاسمان گۆڕا بە سەعد و شووم | ستارەی نەحسی من سالم! لە قەڕنێکا نەبوو ئاوا |
39
editشەتی ئەشکم دەبێ هەر بێ بە ڕووما | هەتا بێ بەحری (ئاقدانیز) بە (ڕووم)ا |
دەزانی چۆنە ئەحواڵم لە هیجرت | وەکوو تیشنەم لەناو بەحری زەقووما |
لە پیریشا عەرووسی یادی وەسڵت | بروون نایێ لە خانەی ئارەزووما |
دەمی وەسفی دەمی تیغت دەلەرزێ | ڕەگی گەردن بەسەر تەختەی گەلووما |
بە سیحری غەمزە مەغڵووبم ئەگەرچی | ئەرەستوو بم لە ئیدراکی علووما |
لە کوورەی دڵ بروون دێ ئاهی سەردم | عەجەب یەخ بێ لەناو چاهی سمووما |
تەجاوز کەی دەکا سالم لە ئەمرت | کەسێ نەیدیوە ڕووسەختی لە مووما |
40
editوەکوو فەووارە خوێن دەقوڵێ دەمی ئاهم لە حولقووما | بە دڵ پەیوەستە تا سۆراخی پەیکانت لە پەهلووما |
مەگەر وەختێ لە سەیری خاڵی چیهرەت دیدە فاریغ بێ | سیاهی مەردومەک بتکێ لەگەڵ ئەشکم بەسەر ڕووما |
لە هیجریشا موسیبەت نایەڵێ سەر هەڵبڕم یەکدەم | لە خوێنی ئەشکما چەسپاوە پێشانی بە زانووما |
لەسەر ڕوو لادە تاری توڕڕەیی موشکینی تاتارت | حەبەش دەستی تەتاوەل ڕانەکێشێ، با بەسەر ڕووما |
ئەگەر چی کارییە دەردم وەلێ نەزدیکە تەسکینم | بپڕژێنێ حەکیم ئەر ئارەقی چیهرەت بە داڕووما |
بە مەششاتەی دەوت دڵبەر دڵی سالم مەڕەنجێنە | لەناو جەمعی پەرێشانا لە حەلقەی چینی گێسووما |
41
editبێ تەماشای خاڵی تۆ، خاڵی لە مەردوم دیدە ما | عەکسی ئەو بوو مەردومی دانا لە پەردەی دیدەما |
شوعلە نەیدا فرسەتی پەروانە مەتڵەب کا بەیان | سیڕڕی سەربەستەی، لە پێی شەمعا، هەموو پۆشیدە ما |
وا نەبوو لێوت بە سروەی بای خەیاڵی بۆسەیێ | غونچەیی سێرابی نەشکوفتەت چ بوو، ناچیدە ما |
ڕوویی وەک لالەت لە خەشما یەک نیگەهـ ڕەنگێکی ڕیت | داغی حەسرەت تا قیامەت بۆ دڵی ڕەنجیدە ما |
تا دەڵێم: مروەت کە، ڕەحمێ، جەوری تۆ ئەفزوون دەبێ | داد و بێدادی لە گوێتا هەر وەها نەشنیدە ما |
کوا تەرازوویێ قیاسی وەزنی حوببی پێ بکەم | میهری سەنگینت لە کەففەی دڵ بە ناسەنجیدە ما |
نەزمی سامانی لە کوێ بوو، عاشقی شۆریدەبەخت؟! | موویی ئاشوفتەی سەرم دەرهەم، هەموو ژوولیدە ما |
تابی بێ میهری نەبوو یەک دەم، وەکوو سالم، ڕەقیب | سەگ بە تۆپین چوو لە قەحتا، گورگی باراندیدە ما |
42
editبۆ منی بێ سەر و پا غەیری وەفا پیشە نەما | بۆ دڵی تۆ سەنەما! جوز ستەم، ئەندیشە نەما |
ئاب و ڕەنگم نییە، از بس که تکا خوێنی سروشک | مەیی ئەحمەر کە ڕژا، خاسییەتی شیشە نەما |
چ تەکانێکە، خودایا هەرەسی جەوری حەبیب؟ | بۆ نیهالی ئەمەلم بەرگ و بەر و ڕیشە نەما |
وام تراشیوە بە ناخون لە غەمت، سینەیی ڕێش | شوهرەتی کۆهکەن و وەسفی دەمی تیشە نەما |
بەس بسووتێنە لە غەم سالمی مسکین بە جەفا | بۆ وجوودی سەر و پا، لەحم و دەم و پیشە نەما |
43
editلە عەرسەی ئەوجی عیشقت بازی دڵ هەڵسا لە دەورانا | بە بەرقی پەڕتەوی حوسنت پەڕی سووتا لە تەیرانا |
لە ڕۆژی ئیمتحانا دیم بەرابەر ڕۆئیەتی مەعشووق | کەمەربەستەی هونەر هاتن لە تیپی عیشقبازانا |
لەیەک لا نالی و مەشوی لەلایێ سالم و کوردی | لە هەنگامەی هونەرگەرمی تکاجۆ بوون لە مەولانا |
لە مەیدانی بەلاغەتدا بە سواری مەرکەبی مەزموون | بە کوردی هەر یەکە تازی سوارێ بوون لە بابانا |
کە نالی تەوسەنی تەبعی بە تەرزێ گەرمجوستەن بوو | بە چەوگانی خیرەد گۆی دانشی دەرکرد لە مەیدانا |
کە ڕەخشی تەبعی ڕامی هاتە سەر میقرازەکی تەعلیم | ڕیکابی پایبووسن سالم و مەشوی لە دەورانا |
44
editساقی لە پەردە دەرهات، جامی شەرابی هێنا | دڵ خیرە ما لە حیرەت، مەهـ ئافتابی هێنا |
یەک زەڕە عەکسی پەڕتەو دەرکەوت و تووری سووتاند | ئایینە سەختڕوو بوو لەو عەکسە تابی هێنا |
تیماری چاکی سینەم ڕاجیع بە چاوی مەستە | بەختیش موافقی عیشق بۆ من خەرابی هێنا |
یارم لە دەر دەروون هات دەستی ڕەقیب لە دەستا | غەمناک و شادمانم ڕەحمەت عەزابی هێنا |
بۆ تۆبە سوویی مەسجید هاتم بچم لەڕێدا | بۆ کۆیی مەیفرۆشان عەزمم شتابی هێنا |
ڕوو هەر لە من دەپۆشێ وا حاڵییە کە جیبریل | هەر خاسسە بۆ من و ئەو ئایەی حیجابی هێنا |
وەهـ وەهـ چ مەجلیسێ بوو دوێشەو لە دیدە و دڵ | دڵبەر شەڕابی گێڕا سالم کەبابی هێنا |
45
editبەدەل کەین با بە نەشئەی مەی خوماری میحنەتی دونیا | الا يا ايها الساقي ادر کاساً و ناولها |
مەحەببەت زۆر بە ئاشووبە بە سەهلی تێ مەگەن یاران | که عشق آسان نمود اول ولی افتاد مشکلها |
کە بادی سوبحدەم ئەفشان ئەکا گێسوویی پڕ چینی | ز تاب جعد مشکینش چه خون افتاد در دلها |
دڵا هەرچی بڵێ ناسیح لە نیک و بەد بەجێی بێنە | که سالک بیخبر نبود ز راه و رسم منزلها |
مەحەللی ڕیحلەتە دونیا ڕەفیق ئیمرووز و فەردایە | جرس فریاد میدارد که بربندید محملها |
لە بیمی مەوجی دەریای ئەهلی دڵ زاهید خەبەردار نین | کجا دانند حال ما سبکباران ساحلها |
قسەی من شوهرەیی شەهرە تەماتە تازە بیپۆشم! | نهان کی ماند آن رازی کز او سازند محفلها |
ویسالی دڵبەرە سالم موعەززەمتر لە هەر مەتڵەب | متىٰ ما تلق من تهوىٰ دع الدنيا و اهملها |
46
editڕووبەڕووی نەقش و نگینی موستەفا | نەسخە تۆماری جەمیعی ئەنبیا |
یا محەممەد تۆی شەفاعەتخوازی خەڵق | بەهرەیابی لوتفی تۆن شاهـ و گەدا |
بۆ تەوافی کەعبەیی تۆ تا حەشر | حەلقەگێڕن جانی کوللی ئەولیا |
وەقتی کەشفی زەمزەمەی ئیعجازی تۆ | گوم دەکا مووسایی عیمرانی عەسا |
دادەتاشێ حەق لە شەوقی تۆ، نەبی | نووری مانگ و خۆر وەکوو سەنگئاسیا |
شەمعی دینت بیمی خامۆشیی نییە | تا حەشر بادی موخالیف لێی بدا |
جەزبی تۆ ئاهەنڕوبا دێنێتە چەرخ | میهری تۆ وەک کەهـ دەکێشێ کەهڕوبا |
ئانگەهـ عیسا مورغی خۆی بێ ڕەهبەری | ئافتابی موعجیزەت گەر جیلوە کا |
ڕووبەڕووی ئیحرامییانی کۆیی تۆ | عەترها دێنێ هەموو سوبحێ سەبا |
وا بە دڵ بۆ تەوفی کەعبەت موبتەلان | بوو بە خوێن نافی غەزالانی خەتا |
زوڵمەتێ بوو ئوممەتی خۆت بردە دەر | مووسە ئەر بڕوا لەوێ ڕێ ون دەکا |
سەروی جەننەت هەر دەکا ئیدریس، گەز | تا بە ئەندازەی قەدت ببڕێ قەبا |
هەر کە ئیسمت بوو بە سککەی زەڕڕی دین | سائیری دین بوونە زەربی شەهڕەوا |
گەر نەهەنگی قولزومی ئیعجازی تۆ | بێتە ڕوو سوعبانی مووسا ڕەد دەبا |
هەر چی جان و جورمی بێ مەعلوومە لێم | خاسسە بۆ تۆ ئافەریدەی کرد خودا |
ون دەبێ وەک گەنجی قاروون زەڕڕی ناب | خاکی کەعبەت گەر نەبێ بۆ کیمیا |
ڕووبەڕووی ڕەوزەی مونیرت ئینس و جین | دێن وەکوو پەروانە بۆ شەوقی چرا |
ئوستخوانی دەستی لەتلەت بێ بە تیغ | هەر کەسێ دامانی دینت بەر بدا |
دوشمنی سددیق و فاڕووقم بە جان | غەیری تۆ گەر دڵ قوبووڵ کا ئاشنا |
بۆ ڕەواجی دین بە شەمشێر و قەڵەم | کاتبت عوسمانە، شێرت مورتەزا |
تیغی قەسسابی قەزا وەک گووسفەند | گەردی کەعبەت جانی سالم کا فیدا |
47
editبە غەیرەز میهری تۆ، گەر بێ لە دڵما | زڕەی زنجیری زاڵم بێ لە ملما |