دیوانی سالم/ڵ
1
editخستیە چەهـ تا ڕۆستەمی بەختم، نەدامەت وەک شوغاڵ | بەهمەنی غەم عەیشمی تێک دا وەکوو ئەیوانی زاڵ |
ڕۆژی ڕۆشن کەی دەبینم تا موقابیل تۆ نەبم | مەردومەک کوانێ لە چاوما لابدەی گەر عەکسی خاڵ؟ |
بێتە سەر دامانی نازت تا سەری ڕەشماری زوڵف | بۆ نیازم کەی بە دامانت دەگا دەستی خەیاڵ؟ |
بانی سەر فەرشی ڕەهت بوو چونکە پاشێلت نەکرد | ئەشکی حەسرەت دێ بە ڕووما وەک تکەی وێرانەماڵ |
لافی چی لێ دەم لە هەمڕەنگی لەب و پوستانی تۆ | وا نە نارم دی لە بوستانا، نەوا گوڵناری ئاڵ! |
ماهـ ئەگەر وەک تۆ جەماڵی بێ لە کوێ بێنێ قەدت | سەرو ئەگەر وەک تۆ سەهیقەد بێ لە کوێ بێنێ جەماڵ؟ |
تا لە دڵما بێ خەیاڵی وەحشی تۆ دەگرم نەفەس | نەک بە سروەی بای هەناسەم ڕەم بکا میسلی غەزاڵ |
زوڵمی بێ پایانی تۆ تا بێ بە دڵ لەززەت دەدا | یا ئیلاهی! قەت نەبێ بۆ زاڵمی سالم زەواڵ |
2
editلە قیبلەی ڕوو برۆت میحرابە بۆ دڵ | بە لەب قوبلەت وەکوو جوللابە بۆ دڵ |
شەوی دەی بێ چرا پڕنوورە کولبەم | خەیاڵی عاریزت مەهتابە بۆ دڵ |
ئەلەم ئاسایشی ئەربابی عیشقە | هەموو خاری جەفا سەنجابە بۆدڵ |
قەنارە حازرە هەر سوو لە موژگان | لە چاوتا مەردومەک قەسسابە بۆ دڵ |
لە جەورت وەک سەمەک گەر بچمە دەریا | موژەت بەرگەشتە، وەک قوللابە بۆ دڵ |
لە حەسرەت هاتە لەغزش قەلبی سالم | خەیاڵت مەعدەنی سیمابە بۆ دڵ |
3
editتوولی هەیە، بەیانی قسەی فیکری خامی دڵ | هەر وەسفی زوڵفی یارە، سەراسەر کەلامی دڵ! |
سامانی کاری تالیبی وەک زوڵفی خۆی دەوێ | بێ نەزمییە لە مەزهەبی یارا، نیزامی دڵ! |
خوێنی حەریرڕەنگی دڵم هاتە ڕوو لە چاو | نەمگرتە بەر حەریرقەبایێ بە کامی دڵ! |
جەم لەززەتی خوماری وەکوو من نەدی، ئەبەد | نۆشیومە تا شەرابی مەحەببەت بە جامی دڵ |
دڵ غەرقی نووری ڕووتە لە دەیجووری زوڵفتا | نابێ تولووعی سوبحی سەعادەت لە شامی دڵ |
دڵ بێخوودە لە دیدەت و دیدەت خەرابی مەی | مەی چاکی سەند لە دیدەیی تۆ، ئینتیقامی دڵ |
دڵ باعیسە کە ڕامە بە سالم دڵی حەبیب | یا ڕەب! بدەی لە دەوری جیهانا دەوامی دڵ |