دیوانی سالم/م
1
editدەمەوێ مەستی بادە بم، تا بم | پایی خوم ئوفتادە بم تا بم |
هەر سەحەرگەهـ بە دەنگی نەی هەڵسم | بادە وەرگر لە سادە بم تا بم |
تۆ کە شاهی بە ڕوخ لەبەر ئەسپت | فەرزە بۆ من پیادە بم تا بم |
حاجیب ئەر ڕێ بدا دڵم دێنێ | سوویی دەر ئیستادە بم تا بم |
حەق لە دڵ دەرنەکا خەیاڵی مەحاڵ | هەر لەسەر ئەم ئیرادە بم تا بم |
بۆ شکارت منم سەگی عاریف | بێڵە با بێ قەلادە بم تا بم |
حەق بدا فورسەتم بە ئیزنی عومەر | دوشمنی شیعەزادە بم تا بم |
دەمەوێ بۆ نیشانەیی تیرت | دڵی سالم نیهادە بم تا بم |
2
editلە مەحشەردا ئەگەر بێ ڕوویی تۆ مایل بە جەننەت بم | لەلای یارانی ساحیبدڵ سەرەفگەندە و خەجاڵەت بم |
قیامەت قامەتم ڕۆژی قیامەت دەرکەوێ هەر سوو | نەکەم گەر سوجدە بۆ میحرابی ئەبرۆی ئەو بە لەعنەت بم |
شنۆی ئوردیبەهەشتی وەسڵی یار ئەر بێ بەسەر مندا | لە لام قەندیل و لاجانە بە هاوین گەر لە مەسقەت بم |
غەمم دەریا، دڵم زەورەق، منم تاجر، وەسڵ بەندەر | دەبێ یا تەرکی بەندەر کەم وەیا نەزدیکی ئافەت بم |
لە وەختی پاسەبانیتا من و نامەحرەمی دوورین | لە خەودا بووسە نەزدیکە ئەگەر جۆیایی فورسەت بم |
لە کوشتنما ئەگەر ڕەحمت نەبێ مایەی تەرەححومتە | لە سایەی زەخمی تیغت بێڵە با ئەهلی شەهادەت بم |
کە تیری غەمزە دڵ کون کا دووسەف تێکەڵ دەبن موژگان | لە من قاتیل دەبێ ون بێ ئەگەر ساحیب کەرامەت بم |
تەمەننای مەرحەمەت سالم لە دڵبەر قەت نەکەی ئامان | لەگەڵ من ئیلتیفاتی با نەبێ نەک فێری عادەت بم |
3
editتەریقی عیشقت ئەر ون کەم، تەریقی دەشتی مەحشەر بم | قیامەت نامەوێ جەننەت بەبێ تۆ گەر موخەییەر بم |
هەناسەی سەردی پڕسۆزم بە یادت گەر لە دەم ببڕێ | لە سۆزی فیرقەتا یاڕەب سەراپا میسلی ئەخگەر بم |
کە شەیتانیش ستێزەم دا خەیاڵی دانە قەت ناکەم | لەتاو دەردی جەفا ئەم دەفعەیە لەم داوە گەر بەر بم |
بە پایین هات شەوی هیجر و نەسیمی سوبحی وەسڵ ئەنگووت | بەرم دە ئەی تەبی غەم وا بەیانە با سەبوکتەر بم |
بە یادی بووسەیی لەعلی لەبت ئەز بەس کە لەبخوشکم | ئەبەد تیشنەم ئەگەر فەڕزەن لە گۆشەی حەوزی کەوسەر بم |
تەمامە خۆم وەها گوم کەم بە ناکامی لەدەست جەورت | هەتا دەمرم بەنایابی وەکوو گۆگردی ئەحمەر بم |
ڕەهی کۆی دڵبەرم دوورە بە سالم ناگەمە مەقسەد | لە پەروازی تەڵەبدا گەر بەتوندی وەک کەبووتەر بم |
4
editخەراب بێ، خانەیی دڵ هەر وەکوو خانەی خەراب کردم | خوداوەند ئابڕووی دیدەم بەرێ وەک ئابڕووی بردم |
هەتا زیندووم دەچێنم توخمی هەر خارێ لە دڵ بەڵکەم | کە بێی بۆ سەر مەزارم دامەنت بگرن ئەگەر مردم |
دەبینم مووی موژەی مووریچە میسلی زەڕڕەبین میرئات | لە فیکری مووشکافی مووی میانت وا بەدڵ وردم |
لە سەرمای قەوسی سەردی میهری تۆدا وا بەیەک هاتم | لە ڕێی چەوگانی میحنەتدا وەکوو گۆ دائیمەن گردم |
بەبێ سەددی تەنم بۆ دڵ، ڕەهێ غەم کوا لەبەر ئەشکم؟ | هەمیشە بۆ عوبووری قافڵەی جەورت وەکوو پردم |
مه پارس زبانم گفت: سالم، شرح حالت گو | وتم: جانا بەڵەد نیم ئیستیلاحی ئێوە من کوردم! |
5
editسیاهیی کاغەزم چی بێ؟ سەوادی دیدەیی تارم | لە قاسید زوودتەر، بەڵکە ببینم ڕوویی دڵدارم |
لە تەحریراتی عاشقدا، وەرەق ڕەسمێکی مەترووکە | دەکا ئەفشان مەکتووبت، سەراپا ئەشکی گوڵنارم |
بە میسلی زوڵفی شەبڕەنگت سیاهـ و دەرهەمە ڕۆژم | وەکوو شەرحی فیراقت، هەر تەڕەف ئاشوفتەیە کارم |
چ حاجەت پورسشی ئەحواڵی ئاشوفتەم لە قاسید کەن؟! | سەراسەر وەسفی گێسووتە هەموو مەزموونی تۆمارم |
بە ڕەنگی کاغەزی بێ خەت سفیدە چاوی تاریکم | وەکوو زوڵفی پەرێشانت سیاهە بەختی ئەدبارم |
وە چاکە نامەیی سادیق بە خاکی پێت موشەڕڕەف بێ | بە میسلی «صاد»ی صادیق، وایە دایم، چاوی بێدارم |
لەگەڵ نوقتەی مەحەببەت کەی جودا بوو خاتری سالم | لە دەوری نامە و قاسید، بە دڵ وەک نووکی پەڕگارم |
6
editسەبووریم دێ ببینم، گەر بە خەو، دیداری دڵدارم | لەگەڵما دوشمنە، چ بکەم ڕەفیقان، چاوی بێدارم |
لەپاش دەردی فیراق، ئیتر لەلام دونیا هەموو پەشمە | لە عومر و زیندەگی و عەیش و جەوانی، جوملە بێزارم! |
ئەجەل! دارووی شیفای من مردنە، سا دەی خەڵاسیم کە | لە دەست دەردی حەیات و جەوری دونیا زۆر بە ئازارم |
بە میسلی زوڵفی دڵبەر تیرە و ئاشوفتەیە، ڕۆژم | بە ڕەنگی لەعلی لێوی ئاڵە دایم، ئەشکی گوڵنارم |
بەهەم نایێ لەبەر کورتی لە هەر سوو ڕشتەیی ئوممێد | یەهوودانە فەلەک عوقدەی ئەوەندە خستە ناو کارم |
نومایان کە سەبا! ئیعجازی یووسف، وەختی ئیمدادە | غوبار بێنە لە کۆی جانانەوە بۆ دیدەیی تارم |
بە یەک دڵ بۆ دڵارامێ بە دڵ مەجنوون و خوو سەنعان | خەیاڵی زوڵفی لەیلایە، بە دایم بەند و زوننارم |
لە حیرسی غەم، بە لەب گەر ئاشنا بێ شەکوەیی دووری | دڵی عیسا بە جۆش دێنێ، سەدای ئەفغان و هاوارم |
لەگەڵ دونیا بەشەڕ هاتووم و کۆ نادەین، دەسا یاران! | فەلەک چەرخێ ترە، یا من ئەزەل جانسەخت و بێ عارم؟ |
کەسێ تەفتیشی ئەحواڵ کا، بڵێ: ناسالمە «سالم» | سەبا تەشریفی خاست، گەر دەچیتە مەنزڵی یارم! |
7
editلەدەس ئەم ئەسپە بۆزە بێقەرارم | هەمیشە دڵ غەمین و داغدارم |
لەبەر بێنی برینی لاشەویلەی | وەها گێژم نەماوە ئیختیارم |
وەرن کاروانی توججارییم ببینن | مەتاعم مشکییە هەممانە بارم |
کە دێ لافاوی خوێنین، دری؟ شەوقی | وەرن پێم هەڵپژێن کۆتایە کارم |
لەتاو کێم هێندە دەست و پەل دەشۆرم | دەڵێی نەوسۆفیەکانی تۆبە کارم |
ئەمەندە ڕاست و چەپ فکریم لە زامی | بەبێ عیللەت ئەمێستاش خێل و خوارم |
دەنووم جارجار لەژێر سایەی چنارا | لە شڵپەی دەنگی گوێچکەی گەشکەدارم |
بۆ خۆم سەرگەشتە و ئەسپیش وەهاتە | هەمیشە بۆیە من زویر و زگارم |
8
editقەت تەواو نابێ ئارەزووی یارم | ئاخری عومرە ئەووەڵی کارم |
وا حەکیمم دەڵێ: دڵی بیمار | سیححەتی دێ بە چاوی بیمارم |
دەک زیاد بن جەماڵی تۆ و عیشقم | جانم ئازادە تا گرفتارم |
قەت گورێزم نەدا لە تیری موژەت | ئەی بەسا سەخت جان و بێ عارم |
پەڕتەوی ئافتابە شەمعی شەوی | عوعرەها دڵ لە زوڵفی دڵدارم |
تا نەبینێ مەهی جەماڵی حەبیب | عارە خەو بێتە چاوی بێدارم |
سالم ئەمشەو بە ناڵە قادر نیم | بەسکە زار و نەزار و ئەفگارم |
9
editدرێغا سەعوەئاسا سەیدی دیدەی شاهبازێکم | زەدەی تیری نیگاهی جادووانەی عیشوەسازێکم |
ئەگەرچی زاهیرەن دەروێش و مسکین و گەداڕەنگم | لە غەزنەی خاترا مەحموودی گێسوویی ئەیازێکم |
لە چەتری نادری ڕوتبەم گەلێ باڵاترە ئێستا | کە من ئیکسیری خاکی ڕەهگوزاری سەرفرازێکم |
وەکوو ئەنجوم بە ڕەجمی موددەعی ئەخگەرنومام ئەمشەو | سەراپا نار و شوعلەی ئاتەشی ڕووی جانگودازێکم |
درێغا کشتی ئوممێدم کە دێتە حاڵەتی سەبزی | ڕەقیبی سەگ سیفەت حازر دەبێ یەعنی: بەرازێکم |
ئەگەر دۆستە ئەگەر دوشمن لە قاپیت نائومێد نابن | منیش لەم دەرگەدا یاڕەب! تەڵەبکاری نیازێکم |
ئەگەرچی میهرەبانی حوکمی وەک عەنقایە لەم عەهدە | غولامی تالیعی خۆمم کە دیلی دڵنەوازێکم |
تەڵەبکاری حەقیقەت خاتری سالم لە باتیندا | ئەگەرچی زاهیرەن دڵدادەیی عیشقی مەجازێکم |
10
editشەو هاتەوە، من بێ دڵ و مەجنوونی کەسێکم | ماتەمزەدە و بێخود و مەحزوونی کەسێکم |
قەد خاری جەفا نێشی نەماوە، بە سیاقێ | مەحوی نەزەری عاریزی گوڵگوونی کەسێکم |
ساقی لە سەفا، نەوبەتی من، مەی مەدە ئەسڵەن | مەستی نیگەهی دیدەیی مەیگوونی کەسێکم |
نەوحەم لە سروشک لوججە و تۆفانی بەهەمدا | سەرگەشتە شەناجۆ لە یەما، نوونی کەسێکم |
بۆ گەنجی تەرەب، تالیبی تەسویری پەشیزم | بۆ نەقدی جەفا، مونعیم و قاروونی کەسێکم |
پڕ موشکیلە تەبعم لەگەڵ ئەم ئەهلە بگونجێ | بۆ قاڵبی تینەت ئەزەل ئەفیوونی کەسێکم |
لەم ڕاهە خەتەرناکە، گوزەر زەحمەتە سالم! | جاندادە و ئوفتادەیی ئەفسوونی کەسێکم |
11
editلەسەر ڕوو دانەیی خاڵت بە فەن داناوە، دەیزانم | بە قەسدی مورغی دڵ زوڵفت بە دەورا داوە، دەیزانم |
خەریکی دڵنەوازیمی بە چاوی مەرحەمەت زاهیر | نیهانی بۆ سەرم تیغی برۆت ساو داوە، دەیزانم |
گرانخێزی لە ڕەفتارا بەهانەت عوجب و تەمکینە | بە باڵاتا لە گێسوو ئەژدەها ئاڵاوە، دەیزانم |
سیەهدڵ مەردومان چ بکەم لە شەرعا شاهیدی نادەن | دزینی دڵ لە سینەمدا فوتووری چاوە، دەیزانم |
وەکوو سینەم دەبێ تێ کچێ لە هەر جێ دڵ قەراری بێ | لە زوڵفا ئاشیانی بەستبێ شێواوە، دەیزانم |
لە ڕووی بەرقی تەجەللیی حوسنتا موشکیل دڵم مابێ | موجەسسەم گەر لە سەنگی خارە بێ سووتاوە، دەیزانم |
فەریبی دڵ دەدەم دایم بە موژدەی ڕوئیەتی حوسنت | ئەگەرچی وەسڵی تۆ عەنقاسیفەت هەر ناوە، دەیزانم |
قیامەت حەشرە بۆ عالەم وەلاکین هەر لە ئێستاوە | خوداوەند بۆ ڕەقیبم دۆزەخی تاوداوە، دەیزانم |
موبالاتی نەبوو دڵبەر بە حاڵی سالمی مەزڵووم | بە حەرفی موددەعیی زاڵم، بەدڵ تۆراوە، دەیزانم! |
12
editڕەفیقی گۆشەیی غوربەت هەراسانن لە ناڵینم | لە ئەشکی دیدە ئەمشەو باز لە خوێنا مەوجە باڵینم |
عورووجی سەند لە سەنعان وەسفی ئەحواڵم لە ڕێی عیشقا | مەگەر ئوستادی تەرسایە بە خەسڵەت یاری بێ دینم؟! |
چ جایی دڵ؟ لە شەوقا خوێن بە چاو دێنێ، ئەگەر جارێ | خیزابی پێی سەگی کۆت بێ حەنایی ئەشکی ڕەنگینم |
لە غەم ئێستەم دەبینن، وای دەزانن ئەووەڵی دەردمە | دەمێکە بێخودم یاران، بە یادی یاری دێرینم |
شەهیدم من، وەرن مەمشۆن و دەفنم کەن، دەخیل یاران! | لە قەبرا حوججەتی حەشرە سەراپا بەرگی خوێنینم! |
بڵێن: با یار لە وەختی مردنا زوو بێتە سەر شیوەن | قوبوڵمە گەر سەدای ئەو بێ لەباتیی دەنگی یاسینم |
خەیاڵی دەست لە هیجرانا کە دێتە گەردنت هەر شەو | بە ڕەنگی گوشوارەی تۆ دەبارێ ئەشکی پەروینم |
لە کۆی عیشقا دووسەد کێوی جەفا بارە لەسەر شانم | یەقین سالم لە میحنەتدا منیش فەرهادی شیرینم |
13
editسەهی قەددانی موشکین زوڵف و پەرچەم | همه کس دوست می دارند و من هم |
نەزەر زاهید قەرارێکی قەدیمە | نه این بدعت من آوردم به عالم |
مەڵێن گەردوونە ڕەنگڕێژی موسیبەت | گُنه اول ز حوا بود و آدم |
بە تەرکی دڵبەرم ناسیح مەڵێ هیچ | من این دعوا نمی دارم مسلّم |
بە ئیما گەر تەڵەب کەی گیانی شیرین | مسلّم دارمت واللهُ اعلم |
بەجوز عوننابی لێوت بۆ تەبی دڵ | به گیتی در ندارم هیچ مرهم |
وەها مەحوم لە سەودای عیشقی تۆ دا | نه از مدحش خبر باشد نه از ذم |
غورووبی ڕۆژی غەم زۆر چاکە گەرچی | ز عُمرِ مانده روزی می شود کم |
وەفای دونیا لەگەڵ هەرکەس دەمێکە | به روی دوستان خوش باش و خُرّم |
حەریفی تۆم منیش ساقی! نیگاهێ! | بیاموز از فلک دور دمادم |
دەزانم لوتفی تۆ وەک میهری گەردوون | که بنیادش نه بنیادیست محکم |
جیهان سالم وەکوو مارانی زەححاک | که مغزت می خورد، چندین مخور غم |
14
editکەوتە سەر ڕوو ئەگریجەی تارت بە خەم | ڕۆژ و شەو، ڕۆژ و شەوی لێک دا بەهەم |
سەرفگەندەی دیدەتە ئاهووی خەتا | پایەماڵی لەنجەتە سەروی ئیرەم |
جەلبی دڵ بەم ڕەنگە کا گەر سوورەتت | ناپەرەستن بعد از این ڕاهیب، سەنەم |
خاکی دەرگات سوورمەیە بۆ چاوی تار | ماچی لێوت دارووە بۆ دەرد و غەم |
قەیسی تۆن کوللەن لە غەم زومرەی عەرەب | شەمسی تۆن جەمعەن بەهەم ئەهلی عەجەم |
حەسرەتا! ڕۆژی ئەزەل نەیدا قەسیم | قیسمەتی سالم بەغەیرەز دەرد و غەم |
15
editپووچە ناسیح، بە هەوای تەرکت، ئەگەر لێدا دەم | دانەنێم ئەم سەرە تا لەم ڕەهە، زەحمەت لادەم |
بە خودا تا دەمرم گوێ بە نەسیحەت نادەم | «فاش میگویم و از گفتهٔ خود دلشادم |
بنده عشقم و از هر دو جهان آزادم» | |
لە حیجابی عەدەم، ئەو ڕۆژە کە من هاتمە وجوود | ویسعەتی خاکی دەرت خاتری کردم خۆشنوود |
دووری خستم بە ستەم حاجیبی بەدبەختی حەسوود | «من ملک بودم و فردوس برین جایم بود |
آدم آورد بدین دیر خراب آبادم» | |
دێتە خول دڵ لە پەڕەی سینە بە ئەفسانەیی عیشق | ئابەدانییی خەفەتە خانەی وێرانەیی عیشق |
ڕەنگە هەر بێم و بەرم سوجدەیی شوکرانەیی عیشق | «تا شدم حلقه به گوش در میخانهٔ عشق |
هردم آید غمی از نو به مبارک بادم» |
16
editبۆ وجوودی منی بێخود، نییەتی حوکمی عەدەم | نەقدی سەرمایەیی عومرم کە هەموو سەرفە لە غەم |
خوێن لە زەخمی موژە، هەنگامی تەڕەححوم، دەڕژێ | دامەنی دڵ پڕی یاقووتە لە ئیمایی کەرەم |
ڕەغبەتی من لە جەفای یارە لە هەنگامی سەفا | نۆشی ئولفەت نییەتی لەززەتی ئێشانی ستەم |
بولبولی دڵ کە جودا ماوە لە گوڵزاری ڕوخت | هەر پەرێشانە، ئەگەر بیبەمە ناو باغی ئیرەم |
تا بە لەیلایی عەرەب مایلە، مەجنوونی دڵم | سەعبە خوڕڕەم بێ لە هیجرا بە زەریفانی عەجەم |
مورغی باغی حەرەمی تۆیە دڵم، لێی مەدە تیر | بێ غەمانە بە ستەم مەکوژە وەها، سەیدی حەرەم |
سوویی من مایلە دڵدار و ڕەقیبم لە حەسەد | بەسکی ڕەشکی هەیە، نەزدیکە کە بدڕێ بە وەرەم |
جۆگەیی خوێنی سروشکت، چ بوو سالم! نەبڕا | ڕەگی چاوت لە نەزەردا بووە شیریانی بەقەم |
17
editبۆ خاڵی لەبت زوڵفی سیەهـ دامە هەموو دەم | گونجیشکی هەوەس لەم ڕەهە ناکامە هەموو دەم |
دڵ سوبحی نەجاتی نییە بۆ جەبهە لە ڕێی زوڵف | ئەم توڕڕەیە تا سەر بە ئەبەد شامە هەموو دەم |
حەبسی منی ئەیمەنشودە بەس دوورە لە ئینساف | ئەم مورغە بەبێ قەید و قەفەس ڕامە هەموو دەم |
عاشق لە دڵ و دیدەیی ئەغیاری جەفاکار | ڕیسوا و ئەلەم دیدە و بەدنامە هەموو دەم |
بێهوودە دەبەی دەستی تەمەع بۆ سەری گێسو | سالم بە سەرت ئەم هەوەسە خامە هەموو دەم |
18
editلە دڵدا چونکە هەر خوێنم دەخوا غەم | بە تەدریج ئەشکی خوێنینم دەکا کەم |
سەمەک دێنێتە جونبوش ئەشکی شۆرم | مەلەک دەگری لەبەر تەئسیری ناڵەم |
خەیاڵیشی وەکوو خۆی وەحشە، دڵبەر | نەفەس دەگرم لە دڵما نەک بکا ڕەم |
بەنەفشە کەوتە ژێر سونبول لەسەر گوڵ | کە تێکەڵ بوو، لە سوبحا زوڵف و پەرچەم |
نیهان نەکرا کەبابی دڵ لە ئەغیار | چ زوو تەشخیسی دا بۆنی هەناسەم |
لە دڵمایە حەجی کەعبەی خەیاڵت | سەقای چاوم دەگێڕێ ئاوی زەمزەم |
ڕوخت بۆ مووسیی دڵ ئاتەشی توور | دەمت بۆ دەردی من عیسایی مەریەم |
دەزانم دێتە سەر چی کاری سالم | فەریبی چاوەکەت دەیکا بە بەلعەم |
19
editبۆ ڕەواجی قەلبی بێ قیمەت، منم سەڕڕافی غەم | ڕەنگی زەردم سیمی سافە، قەترەیی ئەشکم درەم |
شۆڕشی دەریایی ئەشکم بۆ هیلاکم هاتەوە | تەن لە گەردشدایە وەک کەشتی لەسەر گەردابی یەم |
بۆ نیگاهی مەرحەمەت ئیستادە و گەردەنکەچم | وەک گەدای موفلیس لە ڕێی مونعیم بە ئوممێدی کەرەم |
نەقدی جان و دڵ دەدەم، بەیعەن، بە بۆسەی ئەو جیهان | لەم جیهانە گەر بقەبڵێنێ بە دڵ توڕڕەی سەلەم |
حەیفە سالم لەم دەرە بکوژی بە پەیکانی نیگاهـ، | خاریجی ئەرکانی دینە کوشتنی سەیدی حەرەم |
20
editحیسابی نەفحەیی زوڵفت لەگەڵ موشکی خەتا ناکەم | خەتا ناکەم سەبا شاهیدمە من تەشبیهی وا ناکەم |
بزانم گەر لە قەبرا بۆی دەمی تیغت لە خاکم دێ | هەتا دەمرم لە دونیا زەخمی خوێنینم دەوا ناکەم |
لە دورجی سینەما تا گەوهەری یادی ڕوخی تۆ بێ | لەبەر شوعلەی ئەوا شەو تا سەحەر مەیلی چرا ناکەم |
هەناسەی حەسرەتی وەسڵی نیهانت ڕێی بە نەی ئادەم | معاذالله بە لەب ئەم سیڕڕە هەرگیز ئاشنا ناکەم |
لە سەحرای شۆرەزاری عشقی جانانا گیاهێکم | بەبێ بارانی تیری غەمزە قەت نەشئوونما ناکەم |
بە خڵخاڵ ئەر بشێ پیشەی هەرەس کووبیدەیی هیجرت | لە لەبما تا نەفەس مابێ سوراغی مۆمیا ناکەم |
دەبێ ئەشکت ترازووی ئارەزوو، ئەی دیدە! بڕژێنێ | لە بەرما تا نەبێ دەریا بە کامی دڵ شەنا ناکەم |
لە هیجرانا سەحەر وەختێ فنا في النوری چیهرەت بم | لەبەر تاقی برۆی تۆ ڕوو لە میحرابی دوعا ناکەم |
دەمی قوربت لە پشتی سەر ئەجەل گەر دامەنم بگرێ | وەها مەحوم دەکا دیداری تۆ ڕوو بۆ قەفا ناکەم |
لە توولی زوڵمەتی هیجرا سەراسەر چونکە تۆی مەتڵەب | لە زەوقی بۆسەیی لێوت هەوای ئابی بەقا ناکەم |
ڕەها بێ گەر لە بەندی زوڵفی یارا گەردنم سالم | بە سەهلی بعد از این بازی بە حەڵقەی ئەژدەها ناکەم |
21
editبە من بێ سینەیی سەختم بە قەڵغانی نەزەر ناکەم | نیشانەی تیری خوونڕێزت بەجوز لوختی جگەر ناکەم |
دەمی نازت بە ڕووسەختی کە تابی تیری غەمزەم بوو | لەڕێی تیغی جەفاتا بعد از این جەوشەن لەبەر ناکەم |
لەتاو شانەت لە چینی زوڵفتا دڵ حەڵقەهای لێ دا | خودا گەر وا بدا قودرەت بە من کەس دەربەدەر ناکەم |
ئەگەر پایانی بێ هیجرت لە دەرگاتا هەتا دەمرم | بە مەحزی جەوری حاجیب یەک وەجەب مەیلی سەفەر ناکەم |
لە ڕەشکا گەر سەراسەر نوتقی تووتی بێتە سەر هەجوم | لەسەر مەدحی لەبی شیرینی تۆ، وەسفی شەکەر ناکەم |
لە فەردی وەسفی یارا عارە ناوی موددەعی بردن | لە ڕشتەی فکرما خەرموهرە هەمسیلکی گوهەر ناکەم |
لە یاقووتی لەب ئەر یەک بووسە مایەم دی دەمی ئاخر | تەلەف کەم گەر سەروماڵم لە سەوداتا زەرەر ناکەم |
لەگەڵ دڵ شەرتە سالم گەر نەجاتم بێ لە تارانا | بەهەشت ئەر بێتە دەشتی ڕەی بە ئێرانا گوزەر ناکەم |
22
editلە کونجی میحنەتا هەر شەو خەیاڵی وەسڵی دڵبەر کەم | وجوودم وا بە جارێ دێتە جونبوش وەختە پەڕ دەرکەم |
لە ئەووەڵ حەرفییا وەک دڵ لە کاغەز بەر دەبێ ئاگر | ئەگەر شەرحی شەرارەی ناری هیجرت سەبتی دەفتەر کەم |
تەلاشی تەییی ڕاهی کەعبەیی کۆی یارە مەقسوودم | منی بێ دەست وپا لازم، کە پا بۆ ئەم ڕەهە سەر کەم |
بە گێسوو چاکە زنجیرم بکا دڵبەر لە ڕووی موژگان | لەڕوویا با منی دێوانە بەس ڕووی دڵ لە خەنجەر کەم |
لە ئەفلاکی خەیاڵا کەوکەبی ڕووی یارە تا قوتبم | لە زوڵماتی شەوی هیجرا ڕەهی کۆی ئەو دەبێ دەرکەم |
سەرئەفگەندەی حوزووری سەربوڵەندانی قیامەت بم | سەرم تا دانەنێم شۆری ویسالت گەر لە سەر دەرکەم |
بە نەڕڕادی فیراقت نەقدی جان ئاخر دەدۆڕێنم | بە خاڵی موهرەیی وەسڵت ئەگەر سەد دەفعە شەشدەر کەم |
قوبووڵی نرخی بۆسەی لەعلی ڕوممانی لەبت ناکەی | لە ئەشکم پڕ بە دامانت ئەگەر یاقووتی ئەحمەر کەم |
لەسەر ئەم مەزهەبەم سالم بە مەحزی ڕووبەڕووی مەتڵەب | وەکوو هیندوویی گێسوو هەر سەحەر تەعزیمی ئازەر کەم |
23
editمورادم حاڵی خۆمە گەر حەدیسی شۆری بولبول کەم | ئیشارەی ڕوویی تۆیە گەر بەیانی نازکیی گوڵ کەم |
بە میقرازی ئەجەل کۆتا بێ میسلی پەرچەمت عومرم | لەسەر تەعریفی مووی زوڵفت ئەگەر بێم وەسفی کاکوڵ کەم |
ئەبەد ئاشوفتەخاتر بم لە هیجرانا هەتا دەمرم | ئەگەر بێ زوڵفی موشکینت لە باغا مەیلی سونبول کەم |
بنێرێ یاری شیرینم ئەگەر بۆ جانی شیرینم | دەرەک بێ جێم لە دۆزەخدا ئەگەر ئانێ تەئەممول کەم |
مەلالی ئارەزوو سالم بەقەد دووری لە دڵمایە | لە وەسڵا بۆ تەماشای ڕوویی دڵبەر گەر تەغافول کەم |
24
editدەک موبارەک بێ موکەڕڕەر، هەجوی سەنگهەڵکەن دەکەم | بای شەماڵی هەجوی دێ، خەرمانی عومری شەن دەکەم |
دیرعی هەجوم با بپۆشم، تیژ بکەم نێزەی قەڵەم | جەنگی مەیدانی لەگەڵ ئاغایی ئەهریمەن دەکەم |
تیغی هەجوم خوونچەکانە و ئەسپی فیکرم خارەسوم | با موهەییا بێ ئەساسم، شەڕ لەگەڵ دوشمەن دەکەم |
با لە مەیدانا بە پا بێ قیسپی هەجوم، قابغی | هەر ئەمێستە قازوغی سەرکار مێخئەفگەن دەکەم |
کلکی دووشەق، تیری دووسەر کەم بە سیمورغی خیرەد | ڕۆستەمی دەوری زەمانم، ڕەزمی ڕووبین تەن دەکەم |
دا بمێنێ مەزرەعەی فیکرم سەراسەر بێ زیان | بۆ شکاری خووگی وا، ڕاوی وەکوو بیژەن دەکەم |
«في المثل» گەر کێوی سەنگین بێ لە وەزن و قورسییا | قیسپی هەجوی تێ دەگیرێنم، لە جێی بنکەن دەکەم |
هەر دەرێنم و داکوتم قیسپێ بە بن قیسپی ئەوا | ماڵی تاریکی پەسی بەم قیسپە پڕ ڕەوزەن دەکەم |
سنگی هەجوی گۆیژینم، هیی لە «مابعد» ی کوتم | دێی «سەماوات» و «گوڵ ئەحمەد» تا بەوی بۆگەن دەکەم |
ئاغە دەیزانێ لەبەر چی گۆیژم پێ لازمە؟ | بۆ جەواڵی دەرکی دوبرت، دڕکی ئەو سووزەن دەکەم |
باقە باقە قیسپی گۆیژ بێنمه ناو چاڵی سیات | بۆ حەمامی گەرمی پشتت ئاگری گوڵخەن دەکەم |
25
editسەوادی دا بە مەغریب توڕڕەیی گێسوویی جانانەم | خەمی بەخشی بە ماهی یەکشەبە ئەبروویی جانانەم |
بەناز ئیتر نەزاکەتهایی گوڵ بولبوڵ قەبووڵ ناکا | بەسەر باغا سەبا بێنێ سەحەر گەر بوویی جانانەم |
نەبوونی شەمعی کافووری لە وەسڵا سەهلە بۆ عاشق | هەموو شەو ڕۆشنە کولبەم بەیادی ڕوویی جانانەم |
بەیان ناکا كیتابی تیب دەوایی دەردی موشتاقان | شیفایە بۆ تەبی ئوفتادەگان لیموویی جانانەم |
ڕەهاییم قەت نییە سالم لە بەندی سلسلەی عیشقا | لە گەردنمایە تا زەنجیری حەلقەی موویی جانانەم |
26
editبۆ گەڕانی ئاشی دڵ فرمێسکی چاوم بوو بە یەم | بۆ منی بێکەس مزەی نابێ، بە غەیرەز دەرد و غەم |
کافرم گەر بەحسی بتخانە و جگەر لات بێنمە ناو | بۆ منی شەیدا، هەمیشە، ئەی سەمەنبۆ! تۆی سەنەم |
لافی دانایی چلۆن لێ دەم لە خزمەت مەهوەشا | عیشقی دڵبەر بۆ خەبەردان گورگە بۆ قەلبی غەنەم |
چا بوو تەسکینم ئەهات جاران بە ئەشک و ئاهی خوێن | لەم دەمە بۆ من، درێغ، ئەمشەو نە دەم ماوە، نە دەم |
بۆ سەفی مەجنوون لان، ئاهوو لە ڕەمدا ڕام دەبێ | بەڕڕەئاهووی من لەپاش ڕامبوون دەبێ بنیاد ڕەم |
بێ تەبەسسووم کردنت عوقدەی دڵم نابێ گوشاد | سا دەهەن واز کە بە خەندە دەفعەیێ، ئەی غونچەدەم! |
نوسخەیی ئەو خاڵە نەدراوە لە تەختەی ڕۆزگار | ڕۆح دەکا بەستە لە نەردی عیشقی ئەودا خاڵەکەم |
خوسرەوی خوبان گوزەر کا گەر، بە پایەندازیی ئەو | چاو لە ئەشکی نوقرەگوون دەڕژێنێ دینار و درەم |
کێ وتی: سالم لە عیشقت عاجزە! با پێت بڵێم: | ڕاستی واللهِ درۆی مەحزە، بە مەرگی تۆ قەسەم |
27
editعەبدی تۆن، باری خودایا! چ غولام و چ نەدیم | ئیحتیاجن بە وەزیفەت، چ گەدا و چ نەعیم |
بە کەرەم داوتە حەیات و بە ڕەحم قووەت و قووت | لازمە سوجدەیی شوکرت، چ کەریمی، چ ڕەحیم؟ |
پەڕەکاهێکە لە لات کوللی جیهان، هەرچی هەیە | حادیسێکە لە نەزەرتا، چ جەدید و چ قەدیم |
ڕووبەڕووی جونبوشی قەهرت کەمەریی کۆ موورە | لە کەفی قودرەتی تۆدا، چ زەعیف و چ زەخیم |
لە یەمی موعجیزەتا قەترەیە ئەنفاس و کەلام | هەردوو لا شاهیدی ئەو قەولە، چ عیسا، چ کەلیم |
تاجیر و ساعیی و مەللاح و بەرید و دەروێش | کەس بەدەرناچێ لە موڵکت، چ موسافیر، چ موقیم |
ئەی حەکیمی ئەزەلی! چارەکەرم تۆی بە کەرەم | نەبزی هەر کەس لە کەفتدایە، چ سالم، چ سەقیم |
28
editدوور لە خاڵی سەری کۆی تۆ، سەنەما! تا سەفەریم | لە بەهەشتێکی وەک ئەم شارە بە حاڵی سەقەریم |
گەرچی باویسعەتە ئەم موڵکە وەلاکین بێ تۆ | دڵی من تەنگە بەقەد دیدەیی نامەردی لەئیم |
زەمزەمەی عیشقە لەناو میسری وجوودم هەمەجا | ئاتەش ئەفشانە هەناسەم وەکوو سوعبانی کەلیم |
ئاگرێ بوو وەرەقی کەوتە دڵی ناو مورغی چەمەن | دوگمەیی تیکمەیی هەر غونچە ترازا بە نەسیم |
وا ڕژا ئاوی فەرەح جوملە، کە تاسی دڵی زار | بە دەمی ئەبرۆیی شەمشێری کەچت، بوو بە دو نیم |
گەر لە نەفحەت بە خەتا فەحلی سەبا نوتفە نەدا | لە ئەمەل حەملی دەبێ ئاهوو و بۆی نافە عەقیم |
تالیبم دیدەیی تۆ بێ بە شیفاجۆی دڵی ڕێشم | گەرچی نایێ بە ئەبەد، کاری حەکیمی لە سەقیم |
خاڵی تۆی دی کە لەناو حەلقەیی زوڵفا بە هەوەس | نایە ناو دائیرە مەششتاقی ئەزەل نوقتەیی جیم |
لافی لێ داوە بە بۆی نافە، لە نەفحەی گوڵی ڕووت | ڕووڕەشی کردووە تەئسیری گوناهانی عەزیم |
تورکی تیرئەفکەنی شیرین دەهەنی سیم زەقەن | سەری سوڵحی هەیە گەر دەرحەقی یارانی قەدیم |
گەر بە قیمەت نیگەهێ کا لە ڕوخی زەرد و سروشک | دەیدەمێ ڕیشوەتی یەک غەمزە بە دامەن زەڕ و سیم |
کافییە یەک نیگەهت بۆ دڵی تیشنەی سالم | دەستی کەم ناگرێ هەنگامی کەرەم، مەردی کەریم |
29
editژەهرە مول بێ ڕووت بە والله العظيم | خارە گوڵ بێ بووت بە بالله الكريم |
تاقە خاڵی ڕووت بە تەجریدی مەسیح | ساحیرە چاوت بە ئیعجازی کەلیم |
نەقشە ڕووت بۆ دڵ بە شاهی نەقشبەند | یاری دێرینە بە قورئانی کەریم |
قامەتت سەروە بە گوڵزاری ئیرەم | سیبە ڕوخسارت بە فیردەوسی نەعیم |
پەرچەمت تارە بە وَاللَّيْلی کەلام | بێ وەفا و ڕەحمی بە ڕەحمان و ڕەحیم |
خەم بووە قەددم بە شەمشێری عەلی | قیسمەتم عیجزە بە تەقسیمی قەسیم |
بێ لەبت شاد نیم بە سەرچەشمەی حەیات | دەردی تۆ نادەم بە دەرمانی حەکیم |
ڕەونەقە بۆ حوسنی تۆ ئاشوفتەگی | سەرحیسابم خۆم بە ئەسراری عەلیم |
سالمیم ڕابورد بە مەرگی دڵبەرم | دڵ بریندارم لەبەر دیدەی سەقیم |